پێش ئه‌وه‌ی بڕۆمه سه‌ر باسه‌که‌ی به‌ڕێزان (پۆل بریمه‌ر و عه‌زیز محه‌ممه‌د) روونکردنه‌وه‌یه‌کی پێویسته، به‌شی یه‌که‌می باسی (کورد له پلانی ده‌وڵه‌تانی جهاندا) تایبه‌ت بوو به به‌ڕێزان (پۆل بریمه‌ر و مه‌سعود بارزانی)

**
ئه‌گه‌ر له مێژووی ئه‌م سه‌د ساڵه‌ی جهان بکۆڵینه‌وه ناوی (کورد و شۆڕشی کوردستان) به‌گشتی و به‌تایبه‌تی پاش رمانی (سیستمی پادشایی ئێراق و دامه‌زراندنی کۆماری) له ماسمێدیای جهان و ماسمێدیای ئێران- تورکییه – سورییه و ئێراق وه‌ک داگیرگهرانی کوردستان به‌تایبه‌تی له ئارادا بووه.
ئێمه‌ی کورد چ وه‌ک (تاک) چ وه‌ک کۆمه‌ڵگا دڵمان به‌و خۆشکرده که ناوی کورد و شۆڕشی کوردستان له ئارادایه و په‌یتا په‌یتا واین له وتووێژکردن و له ماسمێدیادا باسمان ئه‌کرێ! ئه‌گه‌ر بڵێم وردبینانه بیرمان له‌وه نه‌کردوه‌ته‌وه که له‌و (پروسه‌دا رۆڵ و ده‌ورمان چییه و چیمان به سه‌ر دێت؟) پێموانییه بێئهدهبیم کردبێت، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر بێژم خۆمان (سپارده) به‌و (لافاو- گێژه‌ڵوکه‌ی) که هه‌ڵیکرده تا به‌ره‌و کوێمان ئه‌بات) پێموانییه سه‌رکۆنه‌م بکه‌ی.
هۆکاری ئه‌وه‌یش ئه‌گه‌ڕێته‌و بۆ ئه‌وه: (دڵمان به هه‌ندێ ده‌سکه‌وتی کاتیی خۆشکرده که له‌و پروسه‌دا ره‌خساوه، ئه‌و دهسکهوتهیش نه‌ک بۆ پێشخستنی کۆمه‌ڵگای کوردی بووبێت، به‌ڵکو بۆ (چه‌ن حیزب و رێکخراوه‌یه‌ک) بووه که رۆڵیان بۆ دیاریکراوه و ئه‌وانیش ئه‌نجامیانداوه! پاش ئه‌وه‌ی پلانی ده‌وڵه‌تان گه‌یشته ئه‌نجام حیزب و رێکخراوه‌کانی کوردستان له بازنه‌ی (پلانه‌کان) وه‌ده‌ر نراون، له ئاکامدا کۆمه‌ڵگای کوردی و تاکی کورد دووجاری زیانێکی مه‌زن بووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که چه‌ندین جار ئه‌و کاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر هاتووه و زیانیان بینیوه، به‌ڵام به‌داخه‌وه حیزب و رێکخراوه‌کانی کوردستان هه‌ستیان به‌وه نه‌کرده که کۆمه‌ڵگای کوردی له رووداوه سیاسییه‌کانی پشت په‌رده‌ی پلانه‌کان ئاگادار که‌نه‌وه و ئاکامه‌که‌ی بووه به‌وه که ئه‌مڕۆ ئه‌یبینین کۆمه‌ڵگای کوردی و شۆڕشی کوردستان چی به‌سه‌رهاتووه!
سه‌باره‌ت به ئاڵوگۆره‌کانی {ئێراقی پاش ساڵی (2003)} له لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی (ئه‌مریکا و به‌ریتانیا) و (دامه‌زراندنه‌وه‌ی سه‌رله‌نوێی ده‌وڵه‌تی ئێراق) له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه، په‌رتووکێکی (540) لاپه‌ڕه‌یی به‌ناوی:
{(My YEAR in IRAQ) – (ساڵه‌که‌م له عێراق) به پێنووسی (L.PAUL BREMER) – (پۆل بریمه‌ر)} که له دروستکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئێراقدا ده‌وری گێڕا، چاپکراوه. له‌م په‌رتووکه = کتێبه‌دا چه‌ن باسێکی پێوه‌ندی به حیزب و رێکخراوه‌کانی کوردستانه‌وه هه‌یه و تا رادیهکی (که‌م) ئاماژه به پشتپه‌رده‌ی پلانه‌کان و ده‌ور و رۆڵی حیزبه‌کانی کوردستان و که‌سایه‌تییه کورده‌کان کراوه.
به‌پێی (ژماره‌ی لاپه‌ره‌کانی کتێبه‌که) ئه‌و چه‌ن باسه‌م ئاماده کرده، به یارمه‌تی سایته کوردییه‌کان ئه‌یخه‌مه به‌رده‌ست، ئه‌گه‌ر سوودیان نه‌بێت بۆمان، زیانیان هه‌ر نییه!
دوو تێبینی:
یه‌که‌م – ئه‌و باسانه که له‌و کتێبه وه‌رگیراوه وه‌ک (خۆی به‌بێ ده‌سکاریکردن) به چ رێنووسێ نووسراوه، ئاماده‌کراوه. ئه‌م په‌رتووکه له لایه‌ن به‌ڕیز (محه‌ممه‌د چیا)وه کراوه به کوردی.
دووهه‌م – وه‌ک خوینهرێ له کۆتایی هه‌ر باسێکدا تیبینییهکی کورتی خۆم ئه‌خه‌مه به‌ر ده‌ستان.
پۆل بریمه‌ر و عه‌زیز محه‌ممه‌د
{(له‌و کاته‌دا که ئێمه کارمان ده‌کرد بۆ فراوانکردنی ئه‌نجومه‌نی حوکم له‌هه‌فته‌ی یه‌که‌م لهتهمووز/ یۆلیۆدا، به‌ریتانیه‌کان بیرۆکه‌یه‌کیان هێنا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی یه‌کێک له ئه‌ندامانی حزبی شیوعی عێراق بخرێنه ناو ئه‌نجومه‌نه‌که‌وه. له‌ماوه‌ی په‌نجاو شه‌سته‌کاندا، ئه‌م حزبه ژماره‌یه‌کی زۆر له رۆشنبیران و هونه‌رمه‌نده عێراقیه‌کانی به‌لای خۆیدا ڕاکێشابوو، تا ئێستاش له‌و بازنانه‌دا لایه‌نگری هه‌یه، صه‌دام رێگه‌ی به‌م حزبه دابوو به شێوه‌یه‌کی لاواز بمێنێته‌وه چونکه پێی وابوو بێباوه‌ڕییه ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌ی ره‌نگه له‌ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ئیسلامگهراییدا به سوود بێت.
ساورز لێی پرسیم ئایا ناڕه‌زاییه‌کی مه‌بده‌ئیم هه‌یه سه‌باره‌ت به بیرۆکه‌که، ووتم نه‌خێر، به مه‌رجێک که‌سێک بدۆزینه‌وه سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی کارگێڕی ئابووری وازی له بیرۆکه کۆمه‌نیستیه هه‌ڵه‌کانی هێنابێت.
به‌و شێوه‌یه له 8 تهمووز/ یۆلیۆدا، من له‌نوسینگه‌ی ساورز بووم بۆ وتوێژکردن و ڕاگۆڕینه‌وه له‌گه‌ڵ عه‌زیز محه‌مه‌د ئه‌مین ئه‌مینداری گشتیی خانه‌نشینی حزبی شیوعی عێراق کۆبوومه‌وه.
کوردێکی ته‌مه‌ن 79 ساڵان بوو، شوێنه‌واری ساڵانی پێوه دیاربوو و هه‌ستی پێده‌کرا. دوای باسکردنی پلانه‌که‌مان سه‌باره‌ت به ئه‌نجومه‌نه‌که، له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ده‌یزانێت له که‌وتنی شیوعیه‌تی سۆڤییه‌تی پرسیارم لێکرد.
