"an independent online kurdish website

رێبەری تیرۆر کراومان د.سادق شەرەفکەندی، دەنگی کردەوەی زیاتر بوو لە قسەی. ئەو وشەکانی ھەم روو لە دوژمن، ھەم روو لە خەڵکی کوردستان و ھەمیش روو لە تێکۆشەران و ھاوسەنگەرانی، بە وردی ھەڵدەبژاردن.

ئەمە ئەتوانی لە وتارە کورت و پۆخت و سادە و روونەکانیان ببینی.

رێبەری تیرۆکراومان “د. سادق شەرەفکەندی” ئێژێ:

“گومان لەوەدا نیە کە گەلی قارەمان و سەرفەرازی کورد توانای ئەوەی ھەیە کە دوژمنانی خۆی بەچۆکدا بێنێ. با توانای ھەموومان لێک ھاڵێن، با رووبارەکان تێکەڵ بن و ببنە شەپۆلی بەھێزی دەریا کە لوتکەی شەقوشڕ و سەڕلێشێواوی دوژمن لە ژێر تەوەژمی خۆیدا نوقم بکا. “

کەسایەتی ئەو رێبەرە تیرۆر کراوەمان بە چەشنێ بوو، ھەست ئەکەی تایبەت بۆ رێبەرایەتیی مەیدانیی شۆڕشی کورد خوڵقاوە و پەروەردە کراوە. بەچەشنێک بوو، ھەست ئەکەی تایبەت بۆ رووبەڕوو بوونەوەی داگیرکەرانی کوردستان ، بەتایبەت کۆماری تیرۆریست پەروەری ئیسلامیی ئێران خوڵقاوە.

دوکتۆر سادق شەرەفکەندی لەگەڵ ئەوەیدا کە رێبەرێکی ژیر و وریا و خاوەن روانینێکی قووڵ لە سەر رابردووی خەباتە شکەست خواردووەکانی نەتەوەکەی بوو، ھاوکاتیش ھەوڵی ئەدا لەم روانگەوە تیماری ئەو دەردەی خەباتی رزگاریخوازیی کورد بکات. بەو مەبەستەی کە ویڕای مامۆستاکەی، واتە دوکتۆر قاسملووی تیرۆر کراو، بەو باوڕە قووڵە گەییشتبوو کە دەردی باڵا و ھۆکاری سەرەکیی شۆڕشەکانی رابردوو ، تەک رێبەریی و نائاگایی و ناھوشیاریی شۆڕشگێڕان بوو لەوەی کە بۆ راپەڕیون؟ دەبێ چیبکەن؟ ئامانجی باڵا و ھاوبەش چییە؟

بۆ ئەم مەبەستە، ھاوکات لە تەک ئەوەیدا کە خۆی نامیلکەیەکی لە سەر شۆڕشەکانی سەدەی رابردووی کورد نووسیبوو و بۆچوون و روانگەی خۆی وەک شیکاریی پێ زیاد کردبوو، ھەر خۆیشی مامۆستایەتیی ئەو بابەتەی ئەکرد لە فێرگەی پەروەردەیی کادرەکانی حیزبا. بە وتەی کادرەکانی ئەو سەردەمە، تاقیکاریی کۆتایی ئەو مادە پەروەردەییە، نووسینەوەی سەرپاکی نامیلکەکە بوو کە زیاتر لە سەدو پەنجا لاپەڕە بوو. بە باوڕی ئەو دەبوا کادرەکانی حیزب ھەڵ ئاگاداری دەردی شکەستی شۆڕشەکانی رابردوو و ھەمیش ئاگا لە چارەسەرەکانی بن. ئێستاشی لەگەڵ بێ کادرەکانی ئەو دەمە، شارەزاترین کادرەکانی تەمەنی حیزبن لە سەر مێژووی شۆڕشەکانی کورد.

رێبەری تیرۆکراومان د.سادق، پێی وابوو بۆ خەبات چ زۆرە، رێگا. بە باوڕی ئەو بیانو نیە بۆ بەشداری نەکردنی تاکی کورد لە خەباتا. ھەر کەس پێیوابێ رێگای خەبات تەنیا پێشمەرگایەتییە، ئەوە یان ئەیھەوێ خەڵک لە شۆڕش دوور بخاتەوە، یان خۆی لە شۆڕش بپارێزێ. بۆیەش بە باوڕی ئەو مزگەوت، قوتابخانە، دوکان، بازاڕ، شوێنە کرێکارییەکان، وەرزشگاکان و… گشتیان ئەتوانن ببنە سەنگەری شۆڕش و خەبات.

ئەو زۆر باوڕی بە ھێزی پێشمەرگە، خەباتی پێشمەرگانە، لێدانی پارتیزانییانە و خاباتی چەکدارییانە بەرامبەر دوژمنێکی دڕندە وەک کۆماری تیرۆریستی ئێران ھەبوو، بێگومان ئەو باوڕەشی بە تێڕوانینی عەقڵانی و تێگەییشتنی ورد و بە قەناعەتەوە بوو.

دوکتۆر سادقی تیرۆر کراو لە قووڵایی باوڕیەوە پێیوابوو کۆماری ئیسلامی تەنیا زمانی چەک تێدەگا. ئەو بەو قەناعەتە گەییشتبوو کە باشترین و کاریگەرترین رێگای خەبات دژ بە کۆماری ئیسلامی، رێگای خەباتی چەکدارییە. بۆیەش  ھەمیشە وەک پاڵپشتێکی بەھێزی ھێزی پێشمەرگە و خەباتی چەکداریی چاولێکراوە. ھەر لەو قۆناغەشدا کە پێشمەرگە لە کوردستانی داگیرکراوا ئاگری لە سەر پشتی ھێزە داگیرکەرەکان ئەکردەوە ، خۆی بەرپرسی رادیۆدەنگی کوردستان بوو و پاڵپشتی پشتئەستووری کادری رادیۆ دەھاتە ھەژمار.

بۆیە لە سەرەتای وتارێکیا، ساڵی ١٣٦٧ زۆر بە ئێرادەوە ئەنووسێ: جارێکی دیکەش وەرزی بەھار ھاتەوە و ھەل خۆشتر بوو بۆ ئەوەی پێشمەرگە نەبەزەکان ، پاش وچان و حەسانەوەی زستان، بۆ زەبرلێدان لە نەیاران و دوژمنانی گەلەکەمان ، پتر لە جاران وەگەڕ کەون و بە قریشکەی تفەنگ و گرمەی ئاڕ.بی.جی و نرکەی شێرانەیان بە تەواوی خەو لە چاوی دوژمنانی ئازادی بتارێنن.

سڵاو لە گیانی رێبەری تیرۆرکراومان “دوکتۆر سادق شەرەفکەندی” ناسراو بە کاک سەعیدی پێشمەرگەکان و سەرجەم کاروانی شەھیدانی رێگای رزگاریی نەتەوەکەمان.

بۆ زانیاریی پێویست، لە کتێبی ھەڵبژاردەیەک لە وتارەکانی سوودم وەرگرتووە.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی