هیوای ساغی و سلامەتیتان بۆ دەخوازم
هەروەک دەزانی دوا بەدوای هاتنەسەر کاری کۆماری ئیسلامی و داسەپانی شەڕ بەسەر خەڵکی کوردستان لە لایەن ئەو رێژیمەوە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ دیفاع لە مان و مەوجوودییەتی نەتەوەکەی و بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان، هاتەوە گۆڕەپان و لەو رێگایەدا تا ئەمرۆکە، بەسەدان و هەزاران داستانی پڕلەسەروەری و ئازایەتی، فیداکاری ولەخۆبردوویی تۆمار کردوە، کە لە مێژووی خەباتی خوێناویی نەتەوەکەماندا دەمێننەوە و ئێوەی خۆشەویستیش لەو کەسانە بوون کە بۆ دەسکەوتی بەنرخ فیداکاریتان لەخۆتان نیشان داوە.
هەرلەوکاتەدا کە شانازی بەخەبات و تیکۆشان وسووربوون و خۆڕاگریتان دەکەم ، لەهەمان کاتیشدا پێویستە زیاتر سەرنج بدەینە رابردووی خەباتمان کە گەلی کورد شانازیی پێوە دەکا و بۆتە چرای رێگای تێکؤشانمان. ئەمڕۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە دڵێکی پڕ لە خوشی وشادی رێز لە فیداکاری وخۆبەخشین، گەورەیی و جوامێریی پێشمەرگە دەگرن کە من وتۆش لەوە بێبەش نین. هەر بەرزی و پیرۆزی نازناوی پێشمەرگە بێ، کە تۆش پێشمەرگەی.
بە بۆنەی ۲٦ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی کوردستان و رۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان پڕ بە دڵ پیرۆزبایی لە ئێوەی خۆشەویست و بنەماڵەی بەرێزتان دەکەم کە ساڵانێکی زۆر لە تەمەنتان وەک پێشمەرگە تەرخانی خزمەت بە گەل و نیشتمان و حیزبی دێموکرات کرد. هەر بۆیەش بە ئەرکی سەر شانی خۆم زانی وەک هاورێیەکی ڕۆژەکانی خەباتی شاخ پیرۆزبایی من قەبووڵ بکەن و پیرۆزباییتان لێبکەم و بڵێم : پیرۆزە و هەر بژین بە سەربەرزی.
برایم چووکەڵی ٢٦ی سەرماوەزی ١٣٩٩