"an independent online kurdish website

د.یوسف محمد” سەرۆکی بە غەدر لادراوی پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە ناوبراو ئێژێ: “نەوشیروان مستەفا باشترینی نەوەکەی خۆی بوو.”


ئەو قسەیەی دوکتۆر “یوسف محمد”م قەبوڵە. ھەڵبەت تەنیا بەو مانایەی کە ئەو لە نێو نەوەکەی خۆیا و لە نێو ئەو سەرکردایەتییە گەندەڵەدا باشترین بوو کە رۆژانێ قارەمانی شۆڕش و خەبات و بەرەنگاریی دوژمن بوون و دواتر کە بە دەسەڵات و پارە و خۆشگوزەرانی گەییشتن، بوونە پاڵەوانانی گەندەڵی.

 بەڵام کاتێ کۆچی دوایی کرد، سەرجەم مێدیاکان کەوتنە جموجوڵ و راو پرسیار و مقۆمقۆی ئەوەی کە ئاخۆ نەوشیروان مستەفا چی وەک میرات بۆ مناڵەکانی بەجێ ھێشتووە؟

ئاخر بەڕێزی، قسەیەکی بەناوبانگی ھەیە کە ئێژێ:” نابێ و رێگا نادەم ھیچ کەس لە کەسوکار و نزیکەکانم بە سوودوەرگرتن لە پێگە و رابردووی من، ھەوڵی بە دەسەڵات گەییشتن و بەدەستھێنانی سروەت و سامان و پێگەو پلە بدەن.

ئەم قسەیەش باوڕێکی پێشکەوتوانە، شۆڕشگێڕانە و دژەگەندەڵانەی لەپشتە و نیشان ئەدەت کە نەوشیروان مستەفای لە سەرکردایەتی و بەرپرسایەتیی گەندەڵی حیزبی و حکومەتیی کوردستان بەکردەوە جیاوازە.

کەچی بەداخەوە، راستییەکەن زۆر شاراوە نەمانەوە و دوایی دەرکەوت کە بەڕێزی زانیویەتی لە نزیکە مەرگیەتی ، بۆیە چەند ساڵ پێش ئەوەی مەرگی، کۆمپانیای وشە و ھەندێ مڵک و سامانی دیکەی کە پێشتر بە ھی بزووتنەوەی گۆڕان ئەناسران، بە فەرمی و لە رێگای یاساوە وەک میراتیی کەسی و بنەماڵەیی خۆی گواستووەتەوە سەر ناوی بنەماڵەۆ مناڵەکانی. دواتریش بڕەکەی بە زیاتر لە سێ ملیۆن دۆلار خەمڵێنرا.

ھەواڵی ئەم بابەتە لە مێدیاکان وەک تەقینەوە بڵاو کرایەوە. من ئەمەم پێ ناخۆش بوو و بۆ دەرکەوتنی راستی و درۆیی  ھەواڵەکە، لینکی بابەتەکەم بۆ ھاوڕێیەکی دڵسۆزی کونە یەکیەتی و دواتر گۆڕان و پاشتر زویر و بێ ھیوا لە ھەردووکیانم نارد کە ھاوڕێی دنیای مەجازیی منیش بوو و ئێستاش ھەیە. بەڕێزی لینکێکی ماڵپەڕی ئاوێنەی بۆ ناردم و وتی ئەوە لێدوانی کوڕەکانیەتی. سەرەتا وامزانی بەدرۆ خراوەتەوە. بەڵام کە لینکەکەم کردەوە، دیتم لە لێدوانێک دا کوڕەکانی پشتڕاستی ئەو ھەواڵەیان کردووەتەوە کە بەڵێ ئەو گواستنەوەی میراتییە راستە. بەڵام وتبوویان کە گواستنەوە یاساییەکەی بۆ سەر ناوی مناڵەکانی نەک ئێستا و پاش مردنی باوکیان، بەڵکوو سێ ساڵ پێشتر و لە لایەن بەڕێز نەوشیروان مستەفاوە، وەک سامانی خۆی خراوەتە سەر ناوی ئەوان.

بۆیە، وەک گەندەڵان، رقم لە ھەموو ئەو مرۆڤە ماستاوچی و گوێلەمست و ھەڵەپۆشانە دەبێتەوە کە ھەوڵ ئەدەن پاش مردنی سەرکردەکان، لەوان پێغەمبەری مەعسوم و بەری لە تاوان بە خەڵک و کۆمەڵگاکەیان نیشان بدەن.

سەرئەنجامیش دەرکەوت کە جیاوازیی بەڕێز نەوشیروان مستەفا لە گەڵ سەرکردایەتی و بەرپرسانی دیکەی باشوور، رەنگە تەنیا ئەوە بێ کە میراتی و سامانی بەجێ ماوی، لەوانی دیکە کەمتر بێ و مناڵەکانی راستەوخۆ لە سەرۆکایەتی و وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکانا دەرناکەون.

 

_تێبینی: ئەمە رای منە و تەنیا خۆم لێی بەرپرسیارم.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی