"an independent online kurdish website

ئێمە دەبێ هەوڵ بدەین بیری سەربەخۆیی پەرە پێ بدەین و چیتر نەتەوەی کورد نەچیتە ژێر چەتری نەتەوە داگیرکەرەکان.


تەمەنی ناوی پیرۆزی پێشمەرگە گەیشتە 73 ساڵ. تەمەنی دیاری کردنی ڕۆژی 26ی سەرماوەز گەیشتە 3 ساڵ و تەمەنی ماڵپەڕی پێشمەرگەکانیش 16 ساڵ.

ناوی دوژمن بەزێن و پڕە لە هەیبەتی پێشمەرگە لە داوێنی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و کۆماری کوردستان، لە شاری مەهابادی پێتەختی کۆمار لە دایک بوو. ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەزیش وەک ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانیش لە هەمان داوێنی پاک و دایکانە و لە 26 ی سەرماوەزی 1363ی هەتاوی لەدایک بووە.

ماڵپەڕی پێشمەرگەکانیش لە ژێر گاریگەریی گەورەیی ناوی پێشمەرگە دا هاتۆتەوە نێو دونیای مەجازی و تا ئیستا کە 16 ساڵ بە سەر تەمەنی دا تێدەپەڕی، بەوپەڕی شانازییەوە خزمەتێکی زۆری میدیای کوردی کردووە و لە هەمان کاتیشدا کۆمەڵێک وێنە و فیلمی خەباتی پێشمەرگەی وەک ئارشیوی نەتەوەیەک لە سەردەمێکی دژواری پڕ لە خەبات دا پاراستووە. ساڵی 2002ی زائینی ئەو ماڵپەڕە لە لایەن  من (ساڵە نەڵۆسی) دامەزرا و تا ئێستاش  90 لە سەدی کارەکانی و 100 لە سەدی خەرجیەکە هەر لە ئەستۆی من بووە، هیچ لایەنێک هاوکاری ماڵی نەکردووین، یەکیەتی کوردان، 7 تا 8 ساڵ لە مەوبەر دوای ئەوەی زۆرمان هاوکاری کردن بۆ  خەرجی ماڵپەڕ 5000 کرۆنی پێداین.  کە خەرجی ساڵێکی ئەو کات بوو.

 لێرەدا پێویستە سوپاسی هاوڕێی کۆچکردوو، کاک ئاسۆ نادری بکەم کە بۆ ماوەی 2 ساڵ، هاوکاری تێکنیکی کردین و زۆری زەحمەت کێشا و بێ ئەوەی داوایەکی لێمان هەبێ. 2 جار لە سەرەتاوە ماڵپەڕەکەی بۆ نوێ کردینەوە. سڵاو لە روحی پاکی کاک ئاسۆ.

دوای نەمر ئاسۆ، سوپاسی کاک ماهر نەقشبەندی دەکەم کە ئەویش هاوکاری کردین بۆ دیزاین و نوێ کردنەوەی ماڵپەڕی پێشمەرگەکان و زۆر بە روح سووکی هاوکارمان بوو.

سوپاسی هاوکاری کاک رەشید رەحمانی دەکەم کە ماوەی چەند ساڵێک  خۆبەخشانە هاوکاری کردین بۆ دانانی بابەت و هەواڵ و زۆری زەحمەت کێشا و ماوەی ساڵێکە بە هۆی کار و دەرس خوێندن …. لێمان دابراوە.

سوپاسی هاوڕێ کاووس دەکەم  کە ماوەیەکی زۆرە  خۆبەخشانە هاوکارمانە و هەرچەند ئێستا بڕەک سست بووە بەڵام جارێ وەک هاوکار لە گەڵمان دایە و هیوادارین بەردەوام بێ و ئاکتڤ تر بێتەوە مەیدان.

بەڵام بە ئیعترافی زۆر هاوڕێ و هاوخەباتمان، توانراوە کاری زۆرترین پێرسۆنێل  بکرێ. لەگەل ئەوەی کە هەتا ئەم لەحزەیەش کەم و کۆڕی و گرفتمان هەیە و نکۆڵی لە هەڵەکانیشمان ناکەین. زۆر جار هەڵەشمان کردووە و بێگومان لە داهاتوش دا هەر دەبن.

ماڵپەڕی پ م نیوز (پێشمەرگەکان)  بەردەوام  هەوڵ دەدا بۆ خزمەتی زیاتر. هەوڵمان نەداوە بە بڵاوکردنەوەی بابەت گەلێک کە قازانجیان نەبووە ، یان کاسبی کردن بۆوە بۆ ڕاکێشانی سرنجی خوێنەر.

ئەوەی توانیومانە و زانیومانە ئەوەمان کردووە، ڕا و بۆچوونی خوێنەرمان وەرگرتووە و کردوومانە چرای ڕووناک کەرەوەی کار و خەباتمان و لە داهاتووش دا هەر وا دەکەین. سەربەخۆ بووین و هەین، بێ ئەوەی لافی بێ لایەنی لێ بدەین. شانازیمان کردووە بە جیهەتی فکریمان، بەڵام هەرگیزا و هەرگیز ئیزنمان لەو جیهەتەش وەرنەگرتووە و لە داهاتووش دا وەرناگرین بۆ کاری ماڵپەڕەکەمان.

هەرچەند من تەواو وەخت کار دەکەم و  تەنیا دوای کار دەتوانم کاری ماڵپەڕ بکەم  بەڵام پێم وایە تا ئێستا لە گەل هەموو کەم و کۆڕی یەک، کاری ئەو ماڵپەڕە تا ڕادەیەکی باش جێی ڕەزامەندیی خوێنەرانی بووە. سەرکەوتن و چوونە پێش نیسبی یە و خوێنەر دیاری دەکا.

ئەوەش بڵێم کە، نە تا ئێستا، نە لە داهاتووش دا ماڵپەڕی پێشمەرگەکان تەرخان نەکراوە  تەنیا بۆ بڵاو کردنەوەی بابەتی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان بەڵام بە هۆی ئەوەی زۆرتر زاراوەی سۆرانی بابەت و هەواڵ دەنێرن ، هەواڵ و بابەتەکان زۆرتر هی رۆژهەڵات و باشووری کوردستانن .

وەک ئاڵبۆمی وێنەی پێشمەگە  تەنیا وێنەی پێشمەرگەی حیزبی دێمۆكڕاتمان داناوە، زۆربەی ئەوانەی وێنەیان ناردوە پێشمەرگەی دێمۆکڕات بوون.

من  پێم وایە کاتی ئەوە هاتووە کە هێزە سیاسیە کوردەکان، هەواڵ بدەن یەکگرتووتر بن و بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان هێزی پێشمەرگە یەک بخرێ و ببێتە هێزێکی سەربەخۆ بۆ پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان و دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی . ئێمە نابێ چیتر بچینە ژێر چەتری نەتەوەی فارس و پێمان وابێ کە دەبێ ئەوان مافمان بۆ دیاری بکەن.

کاتی ئەوە هاتووە، داوای سەربەخۆیی بکرێ و نەتەوەی فارس  نەکرێ بە نەتەوەی باڵادەست و  زمانی فارسی نەکرێ بە زمانی رەسمی ئێران و دەبێ زمانی فارسی وەک زمانی فارسەکان خۆیان بێ و ئێمەی کورد و فارس وەک دوو نەتەوەی وەک یەک جێران بین.

هەر هێزێکی کوردی جارێکی دیکە بچێتە ژێر چەتری نەتەوە فارس، تووشی هەڵەی تری مێژووی دەبێ. دەبێ هێزی کوردی و تاک تاکی کورد بە بیری سەربەخۆیی پەروەردە بکرێ و زمانی فارسی وەک زمانی بێگانە سەیری بکرێ و خوێندنی لە قوتابخانەکان دڵخواز بێ نەک ئیجباری وەک ئەمەی ئێستا لە ئێرانی پەیرەوە دەکرێ.

 لە کۆتایی دا بە بۆنەی 26 ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان و رۆژی ئاڵا ، پیرۆزبایی دەکەم لە خەڵکی کوردستان، بنەماڵەی سەربەزی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی، پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و لەخوێنەرانی ماڵپەڕی پ م نیوز (پێشمەرگەکان)

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی