"an independent online kurdish website

دەسەڵاتی داگیرکەر بۆ مسۆگەرکردنی مانەوە و بەردەوامیی خۆی لە ڕێگەی دەزگای پڕوپاگەندە و کوشتوبڕ و چاوسوورکردنەوە لە کۆمەڵانی خەڵک هەوڵ ئەدات لە نێو بیروزەینی تاک‌بەتاکی جڤاکی ژێردەستدا دوو باوەڕی ناڕاست کە لە خزمەتی بەردەوامبوونی ژیان لە دۆخی هەنووکەییدایە هەڵبکۆڵێت کە بریتین لە:

یەکەم؛ لەشکاننەهاتوویی و هەتاهەتایی‌بوونی دەسەڵاتی داگیرکەر.

دووهەم؛ بەرهەمهێنانی بێهیوایی و هەست کردن بە بێ هێزی و لاوازی لە نێو گەلانی ژێر دەست و کۆلۆنی کراو سەپاندنی ئەو باوەڕە کە چارەنووسی ژێردەستەکان لە چنگی دەسەڵاتدایە و گەلی ژێر دەس و ماف پێشێلکراوان لە هەڤبەر داگیرکەردا و گۆڕینی چارەنووسی خۆیاندا هیچ توانایەکیان نییە.

بە کورتی سەپاندنی وێنەیەک کە بەهێزی خۆی و لاوازی دژبەران پیشان ئەدات و ئاکامی وەها بیرکردنەوەیەکیش قەبووڵکردنی قەدەری کۆیلەبوونە یان لە باشترین دۆخدا چاوەڕوانییە کە هێزێکی دەرەکی لەم ژێردەستییە ڕزگارمان بکات.

لەم پێناوەدا قسەکانی وەک “دەسەڵات بە ئێمە ناڕوخێت”، “مەلا هیچکات دەسبەرداری حکومەتەکەی نابێت” و “بە کورد هیچ ناکرێت” و… نموونەی ئەو بیرۆکانەن کە دەسەڵات بەم مەبەستە لە نێو خەڵکدا برەوی پێدوان.

هەر دوو بیرۆکەکە لە جەوهەری خۆیاندا لە نێو جەغزێکدا دەسوڕێنەوە کە دۆخەکە ئاڵوگۆڕی قووڵی تێدا پێک نایەت و هەوڵدان لە پێناوی ڕزگاریدا بە سەرنجدان بە هێزی دوو لایەن کارێکی بێ ئاکامە و کۆتاییەکەی شکستی ژێردەستان و سەرکەوتنی زیاتری دەسەڵاتە.

لە مێژووی نوێی ئێمەدا برەودان بەم بیرۆکانە لە دوو وێستگەدا زۆر زەق دەبنەوە کە بە کورتی لەم نووسراوەدا باسیان دەکەین.

یەکەم؛ پاش کۆماری جوانەمەرگی کوردستان و کودتای ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٣٢ دەسەڵاتی پاڵەوی خۆی وەک هێزی یەکەمی ناوچە و لەنەشکاننەهاتوو پێناسە دەکرد و دەگمەن بوون ئەو کەسانەی پێیان وابوو دەکرێ حەمەڕەزاشا ناچار بە هەڵهاتن لە ئێران بکرێ بەڵام شۆڕش و گیانفیدایی شۆڕشگێڕانی ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ و لێدانی چەخماخەی ئاگری شۆڕش زاڵبوون بوو بەسەر ئەو دوو بیرۆکەدا و جووڵانەوەکە لە پلەی یەکەمدا گەڕانەوەی هیوا بوو بۆ ناو جڤاک و پاشان شۆڕشگێڕانی حیزبی دێموکرات بە شڵەقاندنی گۆمی مەندی ژاندارمی ناوچە و بە بوێری و گیانفیدایی خۆیان سەلماندیان کە ئەگەر ئیرادە هەبێت، ڕێگەی دەربازبوون لە ژێردەستیش دەگاتە مەنزڵگەی خۆی و بوونە ئەو مەشخەڵەی کە ١٠ ساڵ دواتر گڕیان لە تەخت و بەختی دەسەڵاتی گەندەڵی پاڵەوی بەردا و بۆ هەمیشە بە زبڵدانی مێژوویان سپارد.

دووهەم؛ یەکێکی دیکە لەو قوناغانەی کە دەسەڵاتی تاران بانگەشەی دوو بیرۆکەی ئاماژەپێکراوی گەیاندە لووتکە، قۆناغی پاش سڕکردنی شەڕی چەکداری و نیشتەجێ‌بوونی هێزە شۆڕشگێڕەکانی خۆرهەڵاتە لە باشوری کوردستان کە دەتوانین دەسپێکی ئەم قۆناغە لە پاش ساڵی ١٣٧٥وە دیاری بکەین.

دەکرێ ڕاگەیاندنی ڕاسان وەک دژکردەوەی گەلی ئێمە پێناسە بکرێت لەهەمبەر ئیستراتێژی داگیرکەر لەم پەیوەندییەدا و بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە تەنیا ئاماژە بە بەڕێوەچوونی دەورەیەکی سیاسی نیزامی بۆ بەشێک لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕۆژی ٢١ خاکەلێوەی ١٤٠١دا و بەشداری سەدان پێشمەرگەی لاو لەم دەورەیەدا دەکەین.

 وەک لە وێنە و فیلمەکاندا دیارە زۆربەی نزیک بە تەواوی ئەم هێزە لەدایکبووی سەردەمی پاش ڕاگرتنی خەباتی چەکدارین لە کوردستاندا یانی ئەو سەردەمەی کە کۆماری ئیسلامی بە هەموو توانایەوە هەوڵی دا کە بەهێزبوون و لەشکاننەهاتوویی خۆی و لە هەمانکاتدا بێ‌هێزی دژبەرانی وەک حەقێقەتێکی نەگۆڕ بسەپێنێت، بەڵام ئامادەبوونی هێزێکی ئاوەها مەزن و ئەو هیوایەی لە چاویاندا بە ڕوونی دەبینرا لەلایەک پیشاندەری هێزی باوەڕبەخۆبوون و لەلایەکیشەوە هیوایە بە سەرکەوتن لە بەرانبەر داگیرکەردا.

هاتنی پۆل‌پۆل کچان و کوڕانی نیشتمان لە سەرانسەری زاگڕۆسەوە و پەیوەستبوونیان بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ کە لاوان لەهەمبەر ئەو چەواشەکارییەدا ڕاوەستاونەتەوە و بەپێچەوانەی خواستی داگیرکەر بەو باوەڕە گەیشتوون کە دەتوانن و دەکرێ وڵات لە دۆخی کۆلۆنیالیزم ڕزگار بکەن و دەسەڵاتی داگیرکەر بەچۆکدا بێنن.

 بەشداری لاوانی وڵات لە بزوتنەوەی ڕاساندا، بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە، لە شاخ و شار و گوندەکان و بە پانتایی گشت زاگڕۆسی کۆلۆنیکراو گێڕانەوەی ئەو هیوایە بۆ دڵی خەڵکەکەمان کە داگیرکەر درەنگ یان زوو ناچار دەکەین بە سەرشۆڕییەوە نیشتمانمان جی بهێڵێت.

لەلایەکی دیکەوە گوشارهێنان بۆ دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گوشارهێنان بۆ ڕێبەرایەتی بزووتنەوەی کوردستان و تۆپباران و موشەکباران و کەڵکوەرگرتن لە پێشکەوتووترین چەکەکانیان بۆ هێرش بۆ سەر مەتەرێزی پێشمەرگەی کوردستان و لە هەمەنکاتدا هەڕەشەی بەردەوامی فەرماندە تێرۆریستییەکانی سپای پاسداران نیشاندەری ئەو ڕاستییەن کە ئێستا ئیتر ئەوە دەسەڵاتە بە هەموو جمگەکانییەوە گومانی لە مانەوەی خۆی لە لا دروست بووە.

 وەک لەم ڕێوڕەسمەدا بە ئاشکراش ڕاگەیەندرا، ڕۆژاوا بە شوێن قازانجی ئابووری خۆیەوەیە و ئەم وتەیەش لە ڕێوڕەسمێکی لەم چەشنەدا بە دۆست و دوژمن دەسەلمێنێ کە ڕاسانیان نە چاوەڕوانی هیچ لایەن و گروپێکن وڵاتەکەیان بۆ ڕزگار بکات و نە دەستەوەستانیش لە بەرانبەر داگیرکەردا دەمێننەوە و پشتبەستوو بە هێز و ئیرادەی خەڵک و پێشمەرگە سەروەری بۆ خاک و وڵات لە داهاتوویەکی نەک زۆر دووریشدا دەستەبەر دەکەن.

سەرچاوە: ڕاســــانی شــــاخ و شــــار

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی