هه‌ر له سه‌ره‌تای هاتنه سه‌ر کاری کۆماری ئیسلامی ئێران، تا ئێستا گه‌لی کورد له کوردستانی ئێران، ئه‌گه‌رچی له ژێر چه‌پۆکی ئەم ڕژیمە دا بووه، به‌ڵام هه‌رگیزا و هه‌رگیز نهچهماتهوه و به شێوازی جۆرا و جۆر دژی ئه‌و ڕێژیمه دیکتاتۆره وهستاوەتهوه و هه‌ڵوێستیان هه‌بووه و هەیە.

ڕاسته، زۆربه‌ی هه‌ره زۆری په‌ته‌کانی سێدارە لە ئێران ملی کوردی پێوه‌یه، ڕاسته، زیندانه‌کان به کورد پڕ کراون، ڕاسته هه‌رچی برینی قووڵه‌و ئازاری پڕ له هاواره، وه‌کوو مه‌دالیا دایویانه له یه‌خه‌ی کورد، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ که کورد له ناو چووه و ئه‌وان سه‌رکه‌وتوون، له ڕاستیدا کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له چاو جاران به هێزتر و یه‌کگرتووتر بووه و ئه‌وانیش ڕۆژ له دوای ڕۆژ لاوازتر.
کۆماری ئاخوندی ئێران، نه‌ک هه‌ر بۆ گه‌لی کورد له کوردستانی ئێران و هه‌موو نه‌ته‌وه و پێکهاته‌کانی ئێرانی،گرفتێکی گه‌ورەیە، به‌ڵکوو بۆ هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین و ڕۆژئاوا‌و ئامریکا و هه‌موو دنیاش بووه‌ته گرفتێکی هه‌ره گه‌وره و سه‌رچاوه‌ی هه‌موو نه‌هامه‌تیه‌کان.
کۆماری ئیسلامی ئێران، زۆر نه‌فامانه به بێ گوێدان بە ڕێکخراو و لایه‌نەکانی مافی مرۆڤ، ماڤی مڕۆڤ و ئازادی و ئاشتی پێشێل ده‌کاو و کوێر کوێرانه هه‌نگاوی ده‌نێ و خۆی گێل و که‌ڕ ده‌کا و هیچ کات بیری له کۆتایه‌که‌ی نه‌کاتەوە.
بۆیه ئێستا له دۆخێکی یه‌کجار خراپ‌دا، دواڕۆژه‌کانی خۆی به سه‌ر ده‌با و تووشی گێژاوەی بەڕێوەبەری بووه و به تاقی ته‌نیا له زه‌لکاوی کاڵفامی خۆیدا گیری کردووه و که‌س به‌دادی ناگات.
ئه‌وه‌ی که مه‌به‌ستمه لێره ئاماژه‌ی پێده‌م ئه‌وه‌یه، ڕێژیمه دیکتاتۆرە یه‌ک له دوای یهکەکان، هه‌رگیز له مێژوو دەرسیان وه‌رنه‌گرتووه و کۆتاییه‌کی ناشیرینیان هه‌بووه و به ته‌مه‌ن کورتی و ده‌ست به‌ستراوی به‌ره‌و باوه‌شی زه‌لیلی و سه‌رشۆڕی رۆیشتوون، بۆیە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش به‌ده‌ر نییه له‌و بازنه‌یه و کۆتایه‌که‌شی زۆر نزیکه.