"an independent online kurdish website

جاری واهەیە مرۆڤ ناچار دەکرێ بیر لەوە بکاتەوە کە ئەزموون و ڕابردوو هەر چەند دوور و درێژ بێت ناتوانێ مەحەک  و شیاوی ئەوە بزانرێ هەموو کاتێک وەک پێوانەی فێرکاری و پشت بەستنی بەڵگەئاسا


بۆ پێش بردنی ئەرێنی مەبەستەکان چ سیاسی، کۆمەڵایەتی و ت … د… کەڵکی لێ وەربگیردرێت.

ئەمە بۆ خۆی بە جۆریک لە گەڵ ڕەوتی سەرهەڵدانی  کۆمەڵگا کاریگەری پێچەوانە دەنوێنی. ئاسایی سەیر ناکرێ دەوران و تەمەنێکی دوور ودرێژ ، کوێرەوەری و ڕووبەڕوو بوون لە گەڵ ستەم و کاردانەوەکانی ، وەستان بەرانبەر پێشێلکاریە مەزنەکان لە پێناو دابین کردنی ماف و ئازادی هاوڕەگەز وهاو نیشتمانیان ، هەڵگرتنی ئاڵای بەر ئەنگاری بۆ داکۆکی دژی نابەرانبەری و فەوتاندنی مافی تاک لە پڕێکرا داکۆکیکار خۆی ببێت بە بەشێک لە پێشێلکاری هاوشێوە بۆ لە بن پێ کردنی سەرەتایی ترین مافی هاوسەنگەر و بە تایبەت هاوولاتیگەلێک کە هەست و  نیستی خۆیان لە پێناو کەرامەت پارێزی کورد و کوردستان لە ڕیزی هاوبەش و خەباتی هاوبەشدا قوربانێ کردوە . پێشێلکاریەکی ئەوتۆی بێ لێکدانەوە  کە بەجارێک ڕنجی ساڵانێکی دوور و درێژی چەندین بنەمالە بکاتە بڵقی سەر ئاو و بێڕەحمانە هەموو فداکاریەکانی رابردوو لە گۆمی تاوانێکی نەسەلمێندراوی یاسایی دا بخنکێنێت!

لە ماوەی یەک دوو حەوتووی رابردوودا لە سەر لاپەڕەکانی ئێنتیرنێت بەڕێز کاک جەلیل گادانی لە ئاخاوتنێکی ناوەخت  حەولی ئاشکرا کردنی کارەساتێکی خستە گەڕ کە وەک ئەرک دەبوو بیست و حەوت ساڵ پێش لە جەنگەی دەسەڵاتدارەتی خۆیدا وەک بەرپرسیاری یەکەم و ڕاستەو خۆ بەرانبەر کەرامەت و مافپارێزی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی بە ئەنجامێکی یاسایی و بەرپرسانەی بۆ ڕوون کردنەوە و ئاگاداری بیرو رای کۆمەڵگای دەوروپشتی و سەرجەم لاینەپێوەندیدارەکان وەگەڕ خستبا.

سەیر و سەمەرەتر کاک جەلیل دوای ئەو هەموو ماوە بەسەرچووە نەک هەر وەک ئەزموونمەندو کەسایەتیەکی بەرپرس لەو پێوەندیەدا مەسەلە یاسایی و دادوەریە باسکراوەکەی چارەسەر نەکرد بگرە بێ بنەما و دوور لە راستی لە میانەی حەولی خۆدزینەوە  لە بەرپرسایەتی ئەوکاتی خۆی و تێکەل پێکەڵ کردنی بابەتە قەزاییەکەدا کە ئێمەمانان مافی دەس تێوەردانمان تێدا نیە و ئەوە ئەرکی پسپۆرانی ئەو بوارەیە  بە سەر سووڕمانەوە  دەسنیشانی بۆختان و تاوان گەلێک دەکا کە نەک هەر دێفاع لە مەزڵوومی قوربانی بووی تێدا بەدی ناکرێت بەلکوو لە بری دێفاع کەرامەت و رابردووی پڕ لە شانازی هاو ئۆرگان و ئەندامێکی تێکۆشەری پێشمەرگەی خۆی لە ئەو پەڕی سرنج نەدان بە ناوەرۆکی وتەکانیدا لە مەکانی پارێزگاری نامووسی خەلک بۆ تجاوز کارێک بە نامووسی هاوسەنگەری شەهیدی لە دووتوێ قسەکانیدا چەواشە دەکات!

داخی گران کەسایەتیەک کە هەست و نیستی خۆی، سەروەت و سامان، تاقەکوڕی بنەماڵە و سەرئەنجام خۆی دەبێتە قوربانی  ئامانجی سەرفرازی گەل و نیشتمانەکەی   بە هۆی کەمتەرخەمی سەرسەری و بێ هەڵسەنگاندنی ئاکامی لێدوانی ئەوتۆ دەبێتە  کەرەسەی گاڵتە پێکردن و هێرشی نەیار و ناحەزان بە تایبەت کەڵک وەرگرتنی تابیناقاقە نۆقم بووی دەست و پێوەندەکانی کۆماری ترۆر واتە جمهوری ئێسلامی دا بە شۆڕش و حێزبێک کە هەزاران بەڵگەی پڕ لە سەرفرازی بۆ ڕزگاری گەلەکەمان تۆمارکردوە.

ئەم ڕێزدارە بۆ ڕێگری لە شکانی کەرامەتی فەرماندە شاپوور دەکرا لە کات و ساتی قەومانی ڕووداوەکە کەمتر لەو مەبلەغە پارە وەک هاوکاری بەڕێ کردنی ئەو کەسەی ئێستا زۆر هەراو پەلاماری دەدا بکاتە خەرجی چەند دادوەرێکی پسپۆڕ لە یاسا لە کوردستانی باشوور(شوێنی رووداوەکە) بۆ لێکۆڵینەوەی یاسایی بێ لایەن تا ئەمڕۆ ناچار نەبن بۆ خۆ دەرباز کردن لەو گێژاوە پەنا بەرنە بەر تاوانبارکرنێک کە وەک “عوزری بەتر لە گونا” زیاتر نابیندرێ . تاوان بەستن بە شێوازێک کە گومانی تێدانیە بەڕیزیان ساڵانێکی زۆر بۆ بەرپەرچدانەوەی لە لایەن دوژمنانەوە بەنسبەتی گەلەکەمان بە بێگانە خەباتی بۆ کردوە.

 کاک جەلیل بە بێ لە بەرچاوگرتنی کەمترین یاساو ڕێسای نەریتی، دۆستایەتی لەبەرچاوگرتنی ڕابردووی سیاسی و هاوخەباتی ئۆرگانیک و تێکۆشانی هاوبەش لە پێناوی یەک ئامانج دوای ماوەیەکی دوور و درێژ هەرئەو رەوشتە دەکاتە پێوەری ئاخاوتنەکانی کە خۆی بە ساڵانە وەک خۆو خدەی کۆماری ئێسلامی دژی وەستاوە.

ئەو تەنانەت رای ماباقی هاو ئۆرگانەکانی خۆی لە دەورانی بەرپرسایەتی پێشوویدا لە مەڕ چارەسەری ئەم کێشەیە خۆی لە مەکانی دادوەر، ، حەکەم، بەرپرس و… ت… د. دا جێدەگرێت!!

ئەو  چەند بنەماڵەی  قوربانی بووی دەستی ستەمی دو سیستمی حۆکمرانی لە ئێرانی تژی لە ستەم بێ ڕەحمانە بۆ هەتا هەتایە نۆقمی جۆرێک لە بێ حورمەتی دەکا کە پاک کردنەوەی کاردانەوەکانی نە هاسان و نە لە درێژخایەندا بە کەس مەیسەر دەبێت!

