"an independent online kurdish website

  هەفتەیەک بوو، کە ساڵی خوێندنی تازە دەستی پێکردبوو .. لە پۆلی شەشەمی بنەڕەتیدا بووین .. رۆژێک مامۆستای زمانی کوردیمان، ئەم پرسیارەی لە قوتابیانی پۆلەکەمان کرد : ” حەزدەکــەن لە داهاتــوودا .. بـبن بە چـی .. ؟reza_shuwan

مامۆستا : رەنگین گیان تۆ حەزدەکەی لە داهاتوودا .. ببیت بە چی ..؟

رەنـگین : من حەزدەکەم ببم بە پزیشک .. بۆ ئەوەی چارەسەری نەخۆشەکان بکەم .

مامۆستا : شڤان تۆ حەزدەکەی .. ببیت بە چی ..؟

شـڤان : من حەزدەکەم ببم بە ئەندازیار .. نەخشەی کۆشکی قەشەنگ و، تەلاری بەرز و، شەقامی بەرین و، باخچەی جوان و رەنگین .. بۆ کوردستان بکێشم .

مامۆستا : ڤیان ئەی تۆ هیواداریت .. کە ببیت بە چی .. ؟

ڤیـان : من زۆر حەزدەکەم ببم بە مامۆستا .. بۆ ئەوەی منداڵانی کوردستان فێربکەم .

مامۆستا : جوان تۆ دەتەوێ لە داهاتوودا .. ببیت بە چی .. ؟

جـوان : من حەزدەکەم ببم بە پارێزەر .. بۆ ئەوەی داکۆکی لە ستەملێکراوان بکەم .

مامۆستا : حەز و ئارەزووەکانتان .. زۆر جوانن .. هیوادارم بە هەوڵ و کۆششتان .. بە حەز و بە هیواکانتان بگەن .

مامۆستا : دیلان ئەی تۆ حەزدەکەیەت لە داهاتوودا .. ببیت بە چی .. ؟

دیـلان : من لە ئێستاوە دەمەوێ .. ببم بە رۆژنامەنووس .

مامۆستا : زۆر باشە .. چونکە رۆژنامەوانی کارێکی خۆشە .. رۆژنامەنووسی ئازاد هەواڵی هەمەجۆرە دەگوازێتەوە .. رۆشنبیری بڵاودەکاتەوە .. کێشەکانی خەڵکی دەستنیشان دەکات .. رەخنە دەگرێت و .. پێشنیاری باش پێشکەش دەکات . 

 

جـوان : بەڵام چـۆن لە ئیستاوە ئەوە دەبێت .. ؟!

دیـلان : هاوڕێ خۆشەویستەکانم .. سەرتان سووڕنەمێنێ .. ئەوەی بڕوای بە خۆی هەبێ و هۆش و تواناکانی بەکاربهێنێت .. دەتوانێت نەک تەنها ببێت بە رۆژنامەنووس .. بەڵکو دەتوانێت بە خۆریش بگات .

مامۆستا ( بە سەرسووڕمانێکەوە ) : دیلان قسەکانت لە قسەی رۆژنامەنووس دەچن .. دەتوانی تێمان بگەیەنیت .. چۆن هەر لە ئێستاوە .. دەتوانی ببی بە رۆژنامەنووس .. ؟

دیـلان : مامۆستا گیان .. گەر رێم پێبدەی .. هەر لە ئێستاوە دەستی پێدەکەم و.. راستیی قسەکەمتان بۆ دەسەلمێنم .

مامۆستا : بەڵێ رێ پێدراوی .. فەرموو دەستی پێبکە و .. بۆمانی بسەلمێنە .

دیـلان ( پێنووسيک و پەڕەیەک کاغەزی سپی گرتە دەستییەوە .. بە زەردەخەنەیەکی ناسکەوە .. ئەم پرسیارەی لە هاوڕێکانی کرد ) : واتای کوردسـتان پەروەری چییە ..؟

جـوان : واتە لە ناخی دڵمانەوە .. کوردستانمان خۆشەویستمان .. خۆشدەوێ .

دیـلان : ئافەرین .. وەڵامەکەت زۆر راست و جـوانە .

هیـوا : پێویستە هەمیشە ژینگەی جوانی کوردستانمان .. بپارێزین .

دیـلان : دەمخۆش .. ژینگەی پاک هێمایە بۆ گەلێکی پاکدۆست و .. نیشتمانێکی جوان .

ڤیـان : پێویستە ئەرکەکانی سەرشانمان بەرانبەر بە کوردستانمان .. جێبەجێ بکەین .

دیـلان : راستە لە پێشا ئەرکەکانمان جێبەجێ دەکەین .. ئینجا داوای مافەکانمان دەکەین. دیـاکۆ : پێویستە هەموومان پارێزگاری لە خاکی پیرۆزی کوردستانمان بکەین .. زۆر شانازیش بە خۆڕاگری پێشمەرەگە دڵسۆز و قارەمانەکانمان و .. بە شەهیدەکانی نەمری کوردستانەوە بکەین .

دیـلان : هەر بژی .. بەرگری و پارێزگاری کردن لە کوردسـتانی شیرینمان .. ئەرکێکی پێویست و زۆر پیرۆزی ئەستۆی هەموو کوردستانییەکی کوردستانپەروەرە .

مامۆستا ( چەپڵەیەکی قایمی بۆ لێدان .. ) : ئافەرین دیلان ی رۆژنامەنووس .. ئافەرین قوتابییەکانم، بۆ وەڵامە جوانەکانتان .. ئێوە مایەی دڵخۆشی و شانازین بۆ داهاتوومان .. چاوەڕۆان بن .. بەیانی شتێکی سەیر دەبینن .

بەڕێوەبەری قوتابخانە ( بەیانی لە کاتی ریزبوونی قوتابیان لە گۆڕەپانی قوتابخانەکەدا)

: بەیانیتان باش قوتابییە ژیر و نازدارەکانمان .. هیـوادارم لە داهاتوودا ببن بە مایەی شانازی بۆ کورد و کوردستان .. بە ناوی هەموو مامۆستاکانیشەوە .. ئافەرینی ئێوە و ، هاوڕێی شیرینتان دیـلان دەکەین .. هیوادارین کە ببێت بە رۆژنامەنووسێکی گەورەی کوردستان .. ئێوەش قوتابییە خۆشەویستەکانمان .. بڕواتان بە خۆتان هەبێت .. هەردەم کۆشش بکەن .. کۆڵندەر و هیواخواز و داهێنەربن .. بە دڵنیاییەوە دەگەن بە هیوا و بە خۆزگە و خواستەکانتان .. خۆشک و برا و هاوڕێی دڵسۆزی گیانی بە گیانیی یەکتربن . بە ناوی قوتابخانەکەمانەوە .. ئەم دیارییە جوانەش پێشکەش بە دیـلان دەکەین .

دیـلان ( دیارییەکەی وەرگرت ) : زۆر سوپاس بۆ ئێوە و .. بۆ هەموو مامۆستاکانمان و .. بۆ هەموو هاوڕێ خۆشەویست و دڵسۆزەکانم .. بەڵـێن بێ کە هـیواکەم بهـێنمەدی .

بەڕێـوەبەر و مامـۆستاکان و قوتـابییەکان .. چەپڵەیەکی قایمیان بۆ دیـلان لێدا .

نەرویــج : ٢٠١٥

 نووسینی / رەزا شوان

 

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی