"an independent online kurdish website

کوردستان میدیا: مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە پەیامێکدا داوای لە بەکرێگیروان و ئەندامانی کوردی سپای پاسداران کرد، کە بگەڕێنەوە باوەشی گەل و چیدیکە خزمەت بەو ڕێژیمە نەکەن.


 دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

 هەر وەک ئاگادارن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، “سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامیـ”ـی وەک رێکخراوەیەکی تێرۆریستی ناساندووە و لەمەودوا وەک تێرۆریست لەگەڵیان هەڵسوکەوت دەکات. ئەم هەنگاوەی ئامریکا وێدەچێت لە سەرەتادا تەنیا لە لایەن ئەم وڵاتەوە جێگای مەبەست بێت. بەڵام بە هۆی پێگەی ئامریکا لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئابوریی جیهاندا، پێدەچێت لە دواییدا ئورووپا و وڵاتانی تری جیهانیش پەیوەست بەم بڕیارەوە بن و وەک هاوکاریکردن لەگەڵ ئامریکا بەشە سەرەکییەکانی سپای پاسداران بخەنە نێو لیستی تێرۆرەوە.

هۆکاری ئەوەی لەم کاتەدا ڕووی قسەکانم لە کوردستانیان دەکەم،  بۆ ئەوەیە هەوڵەکانمان بخەینە گەڕ تاکوو هەموو ئەو کوردانەی بە شێوەیەک یارمەتیدەری هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت ئەندامانی کوردی سپاە بوون، لەم رێکخراوە تێرۆریستییە دوور بخەینەوە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هەستکردن بە بەرپرسایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەرانبەر هەموو تاکەکانی کورد لە کوردستانی ئێراندا. ئێمە وەک کورد لە جیهان و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا وەک هێزێکی ڕزگاریخواز ، ئازادیخوازو دژی تێرۆر ناسرواین، بۆیە بوونی ئەندامانی کوردی سپا کاریگەری یخراپی لەسەر سیمای نەتەوەکەمان دەبێت.

لە لایەکی ترەوە هەڵسوکەوتەکانی کۆماری ئیسلامی بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەم ڕێژیمە وەک مەترسییەک بۆ جیهان هەژمار بکرێت و داهاتووی چ لە لای خەڵکی ئێران و چ لە لای کۆمەڵگای جیهانییەوە تاریک بێت و بەرەو لەنێوچوون بچێت. بەڵام لەنێوچوونی کۆماری ئیسلامیش دەبێتە سەرەتایەکی جیدی بۆ لێپرسینەوە لەوانەی ئەندام و پارێزەرانی ئەو رێژیمە و بەتایبەت هاوکاری سپای پاسدارن بوونە.

 ئەمە بەو مانایە دێت کە سپا و لق و پۆوەکانی دەبێت وەک:”ئەلقاعیدە”، “داعش” و هەروەها رێکخراوە جۆراوجۆرە تێرۆریستییەکان، ڕەفتاریان لەگەڵ بکرێت یان ڕووبەڕووی لێپرسینەوە ببنەوە و  لە هیچ کوێ جێگایەکی ئەمن بۆ ئەوان  نەمێنێت. بۆیە لە هەلومەرجێکی ئەوتۆدا ئەوەی چاوەڕوانی ئەندامانی سپا دەکات، تەنیا زیندان، ئاوارەی، لەنێوچوون و لێپرسینەوەیە لە دادگاکانی دژە تێرۆر و کۆمەڵکۆژیدا.

لێرەوە بە ناوی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، جارێکی تر ڕوو قسەکانمان دەکەینە هەموو ئەو کەسانەی بەتایبەت ئەندامانی کوردی سپای پاسداران لە هەر کوێیەک هەن، بگەرێنەوە باوشی گەل و نیشتمان، هەتا لەوە درەنگتر نەبووە خۆیان لە تاوانەکانی لەمەبەدوای سپای پاسداران بێبەری بکەن.

حیزبی دێموکرات لەسەر بنەمای بەهێزکردن، پتەوکردن و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤیی کورد و خەبات بۆ مافە نەتەوەیییەکانی دامەرزراوە و لەم سونگەوە سیاسەت دەکات. بۆیە نایەوێت لە سبەی ڕۆژدا تاکی کورد بە ناوی تێرۆریستەوە کەلەپچە بکریت یان ڕووبەڕووی دادگاکانی دژە تێرۆر، چ لە کوردستان و چ لە جیهاندا ببێتەوە.

پێویستە ئەوانەی تاکوو ئەمڕۆ بە هەر بیانوویەک و بە هەر هۆکارێک ئەندامی سپای پاسداران بوون، ئەم بانگەوازەی حیزبی دێموکرات بە جیدی وەربگرن، چونکە لە دواییدا کەس مافی ئەوەی نابێت پاکانە بۆ تێرۆریست و دەستوپێوەندییەکانیان بکات.

کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چل ساڵی تەمەنی خۆیدا هەوڵی داوە، کۆمەڵێک کوردی سەرلێشێواو وەک جاش پاسدار، بەسیجی و… هتد لە خۆرهەڵاتی کوردستاندا بەرهەم بێنێت. بەڵام ئەگەر ئەو کەسانە تا دوێنێ وەک هاوکاری کۆماری ئیسلامی هەژمار دەکران، لەمڕۆ بەولاوە وەک تێرۆریست دەناسرێن و وەک ئەوان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. بۆیە ئەمە وەک کۆتازەنگی خەتەرە بۆ ئەو ژمارە کوردانە.

لێرەدا جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە، کە ئێمە بێجگە لە کۆماری ئیسلامی هیچ دوژمنێکی ترمان نییە. لەم کاتەشدا و لە داهاتووشدا نامانەوێت هیچ کوردێک وەک تێرۆریست مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. بۆیە داوا دەکەین و چاوەڕوانیمان ئەوەیە کە ئەو کەسانە تا درەنگ نەبووە، لە ئەندامەتی هەموو دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی رێژیم بەتایبەت سپای پاسداران دوور بکەونەوە. ئەگەر تا دوێنێ بە هەر هۆیەک ئەندامی ئەم دەزگا و دامەزراوانە بوون، لەمەودوا هیچ بیانوویەک نەماوە، چونکە تاوانی ئەندامبوون لە ڕێکخراوێکی تێرۆریست، بە هیچ بیانوویەک پاساوهەڵگر نییە.

مستەفا هیجری

٢٧ی خاکەلێوەی ٢٧١٩ی کوردی

١٦ی ئاڤریلی ٢٠١٩ی زایینی

ڤیدیۆ 

https://www.youtube.com/watch?v=gyxz24EoYuo

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی