"an independent online kurdish website

ماوەیەکە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی وەک ئینستاگرام و تێلگرام کۆمەڵە پەیجێکی گوماناوی وەک “jashgeer” و چەند پەیجێکی دیکە کە بە ناوی شارەکانی کوردستانەوە کراونەتەوە کە بە مەبەستی جۆراوجۆری گوماناوی ناوی کەسانێک وەک جاش و سیخوڕ بڵاو دەکەنەوە.

ئەم پەیجانە لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ناوی ژمارەیەک بەکرێگیراوی سەر بە حکوومەت، بە داخەوە ناوی چەندین کەسی خۆشناو و دڵسۆزیشیان بە ناڕەوا زڕاندووە و خەڵکیان لەدژی ئەم کەسە خۆشناوانە هان داوە.

دوابەدوای ئەوەی لە حەوتووی ڕابردوودا چەندین سکاڵامان لەسەر ئەم پەیجە پێ گەیشت، خەڵکی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە، نێوەرۆکی ئەم پەیجە بە هیچ شێوەیەک لەلایەن حیزبی دێموكڕاتی کوردستانی ئێران و هیچ ئۆرگانێکی ئەم حیزبەوە پەسند ناکرێ و ئەم جۆرە ناوزڕاندن و تۆمەتبارکردن و تەڕ و وشک پێکەوە سووتاندنانە لە سیاسەتی حیزبی دێموکڕاتدا نییە. گومانی ئەوەش دەکرێ ئەم جۆرە پەیجانە لە لایەن دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و بە مەبەستی نانەوەی ئاژاوە و قوربانیکردنی کەسانی خۆشناوی کۆمەڵگە و بەلاڕێدابردنی شۆڕشی ڕەوای خەڵکی کوردستان دامەزرابن، بۆیە داوا لە خەڵکی کوردستان دەکەین بە هیچ شێوەیەک متمانە بەو پەیجانە مەکەن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ڕاگەیاندن

٢٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١

****

رونکردنەوەیەکی  لە لایەن بەرێز کاک تیموور مستەقایی یەوە⁄ ئاگاداری پیلانەکانی ڕێژیم بین

ڕێژیم بۆ درز خستنە ناو یەکڕیزی خەڵک دەستی داوەتە  داڕشتنی کۆمەڵێک پیلان کە بۆ ئاگاداریتان لێرە ئاماژە بە چەندپیلانێکیان دەکەم:

1-دروست کردنی گروپی چەکدار بەناوی ساختەوە بۆ بەلاڕێدا بردنی خەباتی خەڵک.

2-بڵاو کردنەوەی لیستەی ساختە و خەڵک بەجاسوس ناساندن لە لایەن حیزبەکانەوە. لەم کارەش مەبەستیان دلسارد کردنەوەی خەڵک لە حیزبەکان و خەباتە لە کاتێکدا حیزبەکان ڕاگەیاندنی تایبەت بەخۆیان هەیە و هەر شتێک بە پێویست بزانن لە ڕاگەیاندنی خۆیانەوە بڵاوی دەکەنەوە.

3-لە خۆپیشاندانەکاندا نواندنی کۆمەڵێ کردەوە بۆ ترساندنی خەڵک کە لەم بارەوە خۆپیشاندەران دەبێ ئەو پەڕی وریایی بپارێزن.

4-تەوهین کردن بەموقەدەساتی خەڵک لە لایەن  بەرەی خەڵکەوە بەهۆی ژمارەیەک بەکرێگیراوی خۆیانەوە و بەم چەشنە سازکردنی دووبەرەکایەتی لەنێو خەڵکدا.

5-ڕێژیم هەوڵ دەدات تێرۆر و جینایەتەکانی خۆی کە بەهۆی هێزە بەکرێگیراوەکانیانەوە ڕوو دەدات بخاتە ئەستۆی هێزە خەباتگێڕەکانەوە.  بەخۆشیەوە تا ئێستا بێجگە لە ڕووڕەشی نەبێ هیچی بۆ نەماوەتەوە.

ئەم پیلانەی ڕێژیم لە لایەن بنەماڵەی شەهیدەسەربەرزەکانەوە لە قاو دراوە و ئێستا ئیتر کەس باوەڕ بەم پیلانەی ڕێژیم ناکا وتەنیا ڕیسوایی بۆ ماوەتەوە.

بێگومان ڕێژیم  لە داهاتووشدا دەست لە پیلانگێڕی هەڵناگرێ ، تەنیا بەردەوامی لە شەقامەکانە کە وڵامی ئەم پیلانگێڕییانە دەداتەوە و ڕێژیمی جینایەتکار و منداڵکوژی کۆماری ئیسلامی بەرەو ڕووخان دەبات.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی