بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی چوارشەممە، ٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، سەرەڕای جێگیربوون و بڵاوەپێکرانی ژمارەیەکی زۆری هێزە حکومەتییەکان لە شاری سنە، لە زۆربەی گەڕەکەکانی ئەو شارە، خەڵکی ناڕازی کۆ بووبوونەوە و هێزەکانی حکومەت ڕاستەوخۆ خەڵکیان داوەتە بە دەستڕێژ.
بەوتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، لە گەڕەکی کەمەربەندی ٢٥ لانی کەم دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی محەممەد شەریعەتی تەمەن ٢١ ساڵ و کەیوان دەروێشی تەمەن ١٨ ساڵ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەو هێزانە گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها، لە گەڕەکی نایسەری سنە، کەسێک بە ناوی محەممەد لوتفولڵاهی بە تەقەی ڕستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان گیانی لەدەستداوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی هەنگاو، تەرمی ئەو سێ لاوە لە شەودا و لە ژێر گوشاری توندی هێزە ئەمنییەکان بەبێ بەڕێوەچوونی هیچ ڕێوڕەسمێک بە خاک سپێردراون.
ناوەندە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو سێ هاووڵاتییە کردووە، کە بە هیچ شێوەیەک مافی میدیایی کردنەوەی هەواڵی کوژرانی کوڕەکانیان نییە.
هەنگاو: پێنجشەممە ٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢
****
هەنگاو: پێنجشەممە، ٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢
لە خۆپیشاندانەکانی شەوی ڕابردووی شاری قەسری شیرین سەر بە پارێزگای کرماشان، کە بۆ یەکەمجار پەیوەست بوون بە ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان، لاوێکی تەمەن ٢٨ ساڵ بە ناوی ئەفشین ئاشام بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومییەکان گیانی لەدەستدا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی چوارشەممە، ٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە ڕاپەڕینی خەڵکی شاری قەسری شیرین، هێزەکانی حکومەت، دەستڕێژییان لە خەڵک کردووە و لە ئەنجامدا هاووڵاتییەک بە ناوی ئەفشین ئاشام گیانی لەدەستداوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی سوپای نەبی ئەکرەمی کرماشان تەرمی ئەفشین ئاشامیان دزیوە و هەتا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەیان نەکردووەتەوە.
شیاوی ئاماژە پێدانە، کە ئەفشین ئاشام خەڵکی گوندی سورخەکی سنجاوی و دانیشتوو گەڕەکی پالیاوای قەسری شیرین بووە.