"an independent online kurdish website

خوێنەری بەرێز ئەو گرتە ڤیدۆیە لە ڕوژی 2014/7/11 لە ساڵڕۆژی تیرۆر و شەهید کردنی دوکتور قاسملوو لە شاری ستۆکهۆڵم لە لایەن کاک سالح نەلوسی یەوە گیراوە،

کە هەزاران کەس لە وڵاتانی سکاندیناڤیا لەو متینگەدا بەشدار بوون. پێشتر ئەو ڤیدۆیە بەڵاوکراوەتەوە و بەڵام ئەوانەی کە زمانی سوئێدی نازانن، نەیانتوانیوە لە قسەکانی مینا خانم حالی بن و هەر بۆیە بە پێویستم زانی بەبۆنەی 22ی پووشپەر، 32 هەمین ساڵڕۆژی شەهیدانی ڤییەن، وەک وەفایەک قسەکانی خاتوو مینا قاسملوو لە زمانی سوئێدییەوە وەرگێرمە سەر زمانی کوردی و هیوادارم کە جێگای رەزامەندی ئێوە ئازیزان و خوێنەران بێت.

لینکی ڤیدیۆی مینا خانم لە فەیسبووک

دست خۆشی لە کاک سالح نەلوسی دەکەم و لینکی هەموو  فیلمی ئەو متینگە دادەنم و دەتوانن بیبێنن.

قسەکانی مینا خانم لە دەقەی 30 دایە 

https://m.youtube.com/watch?v=YYfAAxEzXr8&feature=share

لە گەڵ رێز

عەزیز مورادپەرەست.

مینا قاسملوو

ئەمڕۆ تەئسیری لێکردم، و فکر دەکەمەوە کە ڕۆژێکی جوانە، ئەوە جوان و خۆشە کە هەموو توانیوانە بێنە دەرێ، ئەوە ڕۆژێکی پشوویە، بەڵام دیتنی ئەو خەڵکە کە هاتوونەتە ئێرە سەرنج راکێشە، لەوەش سەرنج راکێشتر ئەوەیە کە ئێستاش خەڵک پەیام و بۆچوونەکانی ئەو (دوکتور قاسملوو) دەگوازنەوە، بیر و پەیامەکانی ئەو زیندوون، و کەواتە ئەویش زیندوویە و دەژیت، بۆ من شانازییە کە کچی ئەوم، هیوادارم  ئێستاش ئەوە لە بیرنەکەین کە ئەوەی ئەو دەیویست بۆ خەڵکی دیکە و نەسلەکانی داهاتوو وەک دیاری بێنێت.

 چەندە خۆش بوو کە کچێکی 15 ساڵە هاتە پێش و ووتی ئەو ئۆلگۆی ئەوە، ئەوە بەو مانایەیە کە ئەو دەژیت و لە ژیاندایە، هیوادارم کە ئەو کار و بیرکردنەوانە درێژەیان هەبێت.

 پ: دەتهەوێت چ بەو خەڵکەی کە ئێستا لێرەن بڵێی؟

 مینا قاسملوو:

دەمهەوێت سوپاسیان بکەم، سوپاسیان بکەم نەک تەنیا لە بەر ئەوە کە من کچی ئەوم، بەلکوو وەک ئینسانێک، چوونکە ئەو کارانە زۆر زۆر گرینگن بۆ خەڵکی کوردستان.

ئەو زۆر کەم لە ماڵەوە بوو، لەوانەیە بۆ دایکم کارێکی زۆر ئاسان نەبۆبێت، بەڵام ئەوکاتانەی کە ئەو لە ماڵ بوو، ئێمە پێکەوە بووین زۆر خۆش بوو و جێژمان لە هەبوونی ئەو وەردەگرت و هەبوونی ئەو لە ماڵەوە پر بایەخ بوو بۆ ئێمە، ئەو شاد و بە کەیف بوو، زۆر باش خوێندبوو و مرۆڤ زۆر شت لە ئەوەوە فێردەبوو، من ئەو شەوە درێژانە دێنەوە بیرم کە هەولی دەدا فێری بیرکارم بکات و  فێریشی کردم و ئێستا ئەوەی من دەیکەم هەمان ئەوە کە ئەو فێری کردووم.

ئەو زۆر جار لە ماڵ نەبوو، بەڵام هەر وەک باسمکرد ئەو کاتانەی کە ئەو لەماڵەوە بوو و پێکەوە بووین پر بایەخ بوون بۆ ئێمە و  هەر بۆیە نەبوونی ئەو لە ماڵەوە زۆر هەستمان پێ نەدەکرد، بەڵام لە لایەکی دیکەوە ئەگەر تەماشا بکەین ئەو هاوکاری ملیونان مرۆڤی دەکرد، من پێم وایە هەموو ئەو شتانەی ئەو کردی زور باش بوون، لەماڵەوە لە سیاسەت و لە رێگای مرۆڤایەتی دا و هەموو بوارێکدا.

 پ: لەکۆتایدا دەتهەوێت چ قسەیەک بکە؟

مینا قاسملوو:

من بیری ئەو ( دوکتور قاسملوو) دەکەم.

وەرگێر: عەزیز مورادپەرەست

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی