ئەمریکا خۆی یەکلایی کردەوە و لەگەڵ ئێران چووە جەنگەوە. دەوروبەری کاژێر 02:50 خولەکی بەرەبەیان دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بە فڕۆکەی جەنگی و مووشەکەوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی ئێران.

ئێرانیش هەڕەشەی تووند لە ئەمریکا دەکات. لە بەرامبەر دا ترەمپ هۆشداری دەداتە ئێران لەوەی بیر لە تۆڵەسەندنەوە نەکاتەوە.

وردەکارییە سەربازییەکانی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران
رووداو دیجیتاڵ: ئەمریکا بە 6 فڕۆکەی تارمایی B-2 هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهان. ئەمەی خوارەوە وردەکارییە سەربازییەکانی هێرشەکەیە وەک بەرپرسانی ئەمریکی بۆ میدیاکەیان باسیان کردووە.
سەرەتا فڕۆکەکان لە بنکەی ئاسمانیی وایتمەن لە ویلایەتی میزوریی ئەمریکاوە بەرەو ئێران بەڕێکەوتن.
لە هیچ شوێنێک نەوەستان و راستەوخۆ گەیشتنە ئاسمانی ئێران.
لە ئاسمانەوە لە رێگەی فڕۆکەی دیکەوە، سووتەمەنییان بۆ پڕکراوەتەوە.
12 بۆمبی حەشارشكێنی GBU‑57یان بەسەر بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆدا باراندن و دووی دیکەیان لە بنکەی نەتەنز دا.
نزیکەی 30 مووشەکی کرووز لە جۆری تۆماهۆک (BGM‑109) لە ژێردەریاییەکانی ئەمریکاوە لە بنکە ئەتۆمییەکانی نەتەنز و ئیسفەهان دران.
ئەمە یەکەمین جار بوو بۆمبی حەشارشکێنی GBU‑57 لە شەڕدا بەکاربهێنرێت.
بنکەی ئەتۆمی فۆردۆ بە شێوەیەکی تۆکمە پارێزراوە. 80 بۆ 90 مەتر لە ژێر شاخدایە و زیانپێگەیاندنی، لە رووی تەکنیکییەوە زەحمەتە.
نەتەنز دامەزراوەیەکی گرنگە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم، لە کاتێکدا ئیسفەهان شوێنی گۆڕینی یۆرانیۆمی خاوە بۆ مادەی کیمیایی تاوەکو بپیتێنرێت و لە کوورەکاندا بەکاربهێنرێت.
بۆمبی حەشارشكێنی GBU‑57
– کێش: 13 هەزار و 600 کیلۆگرام
– درێژی: 6.2 مەتر
– 60 مەتر کۆنکرێت دەبڕێت
– 40 مەتر شاخ و خۆڵ دەبڕێت
– بە GPS دوای ئامانجەکەی دەکەوێت
– تەنیا ئەمریکا هەیەتی
– تەنیا فڕۆکەی B‑2 Spirit دەتوانێت هەڵیبگرێت
مووشەکی تۆماهۆک (BGM‑109):
– درێژی: 6.25 مەتر
– تیرە: 52سم
– کێش: 1590 کیلۆگرام
– خێرایی: 880کم/کاژێر
– مەودا: 1600 بۆ 2500 کیلۆمەتر
– بە سیستمەکانی GPS, INS, TERCOM, DSMAC ئاراستە دەکرێت.
– رۆڵ: پێکانی ئامانجەکان بە وردی
سەرچاوە: روداو
