"an independent online kurdish website

ئاخوندە خوێنمژەکانی کۆماری سێدارەی ئیسلامی، کە لە ساڵی (١٩٧٩) وە، بەری خەبات و شۆڕش و راپەڕین و قوربانیدانی گەلی کورد و گەلانی ئێرانیان زەوتکرد  و دەستیان بەسەر دەسەڵاتی ئێراندا گرت.

 لەو ساڵەوە تا ئەمڕۆ، بۆ زیاتر خۆسەپاندن و خۆقایم کردن و قورخکرنی دەسەڵاتی تایفی و مەزهەبی، لە جیاتی هێنانەدی هیواکان و داواکارییەکانی گەلانی ئێران و گەلی کوردمان، کەچی بە ئاگر و بە ئاسن، بە داپلۆسین و سەرکوتکردن، بە کوشتن و بڕین و راونان، بە زیندانیکرن و لە سێدارەدان، بە لێدان و بە ئەشکەنجەدا، بە برسیکردن و هەژاریکردن، وەڵامی داخوازییەکانی گەلی کورد و گەلانی ئێرانیان دایەوە و دەدەنەوە.. لە ئێران و لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، ئازادی و دیموکراتی و مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی و دادپەروەری و سەروەری یاسا، لە سایەی دەسەڵاتی ئەم ئاخوندە خوێنمژ و رەگەزپەرست و کۆنەپەرست و تایفەپەرستانەدا، لە ژێری هیچەوەن.. تا ئێستا نزیکەی هەشت ملیۆن ئێرانی و کورد، لە ئێران و لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بە هۆی ستەمی رژێمی ئێرانەوە، نیشتمانی خۆیان جێهێشتوون و بوونە بە پەنابەر لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدا و ئوسترالیا.. ئەوانەشی کە ماونەتەوە بە تەمای ژیانی خۆیان نینن.. لە ژیانێکئ سەخت و دژەار و ترسدا دەژین و ساواکی بێڕەوشت و پاسدارانی خوێنڕێژ، نیشتمانی خۆیان لێکردوون بە دۆزەخ.

تەنها لە ساڵی (١٩٨٨) دا، بە فەرمانی راستەوخۆی (خومەینی) گۆڕبەگۆر، (٣٠) هەزار زیندانی سیاسی بێ دادگایی کردن، لە ئێران لە سێدارە دران، بەشێکیان کوردن.

شایەنی باسیشە، یەکێک لەو تاوانبارە سەرکییانەی، کە دەستی هەبوو لە کۆمەڵکوژی ئەم سی هەزار زیندانییە لە سێدارەدراوانە، ناوی (حمید نوری) یە، کە دادوەرێکی ئەو سەردەمە بوو لە سزادانی زیندانییەکان. حەمید نوری لە رۆژی (٩/ نۆڤەمبەر/٢٠١٩) لە فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتی سوید، لە(ستۆکهۆڵم) لە لایەن پۆلیسی سویدەوە بە تاوانی کۆمەڵکوژی زیندانیای سیاسی لە ئێران لە ساڵی (١٩٨٨)، دەستگیرکرا، لەسەر ئەو تاوانەی، دادگای سوید دادگایی کرد.. نازانن سزای زیندانیکردنی دراوە یا نا.

رژێمی ئاخوندەکانی کۆماری سێدارەی ئیسلامی، هەموو پارەکانی سامانی نەوت و گاز و داهاتی ئێرانیان، لە دروستکردنی چەک و رۆکێتی بالیستی و پرۆژەی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، تا دەگاتە مانگی دەستکرد، خەرج کردوون.. بێ ئەوەی کە گوێ بە برسێتی و بێکاری و هەژاری و ژیانی کولەمەرگی، بژی و مەمرەی، گەلانی ئێران و گەلی کوردمان لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا بدەن.

گەمارۆی ئابووری ئەمریکاش لەسەر ئێران، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دەسەڵاتدارانی رژێمی ئیراندا نییە، تەنیا گەلانی ئێران و کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، باجی ئەم گەمارۆیەی سەر ئێران دەدەن.. تا ئێستا گەمارۆی ئەمریکا، نەیتوانیوە هەوڵەکان و بەرنامەی، نزیک بوونەوەی رژێمی نیاز گڵاوی ئێران لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و دروستکردنی رۆکێتی بالیستی کڵاوهەڵگری ئەتۆمی دوورهاوێژ رابگرێ.

ئێرانی سێدارە و تورکیای زیندانستان، یەک لە یەکتری رەگەزپەرستر و نیاز گڵاوتر و خوێنڕێژترن.. ئەمانە سەری مارەکەن و هۆکاری ناسەقامگیری و نائارامی و شڵەژاوی و ئاژاوە و شەڕ و نائاشتین، لە هەموو ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.. دوو دەوڵەتی داگیرکەر و شەڕخواز و تیرۆرستن.. دەیانەوێت بە داگیرکردنی خاک و نیشتمانی گەلانی تر، بە زەبری هێز و لەشکرتاری و جاشە بەکرێگیراوەکانیانەوە، دەسەڵاتیان فراونتر بکەن و هەژموونی خۆیان بسەپێنن.. سامانی گەلانی تر بە دزی و بە تاڵانی بەرن.

دوو دەوڵەتن کە بە ئاشکرا یارمەتی تاوانی تیرۆریستی دەدەن، بە چەک و بە پارە، یارمەتی داعش و گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان دەدەن و کردوویانن بە گژی گەلانی ناوچەکە.. بۆ ئەوەی ئاسوودەیی و ئاشتی بەرقەرار نەبن.

لە سایەی دەسەڵاتی دیکتاتۆری و فاشستی رژێمی ئاخووندەکانی کۆماری سێدارە، ئێران لە سێدارەداندا.. پاڵەوانێتی جیهانی بەدەستهێناوە و نمرەی باڵای جیهانی لە سێدارەداندا تۆمار کردووە.. خاوەنی سێ میدالیای رەشی شەرمەزاری و رووڕەشییە، یەکێکیان لە بواری لە سێدارەدانی گشتیدا، زیاتر لە نیوەی ژمارەی ساڵانەی لە سێدارەدان لە هەموو جیهاندا، لە لایەن رژێمی ئێرانەوە لە سێدارە دراون.. میدالیایەکی دووەمی، ئەوەیە کە  ئێران یەکەمینی بەدەستهێناوە، لە بواری لە سێدارەدانی مێردمنداڵاندا، بە تایبەتیش لە سێدارەدانی مێرمنداڵانی کورد دا، نمرەیەکی پێوانەیی باڵای تری، لە جیهاندا تۆمارکرد.

بەپێی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵ و تەمەنی ستانداردی جیهانی، کە پێناسەی منداڵیان کردوون: منداڵ ئەو مرۆڤەیە کە تەمەنی لە هەژدە ساڵ تێ نەپەڕێت. کەچی لە ئێرانی بەدەر لە هەموو وڵاتانی جیهان، تەمەنی باڵغبوونی کوڕانیان بە (١٥) ساڵ دیاری کردوون، تەمەنی کچانیش بە (٩) ساڵ.. بە شوودانی کچ لەم تەمەنەدا لە ئێراندا یاساییە.. دەسەڵاتدارانی شیعەکانی عێراقیش، لە کاتی بۆ ماوەیەکی کورتی (ئیبراهیم جەعفری) بە سەرۆک وەزیرانی عێراق.. ویستیان چاو لە ئێران بکەن و بە شوودانی کچان بە نۆ ساڵان رەوا و بە یاسا بکەن.. بەڵام رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆر بوونەوە، بە دەسترێژی بۆ سەر منداڵان تاوانبار کران.. زانیشیان پەرلەمانی عێراق ئامادە نییە کە بڕیار لە یاسایەکی وا بدەن.. بۆیە پاشگەزبوونەوە و سەری نەگرت.. دووریش نییە کە لە دەرەوەی یاسادا.. بەرپرسانی شیعەکان تاوان و کاری ناڕەوای وایان لێبوەشێتەوە و بۆ هەوسبازی خۆیان، گوێ بە یاسا نەدەن و کچانی منداڵ لە خۆیان مارە بکەن.

میدالیای رەشی شەرمەزاری سێیەمی ئێران، لە تۆمارکردنی نمرەی باڵای جیهانیدا، لە لە سێدارەدانی زۆرترین کچان و ژناندا بەدەستهێناوە.. تا ئێستا ئاخوندەکان (٩٥) کچ و ژ نیان لە سێدارە داون، ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە، لە لەسێدارەدانی ژن لە جیهاندا، مەگەر هەر ئێران، ئەم ژمارەیە بشکێنێت و ژمارەیەکی باڵاتر تۆماربکات.. مەحاڵە کە پشکی کوردی تێدا نەبێت.. چەند ژن و کچە تێکۆشەر و چالاکوانێکی کوردمان لە نێو ئەو ژمارە لە سێدارەدراوانە دان.

هەرچەندە رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و منداڵان و ژنان و نەتەوە یەکگرتووەکان و چەندین جار بە توندی رەخنەیان گرتوون و داوایان لە رژێمی دیکتاتۆری ئاخوندەکانی کۆماری سێدارەی ئسلامی کردوون، کە دەست لە سێدارەدانی لاوان و منداڵان و ژنان هەڵبگرن.. دەست لە نەژادپەرستی و لە تایفی هەڵبگرن.. دەست لە سێدارەدانی کورد هەڵبگرن.. بەڵامان رژێمی ئێرانی، هەموو داواکانیان رەتکردەوە.. بە پێچەوانەوە تادێت زیاتر و دڕندانەتر، سەرکوت و دەمکوتی گەلی کوردمان و گەلانی تری ئێران دەکەن. ژمارەی لە سێدارەدان و کوشتن بە لێدان و ئەشکەنجەدان، لە ئێران و لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا ساڵ لە دوای ساڵ لە هەڵکشاندایە.

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێرانی کە بارەگاکەیان لە شاری (ئۆسڵۆ) لە (نەرویج)ە. لە راپۆرتێکیاندا، ئەوەیان راگەیاندا، کە لە ساڵی رابردوودا (٢٠١٩)، (٢٨٠) کەس لە ئێراندا، لە سێدارە دران.. بەڵام رەنگە ژمارەکە لەمە زۆر زیاتر بێت.. چونکە ئێران زۆر زیندانی بە نهێنی و بێ دادگایی کردن لە سێدارە داوە و باسی نەکردوون.. زۆریش بە ئەشکەنجە و لێدان شەهید کراون.. بۆیە هەر لەم راپۆرتەدا باسیان لەوە کردووە، کە پەرپرسانی ئێران لە (سەدا حەفتا)ی لە سێدارەدراوەکان دەشارەنەوە و باسیان ناکەن.

زۆریش بە کۆمەڵی زیندانییەکان لە سێدارە دەدەن.. رژێمی ئێران لە ساڵی (٢٠١٦) دا، (٢٥) چالاکوانی کوردیان لە زیندانی (رەجایی) لە یەک رۆژدا لە سێدارە دان.

لە ساڵی (٢٠١٨) وە، تا ئەمڕۆ (١٢) مێردمنداڵ لە سێدارە دراون، کە شەشیان کوردن یەکێک لەم شەشە کچە کوردێکی حەڤدە ساڵان بوو. (٩٠) منداڵ و مێردمنداڵی تریش، لە زیندانەکانی ئێراندا، چاوەڕێی لە سێدارەدان دەکەن و لە بارودۆخێکی جەستەیی و دەروونی خراپدان.. لە ئێرانی ئاخوندەکاندا، لەسێدارەدان لە ئاو خواردنەوە ئاسانترە.

لە ئەم ساڵیشدا، رژێمی دیکتاتۆری کۆماری سێدارە، چەندین لاو و مێرمنداڵایان لە سێدارە دان، هەموو ساڵکیش زیندانیانی کورد، پشکی شێریان لە رێژەی لە سێدارەداندا هەیە. هەر لەم مانگەدا (ئەپریل) چەند مێردمنداڵێکی کوردیان لە سێدارە دا کە تەمانیان (١٨) ساڵان کەمتر بوو. ئەمانە چەند ناوێکن لە زیندانییە لەسێدارەدراوەکانی ئەم ساڵ:

لە سێدارەدانی (شایان سەعیدپوور) لە (٢١/ ئەپریل/٢٠٢٠) کە یەکیک بوو لە (٧٤) زیندانییە هەڵاتووەکانی گرتووخانەی شاری (سەقز)، دووبارە دەستگیرکرایان کردەوە.

لە سێدارەدانی (مەجید ئیسماعیل زادە) لە (١٨/ ئەپریل/٢٠٢٠) گیان لەدەستدانی (دانیال زین ئەلعابدین) لە (٢/ ئەپریل/٢٠٢٠) کە تەمەنی لە هەژدە ساڵ کەمتر بوو.. بە لێدان لە زینداندا شەهیدیان کرد.

هەر لەم مانگەدا، چوارو کوردی تریان لە زیندانی (ورمێ) لە (٢٨/ئەپریل/٢٠٢٠) لە سێدارە دان. ناوەکانیان: (زرار پەیغـامی) تەمەنی (٥٣) ساڵە، خەڵکی (شنۆ) یە.

(یاسر رەسووڵی) تەمەنی (٣٣) ساڵە، خەڵکی شاری (بۆکان)ە لە سنە لە سێدارە درا.

(کەیوان ئەڵڵامورادی) گەنجێکی کوردی تەمەن (٢٨) ساڵانە لە (٢٧/ ئەپریل/٢٠٢٠)

لە گرتووخانەی شاری (سنە) لە سێدارە درا، خەڵکی ئاویی (دێولان) سەر بە سنە یە. 

(فایق شەریفی) یش، لە (٢٨/ ئەپریل/٢٠٢٠) لە سێدارە درا خەڵکی (دیواندەرە) یە.

(مستەفا سەلیمی) یش، کە یەکێک بوو لەو (٧٤) زیندانیانەی کە لە رۆژی (٢٧/ ئادار/٢٠٢٠) لە گرتووخانەی (سەقز) هەڵاتن. لە بەرەبەیانی (١١/ ئەپریل/٢٠٢٠)

لە تەمەنی (٥٣) ساڵیدا، وەکو زیندانییەکی سیاسی، هەر لە گرتووخانەی شاری سەقز لە سێدارە درا. خەڵکی گوندی (ئیلوی) ی سەر بە سەقزە.. لەسەر دۆسیەی مستەفا سەلیمی زۆر وتراوە و نووسراوە.. خۆێنەران و بینەرانی تەلەفزیۆنەکان ئاگادارن.

ئەو ناوە ناوبراوانەی سەرەوە، ژمارەی هەموو لە سێدارەدراوەکانی ئەم چوار مانگە رابردووەی ئەم ساڵ (٢٠٢٠) نین، کە لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، ئێران لە سێدارەی داون. بە دەیان زیندانی تریان لە سێدارە داون.. بە هەزاران زیندانی تریش، چاوەڕیی لە سێدارەدان دەکەن.. تا رژێمی ئاخوندە خوێنمژەکانی کۆماری سێدارە، لە دەسەڵات دابن، ئەم تاوانانە دوا تاوانیان نابێت.. چاوەڕوانی ئەوەیان لێدەکرێت.. کە بە هەزاران زیندانی تر لە سێدارە بدەن.. و بە سەدان تاوانی نەشیاوی قێزەوەنتر ئەنجام بدەن.

 لەم بارودۆخە سەختەدا، کە گەلانی ئێران و گەلی کوردمان لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، بە دەست برسێتی و هەژاری و نەبوونی و بێکاری و بێ دەرمانی و تووشبوون بە ڤایرۆسی کورۆناوە دەناڵێنن.. لە لایەن ئێرانەوە هیچ هاوکارییەک نەکراون و ناکرێن تەنات کۆڵبەریش بە هەژارانی کورد رەوا نابیین و بە دەستڕێژی گوللـە دەیانکوژن. مەبەستی ئاخوندەکان ئەوەیە، کە لە برسا بمرن.. هەر لەبەر ئەوەی کە کوردن.

کەچی رژێمی گەندەڵی ئێران، دەیەوێت خۆی بەرانبەر بە ئەمریکا فشبکاتەوە و هێز و بازووی خۆی نمایش بکات.. رۆکێتی مەودا دوورهاوێژی بالیستی دروست دەکات و تاقی دەکاتەوە.. مانگی دەستکردنی سەربازی سیخوڕی بەرەو ئاسمان دەنێری، بەم کارە قێزەوانانەی، دەیەوێت ئەمریکا و دەوڵەتانی ئەوروپا بورووژێنێ.. پارەی ئەم هەموو چەک و تاقیکردنەوانەش.. لە دەمی خەڵکی برسی و رەشوڕووت دەگرنەوە.

ئەی ئاخوندە کۆنەپەرستەکان، شەمشمەکوێرەکانی تاریکی.. دوور نییە کە کورۆنا لە ئێوەوە پەیدابووبێت، چونکە لە ئێوە قێزەوتر و نەگریستر نییە.. دەست هەڵبگرن لە کوشتن و لە سێدارەدانی کورد و لە گەلانی ئێران.. کە برسی نان و تینوی ئازادی و هۆگری ژیانن.. بڕۆ ملتان بشکێنن.. ئێوە بوونەتە مێردەزمە بەسەر گەلی کورد و گەلانی ئێرانەوە.. ئێوە بوونەتە زالوو و خوێنی هەژاران و ئازریخوازان دەمژن.

کورد و گەلانی ئێرانی ئێران رۆکێتی بالیستی و مانگی دەستکریان ناوێ.. نان و دەرمان و ئازادییان دەوێ.. شەڕ و زیندانی و لە سێدارەدان و مردنیان ناوێ.. دادپەروەری و یەکسانی و مافە زەوتکراوەکانیان و ژیانیان دەوێ.. ئاسوودەیی و خۆشی و شادی و ئاشتییان دەوێ.. کارگە و ئیش و کاریان دەوێ.

ئەی گەلێ کوردی تێکۆشەر و شۆڕشگێڕمان، لە رۆژهەڵاتی کوردستان.. ئەی گەلانی خۆڕاگر و داخ لە دڵی ئێران.. کاتی ئەوە هاتووە، بە هەموو نەتەوە و ئایدۆلۆژیایەکی جیاوازتانەوە، بە هەموو چین و توێژێکتانەوە، یەکبگرن و ئەم رێژمە کۆنەپەرست و خوێنمژەی ئاخوندە ستەمکار و کەلەپووچەکان، رابماڵن و هەواڵەی دۆزەخیان بکەن.

رژێمە دیکتاتۆری و خۆسەپێنەکان چەند بەهێزشبن، خاوەنی زەبەلاحترین سوپاش بن.. ئەستەمە کە بتوانن لە بەردەم هەڵمەت و شەپۆلەکانی تسۆنامی راپەڕینی گەلانی ئازای ئازادیخواز و دیموکراتیخواز و مافخواز و ئاشتیخوازی راپەڕیودا.. خۆیان بگرن.

رەزا شوان

نەرویج: ٢٩/ ئەپـریل/٢٠٢٠

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی