"an independent online kurdish website

سەفەرە و دیسان سەفەر

ئەمجارە لەسەر تاڵی موژگانی برۆ ڕاکشاوەکانت سەفەرێک دەکەم بەرەو چیخی تەنیاییم

سەفەرێک پڕاوپڕ لە هەنیسک و تەماویتر لە وەرزی باران و شێدارتر لە ئەشکەوتەکانی خواکورک و چڕتر لە دارستانی لۆڵان!

ساردتر لە قەندیل و بێ بەخت تر لە کوردی کڵۆڵ و ناتەبا و خولیا

ئەوەندە گەڕام لەسەر پەلکی هەموو دار بەڕوویەک و گوڵ و چیمەن و هەموو هەورێکی ئەو نیشتمانە

ئەوەندە گەڕۆڵ بەدوای جوانی و دیمەنی سرووشتێکی شێت و بیرەوەرییەکانی دەم کانیم

ئەوەندە پاڕک و مەوزە و وێڵا و تاوەری بەرزی وڵاتان، ئەو کۆشکە هارانەی ئێستاش نەقە و قیژەی کۆیلەکان دەمهاڕێنێ

باڵاخانە شووشەیی و پردی هەڵاوەسراو و چراغانی شەقام

خەڵکی ڕووتی سەر لمی دەریا و هەموو جوانییەکانی ڕواڵەتی هەمووی سەفەرێک بوو بە هەویای ئەو یادگاریانەی لە بێشکەوە هەتا تاراڤگە بەدوای دا دەگەڕام

ئەوە سەفەرە بڵێسەیەک لە خولیاکانم، سەفەرە و ئاواتی کەشێک، خاکێک دنیایەک بۆ ڕاکێشانی هەستی غەوارەم لەو سەفەرانەدا

کاتێک لەمپەڕێکی قەڵغان لە کاولێکی بۆگەن، بیرێکی تەسک و کەون وەک فریزوو دایکوتاوە و ڕۆچووەتە هەناو و مێشکی ئەوانەی کایە بە ژیان دەکەن، ئەوانەی ڕقیان لە بزە و بەزە و جوانی و چاوە کەسکەکانی تۆیە، ئەوانەی وەک مرۆڤ خۆ دەنوێنن و گەمە بە من و تۆ و هەموو ئاواتەکانمان دەکەن و بە نەعلی هەزاران ساڵی کۆن وەناو دەکەون و کانیاو دەشوێنن، وەک شەوە دێنە سەر سەرینی کۆرپە و وەک قەل دەقێڕێنن و بەوێنەی پەرژین دەوری ژین دەدەن و هەناسم دەبڕن

ئەو سەفەرەم ڕێگای نییە و دیمەنی قەڵاغ و دەوە و دەشتی و سەرگوێلکە و هەتا ئاشی حەوداڵ لەسەر چیمەنەکانی زناوم لێ دەشارنەوە

هەموو بەیانیان بەکاتی کازێوە خۆم وێکدێنم لە سەفەرێکی خەیاڵی بەرەو ئەو هەوارانەی جێ ژوانی مناڵیم بوون و هەموو ئەو ئێوارانەی لەسەر تاتەبەردێکی زەرد چاوەڕێی دوامین تیشکەکانی خۆرم دەکرد هەتا بێتە سەرکانی و دەنگی مورو و خڕخاڵ و بازنەی شووشەی دەستێکی خڕوخۆڵ بە حەسرەت یەک نیگا قەتیس دەما لەهەناوی هەموو جوانییەکانی زێدی خۆشەویستم

سەلیم حەقیقی

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی