"an independent online kurdish website

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییی ٣٤ چرکەییدا، گەنجێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “بێهزاد (محەممەد) مەحموودی” کە چەند ساڵە لە هیچی خۆڕایی لەگەڵ کۆمەڵێک کێشە و گرفت دەستەویەخە، کە دەکرا بەشێکی زۆر لە پێداویستییە مرۆڤییەکانی بۆ چارەسەر کرابا،

 هەم بە ڕێگەی ئەو دامەزراوەیەی کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، هەمیش حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو بوارەدا هاوکار بوایە، بەڵام بێدەرەتانی وای لێ کرد، لەبەر چاوی چەند “ڕۆژنامەوان”ی بێئەزموون و نەخوێندەوار خۆی بسووتێنێت.

گەنجەکە، بەنزین و چەخماخی بەدەستەوەیە و پلانی خۆسووتاندنی هەیە، ئەو چەند “ڕۆژنامەوان”ەی کە سەر بە چەند کەناڵی ڕاگەیاندنن، ئەو دیمەنە دەبینن و زۆر باشیش ئاگاداری پلانی ئەو گەنجەن، ڕێک لەبەر چاوی ئەوان خۆی دەسووتێنێت و ئەوانیش دیمەنەکە دەگوازنەوە!

دەکرێت لێکدانەوەی پێچەوانەیش بۆ ئەو ڕووداوە بکرێت، کە ڕۆژنامەوانەکان بە گەنجەکە بڵێن تۆ خۆت بسووتێنە و ئێمەیش دیمەنەکەت بۆ بڵاو دەکەینەوە!

لە بری ئەوەی ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستان بەدواداچوون بۆ کێشەی ئەو گەنجە و دەیان و سەدان گەنجی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن و ڕاپۆرتی مەیدانی و تەنانەت گەندەڵی، کەمتەرخەمی و پۆخڵەواتی بەشی ئیدارەی پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەقاو بدەن تا دیمەنی ڕاستەقینەی ژیانی تاڵ و گرفتی ئەو چەشنە گەنجانە پیشانی دەوروبەر و جیهان بدەن، بەڵام لەبەر بێئەزموونی و نەخوێندەواری وا گۆش و میقات کراون بچن تەنیا ڕاپۆرت ئامادە بکەن، ئەوانیش ڕێک بە دوای ڕاپۆرتێکدا دەگەڕێن کە تێچووی کەم بێت. دیمەنە دڵتەزێنەکە وا پیشان دەدات کە “ڕۆژنامەوان”ەکان بە هۆی ئەوەی کە مایکرۆفۆنبەدەستن، بەڵام بێدەنگییان هەڵبژاردووە، چاوەڕوانی ئەوەن کە کەی “فیلم”ەکە دەست پێ دەکات تا ڕووداوەکە بگوێزنەوە!؟

ئامرازی ڕاگەیاندنی گشتی کە بوو بە “تابلۆی ئاگادارییەکان” (تابلوی اعلانات) یان هزری instrumentalism کەرەسەگەرایی/ بەکەرەسەکردنی ڕاگەیاندن) ببێتە ستراتیژیی کاری ڕاگەیاندن، شوێنێک بۆ ئەخلاق، متمانە و بەرپرسیارێتی ناهێڵێتەوە، چونکە ئەوان تەنیا بە دوای لایک، ڕاوکردنی بینەر، خوێنەر و گوێگردا دەگەڕێن. ئەو چەشنە هزرە سەبارەت بە ڕاگەیاندن، دوژمنی زانیاری و هاووڵاتیانە. من تا ئێستا باس و گفتوگۆیەکی جددی و چەندکاتژمێرەم لە تەلەڤزیۆنەکانی هەرێمی کوردستان نەبینیوە سەبارەت بە دۆخی ژیانی ڕۆژهەڵاتییەکان کە هەندێک لەوان زیاتر لە بیست یان سی ساڵە لە هەرێمی کوردستاندا دەژین!

هیوادارم خۆسووتاندنی گەنجەکەی ڕۆژهەڵاتی وڵات، “کارتێکەریی پێچەوانەی ئەرێنی” (نەک تۆڵەکردنەوە یان بەرتەسککردنەوەی کاری ڕاگەیاندن) لەسەر ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستان بە گشتییانەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیی وڵات هەبێت و، لەوە بەدواوە دۆسیەی ڕۆژهەڵاتییەکان بە جددی وەربگیرێت، هەروەها پێداچوونەیەکی گشتییش بە کاری ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستاندا بکرێت*، چونکە بێئەزموونی، زمانشڕیی، بوار خۆشکردن بۆ دنەی گرووپ و حزبی سیاسی دژ بە یەکتر، هەروەها کاتێکەریی لە ڕاددەبەدەر نەرێنی کەناڵی ئەلجەزیر* لە گواستنەوەی ڕاپۆرت بە سەر ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستاندا و، لە سەرووی هەمووانەوە یەخەی ئەو کەناڵانەی ڕاگەیاندن بگرن کە ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەیان گواستەوە یان بە چەشنک بەشدار بوون!

  • کارتێکەریی ئەلجەزیرە ئەوەندە زۆرە تەنانەت بەشێک لە بێژەرەکان لە هەرێمی کوردستان لە کاتی خوێندنەوەی هەواڵدا، ڕێک وەکوو بێژەرەکانی ئەلجەزیرە دادەنیشن.
  • بەشێکی زۆر لە بێژەر و پەیامنێری ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕاددەبەدەر گەنجن و بێئەزموونییش بە کاریانەوە دیارە. بێژەری تەلەڤزیۆن هەیە کە هەواڵی هەڵبژاردن بڵاو دەکاتەوە، بەڵام نازانێت جیاوازی لە نێوان “پاڵێوراو” (کاندید) یان “نوێنەر”دا هەیە و …! بەداخەوە ئەو گوریسە سەری زۆر درێژە!

سەررچاوە:  فەیسبووکی نووسەر

***

بابەتی پەیوەندی دار

کوردستان مێدیا

ڕێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕ دوو پەنابەری سیاسیی کورد بە ناوەکانی “بێهزاد (محەممەد) مەحموودی” خەڵکی بۆکان و “فەردین گرامی” خەڵكی نەغەدە لەبەردەم دەفتەری نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر مانیان گرتبوو.

لەو مانگرتنەدا “بێهزاد مەحموودی” بەهۆی ئەوەیکە وڵامی داواکارییەکانی لەلایەن ئەو ڕێکخراوەیە نەدرابوویەوە، ئاگری لەخۆی بەردا.

ئەو دوو پەنابەرە سیاسییە لەبەردەم دەفتەری نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر بەهۆی ئەوەیکە وڵامی داواکارییەکانیان نەدرابوویەوە، دەستیان دابووە مانگرتن و بە هەواڵنێرانیان وتبوو وڵامیان نەدراوەتەوە.

“بێهزاد” دوای ئەوەیکە ئاگر لەخۆی بەردەدات تووشی سووتاوی بە ڕێژەی ٩٠ لەسەد دەبێت و بۆ نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسیی هەولێر ڕادەگوازرێت.

دۆخی جەستەیی ناوبراو نالەبار ڕاگەیەندراوە.

“بێهزاد مەحموودی و فەردین گرامی” ئەندامی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانن.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی