"an independent online kurdish website

 ” ئای کە ئازاراوییە هەر تۆپێ بچێتە گۆڵەوە بە گۆڵ دابنرێ“…

وەک هەر وەرزشێک یاری تۆپی پێ چێژ و خۆشی و جوانی خۆی هەیە، هەربۆیە زیاترین جەماوەری لەدەور کۆبۆتەوە…

من خۆشم یەکێکم لە تەماشاوانە سەرسەختەکەکانی هەمان وەرزش و بەهەق چێژ و خۆشی لێ وەردەگرم..گەر کوردایەتی و گرفتاری ژیان لێ بگەڕایە، ڕەنگ بوو لەم بوارەدا بمتوانیبا، کاروانێکی وەرزشی باش پێشکەش بکەم!…

بەڵێ چێژ لە یاری بەهێز دەبینم، بە جوڵەی جوان سەرسام دەبم و هەر شەق لە تۆپ هەڵدانێک فاکتی ئەقڵی لە پشتەوە بێت بەدەستم بێت چەپلەی بۆ دەکوتم!..

سەرسامیشم بە یاریزانانێک کە لە گۆڕەپاندا هونەری وەرزشی پێشکەش دەکەن و شتی نائاسایی پێشکەش دەکەن. بەتایبەت بەو یاریزانانە سەرسامم کە بێ تۆپ دەتوانن لە گۆڕەپان و یاریگەدا هاوشانی تیمەکەی خۆیان و دژەتیم یاری بکەن. ئاخر تۆپی پێ هەر شەق لە تۆپ هەڵدان نییە ، بەڵکوو هونەرێکە ئەقڵ و وریایی و لێزانین و توانای گەرەکە لەتەک زۆر خەسڵەت و نیشانەی تردا ، بەڵام وەک هانز رۆمۆنیگەر دەڵێ: تۆپی پێ هاوکێشەیەکی ماتماتیکی نییە!..

ئەوەش دەزانم کەوا وەرزش بەتایبەت تۆپیپێ چۆتە قۆناغێکەوە سیما و نیشانەی بارزرگانی بەخۆوە گرتووە و جوانییە ڕۆحییەکانی لە زۆر کات و شوێندا نەماوە، بەڵام دیسان جێی سەنج و حەزی زۆرینەیە.

با واز لەم چیرۆک و گێڕانەوانە بهێنین و بەبۆنەی یارییەکانی یۆرۆی 2024ەوە لە ئەڵمانیا، لە گۆشە نیگایەکی ترەوە سەرنج بگرمە دیاردەیەکی زۆر تایبەت و پڕ بەهای ئەم وەزشە..

بەلا منەوە ئەو چرکەساتەی یاریزانێک بەهۆی فاوڵێکەوە بەکارتی سوور دەکرێتە دەرەوە جاری واشە تیمێک دوو یاریزانی ڕووبەڕووی ئەم گرفتە دەبنەوە، ئیدی یارییەکە گەرمتر دەبێ و گڕ دەگرێ.. بەڵی ئەو تیمەی بە چارەنووس و ڕیکەوتێکی تاڵ ژمارەیان لە 11 یاریزانەوە دەبێتە 10 یاریزان یاخود کەمتر ئەودەم بە پەرۆش و وزە و رۆح بەرگریی تا هیوای بردنەوەی یاریرییە دەجەنگ و باقی ئەو یاریزانەنە بەوپەڕی باوەڕ و هێزەوە چاو لە هیوای بردنەوە دەبڕن و ئەو بۆشاییە پڕ دەکەنەوە کە بەدەرکردنی هاوڕێکانیان دروست بووە ..  بۆ من ئەم دۆخ و دیمەنە پڕ چێترین چرکەساتی یارین و مانایەکی تر بەو وەرزشە دەبەخشن، کە رۆح و پێداویستی کۆی تیم پێویستی پێیەتی…

زۆرجار وابووە کە تیمی ناوبراو بەو ژمارە کەمەوە، چونکە خاوەنی رۆحێکی بەرز و ویستێکی سەرکەوتنخواز و هاوسۆزین گەمەکە دەبەنەوە یان بەلانی کەمەوە دەبەنەوە یان بە یەکسانی لێی دێنە دەرێ. خۆ لەخراپترین باردا گەر بێت و تیپێکی لاواز بەرانبەر بە تیپێکی بەهێز یاری بکات، گەر بدۆڕێش بە گران خۆی دەفرۆشێ نایەڵێ گۆڵەکەی بێتە دەرگای ئەشکەوت و شەرمەزارییەکی بێزارکەر ڕووبەڕووی گۆڵپارێز و تیم و وڵاتەکەی بێتەوە…

خۆ ئەگەر بێت و ئەم تیمە گەمەکە بباتەوە و پەیجور بنوێنێ ، وەک زۆرجار ئەوە ڕووی داوە، ئەوە شانازیی ئەو بردنەوەیە هەرگیز نابڕێتەوە و بە تەختی هەنییە مێژووەوە دەمێنێتەوە..

جگە لە خەون و ئاواتی بەرزم بۆ ئەو ڕۆژەی تیپی هەڵبژاردەی کوردستان بتوانێ بەشداریی ئەم جۆرە پێشبڕکێ نێونەتەوەییانە بکات، لێرەوەیە زۆرجار دەمەوێ ئەم دیمەنە وەرزشییە بگوێزمەوە بۆ دۆخی سیاسی کورد و بەراوردێک بکەم و دەڵێم: چەند گرنگ و خۆش دەبێت، گەر بهاتایە و حیزبە کوردییەکان بەو گیانە کوردایەتییان بکردایە و لە شکشت و دۆڕانی لایەنێکدا ئەوانی تر شوێنیان پڕ بکردایەتەوە؟!دوژمن و داگیرکەرانیان ببەزاندایە!…

ئاخر نەتەوەیەک هێندە پارچەپارچە کرابێ ئەوەندە فرە دوژمن بێت، پێداویستی ئەقڵی و لۆژیکی و مۆڕاڵی داوای هەمان پرنسیپ و ستراتیژی لێ دەکات.. بیرکردنەوە لەهەر شێواز و میتۆدێکی تر جگە لە دۆڕاندنی ئابڕووچوون و ماڵکاولکەر هیچ ئاکامێکی تری لێ سەوز نابێت ، وەک ئەم ڕاستییە زەقە لە مێژووی ئێمەدا بە چاوی کوێریشدا دەچێت.

هەڵۆ بەرزنجەیی 14.6.2024

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی