"an independent online kurdish website

لە شەوە تاریکەکان هیوای دروست دەکرد. دەیکوت شەو و ڕۆژ جوانی بە جیهان دەبەخشن. ئێمەش دەبێ ببەخشین تا منداڵەکانمان ژیانێکی شیرینیان هەبێ و دنیا بە جوانی ببینن.


لە ڕۆژە شیرینەکانی ژیانی تۆ دەدوێم، ژیانت بە جوانی دەبینی، هەر رۆژێک بۆت جوانتر بوو لە ڕۆژی پێشتر.

هەندێک لە کاتەکان ئیرەییم پێ دەکرد. ژیانی وەها لێدەکرد لە پێش چاوم کە ژیانی منیشی جوانتر دەکرد. ژیانی من و چەکۆ دوور لە شار و لەگەڵ هاوسەنگەرەکانی لە شاخ و نێو سروشت دا بوو. بەڵام بە کلتورێکی دەوڵەمەند کە لە دێموکراسییەوە ڕیشەی داکوتابوو، ڕۆژ بە ڕۆژ پەرەی زیاتری دەسەند. هەمان ئەو دەنگی دێموکراسی و هەستی ئازادییە بوو کە لە ئێمەوە دەگەیشتە گوێی خەڵکی شار و دێهاتەکان لە نێوخۆدا. دوژمن لەو دەنگانە دەترسا و دەترسێ. زۆرجار بە تۆپ و کاتیۆشا و بۆمباران پەلاماری دەداین.

هەر هەواڵنێر و ڕۆژنامەنووسێک کە سەردانی بنکەکانی حیزبی دەکرد، ئەو هەستە بە پێز و پڕ لە شانازیەی دەبینی. کەسانی وەکوو ئەو زۆر بوون کە ژیانیان بە جوانی دەدیت و باوەڕێکی پتەویان هەبوو کە دەبێ لە ژیان دوانەکەوین و لە گشت چرکە ساتەکانی ژیان بە باشی کەڵک وەرگرین. قەت ئەو ڕۆژە لە بیر ناکەم کە دوو دانە لە پیاوانی ئاوایی ئەستێرۆکان بە ناوەکانی مام شەریف و مام مەحمودهاتن بۆ لامان. ئەو کاتە ئێمە لە نێو خێوەت دا دەژیاین و بەرە کۆتایی هاتنی وەرزی پاییز دەچووین. ئەوان پێیان کوتین کە زستانی بۆڵێ (شوێنی فێرگەی سیاسی نیزامی) زستانێکی سارد و دورو درێژی دەبێ. بەفرێکی زۆر لە شاخ و دەوەن دەکەوێ و ژیان کردن لە خێوەت دا زۆر دژوار دەبێت. لە دوای ئەو ئامۆژگاریانە، ئێمەش شانمان دا بەری تا دیوێکی سێ دەر چوار بۆخۆمان دروست بکەین. چەکۆ بە ڕۆژ یارمەتی پێشمەرگەکانی دەدا تا شوێنێکی پتەو بۆ پارێزگاریان دروست بکەن و ئێوارانیش کاری لەسەر دروست کردنی ژوورەکەمان دەکرد. ئەو شوێنەی کە ئێمە لێی دەژیاین، هەمیشە تۆپباران دەکرا. زۆربەمان خۆمان لەو شوێنانەی کە تۆپەکانی دوژمن نەیدەگەیشتێ، حەشار دەدا. بەڵام ئەو لەژێر ئەو تۆپبارانەش دا خەریکی دیوار دانان بوو کە بە قوڕ و بەرد لەسەر یەکی هەڵدەچنی. چوومە لای و پێم کوت دەست هەڵگرە، بەڵام ئەو لە وەڵامدا کوتی کارکردن ورەم پێ دەبەخشێ و ئەوە پێشمەرگەکان فێری چاونەترسی و چۆک دانەدان لە بەرامبەرسەختیەکانی ژیان دا دەکا.

سەرەڕای ئەو هەموو تەنگ و چەڵەمەی ژیانە، ئەو ڕێگایەمان بە بەردەوامی هێناوە. بەڵام دوژمن بەردەوام بووە لە پیلانەکانی خۆی دژ بە ئێمە. هەر وەک چەکۆ دەیکوت دوژمن لە گشت هەل و مەرجێک کەڵک وەردەگرێ تا زەرەرمان پێ بگەیەنێ و لەو ساڵانەی دواییش دا باوەڕی وابوو کە کۆماری ئیسلامی پلانی موشەکبارانی بنکەکانی حیزبی هەیە. هەر لەسەر قسەکانی چەکۆوە، ئەوساڵ بەداخەوە کۆماری ئیسلامی بنکەکانی حیزبی دێموکراتی لە کۆیە موشەکباران کرد و بووە هۆی شەهیدبوونی پۆلێک لە هاوسەنگەران و ڕێبوارانی ڕێگای ئازادی و دێموکراسی. بەڵام دیسان بەخۆشییەوە حیزبەکەمان چاونەترسانە و دەست لە دەستی یەک بنکەکانیان ئاوەدانتر کردەوە و پۆل پۆل کچ و کوڕانی گەلەکەمان پەیوەست بە ڕاسانی ڕۆژهەڵات دەبن.

 

وای بارهێناین کە هەمیشە دەیکوت ئێمە دەبێ بە ژیان پێبکەنین نەک ژیان بە ئێمە. وە هەر پێکەنینێکی وەڵامێکی هەبوو بۆخۆی و هەر هەنگاوێک کە هەڵی دێنا قوەتی قەلبێک بوو بۆ من و هاوسەنگەرەکانی. لە سفر دەست پێکردن هەرگیز هەراسی نەبوو و ئەو تواناییەشی تێدابوو کە کارەکانی بە پێزی بە ئەنجام بگەیەنێ. لە ژیانیدا زۆر جار ئەو شتەی کە ئەو دەیویست نەدەبوو بەڵام ئەو باوەڕ و ئیمانەی کە ئەو هەیبوو بە ئامانجی خۆی دەگەیاند.

لێرەدا بە پێویست دەزانم ئاماژەی پێبکەم کە خۆشەویستی بە ژیان و نیشتمان وای لێکردبوو لە نێو خەڵکی هەرچوار پارچەی کوردستان خۆشەویستیەکی تایبەتی هەبوو. ئێوارەیەک بەڕێز کاک مەسعود تەک خۆڵی دیاربەکری هێنابوو بۆ سەر گڵکۆی چەکۆ و فەرمووی ئەمن ئەو خۆڵەم لە دیاربەکرەوە هێناوە، چونکە دەزانم کاک چەکۆ چەندی هەستی نەتەوایەتی تێدا بوو. بە هیوای نەمانی ئەو سنوورانە و ژیانێکی ئازاد و بەختەوەر بۆ نەتەوەکەمان.

ئەمن دەزانم چەکۆ چەندی خاک و نیشتمانەکەی خۆی خۆشدەویست و ژیان لە لای ئەو گرینگ بوو، بۆیە لێرەدا دەتوانم بڵێم:

 ئەگەر ڕۆژبای گەرمات بە کوردستان دەبەخشی

ئەگەر مانگ بای ڕووناکیت بە کوردستان دەبەخشی

ئەگەر دەریا بای کوردستانت بە یەک دەبەستەوە

ئەگەر ڕۆژبای تەواوی خەڵکی دنیات بۆ کوردستان بانگهێشت دەکرد

ئەگەر شەو بای تەواوی دنیات بۆ کوردستان بۆ ئارامیش بانگهێشت دەکرد

ئەگەر چەرخی گەردون بای یەک دەنگی و یەک وتاریت بە کوردستان دەبەخشی

 

هێرۆ جەڵدیانی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی