کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران یەکگرتنەوەی خۆیان راگەیاند.
رۆژی یەکشەممە 20/11/2022 لە رێوڕەسمێکدا لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد، کاک عومەر ئیلخانی زادە سکرتێری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە و عەبدوڵا موهتەدی سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە فەرمی یەکگرتنەوەیان راگەیاند.
عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە رێوڕەسمەکەدا رایگەیاند، دوای یەک ساڵ و نیو هەوڵی چڕوپڕ، ئەمڕۆ یەکگرتنەوەی هەردوو کۆمەڵە رادەگەیێنین.
بەپێی زانیارییەکانی وەرگیراو لە روداو، ناوی کۆمەڵە دەبێتە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و لە رۆژانی داهاتوو بڕیاری کۆتایی لەسەر ئۆرگان و ناوەندەکانی دیکەی دەدرێت.
کەریم کەریمی، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەبەر خۆپێشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، گوشارێکی زۆرمان لەسەربوو بۆ یەکگرتنەوە، بۆیە هەنگاوی یەکەممان پاڵپشتیکردنی خۆپێشاندانەکان دەبێت و دواتریش گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی کە لە کاری حیزبی دابڕاون.
هاوکات، کاکۆ عەلیار، ئەندامی لیژنەی یەکگرتنەوە کۆمەڵەکان بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ بە فەرمی یەکیان گرتووەتەوە و لە رۆژانی داهاتوودا بڕیار لەسەر ئۆرگان و هەیکەلی حیزب دەدەن.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ساڵی 2007 لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران جیابووەوە و عومەر ئیلخانیزادە سکرتێری گشتیی حیزبەکە بوو.