"an independent online kurdish website

بەڕێوەبەری شەرعیی كشتوكاڵی كەركووك: 239 گرێبەستی كشتوكاڵی بۆ عەرەبە هاوردەكان نوێ كراوەتەوە

كێشەی داگیركردنی زەویی كشتوكاڵیی جووتیارانی كورد لە سنووری پارێزگای كەركووك لەلایەن عەرەبە هاوردەكانەوە درێژەی هەیە و چالاكوانێك دەڵێت، بەپێی بەدواداچوونەكانمان تا ئێستا 40 هەزار دۆنم زەویی كورد لەلایەن عەرەبە هاوردەكانەوە داگیر كراوە و كار بۆ داگیركردنی زەویی زیاتر دەكەن و بەڕێوەبەری شەرعیی كشتوكاڵی كەركووكیش ئەوە دەخاتە ڕوو كە 239 گرێبەستی كشتوكاڵی بۆ عەرەبە هاردەكان نوێ كراوەتەوە.

لەم بارەیەوە، ئەمڕۆ دووشەممە 27/12/2021، ئەدهەم جومعە، چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “دیارە لە دوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە بۆ بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر پرسی تەعریبی كەركووك زۆر كارمان كردووە لەگەڵ جووتیارەكانی سنووری دوبز و داقووق و لەیلان و شوێنەكانی تر و بە هەموو پێوەرەکان بۆمان ڕوون بووەتەوە كە ئەو عەرەبە هاوردانەی گرێبەستی كشتوكاڵییان بۆ نوێ كراوەتەوە دەستیان بەسەر 40 هەزار دۆنم زەویی كشتوكاڵیی جووتیارانی كورددا گرتووە و ئەو 40 هەزار دۆنم زەوییە بە كردار لە كورد سەندراوە و زۆر زەویی دیكەی كشتوكاڵییش هێشتا كێشەیان لەسەرە”.

ئەو چالاکوانە گوتیشی: ”ئێستا وای لێ هاتووە کە دادگاكان گرێبەستی كشتوكاڵی بۆ عەرەبە هاوردەكان نوێ دەكەنەوە، بەڵام بۆ كوردی نوێ ناكەنەوە و ئەوەی كە دەكرێت دادگا دەیكات و بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵ جێبەجێ دەكات، ئینجا ئەو زەوییانەی كە لە كورد سەندراون تاپۆی ڕەشیان هەیە و لە سەردەمی بەعسدا حكوومەت ئەو زەوییانەی وەرگرتووە و دابەشی سەر هەندێ وەزارەتی كردووە و وەزارەتەكان بە گرێبەستی كشتوكاڵی داویانە بە جووتیارانی عەرەبی هاوردە و ئێستاش هێزە ئەمنییەكان پاڵپشتیی عەرەبە هاوردەكان دەكەن و گرێبەستی زەوییە كشتوكاڵییەكانی سەردەمی بەعسیان بۆ نوێ دەكەنەوە.

ئەدهەم جومعە ڕاشیگەیاند: لە پارێزگای كەركووك كار گەیشتووەتە سەر ئەوەی بە نموونە دوێنێ لە ناوچەی خەرابەڕووتەی سنووری دوبز، جووتیارانی كورد كە گەنمەشامییەكی زۆریان چاندووە و ئێستا كاتی دوورینەوەی گەنمەشامییەکەیانە، عەرەبە هاوردەكان ویستوویانە خۆیان بیدوورنەوە و دەڵێن ئیلا ئێمە دەیدوورینەوە و دەیبەین، لە كاتێكدا جووتیارانی كورد خۆیان چاندوویانە، ئیتر بووەتە كێشە و پاشان حەشدی شەعبی و سوپا دەستێوەردانیان كردووە، ئەمە كەس نایزانێت و لە ڕاگەیاندنەكانەوە كەس باسی نەكردووە.

لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ دووشەممە 27/12/2021، مەهدی كاكەیی، بەڕێوەبەری شەرعیی كشتوكاڵی كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: “بە شێوەی فەرمی لە كشتوكاڵی كەركووك وەرمگرتووە کە لە سنووری قەزای داقووق 145 گرێبەستی كشتوكاڵی و لە سنووری لەیلان 67 گرێبەستی زەویی كشتوكاڵی و لە سنووری دوبز 27 گرێبەستی كشتوكاڵی بۆ عەرەبە هاوردەکان نوێ كراوەتەوە و وەك گوتم ئەو ئامارانە فەرمین و ئەمانە بەشێكیان لە ڕێگەی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراقەوە بووە و بەشێكیشان لە دادگاكانەوە بووە، بەڵام هەر لە سنوورەكانی داقووق و لەیلان و سەرگەڕان و یایچی و شوێنەكانی تر سكاڵا بەردەوامە بۆ ئەوەی زەویی تر بدرێتەوە عەرەبەكان و بەشی زۆریان هێشتا سكاڵاكانیان یەكلا نەبووەتەوە”.

بەڕێوەبەری شەرعیی كشتوكاڵی كەركووك گوتیشی: بۆ هەر گرێبەستێكی كشتوكاڵی، گرێبەست هەیە 50 دۆنم، یاخود 100 دۆنم، یان 400 دۆنم زەوییە، ئیتر ئاوەهایە كە ئێستا وەریان گرتووەتەوە.

لە دوای خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ـوە کە حەشدی شەعبی كەركووكیان داگیر كرد تا ئێستا جگە لە خراپیی دۆخی ئەمنیی كەركووك، تەعریب و داگیركردنی زەویوزاری كشتوكاڵیی كورد درێژەی هەیە.

سەرچاوە:  باس نیوز

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی