هەڵوێست گرتن دژ بە نادادپەروەری یان ڕاپەڕین، دژ بە ستەم و هەڵاواردن، مافی بێئەملاو ئەولای جەماوەری ستەملێکراوی خەڵکە. کەوابوو ئەوەی لە بانەی ڕۆژهەڵاتی وڵاتە داگیر کراوەکەم ئەنجامدرا، مافێکی ڕەوایە و بۆ کەس نییە دەسدرێژی بکاتە سەری.

ڕاپەڕین ئاسانە و چۆن ڕاپەڕی گرنگە، چلۆنایەتی هەڵوێستی خەڵکی مافخواز و شوڕشگێڕی بانە، لە چەند ڕوانگەوە، زۆر گرنگە و وەک قوتابخانەیەکی کۆمەڵایەتی دەبێ چاوی لێبکری.
یەکەم- ئەو جموجۆڵە، بە یەکگرتووییەکی ژیرانە بەڕێوەچوو و ئەمەش لە خەباتی مەدەنیدا ئەگەر بێ وێنە نەبێ، کەم وێنەیە.
دووەم- زۆر ژیرانە و بە بەرنامە رەوتەکەیان درێژە پێدا و نەیانهێشت دەستی ناپاک و ڕاسپێرداو، بێتە رێزی خۆپیشاندەران بۆ ئەوە درۆشمەکان بگوڕێ و ببێتە هۆی دەسدرێژیکردنی چەکدارەکانی ڕژیم.
سێیەم- بەردەوامی ئەو مانگرتنە و ڕەنگدانەوەی لە سەرانسەری ئێران و جیهاندا. ئەمەش خۆی لە خۆیدا نیشانەی گەشەکردنی بیرو هۆشی ئەو خەڵکە بە شەرەفەیە. ئەو بیرمەندی و ڕێکخستنە، ئەوەندە پڕ واتا بوو کە دەرەتانی بە دڕندەترین، ڕژیمی سەرگوێ زەوی نەدا، بە زەبری چەک، بەربەرەکانێ لە گەڵ ئەو مانگرتنە بکا وەک ڕاپەڕینی شارەکانی دیکەی ئێران لە خویندا بیگەوزینێ و کۆمەڵە خەڵکێک بەرەو کارێزەکان بۆ ژیر دەسەڵاتی مورتەزەوییەکان ڕاپێج بکەن.
چوارەم- وەک دەزانین، هەر جموجۆڵیکی مەدەنی و هەر داوایەکی جەماوەری لە ماوەی دەسەڵاتی ئاخوندەکاندا، تاوانی دەستی بێگانە و هاندانی نەیاران، خراوەتە پاڵی! بەڵام تەنانەت ئەم ڕژیمە، بەو ناوەرۆکەوە، نەیتوانی ئەو تاوانە بخاتە پاڵ ئەو مانگرتنە بەشکۆیە. هەربۆیە ئێمە دەبێ دەسخۆشی لەو خەڵکە بەمشوور و ستەملێکراوە بکەین و ڕیز لە خەباتەکەیان بگرین و شانازییان پێوە بکەین. من بەش بەحاڵی خۆم، شانازی بەوەوە دەکەم کە کوڕی نەتەوە و فەرهەنگێکم کە جەماوەرێکی ئاوا ژیر وخەباتکار و بەمشوور و مافخوازی ئافڕاندووە.
هەربژین و سەرکەوتوو بن.
تێبینی: لەبەر ئەوە ئەو جموجوڵە رەوتێکی مەدەنی و کۆمەڵایەتییە و پێوەندی بەنان و گوزەرانی کومەڵانی خەڵکی ئەو سەرسنوورە دەسکردەیە، داوا لە ڕێکخراوە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات دەکەم، خۆیان نەکەنە خاوەنی ئەو خەباتە، بۆ ئەوە ڕژیم بە بیانووی پێوەندی ئەو ڕاپەڕینە مەدەنییە بەوانەوە نەیتە مەیدان و سەرکوتیان نەکا و لە خوێنا نەیگەوزیێنێ.
خەلێقی٧/٥/٢٠١٨، سوید.