عه‌زیز خۆی له وه‌ڵامه‌که بواردو ئه‌وه‌ی باسکرد که بریجنێف ئه‌و نامانه‌ی پێی ده‌گات هه‌رگیز نایانخوێنێتهوهو ئه‌و نامانهیش که ده‌یانێرێت هه‌رگیز خۆی نایاننوسێت.
تێبینیه‌کانی بۆچونێکی تایبه‌تیان لام دروستکرد که ئه‌م پێی وایه بریجنێف هێشتا جڵه‌وی کاروباره‌کانی مۆسکۆی به‌ده‌سته‌وه‌یه، ئازایه‌تی ئه‌وه‌شم نه‌بوو که پێی بڵێم له‌مدوایه‌دا لیۆنیدیش له ره‌وشێکی باش‌دا نه‌بوو، به‌و شێوه‌یه عه‌زیزمان له لیسته‌که‌دا سڕییه‌وه.
بۆ خۆشبه‌ختی من و ساوه‌رز، چاوپێکه‌وتنێکمان له‌گه‌ڵ جێگره‌وه‌که‌ی عه‌زیز له‌سه‌ر کردایهتیکردنی حزبدا ساز کرد، حه‌مید مه‌جید مو‌سا، پێاوێکی باڵا مامناوه‌ندی چالاک بوو ته‌مه‌نی له ناوه‌ڕاستی چله‌کاندا بوو به روونی ده‌رکی به هاندانی که‌رتی تایبه‌ت ده‌کرد له‌عێراق. مو‌سا که شیعه بوو سه‌لماندی ئه‌و یه‌کێکه له ئه‌ندامه هه‌ره کاریگه‌رو خاوه‌ن جه‌ماوه‌رییه‌کان.
ئێستا گه‌یشتینه قۆناغی کۆتایی، به‌ڵام هێشتا پێویسته دوا په‌نجه‌مان له‌سه‌ر نوێنه‌رایه‌تیی شیعه له ئه‌نجومه‌نی حوکمدا دابنێن. له 10 تهمووز/ یۆلیۆدا، کۆبونه‌وه‌یه‌کی ترم له‌گه‌ڵ عه‌بدولعه‌زیز حه‌کیمدا ساز کرد که هێشتا ئه‌و توند‌و گیر بوو. وویستی عادل عه‌بدولمه‌هدی جێگری وه‌ک نوێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆرشی ئیسلامی له‌عێراق له‌ئه‌نجومه‌نی حوکمدا دابنێت. پێی ووتم،( پێویسته له‌سه‌رم خۆم بۆ خزمه‌تی گه‌له‌که‌م یه‌کلایی بکه‌مه‌وه).
لاپه‌ڕه (129 و 130).
په‌رتووکی:{(My YEAR in IRAQ) – (ساڵه‌که‌م له عێراق) به پێنووسی (L.PAUL BREMER) – (پۆل بریمه‌ر)}
**
له‌و باسه‌دا ئه‌و سێ بابه‌ته جێگه‌ی سه‌رنجه
1 – کورده شیوعییه‌که
2 – شیوعییه شێعه‌که
3 – دێمۆکراسیه‌که‌ی (پۆل بریمه‌ر)
کورده شیوعییه‌که
له‌و چه‌ن دێڕه‌دا، پۆل بریمه‌ر پرسیارێکی سیاسی سه‌باره‌ت به (که‌وتنی شیوعیه‌تی سۆڤییه‌تی) = (رمانی بیروباوهيی کۆمۆنیستی له سۆڤییه‌ت) له عه‌زیز محه‌ممه‌د ئه‌کات. عه‌زیز محه‌ممه‌د که ته‌مه‌نی سیاسی خۆی له پێناو (حیزبی شیوعی ئێراقدا) دانا و ماوه‌یه‌کیش رابه‌ر ئه‌و حیزبه بوو، هه‌ر به‌و هۆیه تا راده‌یه‌ک ئاگای له ئاڵوگۆڕه سیاسییه‌کانی سۆفییه‌ت ئه‌بێ و به‌و پێیه‌یش وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه. دیاره وه‌ڵامه‌که به دڵی خاوه‌ن پرسیار واته (پۆل بریمه‌ر) نه‌بووه. بریمه‌ر ئه‌وه‌یشی زانیوه که ئه‌و که‌سه کورده با هه‌موو ژیانیشی له پێناو (ئێراقدا) بووبێت. جا کورد بی، شیوعی بی، وهڵامهکهیشت به‌و جۆره بێ، ئه‌بێ نرخ و پله‌وپایه‌ت لای کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریکا چه‌نده بێت؟! دیاره ئه‌بێ خێرا و به‌په‌له ناوکه‌ت له لیسته‌که‌دا بسڕنه‌وه.
شیوعییه شێعه‌که
پاشان پۆل بریمه‌ر له‌گه‌ڵ (حه‌مید مه‌جید مو‌سا) جێگری عه‌زیز محه‌ممه‌د وتوویژ ئه‌کات، هه‌ر وه‌ک بریمه‌ر ئاماژه‌ی پێکرده ئه‌و که‌سه (شێعه)یه!
ئه‌م که‌سه، ئه‌م {شیوعییه (شێعه)یه} هه‌ر ئه‌وه‌یه که پۆل بریمه‌ر و بریمهرهکانی دیکه به شوێنی‌دا ئه‌گه‌ڕێن و ئه‌و نازناوهیشی بۆ دیاری ئه‌که‌ن که (ئه‌و یه‌کێکه له ئه‌ندامه هه‌ره کاریگه‌رو خاوه‌ن جه‌ماوه‌رییه‌کان.)!
دیارده‌ی ئایینی (ئیسلام) له ناو رێزه‌کانی حیزبی شیوعی ئێراقدا تایبه‌ت نییه به (حه‌مید مه‌جید مو‌سا) که شێعه‌یه، به‌ڵکو له نووسراوه‌ی که‌سانێ که وه‌ک ئه‌ندام و کادر له‌و حیزبه‌دا چالاکییان کردووه، ره‌نگدانه‌وه‌ی بووه. بۆ نموونه ئه‌کرێ ئاماژه بکه‌ین به به‌رهه‌مه‌کانی فاتێح ره‌سول و نووسراوه‌ی جه‌لال ده‌باغ .
دێمۆکراسیه‌که‌ی (پۆل بریمه‌ر)
(پۆل بریمه‌ر) ئێژێ: ساورز لێی پرسیم ئایا ناڕه‌زاییه‌کی مه‌بده‌ئیم هه‌یه سه‌باره‌ت به بیرۆکه‌که، ووتم نه‌خێر، به مه‌رجێک که‌سێک بدۆزینه‌وه سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی کارگێڕی ئابووری وازی له بیرۆکه کۆمه‌نیستیه هه‌ڵه‌کانی هێنابێت.
له‌و په‌راگرافه‌دا باسی ئازادی له ئارادایه و (ساورز) سه‌باره‌ت به (بیروباوه‌ڕ) له بریمه‌ر پرسیار ئه‌کات و بریمه‌ریش رازامه‌ندی خۆی ده‌رئه‌بڕێت. به‌ڵام له درێژه‌ی ئه‌و رهزامهندییهیاندا (مه‌رجێک) دیاری ئه‌کات. ئه‌و مه‌رجه‌یش ئه‌وه‌یه که‌سی بدۆزێته‌وه که له بیروباوه‌ڕه کۆمۆنیستییه‌که‌ی پاشه‌کشه‌ی کردبێت.
ره‌خنه‌گرتن له هه‌ر رێبازێکی سیاسی – کۆمه‌ڵایه‌تی – ئایینی و … ئازاد و دروست و به‌جێیه! به‌ڵام مه‌رج دیاریکردن بۆ لایه‌نگری هه‌ر رێبازێکی سیاسی – فه‌رهه‌نگی – ئایینی و… که ئه‌بێ به‌و جۆره بێت و به‌و جۆره بڕوات نه‌ک ئازاد نییه، به‌ڵکو مایه‌ی شه‌رمه و پێویسته دژایه‌تی بکرێت.
سه‌عی سه‌قزی
4/6/2018
qayshi@yahoo.com