"an independent online kurdish website

خاتوو موژگان کاووسی، زمانناس و مامۆستای زمانی کوردییە، کە ماستەری هەیە لە هونەرە جوانەکان. دانیشتووی مازەندەرانە، توێژەر، وەرگێڕ، نووسەر و لێکۆڵەری کوردە کە، 65 مانگ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.

تۆمەتەکانی چین؟

هاندان و پاڵپێوەنانی خەڵک بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتیی وڵات: 39 مانگ زیندان

سووکایەتیکردن بە خامنەیی: 18 مانگ زیندان

بانگەشەی دژ بە حکوومەت: 8 مانگ زیندان

لە ڕاستیدا هیچ یەک لەو تۆمەتانە ڕاست نین بەڵکوو تاوانەکەی ئەوەیە کە هەوڵی داوە، کورد زمانانی کەلاردەشتی مازەندەران فێری زمانی کوردی بکات، بەڵام چونکە وتنەوەی زمانی کوردی لە لایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ڕێگەپێنەدراوە، هەر بۆیە چالاکانی ئەم بوارە واتە مامۆستایانی زمانی کوردی بۆ ئەوەی ڕێگرییان لێ بکرێت کە وانەی کوردی نەڵێنەوە، لەلایەن دادگاکانی ڕژیمەوە، تۆمەتی ناڕەوایان بەسەردا دەسەپێنن؛ وەک:

– سووکایەتیکردن بە ڕێبەری ئێران

– گەندەڵی لە زەوی [مفسد في الأرض]

– بانگەشەی دژ بە حکوومەت

– هاندان و پاڵپێوەنانی خەڵک بۆ تێکدانی ئاسایشی گشتی

– پشتیوانیکردن لە ناڕەزایەتییەکانی شارەکانی کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

– ئەندامبوون لە حیزبە کوردییەکانی دژ بە حکوومەتی ئێران

– بڵاوکردنەوەی نووسراوەی نایاسایی

– بڵاوکردنەوەی درۆ

– سووکایەتیکردن بە پیرۆزییەکان

– پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران

– هاندانی خەڵک بۆ شەڕ و کۆمەڵکوژی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی

خاتوو موژگانیش یەکێکە لەو مامۆستایانە کە سەرەتا چەند جۆر تۆمەتی ناڕەوایان بەسەریدا سەپاند وەک:

  1. گەندەڵی لە زەوی [مفسد في الأرض]
  2. ئەندامبوون لە حیزبە کوردییەکانی دژ بە حکوومەتی ئێران
  3. بڵاوکردنەوەی درۆ و نووسراوەی نایاسایی
  4. هاندانی خەڵک بۆ شەڕ و کۆمەڵکوژی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی.

ناوبراو پێشتر لە ساڵانی ڕابردوو، بەهۆی چالاکیی کولتووری ڕووبەڕووی سزای زیندان بووەتەوە و لە گرتووخانەی [ئێڤینی تاران] و [کچویی کەرەج]، لە لایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، زیندانیی سیاسی بووە و هەڕەشە و ئەشکەنجەی ڕۆحیی زۆری چەشتووە وەک: پشکنینی جەستەیی لەگەڵ ڕووتکردنەوەی تەواو –  بێڕێزیی زمانی و…

موژگان کاووسی لە ڕێکەوتی  1398 – 08 – 29 لە نەوشەهر دەستبەسەر کرا و دوای تێپەڕاندنی ماوەیەک لە سزاکەی لە زیندان، لە مانگی 10ی 1400 ئازاد کرا.

خاتوو موژگان لە 1401 – 06 – 31 لە کاتی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی گەلانی ئێران، جارێکی تر دەستبەسەر کرا و لە ڕێکەوتی 1401 – 09 – 29 لە دادگای شۆڕشی ساریدا، بە گەندەڵی لە زەوی (مفسد فی الارض) و ئەندامبوون لە حیزبە کوردییەکانی دژ بە حکوومەتی ئێران مەحکووم کرا و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا بەڵام ڕۆژی پێنجشەممە 1401 – 10 – 08 مازیار تاتایی پارێزەری (دادگستری)، لە پەڕەی تویتەرەکەی خۆیدا ڕایگەیاند کە: بەپێی دادنامەی دەرچوێنراوی لقی یەکی دادگای شۆڕشی شارستانی ساری، بریکار خاتوو موژگان کاووسی لە تۆمەتی گەندەڵی لە زەویدا (مفسد فی الارض)، بە بێتاوان ناسێنرا.

 موژگان کاووسی لە شوێنکەوتووانی ئایینی یارسانە، کە بەشێکن لە خەڵکی کەلاردەشت و کوردی خەڵکی کرماشانن کە لە کرماشان دوور خراونەتەوە بۆ ناوچەی کەلاردەشتی مازەندەران و بە (خواجەوند) ناسراون و بە شێوەزاری لەکی قسە دەکەن.

خاتوو موژگان کاووسی، تێکۆشەرێکی دڵسۆز و کەم‌وێنەی کوردە. کار و خەبات و تێکۆشانی خاتوو موژگان وەک مامۆستای زمانی کوردی، قەت لەبیر ناکرێت.

سەرشۆڕی و نەمان بۆ داگیرکەران و دوژمنانی کورد و زمانی کوردی.

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی