Hoppa till innehåll

 ڕوو پۆش (حیجاب) ، مەلا برایم مەجید پوور

مـەسەلەی حیجاب بابەتێکی زۆر گریـنگە و کێـشە و مشتومـڕێکی زۆری لەسەرە، بۆتە هۆی لە بەریەک راوەستان بگرە جاروبار تێکگیرانی موافق و موخالیفەکانی.

 راو بۆچونی جیاوازیش هەر لەسەر ئەو بابەتە زۆرن، چەکێکە دیـن دار و بـێـدیـن پـێـی لـێکتر دەدەن. بەداخەوە مەرجەعێکی شیاو و باوەڕ پێکراوی شەرعیش نیە کە مەسەلەکە یەکلا بکاتەوە و دوایی بەو ئاڵۆزیە بێنێ. نەفسی کێشەکەش لە زیان زیـاتـر قـازانجـێکی نـەبـووە. کەوا بوو هەر پڕۆسە و بابەتێک ئەگەر هیچ کەڵکی بـۆ کۆمەڵگا نـەبـێ دەبـێ وەلا بخـرێ .بـۆیـە هاتومە سەر ئەو باوەڕە کە هـەوڵ بدەم بە قەدەر زانین و تێگەییشتنم ڕاستیـەکە بدۆزمەوە پـێـشکێـشی گەلەکەمی بکەم. دیـارە زۆرتـر لە نـێــو وڵاتانی ئیسلامی بە تایبەت ئەوانەی کوردستانیان داگیر کردوە و بەتایبەتیتریش کۆمـاری ئیسلامی بۆ ئەوەی بـیکەنە بیانویەک بۆ لێدانی کورد و بەکافر و لە دین دەرچویی نشان بدەن! بۆتە هۆی شەڕ و ناکۆکی و نائارامی هیتر. بڕوام بە بەحث و جەدەل هەیە، بەو مەرجەـی بـە نیازی دۆزیـنـەوەی حەقـیـقەت بێ، نەک ململانە و دروستکردنی ناکۆکی لەنێو موسوڵمان و غەیرە موسوڵماندا. نامەوێ ببێتە زۆرەبانی و بـزانین کامەیان ئەویتر لـە عـەرزێ دەدا! ئامانج ئەوەیە پێش بە خوڕافات و شاردنەوەی ڕاستی و شێواندنی کەشوهەواکە بۆ خۆ شاردنەوە و بە ڵاڕێدا بردنی خەڵکی ئاسایی بگرین. بۆ ئەو مەبەستە چاوەڕوانی ڕێنوێنی و هاوکاری کەسانـێکم کە دڵـسۆزانە بە شوێنراستیدا دەگەڕێن و لەو بوارەدا شتێکیان پێیە.

    حــــیـــــجــــاب چـــــیــــــە ؟

حیجاب یانی، ڕووپـۆش، پەرژین، دابۆشیـن، خۆلە خەڵک شـاردنەوە. یان دەسرۆکەیـەکـە سەرو چاوی ژنی پێدا دەپـۆشن. بەبێی ئەوەی بەڵگەی قـەتعی ئـیسلامی لە سەربێ، کراوەتـە واجبێکی شەرعی ئەوەی ڕەچاوی بکا موسوڵمانە و ئەوەش کە نایکا لە دین لایداوە. ئەوەش لە حاڵێکدایە هەر ئێستا لە ماڵی شێخ و مەلایانـڕا بگرە تـاخواری و لـە کۆمـەڵگاشــداو تەنانەت ئەوانەی بڕوای دینیشیان نیە دەبیندرێی ! ئەوەش یانی حەڵاڵو حەرام بـونەکەی وەک واجباتی دینی مسۆگەر نیە ، بۆیە لە نـێـو دیـنـداروبێدیـندا هەیـە ، جۆرێک جلو بەرگ یان ڕوپۆشێکە کە بەدڵخواز یەکێک لە سەری دەنێو یەک نا. دەبێی ئەوەی بـڵێم واجباتی شەرعی ئاڵوگۆڕی تێدا نابێ و ئیشتیا بازاڕیش نیە. وەک نـوێـژ، زەکـات، ڕۆژو، حـەج و هـیـتر کەس ناتوانێ بڵێ نوێژی نیوەڕۆیە ٣ رەکاتە و ئیئێواری ٥ ، یان هەر واجب نیە!. کەوابـوو نـەفسی جیاوازیەکە ئەوەی دەردەخا کە دەتوانی ئـاواش بـکەی و واش نـەکـەی ! بــە ڕای مـن کێشـەکە لــە خــراپ تێگەیشتن و تەعبیر کردنەکە دایە بـۆیە دەمەوێی چەند ئایەتێکی قـورئانی لەو پێوەندیەدا بخەمە بەر چاوی زانایان و خوێنەران هەموو ئەوانەی بە دەست ئەو بابەتەوە گرفتارن، ئەو مەسەلەیـە لـێکی کردون و جـار و بـارە پێکیشی هەڵپـڕژانــدون. دەمـەوێـ ئـەوەش بـڵـێـم: ئـەو ڕۆژەی خـوا لـە حەجی مـاڵ ئـاوایی ئـایـەتی بـۆ پـەیــامـبەری نـارد و ئـەویش بـەخەڵکی ڕاگەیانـد، بوو بە ئـەسڵیكی ئیسلامی، ئـەوە کە خوا دەفەرموێ { ئەوڕۆ دینەکەم تەواو کرد، بەخششی خۆشم تەواو پێدان، هـیـچ کەس بـۆی نـیە لـێی زیـاد و کەم بکا.} لە ئیسـلامـدا هەم بـڕیارەکان و هەم مەرجەکانی حیجاب باسیان لێکراوە. وەک ئایەتی ٣١ سورەی نـور { بە ژنانی باوەڕدار بـڵێن: چاویان داخەن وعەیـب و عـاری خۆیان بەرەڵا نەکەن .} لەو ئـایەتە دا زۆر شت کوتراوەکە هەمویان تەعبیر لەوە دەکەن ژن دەبێ شەڕافەت و کـەڕامەتی خۆی لـە بـەر چاوبـێ و بیان پارێـزێ و کارێک نەکا کەسایـەتــیـەکەی خـەوشی تـێکەوێ، چونکە مـرۆڤ چـاو چنـۆکە و نـەوسی مـرۆڤ زاڵـمــە ، وەسەر تـەڵـەی دەپــەڕێـنێ کـەسـانی دوور لە مرۆڤایەتی زۆرن. بەکورتی مەرجەکانی هـەمـویـان ئـەوە دەگەیەیـنـن کە ژن و پــیـاو دەبـێ سـنوری ئەخلاق و کەسایەتی خۆیان بناسن و ڕێگە نەدەن کەسانی نـەفس نـزم بـە سـوکایـەتی چاویان لێبکەن، یان ژن بکاتە ئامـرازیی دامـرکانـدی ئاگری نەوس و هەوەسی چەپـەڵـیـان. ئـەو حیـجابـەی قورئان باسی دەکا نەفسیە، واتە دەبێ دەروونی مــرۆڤ چاک و پاک بێ و خۆی لە خراپـە بپـارێزێ. خۆ ! ئەگەر نەفس پیس و گەنیو بوو لەباتی لێچکە لبادی لە سەروچاوی وەرگری، هـێـشتا ئەوەی حەزی لـێـیە دەیکا. بەڕاشکاوی دەڵێم : زۆربەی موسوڵمانانی ئێمە ئـەوەنـدەی سرنجی ڕەواڵەتیان داوە و خۆیان بۆ ماندو کردوە هەرگیز بۆ ناوەرۆک ئەو هەوڵەیان نەداوە، بە بارێکیتر ئەوەندی شەرمیان لە خەڵک کردوە قەت ئەوەندەیان شەرم لە خوانەکردوە. ئەوەی وەک نیشانەی دین وعیبادەت دەیکەن هیچی لەریی خوا نیە و لەبـەر لـۆمـەی عـەبدانە. سوڕەی ئەحزاب :٥٩ {ئـەی نـاردراوی خـوا بـەژنـەکان و کچـەکانی خـۆت و ژنـان و کچـانی ئـیماندارانیش بڵێ با عەیب و عاری خۆیان داپـۆشـن، ئـەوە کارێکی بـاشە و دەبێتە هۆی ئەوەی ئازار نەدرێن} مەبەستەکە پاراستنی کەڕامەتی ئەوانە.

 لە پـێشدا دەبێی بڵێم : ئەوە دەستوراتی ئیسلامیە بۆ ژنانی مـوسـوڵمان هەرکەس ئیـمانی بـەو دیـنـە هــێنابێ ئەرکیەتی ڕەچاویان بکا. بێگومان ئەوانەی بێ بڕوان گوێی نادەنە ئەو بڕیارانە و لە عالەمی ئیسلامیدا، زۆر لـەو هـەڵسوکەوتانەی لە دنیای ئەوڕۆ دا بە ناوی ئازادی و پـێـشکەوتـن دەکرێن، لە ڕوانەگەی ئیسلامەوە دروست نین. نـاکرێی تـۆ دیـنی ئـیسلامـت قبوڵ بێ بەڵام بە جۆرێک ڕەفـتار بکەی کە تەواو دژی ئیسلامە و خۆشت بە مـوسوڵمان بــزانی. هـەر ئیدە و ئایینێک بـۆخۆی یاساو ڕاسایەکی تایبەت بەخۆی هەیە، کەسێک ئیسلامی هەڵـبژارد جەبرە دەبـێـ بڕیارەکانی بەڕێـوە بەرێ، ناکرێ خـۆت پێ موسوڵمان بێ و ئـیشتیا و ئارەزوی خۆت بەڕێوە بەری. زۆر شـت هەن تو حەزت لییەتی بەڵام ئیسلام قەدەغەی کردوە. تا ئەو جێگـایە دەتـوانـی بـیـکەی کـە دەگەڵ بـاوەرەکەت یەک دەگرنەوە. ئەوە لەهیچ دینو ئیدەو ئایینێکدا شتیوا نیە ، تۆلە سەر دینێک بی وهەر بە ناوی ئـەو دیـنـەش دژی ئـەو عـەمـەل بکەی. ئـاسـایـیـە تـۆی مـوسـوڵـمـان دیـنێکی ترت پـێـبـاش بـێـی ئـەوی هـەڵـبـژێـریـو ئیخۆت بە جێی بێڵی.یان ئەسڵەن هەردینت بە گشتی قبوڵ نەبێێ، بەڵام بەتەواوی غەڵەتە تۆ بـڕوات بە خودا نەبێ بەڵام بۆ فـریـودانـو بـەلاڕێـدا بردنی خەڵک، بۆ سەلماندنی مەسەلەیەک سوێند بەخوابخۆی!! ئەوە دەبێتـە درۆ، دووڕوویی، تەنانەت خەیانەت وهەتڵە کردنو ترسنۆکیە.من خۆم دێتومە. ئەحەدئاغای حیزبی لەسولەیمانی شەهید کرابـو، بکەرەکان نـەک گومـان لێکراوەکان ڕونو ئاشکرابون ، من و شەهـیـد سەیـد مەنسوری ناسـری لەلایەن دەفتەری سیـاسی کرابوینە بەرپـرسی لێکۆڵیـنەوەو پـێڕا گەیـشتن. شایـەدەکان کە چاویان لە تڕۆڕەکە ببوهاتبون بۆشایەدی،یەکیان کمونیست،بەقەولی برادەرانی بـاشور( شیـوعی ) بـوو. قـازی بـانگی دەکردن وسوێـندی دەدان ئەوەی ڕاستە دەڵێن! کە ئەو برادەرەیان بانگ کردوهات سوێند بە قـورعانـێی بـخـوامن کوتم :کاکە سوێند مەخۆ چونکە بڕوات پێناکەم ! تۆ بڵێی سوێند بەباوەڕەکەم باشترە! کابرا زۆر توند هەڵبەزیەوەوکوتی یانی ئەمن کافرم ؟! لەسەرەخۆ کوتم برا هەڵمەچو ( تۆ خورمژت هەڵگرتوە ) ئەگەر شیوعی بێی دەبـێ بڕوات بە دیـن نەبـێی چ بگا بە قـورئان! ئەگەر بـڕواشت بـە قـورئـان هـەبێ شیـوعی نی! براکانـم، ئەوانەی بڕوایان بە ئیسلام نیە سروشتیە هەموشتەکانی ڕەد دەکەنەوە، ئەوانەش کە بڕوایان پێیەتی ئەرکیانە بڕیارەکانی بەڕێوە بەرن. پیاوی مـوسـوڵمان دەبێی بە دەسـتوری ئـیسلام ژن مارە بکا، نـاکـرێی موسوڵمان بێی بەبێێ مارەی شەرعی دەگەڵ ژن تێـکەڵاوی بکەی! واتـە بـۆ مـوسـوڵـمـان دەبـێی لەو بـوارەدا بەغدای بوێی یان خورما !. خورمـژ لـەو دیـنەدا نـیـە. گومان لەوەدانیە ئیسلام سنوری بۆ هەمو شتەکان دیاریکردوە و ئیـمانـدار دەبێی بیان ناسێو بیشیان پارێزێ، تەنانەت ئازادی بێسنوریشی قبوڵ نیە جا مـنـو تـۆش سەرپـشکین کامەیان هەڵدەبژێرین.چونکە خوا فەرمـویـە :{ هـەرکەس کاری چاک بکا قـازانـجەکەی بــۆ خـۆیـەتی ، کێش خراپ بکا تاوانـەکەی لە سەر خۆیەتی خواش زوڵمێ لەکەس ناکا } ئەوەی دەقاو دەق دەڵێم : هیچ کەس بۆی نیە خۆی بکا بەنوێنەری خواو پاداشت ببەخشێتەوە وسەزاش بە کەیفی خۆی بدا . دیـارە لـە ڕوانگەی ئیـسلامەوە قـانـونی هەڵبژێراوی وڵاتێک بۆ دانیشتوانی ئەووڵاتە جێی بڕوایەو لەو بوارەدا قازی حوکم دەکا. دوایین قسە ئەوەیە : ئـەو بە ناو حیجابەی ئەوڕۆ کۆماری ئسلامـی ئـێران داهـێنەرو بەڕێوەبەریەتی، واجبی شەرعی نـیە و لە شەرعی ئیسلام دا حیجابی ڕاستە قـینە دەرونی وئەخلاقیە ، نەک زاهیرو ڕواڵەتی.

لە کۆماری ئیسلامیدا ڕوبۆش بە زۆریە.ئوسولەن لـە هەمـو قانونێکی دنیایداو، لە قانونی ئیسلامیشدا مـرۆڤ تانـەگاتە تـەمـەنی بلوغ تەکلیفی شەرعی لە سەر نیە . کەچی لـە کۆماری ئیسلامیدا کچ لە تەمەنی ٧ساڵـێـڕا کە دەچـێـتـە قـوتابخانـە دەبـێی ئـەو حیجابەی لەسەربێی کە ئەو کۆمارە دیاری کردوە ، سەیـرە کەسێـک خـوا بـەرپـرسیـاری نەکردوە تۆ تەکلیفی بۆ دەیاری بکەی!! ئەوە دنیە یان چاوبەستنی خەڵکوبەلاڕێـدا بـردنـە؟ لـە ژێـرفریوی دینی هێندێک دایک لێچکە لە سەری کچەکانیان دەنـێـن.لـە سەرئـەوە سـورم کە ئـەو جـۆرە حیجابەی کۆماری ئیسلامی واجبی شەرعی نیە.لەخۆیـدا ئیـمامەکانی سونـنەش وەک مالـیکی وحەنەفی دەڵێن واجب نیە.ئەوانیتریش دەڵێن: پێویستە نـەک واجبی شەرعی.چـونکە واجـبـی شەرعـی جەبرە ، بەلام پێویست یانی باشە بێکەی ئەگەر نەشت ویست دەتوانی نەیکەی. بــۆ وێنە ژنە هەوالنێری خاریجی دەچنە ئێران، نـەک بـڕوایـان بـە حیـجاب نـیە بـەڵکو دەکرێی هەر مـوسوڵمانیش نەبن ، بەڵام چونکە کۆماری ئیسلامی کردویەتە جەبر ، ئەوانیش ناچارن لە سەری بنێن .ئاکامەکە ئەوەیە واجبی ئـیـسلامی نـیـە دڵـخوازە. لـە گشـتـیشدا دیـاردەیـەکە کۆماری ئیسلامی لەئیران سەپاندویـەتی. مـوسوڵــمانی ویـشک ودوگـمـیش کە بــڕوایـان بــە دابـونـەریـتە غەڵەتە کۆنەکان هەرماون و ڕەچاویان دەکەن . هـێـنـدێـکیش بـازاڕیان بە شتیوا ڕەواج پەیدادەکا وئەوانیش هەرلە قازانجی دنیایی دەگەڕێن وگوێنادەنە چی ڕاستەوچی درۆیە !! زۆر جار کتومە ئەو حیجابەی شەرع باسی دەکا ،پەرژینێکی ئەخلاقیو ویژدانیە کە چاکەو خراپە لێک هاوێردەکا. ئەگینا هەیە لە ژێرمەقنەوحیجابدا زۆرشتی نەشاودەکەن. من هەوەڵین جارم بوو چومە بەغدایە ، کە ژنم دیت تەنیا چاوی بەدەرەوەیە لە هاوڕێیەکەم پـرسی ئـەوانە چین؟!کوتی: ئەوە خراپەکارن بۆیە دەمو چاویان بەدەرەوە نیە تا نەناسرێنەوە !

 براتان مەلابرایمی مە جید پور ٢٤ / ٦ / ٢٠٢٥ زایینی

 ٣ تیری ١٤٠٤ هەتاوی