"an independent online kurdish website

به‌داخه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند تاهیری خه‌لیلی  ڕۆژی یه‌ك شه‌ممه‌، كاتژمێری (10) ی پێش نیوه‌ڕۆ،  26/11/2023 ، له ‌ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌شاری سلێمانی  له‌كاتژمێر (10) ی پێش نیوه‌ڕۆ له‌ته‌مه‌نی (67) ساڵیدا به‌هۆی جه‌ڵته‌ی مێشكه‌وه‌  ماڵئاوایی  لە ژیان كرد.

به‌پێی ڕاپۆرتی پزیشکی هونه‌رمه‌ندی شۆرشگێڕ تاهیری خه‌لیلی به‌ (سه‌کته‌ی مێشک) کۆچی دوایی کردووه‌ وبە پێی مێدیاکان هێشتا شوێنی ناشتن و پرسه‌که‌ی دیاری نه‌کراوه‌ و چاوه‌ڕێی که‌سوکاری ده‌کرێ تا بڕیار له‌سه‌ر شوێنی ناشتنی بده‌ن ئایا له‌شاری سلێمانی ئه‌سپه‌رده‌ی خاكی پیرۆزی كوردستانی ده‌كه‌ن یان ته‌رمه‌كه‌ی ده‌به‌نه‌وه‌ بۆ شاری بۆكان له ‌ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان . 

 تاهیر حسێن عه‌بدوڵڵا ، ناسراو به‌تایه‌ری خه‌لیلی ، له‌ساڵی (1956) له‌شاری بۆكان چاوی هه‌ڵهێناوه‌ ، هه‌رله‌ته‌مه‌نی لاوییه‌وه‌ خولیا و ئاره‌زووی گۆرانی هه‌بووه ، ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك وه‌ك پێشمه‌رگه‌ له‌رێزی پێشمه‌رگه‌كانی حیزبی دێمۆکڕاتی كوردستان خه‌باتی كردووه‌. تەرمی هونەرمەندی گەورەی کورد تاهیری خەلیلی لە 203-12-28 لە شاری سلێمانی بە خاک سپێردرا.

له‌ساڵی (1984) به‌هاوكاری كۆمه‌لێك هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار دوو كاسێتی گۆرانی و سروودی له‌شاری سلێمانی تۆماركردووه، جیا له‌و به‌رهه‌مه‌ سروودانه‌ هونه‌رمه‌ند خاوه‌نی زیاتر له‌ (50) گۆرانی یه‌،

سروودەکانی : لە قەندیلی سەربەرزەوە وەڵامت بۆ دەنێرمەوە

شەهید بوونم شانازییە هاورێ ڕەنگە نەتبینمەوە

قوڕ بە سەرتان، ئێوە خاوەن تۆپ و تەییارەی شەڕن

میللەتی من خاوەنی تاریخ و بیر و باوەڕن

ڕوحی شاد و یادی به‌خێر  و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و کاری دەکەین.

(1) Facebook Live | Facebook

***

کوردستان میدیا: کۆچی دوایی تاهیر خەلیلی، هونەرمەند و پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات

تاهیر خەلیلی، هونەرمەندی ناودار و پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد.

هونەرمەند تاهیر خەلیلی ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی لە شاری بۆکان لەدایک بوو. ئەو لە منداڵییەوە خولیای مۆسیقا و گۆرانی‌گوتنی هەبوو و هەر زوو لە کۆڕوکۆبوونەوەکاندا دەستی بە گوتنەوەی گۆرانییەکانی هونەرمەندانێکی وەک مامۆستا محەممەد ماملی، حەسەن زیرەک، تاهیر تۆفیق، عەلی مەردان و ساڵح دیلان کرد. هێشتا تەمەنی ١٥ ساڵ بوو کە یەکەم بەرهەمی هونەریی خۆی بڵاو کردەوە و دواتر بوو بە خاوەنی ڕچە و شێوازی هونەریی خۆی و کۆمەڵێک سروود و گۆرانیی بەناوبانگی لە ژیانی هونەریی خۆیدا تۆمار کرد.

هونەرمەند تاهیر خەلیلی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی و دوای ئاشکرابوونەوەی خەباتی تەشکیلاتی و سیاسیی حیزبی دێموکرات هاتە ڕیزەکانی حیزبەوە و چ لە ڕیزی پێشمەرگەی سەنگەر و چ لە کۆڕی هونەریی حیزبدا بۆ ماوەی نیزیک بە ٥ ساڵ خەباتی سیاسی و هونەریی خۆی درێژە پێدا. هەر لەو قۆناغە لە ژیانی سیاسی و هونەریی تاهیر خەلیلی‌دا و پاش عەمەلیاتێکی هێزی بەیان لە ئاوایی ئەڕبەنووس کە بۆخۆیشی تێدا بەشدار بوو، سروودە مێژووییەکەی “لە تەرەغەی سەربەرزەوە”ی چڕی کە لە تۆمارکردنەکانی دواتردا ناوەکەی بە “قەندیلی سەربەرز” گۆڕی.

هونەرمەند تاهیر خەلیلی لە قۆناغێکی دیکەی ژیانیدا و ساڵی ١٣٧٢ پاش ئەوەی بەهۆی گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە ناچار بە بەجێهێشتنی کوردستان بوو، خۆی گەیاندەوە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و هەتا ساڵی ١٣٧٦ کە پەڕیوەی هەندەران بوو؛ لە کۆڕی هونەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا ئەرکی هونەری و پێشمەرگانەی خۆی ڕاپەڕاند. کاک تاهیر خەلیلی لە ساڵانی ڕابردووشدا کە لە دەرەوەی وڵات ڕا دەهاتەوە باشووری کوردستان، لە چەند بۆنەیەکی حیزبیدا بە بەشداریی چالاکی بوو کە لە دواهەمینیان کە یادی ٣٠ ساڵەی تێرۆری شەهید د. عەبدولڕەحمان قاسملوو بوو، چەند سروودێکی نیشتمانی و حەماسیی چڕی.

هونەرمەند تاهیر خەلیلی خاوەنی دەیان سروود و گۆرانی بوو، و “کاکی شوان”، “خاسەکەو”، “شەوی تاریک و بێدەنگی”، “گوڵی مەهاباد” و “کیژۆڵەی کوردستان” چەند سروود و گۆرانیی بەناوبانگی دیکەی هونەرمەند تاهیر خەلیلی‌ن. مخابن مەرگ مەودای نەدا لەوە زیاتر خزمەتی هونەری گەل و نیشتمانەکەی بکا و لە تەمەنی ٦٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی مەرگی ناوەختی هونەرمەند تاهیر خەلیلی سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری دەکا و خۆی لەو خەمە قورسەدا بە بەشداری خەمیان دەزانێ.

کورد کاناڵ: بەشێک لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی هونەرمەندی شۆڕشگێر تاهیر خەلیلی لە شاری سلێمانی

سەرچاوەی هەواڵ. فەیسبووک و مێدیاکان

****

ئاگاداری پرسە و سەرەخۆشی  لە ئوسلۆ  وڵاتی نۆروێژ

هەروەک هەموولایەک ئاگادارن بەداخەوە ئەمرۆ هونەرمەندی گەلەکەمان کاک تاهیر خەلیلی ماڵاوایی لە ژیان کرد و دنیای هونەر و گۆرانی کوردی بەجێهێشت.

کاک تاهیر هەم خۆی شۆڕشگێرێکی کورد بوو و هەمیش لە دنیای هوونەری کوردیدا بەتایبەت بە سروودە حەماسی و شۆڕشگێڕییەکانی، شۆڕشێکی بەهێزی لە دنیای هونەردا بەرپا کردبوو.

خزمەتەکانی کاک تاهیر بە کورد و دنیای هونەری کوردی، جێگە و پێگەیەکی تایبەتی لە مێژووی خەباتی نەتەوایەتی کورددا  کردووەتەوە.  

بە بۆنەی کۆچی دوایی لە ناکاوی ئەو گەورە هونەرمەندە، ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، ڕێکەوتی

3 / 12 / – 2023  کاتژمێر 15.00 بۆ 18.00 لەناوەندی ئایینی قازی، کۆڕی پرسە و سەرەخۆشی کاک تاهیر بە بەشداری برا و کەسوکار، دۆستان و کەسانی نزیکی ناوبراو بەرێوە دەچێ.

هاتنتان مایە وەفا و ڕێز و پێزانینە بە خەبات و خزمەتەکانی ئەو هونەرمەندە بە خەڵک و خەباتی نەتەوایەتیمانە .

شوێن

Adres: Strømmenveien 85

Strømmen

KAT : 15.00 – 18.00

Rekewt : 2 / 12 – 2023 یەکشەممە

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی