"an independent online kurdish website

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٩.١١.٢٠٢٢ خۆپێشاندانێک لە گۆڕەپانی مافی مرۆڤ لە شاری ویەن بە بەشداری سەدان کەس لە کورد و ئێرانیەکانی دانیشتووی وڵاتی ئوتریش پێک هات،

 ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران چالاکانە بە ئاڵای کوردستان و ئارمی حیزبەوە بەشداریان لە خۆپیشاندانەکەدا کرد

سەرەتا ڕێکخەرانی بەرنامەکە وتارێکیان پێشکەش کرد، لە وتارەکەدا سەرەڕای باس لە سەر خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی وڵات و کوشتاری خەڵکی بێتاوان بە تایبەت منداڵان لە لایەن جینایەتکارانی کۆماری ئیسلامییەوە دەست نیشانی چەند داواکاریەکیان کرد کە پێویستە بخرێنە بەردەم کاربەدەستانی وڵاتی ئوترێش و هەوڵ بدرێت بۆ جێ بەجێ کردنیان ، داواکاریەکان بریتی بوون لە ڕاگرتنی هەرچەشنە وتوو و وێژێک بە تایبەت وتوو و وێژ لە سەر بەرنامەی ئەتومی لە گەل کۆماری ئیسلامی، داخستنی باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی لە شاری ویەن و وەدەرنانی کارمەندانی باڵوێزخانەکە لە وڵاتی ئوتریش، دەست بە سەرداگرتنی ماڵ و دارایی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و بەستنی حیسابە بانکیەکانیان لە وڵاتی ئوتریش، وەدەرنانی هەرچی زووتری کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان.

هەروەها لە لایەن نوێنەرێکی پارلمانی ئوتریش سەر بە حیزبی سەوزەکانی ئوتریش ، نوێنەرێکی پارلمانی ئوتریش سەربە حیزبی سوسیال دیموکراتی ئوتریش، نوێنەرێکی لاوانی سەر بە حیزبی سوسیال دیموکراتی ئوتریش و چەند کەسێکی ترەوە وتارپێشکەش کران.

پارلمانتارە ئوتریشیەکان سەرەڕای ستایشی بەشداری زۆری خەڵک لە خۆپیشاندانەکەدا باسیان لە کۆبوونەوەی ڕۆژی پێشتری ئەندامانی پارلمانی ئوتریشی سەر بە کلووبی هەموو حیزبەکانی پارلمان لە گەل نوینەرانی خۆپیشاندەران و ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی و بڕیارنامەیەک کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا پەسند کراوە،دیارە کاک موحەممەد فەقی عەلی بەرپرسی بەشی پێوەندیەکانی حیزب لە وڵاتی ئوتریش وەک نوینەری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار بوو، وتاردەران هەروەها ڕەخنەیان لە سیاسەتی خۆیان و وڵاتەکەیان بە نیسبەت پاڵپشتی نەکردن لە ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی سالەکانی پێشوو و بە تایبەت ساڵی ٢٠١٩ی لە ئێران گرت و پێیان وایە کە هەڵەیان کردوە و ئەوهەلانە نابێ جارێکی تر دووپات ببنەوە.پارلمانتارانی وتاردەر هەروەها پێیان وایە کە وڵاتی ئوتریش لە ماوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا شوێنێک بوە بۆ کۆبوونەوە و حەسانەوەی سیخوڕەکانی کۆماری ئیسلامی و کۆکردنەوی زانیاری لە سەر دژبەرانی کۆماری ئیسلامی و خستنە ژێر فشاری دژبەران و کەس و کاریان و ئەوە دەبێ کۆتایی پێ بێت. پێیشیان وایە بەشێکی زۆری ماڵ و دارایی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و دەست و پێوەندیەکانیان لە وڵاتی ئوتریشە و ئەوان بە دروستی دەزانن لە کوێیە و هەوڵ بۆ دەست بە سەردا گرتنیان دەدەن. بە گشتی پارلمانتارانی بەشدار پێیان وایە ئەمەی لە ئێڕان دەگوزەرێت ئەمە ئیدی دەربڕینی ناڕەزایەتی نیە،بەڵکوو ئەمە شۆڕشە و کۆماری ئیسلامی ناتوانی خۆی لە بەرانبەریدا ڕابگرێت و ئەوانیش دەبێ یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی ئەم  شۆڕشە بە ئاکام بگات

لە خۆپێشاندانەکەدا هەروەها پەیام ئاراستەی سەرۆک کۆماری ئوتریش، سەرۆکی وەزیرانی ئوتریش و پارلمانتارانی ئوتریش کرا کە لە خۆپیشاندانەکانی داهاتوودا بەشداری بکەن و بەو شێوەیە پاڵپشتی خۆیان بۆ شۆڕشی خەلکی ئێران دەربڕن

لە خۆپیشاندانەکەدا هەروەها سەرەڕای شەرمەزارکردنی کوشتاری خەڵک بە تایبەت منداڵان بە دەست جینایەتکارانی کۆماری ئیسلامی دەیان دروشم دژ بە کۆماری ئیسلامی دووپات کرانەوە و فیلم و وێنەی شەهیدەکانی ئەم دواییانە پیشان دران و خۆپێشاندانەکە پاش دوو سەعات لە سەعات شەشی ئێوارە کۆتایی پێ هات

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کومیتەی ئوتریش

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی