"an independent online kurdish website

بە درێژایی مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەكەمان زۆرن ئەو شۆرەسوار و قارمانانەی نەتەوەكەمان كە ژیان وبە سەرهات و لەخۆبردوویی و فیداكارییەكانیان لە ڕەوتی خەباتی پڕ لە هەوراز و نشێوی بزاڤی ئازادیخوازی نەتەوەكەماندا، بوونەتە بە سەرمەشق و ئۆلگوو بۆ نەسڵەكانی ئەمرۆ و داهاتووی كوردستان و گەل شانازیان پێوە دەكات.

ئەوان شۆرشگێر و قارەمان گەلێكن كە بێ‌ هیچ چاوەڕوانییەك گیانی خۆیان فیدای سەربەستی و ئازادی كورد و كوردستان دەكەن و لەو ڕاستایەشدا سەختی و دژواری و كەموكووڕی ناناسن و بەردەوام ڕێگا سەخت و پڕ هەورازو نشێوەكان‌ دەبڕن. لە نێو گەلی كوردیشدا بوونی ئەم جۆرە كەسانە پرسێكی سەلمێندراوە، بەو واتایە كە چ لە ڕابردوودا و چ لە ئێستادا بەشێك لە خەڵكی كوردستان بە هۆی گەیشتن بە لووتكەی بیركردنەوە و مانای ڕاستەقینەی ژیان، گیان و ماڵی خۆیان فیدای گەیشتن بە ئازادی، بەرژەوەندی نەتەوەیی و یەكسانی و دادپەروەری كردووە و ئارەزوومەندانە ژیانێكی پڕاوپڕ بە كەندولەند و هەوراز و نشێو هەڵدەبژێرن. مرۆڤ گەلێك كە ژیان لە لای وان بریتییە لە كۆمەڵێك كات و ساتی جوان و ڕەنگاڵە كە ئەم جوانییە بۆ خۆیان پێی دەبەخشن و چاوەڕێی ڕوودانی ڕووداوێك یان هەڵكەوتنی كەشوهەوایەكی گونجاو و لەبار ناكەن و خۆیان خولقێنەرانە، دەی ئافرێنن و بەرەو لووتكە هەنگاو هەڵدەگرن. ئافرێنەرانی جوانی و هێز و ئێرادەش لە نێو نەتەوەی كورد دا بە باسكی بەهێزی گەل واتە پێشمەرگە دەناسرێن و دەبنە جێگای هیوا و ئومێدی نەتەوەكەیان. كەسێك كە تەنیا و تەنیا بۆ بەختەوەری و ئازادی و سەربەستی مرۆڤەكان هەوڵ دەدات و دڵسۆزانە تێدەكۆشێت و گیانی بۆ ئەم بەختەوەرییە دادەنێت. بەو واتایە كە قارەمانێتی و فیداكاری دەنوێنێ‌. شۆرشگێر و قارەمان بریتییە لەو كەسەی كە لە جەرگەی نەهامەتییەكاندا، كاتێك ئارامی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بەرەو لەنێوچوون دەڕوات و چەمكی ژیان لە سنوورەكانی لەنێوچوون نزیك دەبێتەوە، لە لێواریشدا بێت لە مەترسیی تێداچوون ڕزگاری دەكات و جارێكی دیكە ڕێگەی ژیانەوەی پێ‌ نیشان دەدات. شۆرشگێڕ قارەمانێكی حەماسە خوڵقێنە كە هەم مانا جوانەكان بە ژیان دەبەخشێت، هەم لە نێوان بەرداشی ڕووناكی و تاریكی، چاكە و خراپە و ئەهوورا و ئەهریمەندا وەك سەربازێك فیداكارانە قوربانی دەدات ڕەنگە هەندێك جار تراژیدیاش ببێت بە بەشی، بەڵام كۆڵ نادات. ئەو شۆرشگێر و قارمانانەی نەتەوەكەمان گوێ‌ لە ناخی خۆی و مرۆڤایەتی دەگرێ‌ و ئازایانە دان بە خووە خراپەكان دەنێ‌ و هەستە شۆڕشگێڕانەكەی تێكەڵ بە عەقڵ و ئاوەز دەكات و بەردەوام دەبێت لە ڕەوشتی بەرز و ئەهوورایی. ئەم قارەمانە نەتەوەییە كە زۆرجار لە نێو كورددا وەك هەڵۆیەكی تیژباڵ و بەورێكی چنگ بەگڕ دەشوبهێندرێت لە ڕاستیدا لە ناخی تراژیدیایەكەوە سەر هەڵدێنێ‌. تراژیدیای چەوساندنەوە و فەوتانی نەتەوە و خاپووربوونی نیشتمان.
‏‎فەرماندە و تێكۆشەڕی خاوەن ئەزموون و بەوەجی نێو ڕێزەكانی شۆڕش، هاوڕێ ”بەهمەن دێهقان”، یەكێك لەو خەباتكارە ناسراوانەی نەتەوەكەمانە كە هەر لە سەرەتای لاوێتی و لەڕۆژانی سەختی تێكۆشان دژ بە دووژمنان و داگیركەرانی كوردستان، لە ساڵی ۱۳۶۹ی هەتاوی پێوەندی بە تەشكیلاتی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێرانەوە دەگڕێت و وەك ئەندامی ڕێكخستنی نهێنی حیزب و وەك گەنجێكی شۆرشگێر و خولیای ئازادی و سەربەستی كوردستان، هاوكاری تیمەكانی پێشمەرگە دەكات و لە خۆبردووانە بە شێوەی فەرمی لەوكاتەوە تێكۆشانی حیزبی خۆی لە دەڤەری شیمالی كوردستان دەست پێ دەكات. ناوبراو دوای چەند ساڵ لە تێكۆشانی نهێنی و بەردەوام لە ناوخۆی وڵات، ساڵی ١٣٧٢ی هەتاوی بە شێوەی فەرمی چەكی دیفاع لە خاك و پاڕاستنی كەرامەت و ئازادی كوردستان لە شان دەكات و دەبێتە پێشمەرگە و شان بە شانی پێشمەرگەكانی هێزی ئاگری و مەڵبەندی شیمالی كوردستان لە دەڤەری ورمێ خەباتی پێشمەرگانەی خۆی بەردەوام دەكات و بە هۆی لێهاتووی و ئازایەتی و قارمانەتی یەوە دەبێتە جێی سەرنجی هێزو خۆشەویست و متمانەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان. بە هۆی ئازایەتی و لەخۆبردویی ناوبراو بەردەوام لە زۆربەی چالاكی و جەولەی پێشمەرگەكان لە دەڤەری شیمالی كوردستان بەشداری دەكات و چەندین جاریش وەك بەرپرسی تیمی پێشمەرگە بۆ ناوچە دیاری دەكرێت و مەئموورییەتەكانی خۆی بە هۆی مودیرییەت و لێهاتووی و بە هاوكاری هاوڕێكانی بە سەركەوتووی بە جێ دەگەیەنێت.
‏‎فەرماندە بەهمەن دێهقان بە هۆی لێهاتووی لە بواری سیاسی و نیزامی، هەر زوو دەورەی كادری دەرجە سێ و چووار دەبینێت و وەك كادری سیاسی و نیزامی لە ناوەندی سێ ی كوردستان بە پێ ئەسپاردنی بەرپرسیارەتی جۆراوجۆر چالاكانە تێدەكۆشێت. ئەو ئەرك و بەرپرسیارەتییانەی كە ناوبڕاو بە سەركەوتووی بەڕێوەی بردوون بریتین لە: جێگری پەل، سەرپەل، سەرلك، سەرتیپ، جێگری هێزی ڕاسان، فەرماندەی هێزی ڕاسان لە شاخ، هەروەها بەرپرسی تیمەكانی پێشمەرگە بۆناوچەی شنۆ و پیرانشار و سەڵماس و ورمێ.
‏‎ناوبراو هەروەها دەورەی تایبەتی تەغریب و دەیان دەورەی جۆراوجۆری نیزامی و مودیرییەتی لە ژێر دەستی فەرماندە بە ئەزموون ولێهاتووەكانی حیزب وەك شەهیدی فەرماندە سەروان چەكۆ ڕەحیمی، شەهیدی فەرماندە کەمال خزری، شەهیدی فەرماندە هەمزە بێهنام، هاورێی فەرماندە کاوە بەهرامی، فەرماندە محمد سالح قادری، فەرماندە سەعید گولێ، کاووس عەزیزی، سڵێمان کەلەشی، تاهیرسۆفی و چەندین فەرماندەی دیكە دا بینیوە.
‏‎كاتێك لە ڕێکەوتی ٢٨ی ڕەشەمەی ساڵی ۱۳۹٥ی هەتاوی، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە داوێنی شاخەکانی کوردستاندا جێژنی سەری ساڵی نوێی کوردی، واتە ساڵی ٢٧١٥ی کوردی بەڕێوە برد؛ لەو ڕۆژە مێژووییەدا، بەڕێز کاک مستەفا هیجری، کەسایەتی یەکەمی حیزبی دێموکرات، لە بەردەم ڕێبەرایەتی، کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی بەشدار لەو مەراسمە و هەروەها ڕوو لە خەڵکی کوردستان و هەموو بیروڕای گشتی، دەسپێکی قۆناغێکی نوێی بۆ ڕزگاری گەلەکەمان لە ژێردەستەیی و ستەمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، ڕاگەیاند.
‏‎ئەگەرچی بە درێژایی ساڵانی بەر لە دەست پێكردنی بزاڤی ڕاسان چالاکیی جۆربەجۆری کادر و پێشمەرگەکانی حیزب درێژەی هەبووە و خەبات هیچکات نەپساوە، بەڵام پاش ڕاگەیاندنی ڕاسانی نوێی ڕۆژهەڵات و بەتایبەت پێکهێنان و سازماندانی هێزی پێشمەرگەی شار، هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا بە مەبەستی ڕاپەراندنی ئەرک و کاری پێئەسپێردراوی خۆی، فەرماندە ”بەهمەن دێهقان” وەك جێگری هێز لە شاخ دیاری دەكرێت و ناوبراویش یەكەم چالاكی خۆی بە هاوكاری كۆمەڵێك لە كادر و پێشمەرگەكانی ناوچەی سەڵماس لە دەڤەری شیمالی كوردستان دەست پێدەكات و لەو دەمەوە تا ئێستاش كە وەك فەرماندەی هێز دیاری كراوە لە جەولە و ڕێكخستنی كادر و پێشمەرگەكانی حیزب بۆ ناوچە جۆراوجۆرەكانی كوردستان دەوری كاریگەر و سەرەكی بووە. بە سەدان لاوی خوێن گەرم و بەهەست كە ڕوو دەكەنە ڕیزەكانی حیزب لە ژێر مودیرییەتی سەركەوتووی ناوبراو دا پەروەردە بوون و ئەزموونی سەركەوتووانەی خۆی دەگوازێتەوە بۆ نەسڵی ئەمڕۆ. فەرماندە ”بەهمەن دێهقان” ئەمڕۆ بۆتە بە هێمای خۆڕاگری و قارەمانەتی و خۆشەویستی كادر و پێشمەرگە و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان كە ڕێز لە فیداكاری و ماندووبوونی دەگیرێت.
‏‎شایانی ئاماژە پێكردنە كە:
‏‎فەرماندە ”بەهمەن دێهقان” كوری ڕەشید ساڵی ١٣٥٤ی هەتاوی لە گوندی پیرانجۆقی سەر بە دەڤەری سۆمابڕادوست لە شاری ورمێ لە بنەماڵەیەكی نیشتمانپەروەر و وەڵاتپاڕێز لە دایك بووە. ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی ژیانی هاوبەش لە گەڵ خاتوو ”هۆزییە” كچی كادری ناسراو و تێكۆشەڕی حیزب شەهید ”كازم عەزیزی” پێكهێناوە. بەرهەمی ژیانیان چوار منداڵی ژیكەڵە و پەروەردەكراوی مەكتەبی دێموكراتن بە ناوەكانی (شەهریبان، مێهرەبان، ئارارات و سینا).
ناوبڕا سەرەرای سەختی و هەوراز و نشێوەکانی خەبات و قۆناخی سەختی پێشمەرگایەتی، لە مەودای شەش مانگ دا، هەر یەک لە باوکی (ڕەشید دێهقان)، دایکی (گولیزار)، بڕاکەی (پەرویز)، و خووشکی بە نێوی (ئادیفە)، بە رووداوی سرووشتی ژیانیان لە دەست داوە. هیچ یەک لەو کوسپانە نەیتوانی کاریگەری نگەتیڤ لە سەر ئیڕادەی ناوبڕاو دابنێت و بەهێزتر لە هەمیشە و بە وڕەیەکی بەڕز و شۆڕشگێرییەوە تا بە ئیستاش خەبات و تێکۆشانی خۆی بەردەوام دەکات.

سەرچاوە:  فەیسبۆکی عەلی محەممەدی

   

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی