گەلانی ژێر دەست و ستەم لێکراو یەک لەوان گەلی کورد هەمیشە بۆ رزگاری و رەهایی لە قەید و بەندی ژێردەستی خەباتیان کردوە و قوربانیان داوە .
لە هەر شوێنەک لەم جیهانە دەسەڵاتی زوڵم و زۆری ستەمکاران حاکم بوو بێ هەردەم دەنگی ئازادیخوازی و مافویستی تێکۆشەران بەرز بۆتەوە و بەگژ حاکمانی دیکتاتۆر و سەرەڕۆ دا چونەتەوە . لە سەرتای هاتنەر سەرکاری رژیمی نگریسی ئاخوندی لە وڵاتی ئێران و سەپاندنی سیاسەتی دژی گەلیانە و نامرۆڤانەی خۆی بەسەر خەڵکی ئێران دا و راگەیاندنی شەڕێکی گشتگیر لە دژی خەڵکی کوردستان کە داوای مافە رەوا و ئینسانیەکانی خۆی دەکرد . هەزاران رۆڵەی ئازادیخواز و تێکۆشەری کورد بۆ بەرپەرچ دانەوەی سیاسەتی تاک ڕەوانە و زۆرە ملیانەی رژیمی ئاخوندی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو، لەژير دروشم و سیاستەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران کۆبونەوە و چەکی شەڕف و بەرگری لە کەرامەت و مەوجودیەتی گەلی بەش خوراو و مەینەت دیدەکەیان کردە شان و پەیوەستی ریزەکانی شۆڕشگيرانی کورد بوون. لەو کاتەوە شەڕێکی خويناوی و داسەپاو بە سەر کوردستان دا درێژەی هەیە و بە داخەوە بە هەزاران لە باشترین رۆڵەکانی ئەم گەلە زوڵم لێکراوە بە دەستی هێزە دژی گەلیەکانی رژیمی ئاخوندی شەهید بوونە . لەو ساوە بەردەوام مەتەرێزی شەرف و بەرگری لە خەڵک و خاکی کوردستان، کچان وکوڕانی شۆڕشگيری کوردی لێ دامەزراون و هیچکات نەیان هێشتوە ئەو سەنگەرە پیرۆزە واڵا بێت.
یەکێک لەو لاوە شۆڕشگێرانەی کە پەیوەستی ریزەکانی شۆڕش و خەبات بوو ، مام بایز ئەمینی خەڵکی کۆنەخانێی پیرانشار بوو. مام بایز ئەمینی کوری مام قادری کۆنەخانێ ساڵی ١٣٤٣ی کۆچی هەتاوی بەرانبەر بە ١٩٦٤ زاینی لە شاری پیرانشار لە بنەماڵەیەکی بەرێزی وەرزيڕ چاوی بە دونیای روون هەڵینا . وەک باقی منداڵی هاوتەمەنی، شەش ساڵان بو کە رەوانەی قوتابخانە کرا. مام بایز بەرەبەرە باڵای دەکرد و گەورە دەبوو و لە ژیانی چەوساوەیی و هەژاری خەڵکی شار ووڵاتەکەی دەگەیشت کە ئەوکات بە دەستی زوڵم و زۆری حکومەتی نگریستی پەهەلەوی لە عەزاب دابون. دەورانی مێرمنداڵی و تازەلاوی مام بایز هاوکات بو لەگەڵ ڕاپەڕین و شۆڕشی سەراسەری خەڵکی ئێران وکوردستان لە دژی دەستەڵاتی دیکتاتۆر و چەوسينەری پەهلەوی . شەهیدی نەمر تاز لاو بو کە رژیمی تازە بە دەستەڵات گەیشتو و دژە ئازادی خومەینی هێرشی کردە سەر خەڵکی کوردستان و شەهید مام بایز بە چاوی خۆی زوڵم وغەدری کاربەدەستان و هێزە سەرکوت کەرەکانی ئەوە رژیمەی دەدیت کە چۆن کوردستانیان کردۆتە مەیدانی نمایشی هێرشی درندەیی و جنایەتکارانەی خۆیان. دەیدیت کە چۆن رژیمی نگریسی ئاخوندی بە زۆر سیاسەت و ویستی خۆیان بەسەر خەڵکی کوردستان دا دەسەپينن و چۆن لاوی کورد لە خويندا شەڵاڵ دەکرێ و چۆن کچان و کورانی شۆڕشگێر و نیشتمان پەروەری کوردستان لە سیاچاڵ و زیندانەکانی رژیمی دژە ئازادی و دژە کوردی ئاخوندی تەنها بە تۆمەتی کورد بوون، پەتی سێدارەیان دەخاتە ئەستۆ و شەهید دەکرێن.
شەهید مام بایز هەتا دوا قۆناغی ناوەندی دەچێتە قوتابخانە و درێژە بە خوێندن دەدات بەڵآم بە هۆی هەلومەرجی تایبەتی ئەو کاتی کوردستان و بۆ هاوکاری کردنی باوکی لە کاری وەرزێریدا دەست لە خوێندن هەڵدەگرێ و خەریکی کار و پەیدا کردنی بژێوی بۆ بنەماڵەکەی دەبێ. شەهیدی نەمر رۆژ بەرۆژ زیاتر بەش خوراوی و کۆڵەمەرگی گەلەکەی هەست پێدەکرد و زوڵم و زۆر ستەمی داخ لە دڵانی داگیرکەری کە بە ناڕەوا دژی خەڵکی کوردستان دەکرا، ناخی کوردانەی ئازار دەدا. شەهید مام بایز ساڵی ١٣٦٣ لە لایان هێزە جینایەتکارەکانی رژیمەوە بە رەشبگیر دەست بەسەر و رەوانەی پادگانە زۆرە ملیەکانی حکومەت دەکرێ بۆ ئەوەی دژی نەتەوەکەی چەکدار بکرێ بەڵام روح و هەستی کوردانە و نیشتمان پەروەری مام بایز زۆر لەوە گەورەتر بوو کە چەکی زۆرەملی و ئیجباری رژیم قبوڵ بکا. هەر بۆیە هەردەم لە دەرفەتێک دەگرا کە پەیوەستی ریزی شۆڕشگيڕان و هيزی پيشمەرگەی کوردستان بێ. هەر بۆیە بە هۆی ناسیاوەتی لەگەڵ تێکۆشەرێکی نێوشاری پیرانشار پەیوەندی بە حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران و کۆمیتە شارەستانی پیرانشارەوە دەگرێ و لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٤ هەتاوی بەرانبەر بە ١٩٨٥ی زاینی لە چیاکانی بەری پیرانانی پیرانشار لەگەڵ هاوڕێیەکی بەرەسمی پەیوەستی ریزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات دەبن و بە پێشنیاری کۆمتیەی ناوچەی پیرانان و فەرماندەی هێزی ئەوکات رەوانەی دەورەی سەرەتایی پيشمەرگە لە زانکۆی پيشمەرگە لە چیاکانی کوردستان دەکرێ. لەپاش دیتنی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە هێزی قەندیل و لە لکی ٣ی ئەوکات سازمان دەدرێ. لە سازماندەهی بەهاری ساڵی ١٣٦٥ نەقڵی کۆمیتە شارەستانی پیرانشار دەکرێ و لە بەشی ماڵی مەڵبەندی سپی سەنگ درێژە بەکار و چالاکی دەدات.
هەر ئەو ساڵە وەک کادری گومرگی حیزب لە بازاڕگەی شێخ ئایش هەڵکەوتە لە بناری چیای سەرکەشی قەندیل لە هەوڵ تیکۆشانی شۆڕشگێڕی خۆی بەردەوام دەبێ و بەو پەڕی دڵسۆزی و لێهاتویی راسپێردراو و مەئموریەتەکانی حیزبی بەجێ دەگەیەنێ . لە شەوی ٢٤ لە سەر ٢٥ گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٥ دەستەیەک لە جاش و پاسدارە بەکرێگیراوەکان و تیمێکی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار بە مەستی زەربە لێدان لە بەشی گومرگی حیزب دەچنە نیزیک بازاڕگەی شێخ ئایش و بە نێوی ئەوەی کە کاروانچین و هاتوون گومرگ بدەن کەمین بۆ مام بایز دادەنێنەوە وەبەر دەستڕێژی گوللەی دەدەن بەداخەوە مام بایز شەهید دەکەن. هاوڕییانی کادر و پێشمەرگە خێرا لێیان وەدەست دێن و جاش و چلکاو خۆرانی رژیم راو دەنێن . بەڵام هەزار داخ و مخابن تازەلاوی شۆڕشگير و جوان چاکی مەیدانی خەبات مام بایز ئەمینی شەهید دەبێ و تيکەڵ بە کاروانی لەبڕان نەهاتوی سوور خەڵاتی شەهیدان دەبێ. بەیانی ئەو رۆژە واتا ٢٥ی گەلاویژی ١٣٦٥ تەرمی پیرۆزی شەهید مام بایز ئەمینی لە نێو کۆڕی داخ و پەژارەی هاوڕێیانی حیزبی و بە بەشداری سەرجەم کاسبکاران و کاروانچیەکانی بازاڕگەی شێخ ئایش لە بناری چیای قەندیل بە خاکی نیشتمان ئەسپەردە دەکرێ.
شەهید مام بایز ئەمینی کوڕێکی ئازا نیشتمان پەرەوەر و پێشمەرگەیەکی بە نزم و دیسپلین و سادق بوو. هەر ئەرک و مەئموریەتەکی حیزبی پێ سپێردرابا بەو پەری توانا و لێهاتوییەوە بەجێی دەگەیاند . لە گەڵ و هاوڕێیانی رووخۆش و روح سوک بوو. هەموو ئاواتی ئەو نەمرە ئازادی و سەربەخۆیی گەلە بەش خوراو و ستەم لێکراوەکەی بوو. هەزار داخ و کەسەر کە ئەو شۆڕە لاوەی نیشتمانم زۆر زوو بە جی هێشتین و ماڵا ئاوایی یەکجارەکی لێکردین. هەزاران سڵاو لەگیان و رێبازت مام بایز گیان. شەهیدی دەستی غەدر و تاوان ئارام بنوو کە هاوسەنگەرانت بەردەوام لەسەر ئەو رێبازەن کە تۆ و هەزارن شۆڕەلاوی وەک تۆی ئازیزی بۆی شەهید بوون. مام بایز گیان ئێستاش هەواڵان و دۆستان و خزمان بە رێزەوە یادت دەکەن و لە دوای کۆچی سوورت فرمێسک دەرێژن. ئێستاش پاش ئەوەندە ساڵە وێنەی گەنجی و جەوانیت بە دیواری خۆشەویستانەوە هەڵواسراوە و بە هەر چاو ليکردنێک ئاخێکی پڕ لە حەسەرت و کەسەر هەلدەکێشن. ئارام بنوو شەهیدە لە خوين شەڵاڵەکەم، شەهید خەڵات سوورکەم، شەهیدە تازە لاوەکەم ئارام بنوو. ئيمە هاوسەنگەران و هاوڕێیانت پەیمان و بەڵێن لەگەڵ تۆ و لەگەڵ هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان نوێ دەکەینەوە کە بە فەرمودەی رێبەری شەهید دکتۆر سەعید شەڕفکەندی، ئێمەش وەک ئێوە هەتا سەر ئەو رێگایە دەپێوین یان ئەوەتا وەک ئێوە شەهید دەبین و دێینە لای ئێوە یان سەردەکەوین و گەلەکەمان بە ئازادی دەگەیەنین.
هەزاران سڵاو و درودی بێ پایان لە گیانی شەهیدی هەردەم زیندو مام بایز ئەمنی و هەموو شەهیدانی سوور خەڵاتی کورد کوردستان.
سەرکەوێ جۆڵانەوەی میللی دێموکراتیکی گەلی کورد بە رێبەرایەتی حیزبی دێموکڕات .
حەیدەر محەمەدی/ نۆرێژ. 19,04,2019.