"an independent online kurdish website

لە ھامبۆرگی ئاڵمانەوە دوای ھەشت سەعات گەییشتینە بروکسل. تا رادەیەک ماندو و شەکەت لە شەقامەکانی ناوەندی شار بووین، ھەر دەماندیت پۆل پۆل کوردی خاکی پۆشن و دێن و ئەڕۆن.


وردە وردە ماندووییمان رەوایەوە و وزەمان گرت. زۆربەی خەڵکەکە ئاڵای کوردستان و وێنەی رێبەرانی شەھیدیان پێ بوو.

کاک “ئارێز داراپور” لە قەراخ جادەیەک ماشینەکەی راگرت. شەقامەکان پڕ بوون لە پۆلیس و ھێزی ئەمنی. ئەکرێ بێژین ناوەندی شار زیاتر لە خەڵکی ئاسایی ھێزی پۆلیس و ئاسایشی تێدابوو.

پۆل پۆل خاکی پۆشان بەرەو شوێنێ ئەڕۆیشتن. ئێمەش لەگەڵیان کەوتین. گەییشتینە گۆڕەپانێ کە ھەزاران ئاڵا و وێنەی رێبەرانی شەھید لەسەر سەران جمەیان ئەھات. زۆربەی حەشاماتەکە خاکی خاکی، راست ھاورەنگی  پێشمەرگە و شاخ و راسان بوون. دڵخۆشی و رەزامەندیی بەشداربووان لە چاوانڕا بەدی ئەکرا. خرۆشێکی پێشمەرگەئاسا، حەماسەخوڵقێنانە سەراپای حەشاماتەگەی داگرتبوو.

ھەر ئەتبینی ئاڵا و وێنە لەسەر سەران تێک دەئاڵێن و دەستەملان ئەبن. تومەز گۆڕەپانەکە لە لایەکیترەوە بووەتە ژوانگەی دیداری دووبارەی ھاوڕێیان و ھاوسەنگەران.

وردە وردە ، دەستە دەستە، ریز بە ریز، پێشمەرگانە رێکخران بۆ حەماسەی بەردەم پەرلەمانی ئۆروپا. لە ھەمووی سەرنجڕاکێش و بەشکۆتر ئەوە بوو کە سەدان شۆڕەسوارمان لەگەڵ بوو کە دەست و لاقیان لە مەتەرێزی شەرفی پاراستنی خەڵک و خاکا سەخاوەتمەندانە بەخشیبوو، ھەیانبوو ھەردوو لاقی پێشکەش کردبوو کەچی ھێندە بە شەوق و ئەشقەوە بەشدار بوو کە لە رۆیشتنا مەگەر بە گۆچان و دارشەقەوە بتناسیبانەوە.

کاروان بە دروشم بەڕێ کەوت، کاروانێ درێژ، بەڵام پڕ لە ئەوینی نیشتمان و ھاواری مافخوازانە. ھەر دەڕۆیشتین و دەمانبینی شەقام و کوچە و کۆڵان بە ماشێن و ھێزی پۆلیس ، بۆ تێپەڕینی کاروانی راسان رێبازی کورد و دیمۆکرات داخراوە.

ئەتبینی ئەو خەڵکە لە پەنجەرە و کوچەو کۆڵان و جامی ماشێنەوە سەریان دەرئەھێنا و وێنەیان ئەگرتین و لەیەکتری و لە پۆلیسیان ئەپرسی: ئەم کاروانە چیە؟ بۆ کوێ ئەڕۆن؟ چییان ئەوێ؟ بۆ جادەیان بۆ داخراوە؟ کەی دواییان دەێ و….؟

گەییشتینە بەردەم بینا و ھۆڵی وەزارەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئۆروپا. لەوێ کۆڵان و مەیدانێکی گەورە و بەرین بوو کە سەراپا جمەی ئەھات لە جامانە و خاکی پۆشی راسان رێباز. زیاتر لە چوار سەعات وتار و پەیام و دروشم و سرود و گۆرانی بە زمانە جۆراوجۆرەکان پێشکەش کران.

بۆ ئەوە دەبوو بێژی: شکۆی حەماسەتان باش و ئاگردانی شۆڕشتان گڕکان ئاسا ھەر پڕکڵپە بێ.

_وێنە: بەشێ لە شۆڕشگێڕانی خاکی پۆش کە ئاڵاکەیان لە بەردەم ھۆڵی پێوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی ئۆروپا چەقاندووە.

بابەتی پەیوەندی دار

 

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی