K24– هه‌ولێر: مایك پۆ‌مپێیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌سه‌ڵاتدارانی تاران و فه‌یله‌قی قودسی سه‌ر به سوپای پاسدارانی ئێران به هه‌ڕه‌شه‌كردن له ئاسایشی دیپلۆماتكارانی وڵاته‌كه‌ی له عێراق تۆمه‌تبار كرد و هۆشداریشی دایه كۆماری ئیسلامی، “خۆتان له قه‌ره‌ی ئه‌مه‌ریكا نه‌ده‌ن”.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌شی كرد، له‌ئه‌گه‌ری هه‌ر ره‌فتارێكی ناپه‌سه‌ند له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه، واشنتۆن وه‌ڵامی هاوشێوه و گونجاوی ده‌بێت و راسته‌وخۆ وه‌ڵامی هه‌ر هێرشێك ده‌ده‌نه‌وه، كه دامه‌زراوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق بكاته ئامانج.
هه‌وره‌ها گوتی: ” له‌لایه‌ن هه‌ر كه‌س و لایه‌نێكه‌وه هێرش بكرێته سه‌ر ئه‌مه‌ریكییه‌كان یانیش دامه‌زراوه و دیپلۆماتكاره‌كانی له عێراق یاخۆد له هه‌ر شوێنێكی دیكه، به‌رپرسیارێتییه‌كه راسته‌وخۆ ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی ئێران، جا ئه‌و هێرشه راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامییه‌وه ئه‌نجامبدرێت یانیش له‌لایه‌ن میلیشیاكانی سه‌ر به تارانه‌وه بێت”.
مایك پۆ‌مپێیۆ گوتی: “ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه، هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر كارمه‌ند و فه‌رمانبه‌رانمان له عێراق زیادی كردووه.. سه‌رچاوه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ش حكوومه‌تی ئێران و فه‌یله‌قی قودسی سه‌ر به سوپای پاسدارانی ئه‌و وڵاته و ئه‌و گروپه میلیشیایانه‌ن كه فه‌رمان له تاران وه‌رده‌گرن و له‌لایه‌ن قاسم سولێمانی، فه‌رمانده‌ی سوپای قودسه‌وه كۆنترۆڵ كراون.. له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ندین جار به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ ته‌قه له كونسۆڵخانه‌ی گشتیمان له به‌سره كراوه، به‌تایبه‌ت له 24 كاتژمێری رابردوودا”.
دوێنێش ئه‌مه‌ریكا داخستنی كونسۆڵخانه‌كه‌ی له شاری به‌سره راگه‌یاند و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا هێزه‌ر ناوێرت، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا دووپاتیكرده‌وه، “مایك پۆ‌مپێیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی فه‌رمانی به سه‌رجه‌م كارمه‌ند و دیپلۆماتكاره ئه‌مه‌ریكییه‌كان له شاری به‌سره كردووه، ئه‌و شاره جێ بهێڵن”، گوتیشی: “كاروباری كونسۆڵخانه‌كه‌یان له به‌سره له‌لایه‌ن باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكاوه له به‌غدا رایی ده‌كرێن”.
له ناوه‌ڕستی ئه‌م مانگه‌ش كۆشكی سپی دووپاتیكرده‌وه، “له‌ئه‌گه‌ری هه‌ر هێرشێك كه له‌لایه‌ن گروپه‌كانی سه‌ر به تارانه‌وه بكرێته سه‌ر كارمه‌ندان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، به‌نجه‌ی به‌رپرسیارێتی بۆ تاران درێژ ده‌كه‌ن و هیچ كارێكیش بێ كاردانه‌وه نابێت”.
H.B