بە درێژایی مێژوو، کەم بوون ئەو نەتەوگەلە کە وەکوو تورک توانیبێتیان بەسەر پێگەی جوگرافیای خویاندا زاڵ بووبن. تورکیە وەکوو ناوەندی دوو ژیاری زۆر بەهێزی عوسمانی و بیزانس و وەکوو پردێک لە نێوان ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی جیهان و پێوەندیدەری نێوان ناوچەکە و جیهان ئەژمار کراوە.

ناوەندی قەرەباڵغی بازرگانی و پێوەندیدەری ستراتژیکی کەرتی ئابووری و سیاسی لە نێوان ناوچەکە و جیهان بووە. بێجگە لە هێزی جوگرافی، تورک خاوەنی سەرچاوەی ئاوێکی فراوان و بەرچاوە. بەپێچەوانەی ناوچەگەلی وشک و بێ ئاوی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، ئەو سەرچاوە پڕ و پەیمانانە ئەو ئیزنەی بە تورک داوە کە ڕێژەی دانیشتوانەکەی زێدە بکات و شارگەلێکی گەورەی تێدا ساز بکرێ. لە سەردەمی هاوچەرخدا تورک دیسان ئەو هەلەی بۆ ڕەخساوە کە بینا ڕابردوو هێز و پێگەی خۆی بە دەست بهێنێتەوە و وەکوو وڵاتێکی خاوەن ژیۆپولیتیکی ”وزە” و لە هەمان کاتیشدا خاوەن ژیۆپولیتیکی ”ئاو”ـیش بێت.
پێگەی تورک لەم سەردەمەدا ئیتر وەکوو جاران تەنیا پێوەندی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای جیهان نیە، بەڵکوو پێوەندیدەری نێوان وڵاتانی خاوەن”وزە” و وڵاتانی بەکارهێنەری ”وزە”ـیە و دەوری ناوەندی ژیۆپۆلیتیکی ”گاز” و” نەوت”ـی جیهانی بە ئەستۆوەیە.
تورکیە به پشت بەستن بە هێزی سەرچاوە ئاویەکانیەوە دەتوانێ بۆ بەهێزتر کردنی دەوری خۆی وەکوو ناوەندی ستراتژیکی”وزە” لە ناوچەکەدا بە داڕشتنی گەڵاڵە دەست بە هاوکاری لەگەڵ ئەو وڵاتانە کە سەرچاوەی ”ئاو”ـیان زۆر لاوازە بکات و کەڵک لەو هاوکاریە لەتەک وڵاتانی عەرەب وەرگرێ.
بە درێژای مێژوو”ئاو” و” وزە” لە سەرەکیترین سەرچاوەکانی ژیار و لە بنەما سەرەکیەکانی زنجیرە پێداویستیەکانی مازلۆ ئەەژمار کراوە کە بۆ گەشە و پەرەسەندنی مرۆڤەکان و ژیانیان پێویستە.
کەمتر بیر لە چۆنایەنی پێوەندی نێوان ”ئاو” و ”وزە” دەکرێتەوە.
بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابین کردنی”وزە”، پێویستی بە ڕادەی زۆری سەرچاوەکانی ”ئاو” هەیە و هەروسا بۆ بەرهەمهێنان، پاڵاوتن و شیرین کردنی”ئاو”، پێویستی بە ڕادەیێکی فرە ”وزە” هەیە.
هەردوو وزە لە سەرتاسەرئ ژینگە، گەشەیێکی بەرچاوی سەندووەو نەتەوەکانی تریش وەکوو تورک دەتوانن کەڵک لە پێگەی ژیۆگرافی خۆیان و سەرچاوە سرۆشتیەکانیان وەربگرن.
تورکیە دەتوانێ لە هێڵی دیپلۆماسی بۆ خۆی پێگەی بەرز مسۆگەر بکات و بە پرۆژەگەلێکی وەکوو هێڵی گواستنەوەی کاڵا و شتوومەک و هێڵی ”ئاو” و ” وزە”، دەسەڵات و هێژمۆنی بەرچاو لە بواری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بە دەست بهێنێ و لە هەمان کاتیشدا هاریکاری بۆ مسۆگەر کردنی یەکپارچەی و سەقامگیری بە دەست بهێنێ.
ئەم نووسراوە بەستێنێکە لەمەڕ ژیۆپۆلیتیکی داهاتووی تورکیە بە لەبەرچاو گرتنی دوو سەر چاوەی”ئاو” و ”وزە” ـیە. ئامانجی ئەم نووسراوەیە، دەرخستنی چەند خاڵێکی گرنگە لە سەر ئەوەی کە تورکیە چۆن دەتوانێ پتانسیێلی ژیۆپۆلیتیکی خۆی بەرەو سەرتر هەڵکێشێ.
بەشی یەکەمی ئەم نووسراوەیە باس لە پۆتانسیێڵی ژیۆپۆلیتیکی تورکیە دەکات.
بەشی دووهەم باس لە پێوەندیە ئاڵۆزەکانی تورکیە لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە دەکات.
بەشی سێهەم باس لە ڕاوەستانی پڕۆژەکانی هێڵی تایبەتی گواستنەوە دەکات کە بە بۆنەی تێکهەڵچوونە سیاسیەکان درووست بووە.
بەشی چوارم، لێکدانەوەی جێگە و پێگەی تورکیەیە و چەند پێشنیاری سیاسی بۆ ئەو وڵاتەیە.
تورکیە لە نێوان یەکێک لە وشکترین ناوچەکانی جیهان، خاوەنی فراوانترین سەرچاوەی ”ئاو”ـە. ڕووبارگەلێکی زۆر وەکوو ڕووباری بەناوبانگی دیجلە و ڕووباری فورات لە تورکیە هەیە کە لە مێژە وەکوو سەرچاوەی ژیارگەلێکی کۆنن و لە نهادا بە سەرچاوەی دڵەڕاوکێ و نیگەرانی بەرچاوی وڵاتانی سووریە و ئێراق دادەنردرێن. باکووری ئەو وڵاتە خاوەنی چیاگەلێکی پڕ لە بەفرە و ڕێژەی بارین لەوێ زۆر بەرچاوە و خاوەنی بڕێکی زۆر سەرچاوەی گەورەی ”ئاو”ـە . لە سەر بنەمای پارامیتری هیدرۆلۆژیکاڵیپەسەندکراوی سەرچاوەی مامناوەندی ”ئاو”ـی تورکیە، ڕێژەی ”ئاو” بۆ هەر کەس و لە ساڵێکدا ۳۱۵۰ میتری چوار گۆشەیە. بە پێچەوانەوە، سەرچاوەی ”ئاو”ـی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و باکووری ئەفریقا، سەرجەم بۆ هەر کەس لە یەکساڵدا بە ڕێژەی ۳۰۰ میتری چوار گۆشەیە.
تورکیە بە بەراوەرد لەگەڵ بڕێک لە ناوچەکانی دیکەی جیهان، سەر چاوەی ئاوی زۆر کەمە، بۆ نموونە ڕێژەی سەرچاوە ئاویەکانی ئەمریکای لاتین بە بڕی ۱۰/۶۰۰ میتری چوارگۆشە بۆ هەرکەس لە ساڵێکدایە، بەڵام ئەوا سەرچاوە ئاویەکانی تورکیە بۆ پێکهێنانی پێوەندی لەگەڵ دراوسێکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین ـدا بەرچاوە.
تورکیە دەتوانێ و هەلی ئەوەی هەیە کە لە ڕێگای هێڵی ئاو و بازرگانی ئاو بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە ئاو هەناردە بکات.
تورکیە لەگەڵ سێ وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناڤین کە بریتین لە ئێران، ئێراق و سووریە، سنووری هاوبەشی هەیە و لە ڕێگای زەریای مەدیتەرانەشەوە وەگەردی گشت ناوچەگەلی دیکەدا پێوەندی هەیە.
ئێراق و سووریە، پێویستیان بەتەواوی بە ڕووبارەکانی دیجلە و فۆڕات هەیە و تورکیە بۆ سەرچاوەی ئاوی ئەم وڵاتانەیە.
لەم ساڵانەی دوایدا
دەوری دەسەڵاتدارانی نۆێی ئێراق هەر وەکوو ئاکامی پلانە لاوازەکانی سەردەمی سەددام حۆسەین لە بواری ”ئاو” زۆر لاواز و وێرانکەر بووە.
پڕۆژەگەلی پەرەپێدان لە بواری ”ئاو”ـی تورکیە، ئەو هێز و توانایەی بە ئەم وڵاتە داوە کە دەسەڵات و هێژموونی خۆێ لە ناوچەکەدا پەرە پێ بدات و پۆتانسیێلی گەیاندنی”ئاو” بە ناوچە وشکەکانی ئۆردون و ئیسرائیل و فەلەستین و لۆبنان ـی هەبێت. قەیرانی ”ئاو” ناوچەکانی وێران کرد و ناکۆکی نێوان نەتەوەکانی دروست کرد.
لە ڕاستیدا، قەیرانی کەم ”ئاو”ـی بە ڕواڵەت و بە بەردەوامی هۆکاری شەڕ و ئاژاوەی نێوان ئیسرائیل و عەرەبەکان ـە. لە ساڵی ۱۹٨۷ ـی زاینی ـدا، تورکیە بە کارهێنانی ئەو بیرۆکەیە کە لە سەرچاوە ”ئاو”ـیەکانی بۆ دروست کردنی ”هێڵی ئاشتی” و بۆ بەرەو باشی بردنی ئاڵۆزیەکانی ناوچەکە لە ڕێگای گواستنەوەی ”ئاو” بۆ وڵاتی ”قەتەر” و هێنانی ”گاز” بۆ وڵاتی خۆی کەڵکی وەرگرت.
هەرچەند لە ئاکامدا دەست لەو پڕۆژەیە هەڵگیرا، بەڵام ئەوە پیشاندەری ئەو ڕاستیەیە کە دیپڵۆماسیی ”ئاو” پۆتانسێڵێکی خۆی لە خۆیدایە بۆ دانیشتنی دوولایەنە. بە گشتی هەموو قەیرانەکانی کەم ئاوی و ویشکەساڵی سوودێکی فراوان و بەرچاوی لە ڕێگای فرۆشتنی زێدەی ئاو بۆ تورکیە هەیە.
تورکیە بە وێنەی بەرهەمهێنەری سەرچاوە گرنگەکان، دەتوانێت پێگەی ئێستراتژیکی بەرز لە ناوچەکەدا بە دەست بهێنێت. پێگەی تورکیە لە گواستنەوەی سەرچاوەکانی وزە بەڕادەی پێگەی ئەو وڵاتە لە بواری ئاو دا گرنگـە.تورکیە لە ڕۆژاوای وڵاتەکەی لە کەناری ئاوە قووڵەکانی زەریای مەدیتەرانە خاوەنی بەندەر و سنووری هاوبەش لە گەڵ وڵاتانی یوونان و بۆلگارستان ـە و لە ڕێگای ئەو وڵاتانەوە ڕێگەی بۆ یەکیەتیی ئورووپاش هەیە.
یەکیەتیی ئورووپا پاش ئامریکا دووهەمین بەکارهێنەری گەورەی سەرچاوەکانی وزەیە.
بۆ ساڵانێک یەکیەتیی ئورووپا، بەشێکی زۆر زێدەتر لە ۲۵ لە سەدی سەرچاوەی گازی سرۆشتیی خۆی لە عرووس و بە زۆری لە هێڵی گواستنەوەی وڵاتانی سۆڤیەت هاوردە دەکرد. لەم دواین کاتانەدا، بە هۆی پێویستیی زۆری یەکیەتیی ئورووپا بە سەرچاوە گازیەکانی عرووس، کەلێن و خاویی زۆری تێکەوتووە. لە سەرەتای ژانویەوە، عرووس بە هۆی تێکهەڵچوونی بازرگانی، یەکێک لە هێڵەکانی وزەی خۆی لە سەر یەکیەتیی ئورووپا داخست. عرووس، تێکهەڵچوونی بازرگانی بە هۆکار زانی بەڵام بە ئاشکرا دیاربوو کە ئۆکراینی نوێی پێ قەبووڵ ناکرێ و دەسەڵاتی سەر بە ڕۆژاوای ئۆکراینیش، دەوری لەو تێکهەڵچوونەدا هەبوو.
بە دەیان میلوێن لە هاووڵاتیانی ئورووپا لە مەڕ ئەو هەڵایە و ئەو تێکهەڵچوونە، بێ وزەی گاز مانەوە و ئەمەش دەرخەری ئەوە بوو کە عرووس لە هێڵی وزەی خۆی بۆ ئامانجە سیاسیەکانی کەڵک وەردەگرێت.
هەر بەو بۆنەوە ئورووپایش هەوڵ دەدات کە سەرچاوەکانی دابین کردنی وزەی خۆی بەربڵاو بکات و تەنیا جێگرەوەی بۆ ئەو کارەش، ئەو هێڵی گواستنەوەی وزەیە کە لە ئاسیای ناوەندی و ڕۆژهەڵاتی ناڤین ـەوە دێن و هەردووکیان بە تورکیەدا تێدەپەڕن.
وڵاتەیلی ئێران، ئازەربایجان، ئێراق و سووریە کە لەتەک تورکیە سنووری هاوبەشیان هەیە وەکوو عرووس خاوەنی سەرچاوەگەلێکی بەرفراوانی وزەن. لە نهادا بە هۆکاری نەبوونی هێڵی گواستنەوەی پێویست، ئەو وڵاتانە توانای چالاکیان لە بازاڕەکانی ئورووپادا نیە، لەوما تورکیە دەورێکی گرنگی لە گواستنەوەی سەرچاوەکانی وزە بۆ بەکارهێنەرانی لە ئورووپا هەیە.
تورکیە لەگەڵ گرنگی بە هۆی پێگەی ژیۆپولیتیکاڵی وڵاتەکەی، خاوەنی پێوەندیەکی کەلتووریی بەهێزە کە سنوورە سیاسیەکانی تێپەڕاندووە. نەتەوەی تورک تێکەڵاوێکە لە کەلتوورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین، ئاسیای ناڤین و ئورووپا و هیچ نەتەوەیێک وەکوو نەتەوەی تورک نیە. تورکیە لە ڕێگای باوەڕمەندی بە ئاینی ئیسلام، پێوەندیەکی بەهێزی کولتووری لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا هەیە. لەم سەردەمانەی دواییدا نەتەوەی تورکیە هەرچەندە باوەڕی بە سکۆلاریسم هەیە و بە تۆندی لەگەڵ بیر و هزری لایتسەیە، بەڵام کەلتوور و باوەڕمەندیی ئیسلامی لە ناو خویدا هێشتووەتەوە.
پێوەندیی تورکیە وەگەردی ئاسیای ناڤین، بە دوور لە سنوورە سیاسیەکان، بە هۆکاری هەبوونی پێوەندیی ئەتنیکی و زمانی، هاووڵاتیانی تورکیە و هەروەها مێژووی هاوبەش و بەستێنی کەلتووریی هاووڵاتیانی لەگەڵ هاووڵاتیانی ئاسیای ناڤین ـە.
لە سەردەمی پێکهاتنی کۆماری تورکیە لە ساڵی 1923، نەتەوەی تورک هەموو سەرچاوە بەهێزەکانی خۆی بۆ پێوەندیی سیاسیی بەهێز لەگەڵ ئورووپا بەکار هێنا. وەکوو بڕێکی زۆر لە نەتەوە ئورووپایەکان، تورکیە خاوەنی سیاسەتوانی دێموکرات، سێکولار و بەهێز بوو کە لە هەمان کاتدا ئەندامی چەند ڕێکخراوی ڕۆژاوایی وەکوو ”ناتۆ” بوون و تا نهاش ئەندامن.
تورکیە بە بەستێنی کەلتووری بزۆک و پێگەی ژیۆگرافیی جەمسەریی خۆی، ئەو پۆتانسیێلەی هەیە کە لە سەرتاسەری ناوچەکەدا دەورێکی بەرچاو بگێرێت.
تورکیە لە دۆخێکی خوازراودا دەتوانێت لە پۆتانسیێڵی بەکارهێنانی ئاو و وزە، پێگەی خوی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەهێز بکات، بەڵام لە ڕاستیدا پێگەی ژئوپولیتیکی تورکیە بە هۆی کێشەگەلی سیاسی لاواز بووەتەوەو یەکێک لە هەرە گرنگترین هۆکارەکانیش کێشە و تێکهەڵچوونی بەرچاو لەگەڵ ئەرمەنستانـە کە وەکوو وڵاتێکی دراوسێ بە بەستێنی کەلتووری هاوبەش و مێژووی هاوبەشـە کە لە هەمان کاتدا پێوەندیەک لە نێوانیاندا نیە.
لە کاتێکدا چەند هۆکار لە پشتەوەی ئەو دۆخەوە هەیە بەڵام بەرچاوترین هۆکار، شێوەی تێڕوانینی تورکیە بۆ کێشە نەتەوەیەکان ـە.
لە ساڵی 1915، بە ڕێژەی 5/1 میلیۆن هاووڵاتیی ئەرمەنی کە لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا بوون لە نێو بردران. زۆرێک لە دیرۆکناسەکان بە دڵنیایەوە پێیان وایە کە ئەم ڕووداوە کە لە ساڵی 1915ـدا قەوما، ژینۆسید بوو تورکیە پێیوایە کە ئەو کوشتارە لە ئاکامی وێرانیی شەڕی جیهانی یەکەمدا بووە و هەموو نەتەوەکان لەو دۆخە زیانیان پێگەیشتووە.
ئەو کوشتارە چ بە ئەنقەست بووبێ چ نەبووبێ، ئەوا بە حەق ناوی ژینۆسیدی لێنراوە. قەبووڵ نەکردنی ئەو کارەساتەی 1915 بە ژینۆسید لە لایەن تورکیەوە، کاریگەریی نەرێنی و نگاتیڤی لە سەر پێوەندیی نێوان تورکیە و ئەرمەنستان دەبێ و ئەوا پێوەندی کردن سەختتر دەکاتەوە. شەڕی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان بە چڕی پەرە دەستێنێ و وڵاتی ئازەربایجان وەکوو دراوسێی تورکیەیە و ئەو وڵاتە پشتیوانی لە ئازەربایجان دەکات.
ساڵی 1994ئەو شەڕە بە نێوبژیوانیی عرووس تەواو بوو و ئاگربەس ڕاگەیندرا، بەڵام تێکهەڵچوون و ئاڵۆزیەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە بەردەوامە و هۆکاری زیان گەیاندنە بەو هەوڵانە کە بۆ هێوەر کردنەوەی دۆخەکە ئەنجام دەدرێ.
لەدوای تێپەڕبوونی چەند مانگ، تورکیە هەوڵی چاکسازی بۆ پێوەندیەکانی خۆی لەگەڵ ئەرمەنستان دا بەڵام وڵاتی ئازەربایجان ناڕەزایەتی بە سەرسووڕمانەوە لەو بارەوە ڕاگەیاند. هەر بۆیەش باروودۆخ لە نهادا زۆر ناسەقامگیرە.
لەوانەیە تا پرسی 1915 و تێکهەڵچوونەکان و ئاڵۆزیەکانی ئەرمەنی-ئازەری چارەسەر نەکرێت، گەیشتن بە ئاشتەوایی سەقامگیر لە ناوچەکەدا زۆر دژوار دەبێت.
پێوەندیەکانی تورکیە لەگەڵ عیراقیش زۆر ئاڵۆزەو هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ تێکهەڵچوونی کەلتووری لە سەر کورد.
لەلایەکی ترەوە، دەیان ساڵە کە پارت و گرووپە نەتەوەیەکانی کورد کە لە نهادا لە بەشەکانی تورکیە و ئێراق و ئێراندا هەن بۆ گەیشتن بە وڵاتێکی کوردستانی سەربەخۆ تێدەکۆشن.
پێناسە کردنی پارتی کرێکارانی کوردستانPKK لە لایەن ئەمیرکە و یەکیەتیی ئوروپا وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی، باروودۆخی زۆر ئاڵۆزتر کردووەتەوە. زۆرێک لە ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ بەشی کوردستانی ئێراق (باشوور) پەنایان بردووە . ناوچەی نیوە سەربەخۆی ئێراق بەشێکی بەرفراوانی وزەی ئێراقی لە خۆ گرتووە.
تورکیە پێوەندیەکانی لەگەڵ ئێراق و بەشی سەربەخۆی کوردستان جیاواز کردووەتەوە. بەو شێوەیە و سەرەڕای هەوڵەکانی تورکیە بۆ دەرگیر کردنی کوردەکان، پارتی کرێکارانی کوردستان درێژە بە هەموو چالاکیە تێرۆریستیەکانی خۆی بۆ بە ئامانج کردنی ژێرخانە هەستیارەکانی گەشە کردنی تورکیە دەدات.
تورکیە لەگەڵ ئێران پێوەندی بە هێزی هەیە پێکەوە لەسەر پڕۆژەگەلێکی بەرچاو و بەرفراوان هاوکاریان کردووە هیچ کێشەیێکی بەرچاویان نیە.
لە جیهانی فرەسەروەریی پێوەندیە نێودەوڵەتیەکاندا، هەرچەشنە شێوازیەکی نوێ کارکردنێکی تورکیە لە ژێر کاریگەریی سیاسەتەکانی ئێران و هەروەها پلانی ناوکیی ئیراندایە.
ڕێبەرانی ئامریکا و ئورووپا بە گەمارۆ ئابووریەکان و هەوڵی دیپلوماتیک، سیاسیەکان و ڕێبەرانی ئێرانیان تەریک کردووەتەوە و هەر چەشنە پلانێکی ئابووریی داهاتووی تورکیەیان لە گەڵ ئێران نامومکین کردووە. پێوەندیەکانی نێوان دەوڵەتی ئێران و تورکیە بە هۆکاری پێگەی تەریک کراوەی ئێران و گەمارۆ ئابووریەکانی سەر ئەو وڵاتە زۆر سنووردار کراونەتەوە.
تورکیە لەگەڵ ئورووپا کێشەگەلێکی زۆری هەیە. یەکێک لە گرنگترین پرسەکانی کێشە لەسەری نێوان تورکیە و ئورووپا، دۆخی نهای دەوڵەتی قبرس ـە.
لەدوای تێکهەڵچوونی 1974 کە لە نێوان نەتەوەی یۆنانی و تورکی دورگەی قیبریس ڕووی دا، تورکیە هێرشی کردە سەر قیبریس و لە باکوور بە زەبری سەربازی، دەوڵەتێکی لایەنگری تورک و سەر بە تورکیەی داسەپاند.
ئەو دەوڵەتە تەنیا لە لایەن تورکیەوە بە فەرمی ناسێندراوە و وڵاتانی دیکەی جیهان، کوماری قیبریس لە باشووری ئەو وڵاتە بە دەوڵەتی فەرمی هەژمار دەکەن. کۆماری قیبریس، نها وەکوو ئەندامی یەکیەتیی ئورووپایە و ئەو ئەندامەتیە خۆی لە ڕاستیدا وەکوو بەربەستێک لە بەردەم پێوەندیەکانی تورکیە و ئورووپا هەژمار دەکرێت. پێوەندی لەگەڵ ئورووپا بۆ تورکیە زۆر ئاستەمە و بە بۆنەی ئاڵۆزیەکانی نێوانیان تورکیە بۆ بە ئەندام بوون لە یەکیەتیی ئورووپا زەخت و گۆشاری لەسەرە. لە پێشنیاری 1987 بۆ ئەندامەتی لە یەکیەتی ئورووپادا، هیچ وڵاتێک بە ڕادەی تورکیە، پرسکرێکی سیاسی، دانووستان و گوفتوگۆ و ڕێکاری بۆ نەکراوە.
تورکیە لە فرەیێک لە کاتەکاندا، گرنگیی ئەندامیەتی لە یەکیەتی ئورووپای لە سەرەوەی ئامانجە سیاسیەکانی دیکەی خۆیەوە داناوە و سیاسەتە نەتەوەیەکانی تری خۆی بۆ ئەو ئامانجە خستووەتە مەترسیەوە.
هەر کات تێهەڵچوونی سیاسی بە ئاستی دڵەڕاوکێ دەگات، ئەوا کاریگەریی ڕاستەوخۆ و زیانباری بەسەر هەوڵەکانی تورکیە لەمەڕ دیپلوماسیی هێڵی گواستنەوەدا هەیە. بۆ نموونە هێڵی گواستنەوەی نەوتی نەپاڵێوتراوی کەرکووک-جەیحان کە دووهەمین هێڵی درێژە لە سەر ئاستی جیهان و لە ساڵەکانی 1980 بۆ سەرچاوەی هەناردە کردنی نەوتی ئێراق درووست کرابوو. لەو ساڵانەی دواییدا، تورکیە گەڵاڵەی بۆ وەبەرهێنانی بەرزەفڕانە بۆ کەڵک وەرگرتن لە هێڵی گواستنەوەی نەوتی ئێراق بۆ ئورووپا بە کەڵک وەرگرتن لە تانکێری نەوت بۆ سەرانسەری جیهان داڕشتووە. ئەو پڕۆژەیە بە هۆکاری چالاکیی ترۆریستیی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکەدا، کە بە هۆی کێشەی سیاسیی تورکیە لەگەڵ کوردەکانە سازبووە، پەسیو بوون.
پارتی کرێکارانی کوردستان دەڵێ چەندیان جاران هێرشیان بۆ سەر ئەو هێڵی گواستنەوەی نەوتە کردووە. ئەو تەقینەوانە کێشەی زۆری لە بواری ئابووری بۆ تورکیە ساز کردووە و زێدەی هەرە زۆری پۆتانسێلی قازانجگەلی تەناهیی وزە کە ئەو هێڵە دەیتوانی مسۆگەری بکات، کەمی کردووەتەوە.
لە گرنگترین ئامانجەکانی پڕۆژەگەلی هێڵی گواستنەوە، هێشتنەوەی سەقامگیری و دابین کردنی سەرچاوەی وزەیە کە کێشە و تێکهەڵچوون لەگەڵ کوردەکان، ڕاستەوخۆ ئەو ئامانجانە لاواز دەکات.
تورکیە بە نەگەیشتن بە ڕێکەوتنێکی شیاو ئەڕا ئەم پرسکرێکە، بۆ پەرەپێدانی پێگەی خۆی لە ناوچەکەدا کێشەی زۆری دەبێت.
کێشەی تری تورکیە، ساڵی ۲۰۰۲ و لە کاتی سازکردنی هێڵی گواستنەوەی وزەی باکوو – تفلیس- جەیحان بۆ هاوردەکردنی نەوتی ئازەربایجان بۆ بەندەرەکانی تورکیە و لەوێوە بۆ سەرانسەری جیهان هاتە ئاراوە.
لە کاتێکدا کە هەرزانترین و کەم مەوداترین ڕێگا بۆ دروست کردنی هێڵی گواستنەوە لە ڕێگای ئەرمەنستانەوە بوو، لە ئاکامدا ئەو هێڵی گواستنەوەیە لە ڕێگای گورجستانەوە ساز کرا. ئەو هێڵی گواستنەوەیە کە لە ڕێگای گورجستانەوە تێدەپەڕێت، گەرەکە لە قەفقازی باشووریشەوە کە ڕووبەرووی کێشەی زۆرە دەبێتەوە و ئەو ڕێگایە دەبێتە جێگرەوەی ڕێگای ڕاستەوخۆی ئەرمەنستان.
لە کاتێکدا کە کێشەکان لەگەڵ ئەرمەنستان بۆ سازکردنی ئەو پڕۆژەیە بەربەست نەبوو بەڵام زۆر ئەستەمتر و بە تێچوویەکی فرەتر وبەرچاوتر بە ئاکام گەیشت.
تورکیە بۆ کێبەرکێ و ڕووبەڕووبوونەوە وەگەردی کومپانیاکانی عرووس و بۆ سازکردنی هێڵی تایبەتیی خۆی ئەشێ تێچووی زێدەتر بدات. خاسترین نموونە بۆ پێشاندانی کاریگەریی پلانە سیاسیە دژ بە یەکترەکانی تورکیە لە ژئوپولیتیکی ئەو وڵاتە، باسی دانووستانەکان لە سەر پرسی هێڵی گواستنەوەی” نێباکۆ” ـیە.
لە چەند مانگی ڕابردوودا ئورووپا بۆ کەم کردنەوەی پێویستی و ئاتاجی خۆی بە گازی سروشتیی عرووس، لەتەک چەندین وڵات و کومپانیای جیاجیا بۆ گواستنەوەی ڕاستەوخۆی سەرچاوە گازیەکانی ئاسیای ناڤین و ڕۆژهەڵاتی ناڤین بۆ ئوووپا بە بێ بەشداریی عرووس، هاوپەیمانەتیەکی ساز کرد.
ئەو تازەگەریە وەکوو هەمیشە پێویستی بە دەستێوەردان و پشتڕاست کردنەوەی تورکیە هەیە و ئەوەش پیشاندەری ئەو ڕاستیەیە کە تورکیە دەتوانێت ئەو دەرفەتە بۆ کەڵک وەرگرتن لە پێگەی ژیۆپولیتیکی خۆی بە کار بهێنێت.
لەو کاتەدا کە ئورووپایەکان بە خۆشحالیەوە بەدواداچوونیان بۆ ئەو پڕۆژە دەکرد، تورکیە دژایەتی کرد و مەرجی بۆیان دانا، مەرجی وەکوو پێوەندی دانان لە نێوان ئەو پڕوژە و پەیوەست بوونی تورکیە بە یەکیەتیی ئورووپا.
لە مانگی ژانویەدا، ئەردۆغان لە ڕاگەیێندڕاوێکدا ئاماژەی بە پێوەندیی نێوان ”نێباکو”و دەست پێکردنی دانووستانەکانی بەشی وزە و دانووستانەکانی پەیوەست بوونی تورکیە بە یەکیەتیی ئورووپاوە کرد و گوتی: ”ئەگەر ئێمە تووشی ڕاگیرانی بەشی وزە ببین، ئەوا بە دڵنیایەوە چاو بە ”نێباکو”دەخشێنینەوە.
بەڵام لێدوانەکانی ئەردۆغان لە دوای ئەو لێدوانە، نەرمی بە خۆیەوە بینی و ئەوەش دەرخەردی ئەو ڕاستیەیە کە پەیوەست بوون بە یەکیەتیی ئورووپاوە لە ئامانجە ژئوپولیتیکیەکانی ترەکی تورکیە بۆ ئەو وڵاتە گرنگترە.
دوابەدوای گرێبەستی مانگی ئاگۆست بۆ درووست کردنی هێڵی گواستنەوەی ”نێباکۆ”، سیاسەتوانەکان لە تورکیە بۆ جارێکی دیکە ئەو هیوایانە دووپات کردەوە کە، گرێبەستی هێڵی گواستنەوەی ”نێباکۆ” دەتوانێت وەکوو هەنگاوی یەکەم بۆ پەیوەست بوونی تورکیە بە یەکیەتیی ئورووپاوە هەژمار بکرێت.
وا وێدەچێ کە پێوەست بوون تورکیە بە یەکیەتیی ئورووپا، گەرەکە بەر لە ڕەزامەندی دەربڕین لە سەر پروژەکە بێت.
کاتێک هێڵی گواستنەوەی ”نێباکۆ” دەتوانێت کاریگەریی گرینگی لەسەر تورکیە بۆ بە دەس هێنانی پوتانسیڵی ژئوپولیتیکی خۆی هەبێت، ئەو پروژە بە هۆی ئامانجە سیاسیە دژبەرەکانەوە وەدوا دەکەوێت. لە ئاکامدا بڕێک کێشە لەسەر هێڵی وزەی نێباکۆ و دیکەی هێڵەکانی گواستنەوە دەمێنێتەوە. لە کاتێکدا هەردوو لایەنی ئێراق و ئازەربایجان بۆ دروست بوونی هێڵی نێباکۆ ڕەزامەندیی خۆیان دەردەبڕن، هەردوولایەن سەرچاوەکانیان کەم و لاواز دەکەنەوە. ئازەربایجان لە نهادا ڕادەیێکی کەم لە هەناردەی گازی سرووشتیی عرووس دەفرۆشێت و لەوانەیە بۆ هەردوو لایەنی ئورووپا و تورکیە باش بێت و لە بەرامبەر عرووسیش نیەت پاکی بە هەژمار بێت.
سیاسەتوانە تازەکارەکانی ئێراقی، زێدە لە کێشەکانیان لەگەڵ کوردستان، کاتی زۆریان پەی پەرەدان بە زۆرێک لە بوارەکان بۆ وێنە بواری بەهێزی وزە پێویستە. ئەو وڵاتە کە زۆرترین ڕێژەی کەڵک لێورنەگیراوی سەرچاوە سرووشتیە گازیەکانی هەیە وڵاتی ئێرانە کە لەگەڵ تورکیە هەوڵی فرەیان بۆ وەدەست هێنانی پڕۆژەکانی وزە داوە.
بە هۆی ئاکامی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان بۆ سە ئێران و زەخت لەسەری بۆ سەرمایەدانان، ئەو وڵاتە ژێرخانی گونجاوی بۆ کەڵک وەرگرتن لە سەرچاوەکانی خۆی نیە. تەنانەت ئەگەر ئێران هەناردەی گازی هەبێت، بەشداربوونی لە هێڵەکانی نێودەوڵەتی نامومکینە و هۆکاریشی ئەو گەمارۆ ئابووریە قورسانەن کە لەلایەن ئەمیرکە و وڵاتانی ڕۆژاوای ئورووپاوە بەسەر ئێراندا سەپێندراوە.
لەم دوایانەدا گرێبەستی واژۆکراوی ”نێباکۆ” بە ناڕاستەوخۆ سەلمێنەری ئەو ئەگەرەیە کە ئێران بە مەرجی گوڕانی ئەو بەستێنە سیاسیەی نهای، دەتوانێت لەو پڕۆژەدا بەشدار بێت. بە پێی ئەو نووسراوانەی سەرەوە، لە نهادا ئێران سەرچاوەیێکی گۆنجاوی بۆ بەشداربوون لە هێڵی گواستنەوەدا نیە و ”نێباکۆ ” بۆ هەناردەی گارانتیکراو، هەوڵی پێویست نادات. لەلایەکی ترەوە، بازاڕەکانی ئوروپاش هەتا ئێستا حەزێکی زۆریان بۆ کەڵک وەرگرتن لە گازی کاسپیەن نەبووە و گارانتیی تەواویان نەداوە بە خاوەنەکانی ئەو مەیدانە گازیە.
پڕۆژە ئاویەکان بەتوندی لە ژێر کاریگەریی هێژمنۆنیی سیاسیە دژ بە یەکەکاندا بووە. ئێراق و سووریە، دوو نەتەوەی گرێدراو بە سەرچاوە ئاویەکانی تورکیەن. تورکیە بەتەواوی نەیتوانیوە لە پۆتانسێڵیەکانی خۆی کەڵک وەربگرێت. تورکیە بە جێی ئەوەی کە ئاوی پێویست بۆ نەتەوەکان هەناردە بکات یان لەسەر گرێبەستێکی بە کەڵک بۆ بەشداربوون لە ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فۆرات کار بکات، دەوڵەتە هاوسێکانی خۆی بە زەبری هێزی سەربازیی ئاڵوز دەکات، ئەوە لە کاتێکدایە کە لە ڕابردوودا بەو کارە شەڕی دروست کردووە.
لە 1970ـاکاندا بە کار کردن لە سەر پرۆژەی ئاناتۆلی لە ڕۆژاوای باشووری تورکیە، چەند بەنداوێکی گەورەی لە بەردەم دوو ڕووباری دیجلە و فورات درووست کرد و ڕێژەی ئاوی بەشی خوارەوەی ئەو دوو ڕووبارەی بۆ هەمیشە کەم کردەوە. ”ئاو”، لە ئاکامدا پێوەندیەکانی نێوان تورکیە لەگەڵ سووریە و ئێراقی ئاڵۆز کرد.
لە کۆتایەکانی 1988، سەرۆک کۆماری سەردەم ”تۆرگوت ئۆزاڵ” گوتی: ”ئێمە بە عەرەبەکان ناڵێین کە چی لە نەوتەکەیان بکەن و قەبووڵیشی ناکەین ئەوان پێشنیار بدەن ئێمە چی لە سەرچاوە ئاویەکانی خۆمان بکەین.”
لە کاتێکدا کە لەوانەیە ئەو ڕاگەیێندراوە لە شێوەی خۆیدا ڕەوایی هەبێت، بەڵام پیشاندەری ئاستێکی نزم لە ڕوانینێکی سیاسیە، بەو مانایە کە تورکەکان دەیانتوانی شانازی بە سەرچاوە ئاویەکانیان لە بەرامبەری نەوتی عەرەبەکانەوە بکەن و فرەتر کەڵکی ستراتژیکی لێ وەربگرن.
تەنانەت ئەگەر تورکیە سەرچاوەی ئاوی زۆرتریشی هەبێت، ڕاگەیێندراوەکەی ئۆزاڵ پیشاندەری ئەو ڕاستیەیە کە ئەو وڵاتە مەیلی لە سەر ئەوەیە کە لە بەرامبەر هاوسێکانیدا لە سەرچاوەی ئاو وەکوو کەرەستەی سیاسی کەڵک وەر بگرێت، کەچی لە بەرانبەردا، تێکهەڵچوونە سیاسیەکانی تورکیە لەگەڵ سووریە و ئێراق بووەتە هۆی کێبەرکێ و پێوەندیی ئاڵۆز لە سەر سەرچاوەی ئاو لە نێوانیاندا.
لەکاتێکدا کە تورکیە لە داهاتوودا چەند کێشەی سەرەکی و گەورەی دەبێت، چەند پۆتانسیێڵی چارەسەریشی بۆ ئەو کێشانەی لەبەر دەست دا هەیە. ئەو پێشنیارانە یان چارەسەرانە پێوەندیان بە سیاسەتوانەکانی تورکەوە هەیە کە بڕێک لە ئامانجە سیاسیەکانی خویان بۆ بە هێز کردنی توانای خویان لە ڕێگای هێڵی گواستنەوە لە سەرەوەی ئامانجەکانی دیکەیان دابنێن.
تورکیە لە ڕێگای ئەو پڕۆژەگەلەوە دەتوانێت ئەو متمانە نێودەوڵەتیە کە بەدوایدا وێڵە بۆ خۆی مسۆگەر بکات. بەر لە هەموو شتێک، پێویستە تورکیە بە لەبەرچاو گرتنی پلانی چەکی ناوکیی ئێران، دەوری سەرەکی وەکوو ناوبژیوانی کێشەی نێوان ئێران و ئامریکای هەبێت. پێویستە بەر لە هەر چەشنە پێشکەوتنێک لە بواری ئاو و وزەدا، پێگەی دیپلوماتیکی تاران گۆڕانکاریی ئەرێنی تێدا بکرێت.
تورکیە زۆرترین سوود لە پێوەندیە ئاساییەکانی نێوان ئێران و ئامریکا بەدەست دەهێنێت. لە کاتێکدا کە ئێران بە هۆی گەمارۆ بەرفراوانە نێودەوڵەتیەکانەوە، ڕێژەیێکی زۆر کەم لە سەرچاوەکانی هەناردە دەکات و ڕێژەیێکی زۆر لە سەرچاوە گازیەکانی بێ کەڵک ماوەتەوە.
پێوەندیە نێودەوڵەتیەکانی ئێران لەم دۆخەی ئێستادا بە ئاکام ناگات، لابردنی بڕێک لەو گەمارۆیانەی سەر ئێران توانایی پەرە پێدانی ژێرخانی پێویست و بنەڕەتی بۆ بواری وزە و هەروەها بۆ پەرەپێدانی سەرمایەدانانی دەرەکی بە ئێران دەدات، ئەو هەلەش بۆ ئێران دەڕەخسێنێت کە بەشداری لە هێڵی گواستنەوەی وزە بۆ ئورووپا و ئەو پرۆژەگەلەدا کە دەبێت لە خاکی تورکیەوە تێپەڕن بکات. سەرچاوە گازی و نەوتیەکانی ئێران جێگرەوەیێکی گەورەن بۆ نەوت و گازی عرووس.
تورکیە بە پێی پێگەی تایبەتیی خۆی، وەکوو پردێکی پێوەندیدەری نەتەوە و کەڵتووری ئێرانە و ئەو پۆتانسیێڵەی هەیە کە دەوری سەرەکیی ناوبژیوانی لەو کێشانەدا ببێت.
تورکیە بە لە بەر چاوگرتنی کێشەی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان، باش لە پێویستیی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکانی ناوچەکە پێش لەوەی کە بتوانێت هەوڵێک بدات بۆ بەهێز کردنی پێگەی ژیۆپولیتیکی داهاتووی خۆی، دڵنیا و ئاگایە. تورکیە یەکەم جار و پێش بە هەموو شتێک پێویستە هەوڵێکی زۆر بۆ چارەسەریی کێشەی چونیەتیی نووسینەوەی مێژووی کارەساتەکانی 1915 بدات.
وتووێژ و دانووستانی چڕ، هەنگاوی یەکەمە بۆ گەیشتن بە چارەسەریی کێشەکان، ئەوە لە کاتێکدایە کە دژواریەکی زۆر و ڕوانگەیەکی زۆر خۆەپرستانە لەسەر کێشەکە لە هەردوو لایەن وەبەر چاو دەکەوێت.
تورکیە دەبێت تێبگات کە تێکهەڵچوونی هەمیشەیی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان، تەنیا لە ڕێگای چارەسەریی دیپلۆماتیک بەسوودی دوولایەنەوە چارەسەر دەکرێت. تورکیە لەبری پشتیوانی کردن لە ئازەربایجان. پێویستە جیاوازی و بۆچوونە هەستیارەکان لەسەر کێشەکە لەیەک بداتەوە. تورکیە لە پێوەندیەکانی لەگەڵ ئێراق و سووریە لە نێوان وزە و ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات لە گەڵ باڵانسێکی ئاڵۆز بەرەوڕوویە.
تورکیە خەریکە بە خێرایی گەشە دەکات و بەورەو پیشەسازی هەنگاو دەنێت و پێویستیەکی زۆری بە بەکارهێنانی وزە هەیە و وزەی هیدرۆکاڵی لە درووست کردنی بەنداو بەسەر ڕووبارەکانی دیجلە و فوراتەوە وەدەست دەهێنێت.
هاوکات ئاسایشی ئاوەکانی ژێر دەستی دوو ڕووبارەکەی دیجلە و فورات بۆ ئێراق و سووریە کە لەگەڵ وشکەساڵی و قەیرانی کەم ئاویدا بەرەو ڕوون زۆر گرنگە.
تورکیە بەر لەوەی کە بتوانێت باڵادەستی لە ناوچەی و هێزدا، زۆرتر لە ڕێگای سەرچاوە ئاویەکانی خۆی بۆ وڵاتەکەی مسۆگەر بکات، پێویستە وڵامی پرسیاری باروودۆخی داهاتووی ڕووبارەکان بداتەوە.
یەک ڕێگەچارە بۆ تورکیە، بازرگانی و ئاڵووگۆڕی ئاو و وزە لەگەڵ سووریە و ئێراق ـە. تورکیە لە ئاوی ڕووبارەکان بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا کەڵک وەردەگرێت و دەیتوانی لە گەڵ ئێراق و سووریە هاوسانیەک لە نێوان ئاو و وزە ساز بکات. بازرگانی بەو چەشنە لە لایەن ئێراق و سووریەوە کە هەردوو وڵات سەرچاوەی بەرفراوانی وزەیان هەیە پەسند کراوە.
بۆ ئەو دوو وڵاتە کە تووشی کەم ئاوی و وشکەساڵین، ئاو بەڕادەی نەوت بەنرخە.
تورکیە دەیتوانی هاوسانیی وزەی خۆی هاوکات لەگەڵ وەدەست هێنانی توانایی دیپلۆماسی و نیەتپاکی لەسەرەوە ڕابگرێت. (تورکیە دەوری بنەڕەتیی ژیۆپۆلیتیکی لە ئاستی جیهانیدا هەیە و لە داهاتوودا بە پشت بەستن بە توانایی خوی بۆ نزم کردنەوەی ئاستی کەلتوورەکان و ڕاکێشانی سرنجی خەڵکانی جیاواز، وەکوو هێزیکی جیهانی ، پێگەی خۆی وەکوو هێزێکی ناوچەکە مسۆگەر دەکات. )
خواستی تورکیە بۆ پەیوەست بوون بە یەکیەتیی ئورووپا، گەیشتن بە ئامانجەکانی دیکەی ئەو وڵاتەی دواخستووە، چونکوو پەیوەست بوون بە یەکیەتیی ئورووپا، ئاستی دەست کراوەیی تورکیە بۆ بە دواداچوون بۆ کێشە جوگرافیاییەکان و پێگەی سیاسی کەم دەکاتەوە. لە کاتێکدا کە لە ئەگەری پەیوەست بوون بە یەکیەتیی ئورووپا وەکوو وڵاتەکانی دیکە، بڕێک خاڵی ئابووری بۆ تورکیە هەیە، لەوانەیە کە ئاکامی نەرێنیی زۆرتری بۆ تورکیە ببێت. تورکیە وەکوو وڵاتێکی یەکیەتیی ئورووپا، پێگەی بۆ بە ئاکام گەیاندنی پوتانسیێلی وەکوو هێزێکی سیاسی و گرنگی ناوچەکە، هێزی ئابووری و پێوەندیدەری کۆمەڵایەتیی ژیارەکانی جیهان لاواز دەبێتەوە. تورکیە بە درێژایی سەدەکان، بەهۆی جۆگرافیا و بوونی وەک ناوەندێکی بازەرگانی و سەرچاوەی ئاوی فراوان، مێژوویەکی تەژی لە سەرکەوتن و کامەرانی هەبووە. لە داهاتووشدا تورکیە دەتوانێت زیاتر لە ڕابردوو، بە هۆی پێگەی جوگرافی و هێڵەکانی گواستنەوەو بە ئاڵووگۆڕ کردنی سەرچاوە ئاویەکانی خۆی و نەوت لە نێوان وڵاتانی بەرهەمهێنەر و بەکارهێنەردا، ئاستی دەستڕۆیشتوویی خۆی زیاتر و دەستڕۆیشتوویی سیاسیی بەرچاو لە سەرانسەری ناوچەکە و لە ئاکامدا لە سەرانسەری جیهاندا مسۆگەر بکات.
لە داهاتوودا بە هۆی کەمبوونەوەی لەڕادەبەدەری سەرچاوەکانی ئاو و وزە و هەروەها پێویستیی ئەو دوو سەرچاوە بە یەکتری، تورکیە دەکات بە خاوەنی ئەو دەرفەتە کە پێگەیەکی ژیۆپولیتیکی بێ وێنەی هەبێت.
بەڵام لە هەر حاڵدا چەند کێشە سیاسی لە بەردەم سەرکەوتنی تورکیەدا هەیە. ئەو کێشانە بریتین لە کێشەی کوردەکان، ژینۆسیدی ئەرمەنیەکان و پرسکرێکی قیبریس کە بە ڕاستی کێشەگەلێکی گرنگـن کە لەسەر ڕیگای تورکیەن کە لە ئاکامدا کێشەگەلێکی گرنگتر لە ئاستی ژیۆپولیتیکی جیهانیدا بەدی دەهێنن.
تێبینی: ئەم دەقە وەکوو بەشێک لە هاوکاری نێوان زانکوی ڕایس و پلانی وزەیlfri نووسراوە..
نووسینی: ڕاچێرشا لە زانکۆی ڕایس
وەرگێڕانی: سکاڵا ڕۆژهەڵاتی، هەڵمەت مەعرووفی