 

یەک لەو بنەماڵانە بۆ نموونە :

بنەماڵــەی مێــتران؛ ئەم بنەماڵە لە مێژووی کوردستان دا خاوەندارەتی کەسایەتی ئەوتۆیان کردوە نەک هەر وێژەی کورد بەڵکوو زیندانەکانی ئێران لە دەورانی پالەوی شاهێدی نەتەوە پارێزی و ئیمانی ئەوان  بە ڕێبازێکن کە کورد سەر فرازە بە درێژەدانی و لە داهاتووشداحەق وایە سوپاسگوزاریان بن و شانازییان پێوە بکەن .

ئەمانە لە سەردەمی کۆمار پێشەنگی هەیئەتی جوانڕۆ بۆ پاڵپشتی لە کۆماری کوردستان ـ مەهاباد بوون  (میرزا مۆحەمەد) .ئەمانە پێشەنگی دژبەری تاران و ئۆستوورەی ئازایانەوەستان بەرانبەر پالەویەکان لە زیندانەکانی ئێران بوون.بەڵگە(شێعرەکانی میرزا مەحمود).

ئەمانە لە ڕیزی یەکەم بنەماڵەکانی پارێزگاری مافی کورد لە پاوە بە خاوو خێزانەوە بوون .

نەقی مێتران کە گۆرەکەی لە بنکەی دەفتەری سیاسی ( نواوێ) نزیک زمزیران ـ سەردەشت گۆڕ غەریب کەوتوە.

برزوو مێتران لە سلێمانی هەروەها. خێزانی کاک برزو عسما خانم کە لە هاتووچۆی ڕێگەی زیندانی ورمێ گیانی بەخت کرد.  شەهیدان براکەی عسما خانم کادری حێزب کاک مەحمود، مۆحەمەد عەباسی  و حەکیم ڕەزایی ئەندامی ڕێبەری حێزب (دوو کەسایەتی ئاخر وەک زاوایان) . خێزانی کاک مۆزەفەر زەجر دیتووی زیندانەکانی کۆماری ئێسلامی بە تاوانی کورد و خێزان بوونی مۆزەفەر. لاق لە دەست دانی کاک برزوو لە پەلامار ی کۆماری ئێسلامی بۆ هەڵەبجە،  هەروەتر بریندار بوونی مۆزەفەر و لە دەست دانی چاوێکی ئەمە  وێڕای دەیان نەهامەتی و دەربەدەریتر وەک زیندانی کرانی دۆکتۆر هۆرامان کە ئەوکات وێرای منداڵەکانی شەهید حەکیم لەپاوە. ورمێ و.. لە پێناو باوەڕ بە ماف، ئازادی و پارێزگاری لە کەرامەتی کورد تووشیان بوە .

داخوا ڕێزدار کاک جەلیل بۆ ساتێکیش پێش ئاخوتنە کەی  ئاوڕی لەوە داوەتەوە کێ و کام کەس و لاین بە هاوکاری کۆماری ئێسلامی تاوانباردەکات؟ مەسەلەی قەزایی قەتڵی هاو سەنگەرێ و ڕوون کردنەوەی شک و گومان لە سەر هەر تاکێک لە هەر پۆست و پلەو پایەیێک زەرورەتێکە کە کەس ناتوانێ حاشای لێ بکات بەڵام هەر کەسی چ جیا لە مەحکەمەی فەرمی و یاسایی پسپۆڕ ناتوانێت لە ڕۆژگاری ئێمڕۆ دا لەو بارەوە بڕیاری یاسایی بدات.

 

لە گەڵ ڕێزم بۆ هەموان  سدێق بابایی ١٢/ ٥/ ٢٠١٩

 

بابەتی پەیوەندی دار

روونکردنەوەی کاک جەلیل گادانی و وڵامی موزەفەر میتەران لە سەر تێرۆری شەهید شاپوور فیروزی

مام جلیل گادنی اعلام نمود، قاتل شاپور فیروزی مظفر میتران نفوذی رژیم در حزب دمکرات کردستان (رهبری انقلابی) بوده.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی