"an independent online kurdish website

بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە ئەمڕۆ ڕێکەوتی ٧.٨.٢٠٢١ هەواڵی دڵتەزێنی کۆچی دوایی کاک قادر ڕەسوولیانمان پێ گەیشت،

کاک قادر ڕەسووڵیان یەکێک لەو کادرە تێکۆشەرانەی حیزبی دیموکرات بوو کە هەر لە سەرەتای دەست پێ کردنی بەربەرەکانی خەڵکی کوردستان دژ بە کۆماری پەت و سێ دارە و پاش فەرمانی جیهادی خومەینی جینایەتکار دژ بە خەڵکی کوردستان تێکەڵ بە کاروانی خەباتگێڕانی کورد و پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات و ڕێبازی دیموکرات  بوو و تا دوایین هەناسەکانی ژیانیشی وەفادار بەو ڕێبازە مایەوە. کاک قادر ڕەسووڵیان یەکێکیش بوو لەو کادیرانەی حیزب کە لە ساڵی ١٩٨١ و پاش هەوڵی شێلگیرانەی دوکتور قاسملووی نەمر بۆ گرتنی بوورسی خوێندن لە وڵاتانی دەرەوە  هاوڕی لە گەل نۆ کەس لە کادر و پێشمەرگەکان بۆ درێژە دان بە خوێندن ناردرایە وڵاتی ئوتریش و لە وڵاتی ئوتریش خوێندنی لە بواری زانستی سیاسیدا تا ڕادەی فەوقی لیسانس درێژە پێ دا. کاک قادر مرۆڤێکی ئارام ، لە سەرەخۆ، هەڵس و کەوت چاک و بە بیر و باوەڕ بوو ، خۆشەویستی هاوڕێیانی بوو ولە دەرەوەی وڵاتیش یەکێک لەوخوێندکار و کادرە تێکۆشەرانە بووکە بەرانبەر بە حیزبی دیموکرات  بە ئەمەگ مایەوە و تا ئەو کاتەی کە تووشی نەخۆشیەکی چارەسەر نەکراو بوو زۆر تێکۆشەرانە ئەرکی حیزبی خۆی بە جێ دەگەیاند و بەردەوام ئامادەی وەرگرتنی بەرپرسیارەتی و بەڕێ کردنی ئەرکەکانی سەرشانی بوو. بە داخێکی گرانەوە کاک قادر لەم ساڵانەی کۆتایی ژیانیدا نەخۆشی بڕستی لێ بڕێ و بە داخەوە ئەمڕۆ ٧.٨.٢٠٢١ لە یەکێک لە خەستەخانەکانی شاری ویەندا و بە هەزاران کیلومەتر دوور لە شارە جوانەکەی شنو و نیشتمانی خۆشەویستمان کوردستان  و دوور لە کەس و کار و هاوسەنگەرانی بۆ یەکجاری ماڵ ئاوایی لە هاوسەنگەرانی و گەل و نیشتمان کرد. بە ناوی هەموو ئەندامانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە وڵاتی ئوتریش سەرەخۆشی لە کەس و کاری کاک قادر و هاوسەنگەرانی ئەکەین و خۆمان لە خەمی لە دەست دانی کاک قادردا بە شەریک و هاوبەش دەزانین ، ڕۆحی کاک قادر شاد و یادی بە خێر بێت

 بە داخەوە ئەمڕۆ هەروەها هەواڵی تیرۆری کاک مووسا باباخانیمان لە لایەن تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامیەوە پێ گەیشت . بە بیستنی هەوالی تیرۆری کاک مووسا گەلێک داخدار بووین . بە ناوی ئەندام و لایەنگرانی حیزب لە وڵاتی ئوتریش سەرەڕای شەرمەزارکردنی کردەوەی قیزەونانەی چڵکاو خۆرانی کۆماری ئیسلامی ، سەرەخۆشی لە کەس و کاری کاک مووسا باباخانی و هاوسەنگەرانی ئەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین. ڕۆحی شاد بێت و یادی بە خێر

بڕووخی کۆماری پەت و سێدارە

شاد بێت یادی هەموو شەهیدانی گەل و نیشتمان

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کومیتەی ئوتریش

***

ئێمە وەک بەڕێوەبەرانی سایتی پێشمەرگەکان، سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەی کاک قادر و  کاک موسا و سەرجەم هاوڕێ و دۆستانی دەکەین و روحی کاک قادر خۆش بێ.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی