"an independent online kurdish website

لە ڕێکەوتی ١٨/١١/٢٠٢٢ لە کاتژمێر ١٢ و نیو لە هۆڵی کۆبونەوە تایبەتیەکانی پارلمانی ئوتریش، کۆبونەوەیەک بۆ نوێنەری هێز و لایەنە سیاسیەکانی ئێرانی و هەروەها نوێنەرایەتی  ڕیکخراو،  ناوەند و پێکهاتانەی کە لە بەڕیوەبردنی خۆپێشاندانەکانی وڵاتی ئوتریش بە دژی کۆماری ئیسلام بەشدارن گیرا.

لە لایەن پارلمانی ئوتریشەوە ئەو بەڕیزانە بەشداری ئەو دانیشتنە بوون.

دۆکتۆر ڕاینهارد لۆپاتکا ئەندام پاڕلمان بۆ کاروباری دەرەوە لە سەر لیستی حیزبی دیمۆکرات مەسیح

مارتین ئێنگلبێرگ ئەندام پارلمان بۆ کارباری بوژانەوەی نێونەتەوەی لە سەر لیستی حیزبی دیمۆکرات مەسیح

دۆکتۆر گودرون کۆگلەر ئەندام پارلمان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لە سەر لیستی حیزبی دیمۆکرات مەسیح

ئێفا ماریا ‌هۆلتزلایتنەر ئەندام پارلمان بۆ کاروباری ژنان لە سەر لیستی حیزبی سوسیال دیمۆکرات

دوکتۆر ئێڤا ئێرنست جیجیج ئەندام پارلمان بۆ کاروباری دەرەوە و مافی مرۆڤ لە سەر لیستی حیزبی سەوز

دوکتۆر هێلموت براندشتێتەر ئەندام پارلمان بۆ کاروباری دەرەوە لە سەر لیستی حیزبی لیبرال دیمۆکرات

پێویستە بگوترێ، کە ئەم بەرنامەیە لە دووبەش بوو، بەشی یەکەمی بەرنامەکە، وەرگرتنی ڕاوبۆچونی بەشدار بوان بوو، پاشان باسکردن لە سەر نەزەرات و ئاخاوتنەکان،  لەم دانیشتنەدا  نوێنەری حدکا لە باسێکی کورت دا ڕاوبۆچوونەکانی حێزبی دیمۆکراتی بۆ بەشداران خستەڕوو.

محەممەدی فەقێ عەلی لە درێژەی وتەکانی دا، روو بە پارلمانتاران و سیاسیەکانی ئوتریش و دام ودەزگا حکومیەکان ئەوەی بیر هێنانەوە کە لە سەر لاپەڕەی سیاسی ئوتریش نیسبەت بە ئێران و پەڵەیەکی ڕەش هەیە، کە مایەی شەرمە بۆ سەعنە سیاسی ئوتریش،  کە زیاتر لە سی ساڵ لەمەوبەر لێرە لە ڤییەن رێبەرێکی ئاشتیخوازی کورد لە سەر میزی وتووێژ لە لایەن دیپلۆماتە تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیەوە ترۆر کرا، بە داخەوە تێرۆریستەکان نەک هەر لێرە ڕانەگیران و دادگایی نەکران بەڵکو لە لایەن پۆلیسی ئوتریشەوە تا بەردەرکی فرۆکەی ئێرانی بەرەو تاران ئیسکۆرت کران، بۆیە جێگای خۆیەتی لێردا و لەو هەلومەرجەی کە ئێستا بۆ ڕێژیمی ئیسلامی ئێران هاتۆتە گۆڕێ، بەر لەوەی درەنگ بێ، سیاسیەکانی ئوتریش و بە تایبەتی ئەو نوێنەرانەی کە لێرەن ئەم داوایەش بخەنە پاڵ داواکاری دیکەمان و ئەو پەروەندەیەی دوکتۆر قاسملوو بخەنەوە گەڕ، چوونکە ئێستا وڵاتی ئوتریش دەتوانێ زۆر بە ئاسانی هاوپیوەندیەکی نێونەتەوەیی بۆ ئەو مەبەستە دروست بکات، پیویست ناکات هیچ ترسێکی لە کۆماری ئیسلامی ئێران هەبێت.

لە دوای کۆبونەوەکەش نوێنەری حدکا لە گەڵ چەندین کەس لە پارلمانتارەکان و ئێرانیەکانی بەشدار لە نیزیکەوە پەیوەندی گرت و لە سەر کوردستان و هەرومەرجی ئێستا قسەی بۆ کردن.

پێویستە بگوترێ کە هەم نوێنەرەکانی پارلمانی ئوتریش و هەمیش ئێرانیەکانی بەشدار پێشوازیەکی باشیان لە وتەکانی نوێنەری حدکا کرد و هیوایان خواست کە لە مانگی دیسامبریش دا وەها دەرفەتێ بڕەخسێ کۆبونەوەیەکی لەم شێوەیە بگیردرێت.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کومیتەی ئوتریش

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی