"an independent online kurdish website

١-   مامۆستا جەمال نەبەز و قەرزی کتێب..

پێموایە زۆربەی ھەرە زۆرمان چیرۆک و سەرگورشتەی جۆراوجۆرمان لەمەڕ کتێبەوە، لە زۆر ڕەھەندەوە بیستووە.

بۆ نموونە من لە کۆڕ و مەجلیس دا، گوێم لێ بووە باس لەوە کراوە کابرا خوێندکار بووە لە بەغدا، باری دارایی باش نەبووە و حەزیشی بە خوێندنەوەی کتێب کردووە. ناچاری وای لێ کردووە کتێبەکە بدزێ. بەمەرجێک کەسە تا سەرئێسک دژ بە کاری دزیکردن بووە. ھەبووە لە کتێبخانە گشتییەکان کتێبی دزیەوە. ھەشە خۆی دێت لە کتێبخانەکەتدا، چەند کتێبێک دەردێنێ بەناوی خوێندنەوە، دەیبات و ئیتر نایبینیتەوە. جۆرێکی تریش ھەن کتێبت لێ دەخوازن، بەڵام بۆتناگێڕێتەوە…ھتد. رەنگە ھەموو بیانووی ھاوبەشی ئەم جۆرە کەسانە، خۆشەویستی بێی بۆ کتێب و خوێندنەوە.

لێرەدا منیش ئەزموونێکی کورتیلەی خۆمتان لەتەک مامۆستای گەورە و ڕەوانشاد مامۆستا جەمال نەبەز بۆ دەگێڕمەوە.

ڕۆژێکیان مامۆستا تلفونێکی بۆ کردم داوای کتێنی «ئوستا»ی عیزەدین مستەفا رەسووڵی لێ کردم. منیش وتم ھەمە و سبەینێ دەیگەێنمە دەستتان. بۆ ڕۆژی دوایی کتێبەکەم دایە و دەستخۆشی لێکردم و خۆشحاڵبوو، بەدوای شیعرێکی مامۆستا ھەژاردا دەگەڕا، کەگوایە بۆ جمال نەبەزی وتووە. دەیویست بزانێ ،ئایا عیزدەین رەسوول ئەو شیعرەی بڵاوکردۆتەوە یاخود نا.؟

ڕۆژێ دوو ڕۆژی پێ نەچوو، خڕ کتێبەکەی دامەوە و سوپاسی کردم.

جارێکی تر داوای «دیوانی فایەق بێکەس »ی لێکردم. ئەویشم بۆ برد، ڕۆژێ دواتر دایمەوە.

بەم پەیوەندییە زۆر دڵخۆش بووم، چونکە گەلێ جەزرەبەی ناخۆشم لەم بوارەدا دیوە. کتێب دەدەیتە ھاوڕێیەک ناتداتەوە. منیش زۆر سەخڵەت دەبم بەوەی شتێک بدەمە کەسێک و ناچار بم داوای لێ بکەم بمداتەوە. چۆن بۆی دەبەم، ئاوھاش حەز دەکەم بمداتەوە.

ھاوبیر بەختیار شابان لە کوردستانەوە کۆمەڵێ کتێبی ھێنابوو. یەکێ لەکتێبەکانی ھی مستەفا عەسکەریە لەسەر «بکر سدقی». منیش لێم وەرگرت بۆ خوێندنەوە. تەماشا دەکەم لەگەلێ شوێن دا، ئاماژەی بە بیروڕاکانی مامۆستا جەمال نەبەز داوە. ڕۆژێ بەدەم قسە و باسەوە لەتەک مامۆستا جەمال دا بۆم باس کرد کتێبێکی وا ھەیە. مامۆستا یەکەوڕاست وتی بۆم بھێنە. منیش وتم ھی خۆم نییە، با لەگەڵ خاوەنەکەی کاک بەختیار قسە بکەم و رەزامەندی وەرگرم. ئەوەبوو ئۆکەی کاک بەختیارم وەرگرت و کتێبەکەم دایە دەست مامۆستا. ئیدی ھەر ئەو پێدانە بوو، نەمبینییەوە و دەرفەتیشی نەدەدا داوای لێ بکەمەوە. داوای لێبووردنم لە ھاوبیر شابان کرد. ماڵی ئاوەدان بێت ھیچی نەوت.

جارێکیتریش بەدەم ھەڵشێلان و داشێلانی پرسگەلەکانەوە، وتم: مامۆستا ، مامۆستا مستەفا نەریمانیش زۆر جوان و دروست باس لە ھەڵوێستێکی تۆ دەکات، لەمەڕ ئەو بیرخەرەوەیەی بەناوی مەعاریفی کوردستانەوە داوتانە بە عبدلکریم قاسم. وتی :بۆ کتێبی وا ھەیە؟ وتم :بەڵێ بیرەوەرییەکانێتی ھەمە. وتی با بیبینم.

خۆشەویستان ئەویشم بۆ برد، بەڵام تا ئێستاش پیرە کتێبم نەبینییەوە.

ئەوە دوو کتێبم وەک قەرز کەوتە لای مامۆستا ، منیش جۆرە شەرمێک دەکەم داوام نەدەکردەوە. کارم بەم جۆرە ڕۆیشت و منیش داخکراو بووم.

ڕۆژێ ھەواڵی کتێبێکی عەبدوڵا ئاگرینی پرسی لەسەر«کاژیک»، منیش یەکسەر وتم ھەمە. خۆ ناکرێ درۆی لەگەڵدا بکەم و خۆشبەختانە درۆش نازانم و ئەگەر بۆ بەرژەوەندییەکی بێزیانیش درۆ بکەم بە ڕووخسارمەوە دیارە.

پێش ئەوەی کتێبەکەی بۆ بەرم کەوتمە پلانیدان چۆن لێی وەرگرمەوە؟. وتم : باشترین ڕێگە ئەوەیە دەڵێم: مامۆستا ھاوبیران و چەند کەسێکیتریش چاوەڕوانی خوێندنەوەی دەکەن، سوپاست دەکەم گەر تەواو بوویت لە خوێندنەوەی کتێبەکە، بۆم بگێڕیتەوە. ڕاستییەکەشی ھەروا بوو.پاش قەدەرێکی دوورودرێژ نێزیک دوو مانگی پێچوو، ڕۆژێک کتێبەکەی بەساردی دایەوە دەستم.

لە کتێبەکەدا چەندین لاپەڕەی نووشاندبۆوە و بەماجیکی زەرد ھێڵی ھێنابوو بەژێر زۆر باسدا و سەرنجی لەسەرتۆمار کرد بوو. بەمجۆرە سێیەمین کتێبم لە مامۆستا سەندەوە.

دوای کۆچی دوایی مامۆستا، لە ڕێگەی ھانەخانی ھاوژینییەوە داوای دوو کتێبەکەی تریشم کردەوە. خۆشبەختانە کتێبەکەی ھاوبیر بەختیار شابانم دەستکەوتەوە و ئەوەی خۆم جارێ بێ سەروشوێنە.

من لەگەڵ مامۆستادا بووم، دیومە کتێبی فارسی بە 120 یۆرۆ کڕیوە. عەشقی مامۆستا بۆ کتێب و خوێندنەوە ، باسێک نیییە، من بۆی دروست بکەم. بەڵکو دوورە وڵاتی و نەبوو دەزگا و مەڵبەندی بۆ بڵاوکرنەوەی ھەوڵی کتێب و دوورەدەستی وای لە مامۆستا و زۆری تریش دەکات، دەست بەسەر کتێبی باشدا، بگرن.

ئەمەش عەشقی بێسنووری جەمال نەبەز بۆ کتێب.

ھەزاران تاجە گوڵینە بۆ سەر گڵکۆی زانای گەورە جەمال نەبەز

٢٧/٣/٢٠١٩

٢- جەمال نەبەز و گۆتە و پارە

         ٢٠١٩/٥/١٩

پێش چەند ساڵێ لەمەوبەر چووم بۆ ئاھەنگێکی ڕێزلێنان لە زانای گەورەی تورک «ئیسمائیل بێشکچی». ئەم ئاھەنگە رێکخراوی کۆمکار و فۆنتی بێشکچی سازیاندابوو.

مامۆستا نەبەز و ھانەلۆرەیش ئامادەبوون .

رێکەوتێکی باش بوو ،لەتەک مامۆستادا ھەموو پێکەوە لەسەر مێزێکی تەنیشت زانای کۆمەڵناسی گەورە بێشکچییەوە دانیشتین. ئاھەنگە تایبەت بوو، نرخی چونە ژوورەوە 30€ یۆرۆ بوو.

دوای پێشکەشکردنی چەند پارچە موزیکێک، ڕێگەدرا بە ئامادەبووان بۆ پێشکەشکردنی وتار لەسەر بێشکچی. بێشکچیش بۆ خۆی وتەیەکی بەنرخی پێشکەش کرد. یەکێ لەوانەی داوای لێکرا قسە لەسەر بێشکچی بکات مامۆستا نەبەز بوو.

لەیادمە مامۆستا بە جوڵەیەکی سەیر و پڕ جۆشەوە، میکرۆڤۆنەکەی گرت بەدەستەوە و بە چەند ڕستەیەکی سەیر دەستی بە قسەکردن کرد و گەورەیی بێشکچی بەستەوە بەوەوەی کە پیاوێکی خۆفرۆش نییە و بۆ پارە کار ناکات.

لەراستیدا ئێمە چاوەڕێی پەیڤ و قسەی ترمان لە مامۆستا دەکرد،بەتایبەت باسی کارە زانستییەکانی بێشکچی بکات، کەچی ئەو لەسەر ئەو تەوەرە مایەوە کە باسی لە خۆفرۆشی و پارە دەکرد.

ئەو کاتە ھێندە قسەکانم بەلاوە جێی سەرنج و بایەخدار نەبوو. لێ ئەوە چەند ساڵێکە کە ئەو دیمەن و قسانە دێنمەوە بەرچاوی خۆم، ھێدی ھێدی بەھای قسەکان لام گەورەتر دەبن.

ئاخر ئەوە چ بەھا و نرخێکە تۆ بە پارە و بۆ پارە ھەرشت بکەیت، بەتایبەت گەر بانگاشەی زانست و ئایدیای بەرزی مرۆڤایەتی بکەیت.

ئەم کورتە باسە دەبەستمەوە بە چیرۆکێکی ترەوە، کە ھەرچی دەکەم ناتوانم خۆم لە ئاست پیرۆزییەکەیدا لادەم.

مامۆستا پێش چەند ساڵێ، شتێکی سەیری بۆ گێڕامەوە:

لەئەڵمانیا

‎بۆنەیەک لەسەر ژیان و بەرھەمەکانی گۆتەی گەورە شاعیری ئەڵمان ساز کرا. بۆ ئەم بۆنەیە

‎کۆمیتەیەک ئامادە کرا. ئەم کۆمیتەیە پەیوەندی دەکەن بە مامۆستاوە و داوای لێ دەکەن بەرھەمەکەی گۆتە جارێکیتر ڕاستەوخۆ لە ئەڵمانییەوە بکاتە کوردی و بەرامبەر بەمەش بڕی پارەیچەند ھەزار یۆرۆیی یاخود زیاتری دەدەنێ.

« لە راستیدا مامۆستا وتی ئەم کتێبەم کاتی خۆی وەرگێڕاوە جا ئایا لە عەرەبییەوە یاخود لەئینگلیزییەوە باشم لە بیر نییە و ناشزانم کام بەرھەمی گۆتەیە. من ئەو بەرھەمەم نەمدیوە . ئاگادارم و دەزانم مامۆستا نەبەز بەرھەمی شکسپیر / چیرۆکی گەرداوەکە و پاڵتۆی گۆگۆڵی وەرگێڕاوە، لێ ھیچ زانیارییەکم لەسەر وەرگێڕانی بەرھەمی گۆتە نییە.

دەرفەت ساز نەبوو جارێکی تر بەدرێژی ئەو باسەی لێ بپرسم . بەتیابەت ناوی بەرھەمەکەی گۆتە. لەم ڕۆژانەشدا لە ھانەلۆرەشم پرسی ئەویش زانیاری دروستی نەبوو».

بەھەرحاڵ دوای گەڵاڵەبوونی کارەکانی کۆمیتەکە، یەکێ لە ئامادەکاران کە خاتوونێک بووە بەرپرسی بەسی رۆژھەڵاتی پەیوەست بە گۆتەوە، وتارێکی دورودرێژی چەند لاپەڕەیی لەسەر گۆتە و بەرھەمەکانی بەزمانە بێگانەکان دەنووسێ و بڵاوی دەکات.

خاتوونی ناوبراو لەو وتارەکەیەدا بەدوور و درێژی باسی گۆتە لە لای عەرەب و فارس و تورک دەکات. کاتێ دێتە سەر باسی کورد، بەتاکە کورتە دێڕێک دەنووسێ: ئەمساڵ وەرگێڕانێکی کتێبێکی گۆتە بەکوردیش بەشدارە.

کاتێ وتارەکە بڵاو دەبێتەوە و مامۆستا دەیخوێنێتەوە، یەکسەر دەنیشێتە سەر تلفونەکەیی و پەیوەندی بەخانمی ناوبراوە دەکات و پێی دەڵێ:

تۆ شەرم ناکەیت و بەچ ھەقێک ئەو ھەموو ستایش و باسەت لەسەر تورک و عەرەب و فارس نووسیوە و بەتاکە دێڕێک باسی کوردت کردووە؟!. مامۆستا گەلێ خۆی ناڕەحەت و توڕە دەکات و لەدواجاردا پێی دەڵێ : من ئامادە نیم بەردەوام بم لەسەر ئەو کارە و نایکەم.

ئیدی خاتوون و کۆمیتەکەی ، بەم ھەواڵ و ھەڵوێستەی مامۆستا، تووشی شۆک دەبن و دەکەونە شێروڕێوی ھێنانەوەیەکی زۆر بۆ مامۆستا، تاوەکو دڵی بدەنەوە. لێ مامۆستا سوور دەبێت لەسەر ھەڵوێستەکەیی و کارەکە ناکات و پاڵ بەو دەستکەوتە مادییەوە دەنێ، کە بەمەرجێ ھەموو داھاتی ژیانی مامۆستا لە ڕێگەی ئەو جۆرە کارانە بوو.

بەڵێ مامۆستا خۆی پیاوێکی چاوچنۆک نەبوو بۆ پارە و ڕەنجدەرێکی خاوەن باوەڕ بوو، بە ھێزی شان و بازووی خۆی دەژیا. تا دوا ھەناسەی ژیانی کاری دەکرد. زۆریش شانازی بەم لایەنەی ژیانییەوە دەکرد.

گەلێ جاریش کە قسەمان لەسەر نووسینی کاژیک نامە دەکرد، ئەو ڕاستەوخۆ ئاماژەی بەوە دەدا، کە بەشە سۆسیالیستییەکەی خۆی نووسیویەتی.

ئەمەش ھەڵوێستێکی تری مامۆستا جەمال نەبەزی زانای خۆنەفرۆش.

٣- یادی ساڵڕۆی کۆچی دوایی بەخۆشی…

مامۆستای گەورە گێڕایەوە: کە چ شەڕێکی سەختی کردووە، لەسەر ئەوەی قوتابیان بە زمانی کوردی بخوێنن. کاتێ لەبەر دەسەڵاتی داگیرکەر بە فەرمی دەرفەتی ھێنانەدی ئەم ئامانجەی نابێت، .

ئیدی بڕیار دەدات بۆ خۆی دەست بەکار بێت و پرۆگرام بە کوردی بۆ قوتابیان ئامادە بکات. لە پێناوی ھێنانە دی ئەم ئامانجەدا.

‎ساتێ سەرگەرمی ئەم تێکۆشانە بووم، تەماشام کرد، چ سەرچاوەیەکیش نییە وەک کەرەسە لەبەردەم قوتابیان دا، تا سوودی لێ وەرگرن بۆ فێربوون و خوێندن.

وتی لەم ڕووەوە خۆم تەرخان کرد بۆ ئامادەکردنی نووسینێک . ئەوە بوو زۆربەی کات و وزەی خۆم تەرخان کرد، تا نووسین کەرەسەی فێربوون بۆ   قوتابیان ئامادە بکەم و ھەوڵم زۆر دا تا لەدەرەوەی کاتی فەرمی وانە وتنەوە ، بێ بەرامبەر وانە بە کوردی بە قوتابیان بڵێمەوە.

. ئەوە بوو ھاتمەوە ناڵەوە و دەستم کرد بە نووسین. وتی:

‎ئێوارە داھات، دایکم چەند جارێ بانگی کردم بچمە سەر خوانە ئامادەکراوەکە و لەگەڵیان دا : ئێوارە بخۆم. وتی:

‎ھەر نەچووم بەدەنگ بانگکردنەکەی دایکم و خوشکمەوە. دایکم کۆڵی نەدا و چەند جارێ ھاواری لێ کردم ، بەڵام من دەستم لە نووسین ھەڵنەگرت.

‎ئەوە بوو دایکم ناچار بوو خواردنەکەی بۆ ھێنامە ژوورەکەی خۆم.

‎مامۆستا وتی : لەگەڵ ئەوەشدا من ھەر دەستم لە کاری نووسین ھەڵنەگرت. دوای ماوەیەک دیسان دایکم خۆی کرد بە ژوورا، من سەرم لەسەر نووسین بەرز نەکردەوە و کاتێ بینی دەستم بۆ خواردنەکە نەبردووە، داوای لێ کردم نانەکەم بخۆم. وتی: ھەر سەرێکم لەقاند و وەرامم نەدایەوە

وتی : دایکم پێی وتم: کوڕم تۆ وا خۆت کوێر و برسی کردووە، کەس پێی نازانێ ! دە واز لەم کەرێتییە بھێنە.

کات بەمجۆرە تێپەڕی تا بەشی وەرزی خوێندنی ساڵێکم ئامادە نەکرد، دەستم لە کارەکەم بەرنەدا. کاتێ تەماشای دەمژمێرم کرد، دەوری ٨-٩ سەرلەبەیانی ڕۆژی دوایی بوو.

بەڵێ ئەوە لاپەڕەیەکی گەشی تێکۆشان و ماندووبوون و دڵسۆزی مامۆستا جەمال نەبەزە، کە بەر لەساڵێ بۆ دواجار ماڵئاوایی لێ کردین و لەدوای خۆی کەلێن و بۆشاییەکی گەورەی بەجێھێشت لە زۆر بواری زمانەوانی و ھزریی و میتۆلۆژی و دیرۆکی و فەرھەنگی و بە گشتی کوردۆلۆژی دا .

ڕەوانت شاد بێت مامۆستا…

٢٠١٩/١٢/٨

ھەڵۆ بەرزنجەیی/ بەرلین

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی