لە مێژووی میللەتاندا بەتایبەت ئەوانەی وەک ئێمە بە قۆناخی راگوزەردا تێپەڕیون و خاوەن شۆڕشی چەکداری بوون، شەڕی ناوخۆ بەشێک لە لاپەڕەکانی مێژووییانی پڕکردووەتەوە.

بەڵام بە دوو هۆکار کۆتایی بە قۆناخی شەڕی ناوخۆ هاتووە و نەگەڕاونەتەوە سەری، یان بەشەڕ ئاشتی سەقامگیر بووە، کە لایەک سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، یاخود هوشیاری کۆمەڵگەکانیان گەیشتووەتە ئاستێک نەفرەتیان لە شەڕی خۆبەخۆ کردووە. بەڵام لە کوردستان وا نزیک دەبێتەوە لە شەش دەیە و شەڕی براکان کۆتایی نەهاتووە.
لە ماوەی زیاتر لەم نیو سەدەیە شەڕی سارد و شەڕی گەرم درێژەی کێشاوە. هیچ لایەکی تەرەف لەم شەڕە نەیتوانیوە بەهێز کۆتایی بە شکۆی لاکەی دیکە بهێنێ. ئاستی هوشیاری گشتی کۆمەڵگە و ئەندامانی ئەو دوو بەرەیەش نەگەیشتووەتە ئاستێک نەفرەت لە شەڕی براکوژی بکات.
بۆیە تاوەکو ئێستا قۆناخی شەڕی براکوژیمان تێنەپەڕاندووە. ئەگەر لەنێوان هەر دوو جەولەی شەڕیشدا بۆ ماوەیەک ئاشتی بەرقەرار بووبێ، ئاشتی و سەقامگیرییەکی کاتی بووە. چونکە شەڕ لە دوو حاڵەتدا رووناداتەوە، بە نەفرەتلێکردن و بەتێکچونی هاوسەنگی هێز.
ئێمە لە کوردستان نەک نەفرەتمان لێنەکردووە، بەڵکوو کردوومانە بەسەرچاوەی هێز و وزەی بەردەوامی حیزب و پەروەردەکردنی نەوەکان. ژمارەی زۆر بەکوشتدان بووەتە شانازی. تەماشاکە وا بیست و دوو ساڵە شەڕ راگیراوە، ئاشتییەکی رووکەشیشبێ بەرقەرارە، کامەیە ئەو رێگایانەی گیراونەتەبەر بۆ ئەوەی دڵنیایی دووبارەنەبوونەوەی شەڕ دەستەبەر بکات.
هێزی چەکداری هەردوولا زیاتر بووە کەمی نەکردووە، دەزگای هەواڵگری و ئەمنی حیزبی تۆکمەتر بوون و لاواز نەکراون، پەروەردەی حیزبی رق ئەستورتر بووە، دیموکراتخواز و ئاقڵمەندانی ناو حیزب باریان خوار و دەمارگیر و کینە لەدڵەکان داشیان سوارە. ئەگەر جاران چاویان لە دەستی بێگانە بوو چۆڕ چۆڕ چەک و پارە بکاتە ئاشی ناتەبایی ناو ماڵی کوردەوە، ئێستا قاسەی حیزبەکان پڕ و جبەخانەکانیان لێواولێوە.
دوو دەیەی رابردوو دەرفەت هەبوو بە دروستکردنی هێزێکی چەکداری نیشتمانی، چەک لە دەستی حیزبەکان دەربهێنرێ. بە دروستکردنی دامەزراوەیەکی ئەمنی نەتەوەیی، دەزگای ئەمنی حیزب نەهێڵدرێت. لە پەراوێزی ئەو ئاشتیی و رێککەوتنانەی نێوانیان دەکرا پێکەوە بەنەفرەتکردنی رابردوو، ئایندەیەکی مسۆگەرتر دروستکرابا. بەڵام ئەو هەل و دەرفەتانە تێپەڕین و هیچمان نەکرد.
ببینە پاڵەوانەکانی شەڕی ناوخۆ ئەوانەی دەستیان بە خوێنی براکوژی سوورە گەیشتن بەکوێ؟ تا دڵڕەقتربووبن زیاتر باڵایانکردووە، ئەوانەی زۆرترین دیلیان کوشتووە قارەمانترن. تەماشاکەن ناوی شەقام و یانە و پارک و سەنتەر و قوتابخانە و تەنانەت مزگەوتیش، چەندیان بەناوی دیلکوژە براکوژەکانەوە کراون؟ ببینن ئەوانەی لەنێو ئەم دوو حیزبە زۆرتر رێزلێگیراون و رۆڵیان پێدراوە، ئەوانە و کەسوکاری ئەوانەن کە لەسەنگەری براکوژیدا قارەمانتر بوون.
هەر خۆیان جیاکارییان لەنێوان ئەوانەدا کردووە کە لە سەنگەری بەرگری لە گەل و خاکی کوردستان شەهید بوون و ئەوانەیان کە لە سەنگەری دژ بە براکاندا کوژراون، ئەوانەی براکوژی رێزلێگیراوترن. ئەمە دەرخەری راستییەکی مەترسیدارە لە زیهنیەتی ئەم دوو هێزەدا خۆی حەشارداوە. ئاماژەی ئەوەیە لە ریزبەندی دووژمن و نەیاردا یەکتریان لە ئاستی پلە یەکی دووژمن ئەژمار کردووە.
ئێستا لە نێو پارتی زۆرن ژمارەی ئەوانەی یەکێتی بە دووژمنی هەرە لەپێشتری خۆیان دەبینن وەک لە دووژمن و داگیرکەرانی کوردستان. لەناو یەکێتیشدا زۆرن ئەوانەی پارتی و بنەماڵەی بارزانی بە دووژمنی لەپێشتر دەبینن وەک لە دووژمن و داگیرکەران. ئەم ئامادەییە و گەشەکردن و باڵاکردنیان بۆ ناوەندەکانی بڕیار، حەتمیەتی قۆناخێکی دیکەی ماڵوێرانکەری شەڕی براکوژی بەرجەستە دەکات، ئەو شەڕە ناوخۆییەی کە هێشتا تەواو نەکراوە.
جا ئەگەر لە چوار دەیەی شەست و چوار تا کۆتایی نەوەتەکان بەچەکی ژەنگاوی و فیشەکی قاچاخ و جارجار کۆمەکی دووژمنان ئەو شەڕانەکرابن کە بە ئەندازەی شەڕی هەموو داگیرکەران رۆڵەی کورد تێدا بوونەتە قوربانی، ئێستا هەردوولا خاوەن چەکی زۆر پێشکەوتوون، هەمەری گوللەنەبڕ، ساروخ و کاتیۆشا و هێزی مەشقپێکراوی کۆماندۆ و تەنانەت هەلیکۆپتەری جەنگیش، بۆیە شەڕی ماڵوێرانکەر ئەو شەڕانە نییە کەتێمان پەڕاندووە، بەڵکوو لە پێشمانەوەیە.
ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوو روویدا، دەرکردنی بەیاننامە بە زمانی هەرزەکارانەی لاکۆڵان لە ناوەندە جیاجیاکانی ئەم دوو حیزبەوە دژ بەیەکدی، چیمان پێدەڵێن. بەتایبەتیش لەکاتێکدا هەموو مرۆڤایەتی رووبەڕووی گەورەترین هەڕەشەو مەترسی بووەتەوە بەهۆی ڤایرۆسێکەوە.
حیزب و حکومەتەکانی میللەتانی دیکەی دونیا هەرچی کێشە و ناکۆکی ناوخۆیی هەیە وەلایان ناوە و سەرقاڵی ئەوەن چۆن خەڵکەکەیان لەم بەڵا جیهانییە بە کەمترین زیان لێی دەرچێت، کەچی لە هەرێمی کوردستان لەپاڵ ئەم هەڕەشەیەی رووبەڕووی مرۆڤایەتی بووەتەوە، مەترسی گرانی و نەبوونی و قەیرانی دارایش لەبەر دەرگامانە، ئەمانە لەبری خۆتەرخانکردن بۆ چۆنێتی خۆپارێزی میللەتەکەمان، لەم دۆخە هەستیارەدا خەریکە ئاگری فیتنەیەک هەڵدەگیرسێنن کە هەموو میللەتەکەی تێدا ببێتە قوربانی.
ئەوەی روویدا دەرخەری راستییەکی تاڵە کە خەڵکانێک لەناو نوخبەی سیاسی بڕیاربەدەست لە حیزب و حوکمڕانی کوردی لە ئاستی بەرپرسیارێتی ئەم قۆناخەدانین، چی بەوەی بەو عەقڵییەتە هەرزە بازاڕییەی لە ناوەخنی موخاتەبەی یەکدی و کۆمەڵگەدا خستیانەڕوو، هەروەها لە دەرخستنی ئەو راستییە مەترسیدارەی ئەمانە زۆر ئاسان رادەکێشرێنە ناو ململانێ و شەڕی ناپێویستەوە. دەرکەوت زۆر ئاسان دەخلیسکێن و لەهەر چرکەساتێکدا هەلومەرجی نەیارانی کورد بیخوازێت، پەلکێشیان دەکات بۆ شەڕی ناوخۆ.
بۆ ئەوەی کوردستان ئەم قۆناخە بە ئاشتی تێپەڕێنێ، بۆ ئەوەی دڵنیایی دروستبێ کە براکان دەستیان ناچێتەوە خوێنی یەکدی. ئەو نوزەیەی ماوە لە ناو دەسەڵات و بڕیار بەدەستانی هەردوولا کە هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن، دەبێ هەندێ بڕیار و هەنگاوی ئازایانە بنێن لەوەی چەک لە دەستی حیزب دەربهێنن. ئەگەر ئەمە نەکەن ئەوە براکوژی وەک شەڕێکی تەواونەکراو لە پێشمانە.
سەرچاوە روداو
بابەتی پەیوەندی دار
رووداو-هەولێر

ئاسایشی هەولێر ئاشکرایدەکات کە یەکێک لە پاسەوانەکانی وەزیری پێشووی دارایی سیخوڕی کردووە و دوای دەستگیرکردنی دانی بەو کارەیدا ناوە.
لە روونکردنەوەیەکدا کە ئاسایشی هەولێر بڵاویکردووەتەوە هاتووە: ”ر.ر.م کە پاسەوانی وەزیری دارایی لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە لەکاتی ئەرکی فەرمی خۆیدا لەژێر سەرپەرشتی و رێنمایی دەزگای زانیاری کاری سیخوڕیی ئەنجامداوە”.
ئاسایشی هەولێر دەڵێت: ”سیخوڕییەکەی بۆ بەرژەوەندیی لایەنێکی بیانی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان، وەزارەتی دارایی و خودی وەزیری دارایی ئەنجامدراوە. دوای ئەوەی بەڵگەی سەلمێنەر کەوتە بەردەست بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکرا و دانی بە تەواوی کارە سیخوڕییەکانی دانا و تەواوی وردەکاریی لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدایە”.
……..
رووداو-هەولێر

دوای ئەوەی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند پاسەوانێکی وەزیری پێشووی دارایی لەلایەن دەزگای زانیارییەوە راسپێردراوە سیخوڕی بکات، دەزگای زانیاری رەتیدەکاتەوە و رایدەگەیێنێت ”ئه‌و بابه‌ته‌ی ئاسایشی هه‌ولێر، درۆ و ده‌له‌سه و پیلان و شه‌ڕی سیاسییه و هیچ ئه‌سڵ و ئه‌ساسێكی نییه”.
رۆژی پێنجشەممە ئاسایشی هەولێر رایگەیاند ”ر.ر.م کە پاسەوانی وەزیری دارایی لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە لەکاتی ئەرکی فەرمی خۆیدا لەژێر سەرپەرشتی و رێنمایی دەزگای زانیاری کاری سیخوڕیی ئەنجامداوە”.
لە وەڵامدا دەزگای زانیاری روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە و تێیدا هاتووە: ”ئێمه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ناوه‌ڕۆكی رونكردنه‌وه‌كه‌ی ئاسایشی هه‌ولێر له‌سه‌ر (ده‌زگای زانیاری) ره‌تده‌كه‌ینه‌وه. ئه‌و بابه‌ته‌ی ئاسایشی هه‌ولێر، درۆ و ده‌له‌سه و پیلان و شه‌ڕی سیاسییه و هیچ ئه‌سڵ و ئه‌ساسێكی نییه. ده‌زگای زانیاری نه ئه‌و كه‌سه ده‌ناسن و، نه به‌هیچ لایه‌نێكی تری ناوخۆیی یان بیانییان ناساندوه و، نه‌كاری له‌وجۆره‌شیان لێده‌وه‌شێته‌وه”.
……..
رووداو-هەولێر

لە رۆژی پێنجشەممەوە راگەیێندراوێکی ئاسایشی هەولێر لەبارەی سیخوڕیکردنی پاسەوانێکی وەزیری پێشووی دارایی کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە. دەزگای زانیاری وەڵامی ئاسایشی دایەوە و لە وەڵامەکەدا هێرشکراوەتەوە سەر سەرۆکی حکومەت، ئەمڕۆش نووسینگەی سەرۆکوەزیران وەڵامی دەزگای زانیاری دایەوە و داوادەکات رێکاریی یاسایی بگیرێتەبەر.
لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە: ”دوای بڵاوبوونەوەی روونکردنەوەیەکی ئاسایش لەبارەی کەسێک کە بەتۆمەتی سیخوری دەستگیرکراوە، لاهوور جەنگی لە ژێر ناوی دەزگای زانیاری، بە شڵەژاوی و دوور لە هەموو نەریت و رێزێک ، نووسینێکی بڵاوکردووەتەوە کە کۆمەڵێک تۆمەتی بێ بنەما و دەستەواژەی ئاڵۆز بەرامبەر بە حکومەتی هەرێم و سەرۆکی حکومەت لەخۆ دەگرێت”.
نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت: ”لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ دۆخی ناوخۆ و سەرقاڵی و بەرپرسیاریەتیمان بەرامبەر بەم رەوشەی ئێستای هەرێمی کوردستان، خۆمان بە وەڵامدانەوەی هەڵچوونەکانی ئەم کەسە سەرقاڵ ناکەین.ناوبراو باس لە دادگا و یاسا دەکات، ئێمەش دووپاتی دەکەینەوە کە سەروەریی یاسا و نەهێشتنی سەرەڕۆیی و سەرکێشی بەرامبەر یاسا، بەرنامەی هەرە سەرەکیی کاری حکومەتی هەرێمە ، بۆیە پێمان باشە لاهور جەنگی رێکاری یاسایی بگرێتەبەر، ئەمە بۆ ئێمەش رێخۆشکەر دەبێت تاکو هەموو ئەو بەڵگانە بخەینە بەردەم دادگا کە سەلمێنەری سەرپێچی و یاساشکێنییەکانی ناوبراون”.
رۆژی پێنجشەممە ئاسایشی هەولێر رایگەیاند ”ر.ر.م کە پاسەوانی وەزیری دارایی لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە لەکاتی ئەرکی فەرمی خۆیدا لەژێر سەرپەرشتی و رێنمایی دەزگای زانیاری کاری سیخوڕیی ئەنجامداوە”.
دواتر دەزگای زانیاری روونکردنەوەیەکی درێژی بڵاوکردەوە و تێیدا رەخنەی تووندی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرتووە و تێیدا هاتووە: ”به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ناوه‌ڕۆكی روونكردنه‌وه‌كه‌ی ئاسایشی هه‌ولێر له‌سه‌ر (ده‌زگای زانیاری) ره‌تده‌كه‌ینه‌وه. ئه‌و بابه‌ته‌ی ئاسایشی هه‌ولێر، درۆ و ده‌له‌سه و پیلان و شه‌ڕی سیاسییه و هیچ ئه‌سڵ و ئه‌ساسێكی نییه. ده‌زگای زانیاری نه ئه‌و كه‌سه ده‌ناسن و، نه به‌هیچ لایه‌نێكی تری ناوخۆیی یان بیانییان ناساندوه و، نه‌كاری له‌وجۆره‌شیان لێده‌وه‌شێته‌وه”.
……
یەکێتی پەیامێکی ئاراستەی پارتی کرد

وێستگە نیوز-
وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەبارەی راگەیەندراوی ئاسایشی هەولێر پەیامێکی بۆ پارتی ناردووەو رایگەیاندووە، ئه‌م شێوازه له په‌یوه‌ندیی سیاسی، ئەگەر ئەمە سیاسەتی پارتی بێت، سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و چاره‌نووسی نادیار ده‌بات و، هه‌ڵوه‌سته‌ی جدیمان پێ ده‌كات له‌سه‌ر راستگۆیی پارتی بۆ شه‌راكه‌تی سیاسی و، ئایندهی ره‌وایی مانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه دوو قۆڵییه‌كانی نێوانیشمان ده‌خاته به‌رده‌م پرسیار و مەترسی”.
دەقی راگەیەندراوی وتەبێژی یەکێتی
بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان
جێگه‌ی نیگه‌رانیی قووڵمانه كه به‌بێ هیچ پاساوێك، ئه‌مڕۆ ٢٠ \ ٣\ ٢٠٢٠، ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاو كردۆته‌وه كه به‌شی هه‌ره‌زۆری هێرشكردنه بۆ سه‌ر به‌ڕێز هه‌ڤاڵ لاهور شێخ جه‌نگی، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان. هه‌ر ئه‌مڕۆ، نووسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له راگه‌یه‌ندراوێك دا له‌سه‌ر ده‌زگای زانیاری، دووباره و به‌مه‌به‌ست و به خراپ ناوی به‌ڕێزیانی هێناوه و خۆی خستۆته ئاستی لایه‌نداریی نه‌ك بێ لایه‌نی.
بۆ ئاگاداریی هه‌موو لایه‌ك، ئاژانسی زانیاری به فه‌رمی به‌شێكه له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ و له دوای كۆنگره‌ی چواری یه‌كێتی، به‌ڕێز هه‌ڤاڵ لاهور شێخ جه‌نگی، سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌كات و په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به دامه‌زراوه‌كانی سه‌ر به ئه‌نجومه‌نی ئاسایش نه‌ماوه. هه‌رچه‌ند ئه‌م گۆڕانكارییانه، پاساو نادات به په‌لاماردانی ئاژانسی زانیاری له‌لایه‌ن ئاسایشی هه‌ولێره‌وه، به‌ڵام جێی سه‌رسوڕمانه ئه‌گه‌ر نووسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ئاگاداری ئه‌و گۆڕانكاریانه نه‌بن. ئایا له‌م كاته‌دا چ سودێك ده‌بینرێت له هه‌ڵگیرساندنی ئاژاوه له‌نێوان سه‌ركردایه‌تی ده‌زگا ئه‌منی و هه‌واڵگرییه‌كانی سه‌ر به حكومه‌ت و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان. هه‌روه‌ها جێگه‌ی پرسیاریشه، كه ئایا پارتی دیمۆکراتی کوردستان به چ مه‌رامێك، گوتارێكی سیاسی له‌م جۆره، له‌دژی سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌ڕێوه ده‌بات. به‌تایبه‌ت له‌م دۆخه هه‌ستیار و ئاڵۆزه‌دا كه گه‌له‌كه‌مان له‌هه‌موو كات زیاتر پێویستی به ته‌بایی و یهكڕزیی و پێكه‌وه ژیان هه‌بووه.
ئه‌م شێوازه له په‌یوه‌ندیی سیاسی، ئەگەر ئەمە سیاسەتی پارتی بێت، سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و چاره‌نووسی نادیار ده‌بات و، هه‌ڵوه‌سته‌ی جدیمان پێ ده‌كات له‌سه‌ر راستگۆیی پارتی بۆ شه‌راكه‌تی سیاسی و، ئایندهی ره‌وایی مانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه دوو قۆڵییه‌كانی نێوانیشمان ده‌خاته به‌رده‌م پرسیار و مەترسی.
وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
٢٠\٣\٢٠٢٠