ئەوەی ڕاستی بێ لە سەروبەندی کۆنگرەی ١٥ ی حیزب دابووین ، ویستم لە سەرهەرکام لەکۆنگرەکانی حیزب کەمێک زانیاری بڵاو بکەمەوە .

ئامانجی من نە نووسینی مێژوویی حیزبە و نە لە توانای من دایە و تەنانەت ڕەنگە ئەرکی منیش نەبێ ، چونکی من کادرێک لە ئاستی ڕێبەریی حیزب دا نەبووم تا ئاگاداری زۆر مەسائیلی پەیوەندیدار بە حیزبەوە بم و دەستم بە سەرچاوەی گرینگی مێژووی حیزب ڕا نەدەگەیشت تا خاوەن زانیاریی باش بم، بەڵام هەر ویستم هانی بەڕێزانێک بدەم کە بەڕاستی زانیاریان لە سەر کۆنگرە و کۆنفرانسەکانی حیزب هەیە ، بکەونە بیری نووسینی مێژوو و ڕۆڵی کۆنگرەکانی حیزب و بیاننووسنەوە.
هیوادارم کەس ئەو کورتە زانیاریانە بە کەم بایەغ کردنی مێژووی پڕشنگداری حیزب نەزانێ . مێژووی حیزب و گرینگیی کۆنگرە و کۆنفرانسەکانی حیزب زۆر لەوە پڕ بایەغتر و باس هەڵگرترن کە من بتوانم لە چەند دێر دا بەو زانیاریە کەمەی خۆمەوە بێنمە بەر دیدی ئێوەی خوێنەری بەڕیز. بەڵام لانی کەم توانیومە ڕۆژ و مانگ و ساڵی کۆنگرە و کۆنفرانسەکان بدۆزمەوە و بینانووسمەوە .
سەرچاوەشم تەنیا و تەنیا ئەو کەمە ئارشیوەی ئەدەبیاتی حیزبە کە لە لام هەیە. هیچ یەک لەو زانیاریانە لە خۆمەوە نەمنووسیون و حەتمەن لانی کەم سەرچاوەیەکی نووسراوی حیزبم هەبووە بۆ نەقلی قەول کردن.
………………………
کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (ژ.ك) لە ٢٥ ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢١ ی هەتاوی(١٦ی ئاگۆستی ١٩٤٢) لە باغێکی نیزیک شاری مەهاباد لە لایەن کۆمەڵێک لە ڕووناکبیرانی کوردەوە دامەزرا .
ئەو کۆمەڵەیە کە دوای حیزبی ئازادیی کوردستان پێک هاتبوو ، ڕێکخراوێکی نهێنیی میللی – مەزهەبی بوو کە ئامانجی سەرەکیی کوردستانێکی سەربەخۆ بوو .
ژ . ک زۆر زوو توانی پانتایی بدا بە خەباتەکەی هەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەم لە باشووری کوردستان . قازی محەممەد لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە نەبوو ، بەڵام دوای ماوەیەک دەبێتەوە ئەندامی کۆمەلە و دواتریش لەگەل ئەوەی کە ڕێبەری کۆمەڵە نەبووە ، بەڵام کەسی هەرە بەدەسەڵات و لە هەمان کات دا هەرە زانای نێو کۆمەڵە بووە . بۆیە دواتر جلەوی ڕێبەری کردنی ڕێکخراوەکە دەگرێتە دەست.
بەهۆی گۆڕانکاریی دوایی شەڕی دووهەمی جیهانی و شکستی فاشیزم و لاوازیی دەوڵەتی ناوەندیی ئێران ، پێشەوا قازی محەممەد بە زانایی خۆی دۆخەکە هەڵدەسەنگێنێ و هەست بەوە دەکا کە کورد پێویستی بە ڕێکخراوێکی دێمۆکراتیکی سەردەمی تر هەیە .بۆیە بیر لە گۆڕینی ناو و قەوارەی ژ . ک بە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان دەکاتەوە و بەرنامەیەکی هەشت مادەیی بۆ ئەو حیزبە ئامادە دەکەن .
ئەوەیە لە ٢٥ ی گەلاوێژی ١٣٢٤ی هەتاوی (١٦ی ئاگۆستی ١٩٤٥) لە کۆبوونەوەیەکی بەرینی ژ . ک دا کە بەرهەمی باس و خواسێکی زۆر بوو ، کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد دەگۆڕن بە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان کە قەوارە و ناوەڕۆکی حیزبی دێموکراتی کوردستان ، بەرینتر و کراوەتر لە کۆمەڵەی ژ-کاف داڕێژرابوو.
ڕۆژنامەی کوردستان کە هەتا ئێستاش بەردەوامە وەک بیری حیزب دیاری دەکەن ، لۆگۆیەکی تایبەت بۆ حیزب دیاری دەکەن و کار بۆ یەکەم کۆنگرەی حیزب و لە هەمان کات دا ئامادەکاری بۆ ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان دەست پێدەکەن .
یەکەم کۆنگرەی حیزب لە پاییزی هەمانساڵ(١٣٢٤) دا لە شاری مەهاباد دەگیرێ و ڕێبەریی تازە هەلدەبژێردرێ . ئەو ڕێبەریەش قازی محەممەد وەک پێشەوای حیزب هەڵدەبژیرێ کە نازناوی پێشەوا بۆ قازی محەممەد لەوێ ڕا جێدەگرێ .
بەرهەمی بیر و بڕیارەکانی کۆنگرەی یەکەمی حیزب وەک یەکەمین ڕێکخراوی مۆدێڕنی کورد ، دەبێتەوە کار بۆ راگەیاندنی کۆماری کوردستان کە لە ٢ ی ڕێبەرندانی هەمانساڵ دا هاتە نێو مێژووی نەتەوەی کوردەوە ، (٢٢ی ژانویەی ١٩٤٦) .
کۆنگرەی یەکەمی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە نێوەڕاستی پائیزی ١٣٢٤ ( ١٩٤٥) مەهاباد.
یەکەم پێشەوای حیزب قازی محەممەد .
بڕیاری سەرەکیی کۆنگرە : کار بۆ ئامادەکردنی زەمینەی راگەیاندنی کۆماری کوردستان .
………….
کۆنفرانسی یەکەم ١٣٣٤(١٩٥٥)
دوای تێک چوونی کۆماری کوردستان و دووبارە گەڕانەوەی دیکتاتۆڕیی حەمە ڕەزا شا بۆ کوردستان ، گیران و ئیعدام کردنی بەشێک لە ڕێبەرانی حیزب و لە سەرووی هەموویانەوە پێشەوای حیزب ، پرش و بڵاوی کەوتە نێو قەوارەی حیزب و ئیدی بە کردەوە چالاکییەکی ئەوۆت نامێنێ .
ساڵی ١٣٢٦ کۆمەڵێک لە کادری گەنجی حیزب دەکەونە دووبارە زیندوو کردنەوەی تەشکیلاتی حیزب و ساڵی ١٣٢٧ کۆمیتەیەک پێک دێ کە ئەو کۆمیتەی( کاک . کمیتە آذربایجان و کوردستان) حیزب دەکاتە بەشێک لە حیزبی توودەی ئێران کە ئەو کات حیزبێکی بە نفووز بوو لە سەرانسەری ئێراندا و لەوکاتی ڕا ئیدی بڕیاری حیزب لە دەست توودەوە بوو .
ئەو وەزعە تا ساڵی ١٣٣٤ بەردەوام بوو ، کە لەو ساڵە دا بە ئیبتیکاری عەبدڕەحمان قاسملوو و کۆمەڵێک لە هاوڕێیانی دەکەونە بیری پچڕاندنی پەیوەندیی تەشکیلاتی لە گەل حیزبی توودە و دووبارە بەدەست هێنانی سەربەخۆیی سیاسی و تەشکیلاتیی حیزب .
ئەوەیە کە لە ساڵی ١٣٣٤ یەکەم کۆنفڕانسی حیزب لە گوندی کەوتەری مەهاباد بە بەشداریی ژمارەیەکی کەم لە کادری حیزب پێک دێ .
لەو کۆنفڕانسە دا پچڕانی پەیوەندیی تەشکیلاتی لە گەل حیزبی توودە ، دانانی کۆمیتەیەک بۆ ڕێبەری کردنی حیزب بە ناوی کۆمیتەی مەهاباد کە بەرپرسی ئەو کۆمیتەیە نەمر سەید عەبدولا ئیسحاقی(ئەحمەد تۆفیق) بووە .
هەر چەند نە ناوی سکرتێر، ڕێبەر، یان پێشەوا بۆ کاک عەبدولا ئیسحاقی دیاری نەکراوە ، بەڵام بەکردەوە وەک کەسی یەکەمی حیزب وابووە .
کۆنفرانسی یەکەم ، ١٣٣٤ کەوتەری مەهاباد
بڕیاری سەرەکی : پچڕاندنی پەیوەندیی تەشکیلاتی لە گەل حیزبی توودە و دەستەبەر کردنی سەربەخۆیی براردانی حیزب وەک حیزبێکی سەربەخۆ .
تەئکید لە سەر ڕێبازی حیزب و کۆمار و پێشەای شەهید .
………
کۆنگرەی ٢ ، لە ساڵی ١٣٤٣ (١٩٦٤)
ئەم کۆنگرەیە یەکەمین کۆنگرەی دوای تێکچوونی کۆمار و دواتریش گەرانەوەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بۆ سەر ڕێبازی ئەسڵیی خۆی ، و پچڕاندنی پەیوەندیی تەشکیلاتی لە گەل حیزبی توودەی ئێران بوو. کۆنگرەی دوو لە گوندی ”سونێ” هەڵکەوتوو لە سنووری نێوان سەردەشت و قەڵادزێ کە دواتریش ساڵانێکی زۆر بنکە و بارەگای حیزبی لێبووە، بەڕێوە چووە .
بەشدارانی کۆنگرە جەمعێکی زۆر لە ئەندامان و کادرەکانی حیزب بوون کە هاوکات بووە لە گەل گەرما و گەرمی شۆڕشی ئەیلوول لە باشووری کوردستان. لەو کۆنگرەیە دا بە بێ ئەوەی ئەساسنامەیەک بۆ حیزب پەسند بکرێ، ڕیبەرییەکی نوێ هەڵدەبژێرن و ئەو ڕێبەریەش سەید عەبدولا ئیسحاقی وەک کەسی یەکەمی حیزب دیاری دەکەن، بەلام هەتا ئێستاش لە هیچ بەڵگەیەکی حیزبی دا نەهاتووە کە بەڕێزیان سکرتێر، ڕێبەر، یان پێشەوای حیزب بووە ؟ تەنیا ئەوە گوتراوە و نووسراوە کە کاک عەبدولا ئیسحاقی بەرپرسی یەکەمی حیزب بووە ، کە دیارە ئەوەش ناڕوونییەکە لە مێژووی حیزب دا.
بڕیارەکانی گرینگی کۆنگرە ئەوانە بوون: حیزبی دێمۆکراتی کوردستان دەبێتەوە پاشکۆی پارتی دێمۆکراتی کوردستان و سەربەخۆیی سیاسیی خۆی لە دەست دەدات. ناوی ئۆرگانی فەرمیی حیزب واتە ڕۆژنامەی کوردستان دەگۆردرێ بە ”دیسان بارزانی” و بە فەرمی پشتیوانی لە بارزانی دەکەن و بەکردەوەش دەبنە بەشێک لەو حیزبە و بۆ جاری دووهەم حیزب سەربەخۆیی سیاسیی خۆی لە دەست دەدات.
………….
کۆنفڕانسی ٢ لە ساڵی ١٣٤٨(١٩٦٩)
دوای کۆنگرەی دوو ، هەر زوو کێشەیەک دەکەوێتەوە بەینی بەشیک لە ئەندامانی ڕێبەری و خودی کاک عەبدولا ئیسحاقی کە ئیدی بە ئەحمەد تۆفیق دەناسرا.
ئەو بەڕیزە پێی وابووە کە دەبێ بۆ هەموو کارێک ئیزن لە بارزانی وەربگیرێ، بەڵام بەشی زۆری ڕیبەری ئەو بیرەیان لا پەسند نەبووە. بە تایبەتی کادرە خوێندەوارەکانی نێو ڕێبەریی حیزب نەیان دەتوانی تەحەمولی ئەو وەزعە و بە نەوعێکیش ئەو هەڵسوکەوتەی کەسی یەکەمی حیزب بکەن .
بۆیە لە ساڵی ١٣٤٦ کۆمیتەیەک لەو ئەندامانەی ڕێبەری و کادرە دیارانەی حیزب کە موخالیفی بیر و بۆچوون و شێوەکاری کاک ئەحمەد تۆفیق ن، پێکدێ بەناوی ”کۆمیتەی ئینقلابیی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان”. لە نێو ئەو کۆمیتەیە دا کەسی دیاری وەک موهەندیس ئیسماعیل شەریف زادە، مەلا ئاوارە، سولەیمانی موعینی” فایەق” ، هاشم عقل طلاب ” قادر شەریف” سەدیق ئەنجیری ، سەننار مامەدی ، نەحۆ پاشۆ ” باپیر شکاک” و زۆر کادری دیکە دەبیندرێن .
ئەوان لە رووی ناچاری یەوە کە هەم لە ژێر فیشاری سەرکردایەتیی شۆڕشی باشووری کوردستان و هەم دەوڵەتی عێڕاق دان ، بە ناچار باشووری کوردستان بە جێ دێڵن و دەچنە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان . بەداخەوە لە ماوەی ١٨ مانگ خەباتی چەکداری دا بەشی هەرە زۆی ڕێبەریی بزووتنەوەی چەکداریی ٤٦ و ٤٧ یان بەدەستی هێزەکانی ساهەنشاهی شەهید دەبن و یان لە لایەن سەرکردایەتیی باشوورەوە شەهید دەکرێن، یان بە زیندوویی تەسلیمی حکوومەتی ئێران دەکرێنەوە.
ئەوەیە کە دیسان حیزب تووشی لاوازییەکی یەکجار زۆر دەبێ، کادری ڕێبەری زۆر کەم دەبنەوە و پرش و بڵاوی و بێ ئیعتیمادی ڕوو دەکاتە تەشکیلاتی حیزب.
دوای ئەو وەزعە ساڵی ١٣٤٨ ئەو بەشە لە کادر و ئەندامانی حیزب کە مابوونەوە، بۆ ئەوەی دووبارە سەروسامانێک بدەن بە حیزب، کۆنفڕانسی دوو دەگرن و کۆمیتەیەکی ناوەندی پێک دێنن. بەڵام ئەوجارەیان کاک ئەحمەد تۆفیق ئەوانی قەبووڵ نیە و ئەوانیش بە هەمان شێوە. تا ساڵی ١٣٤٩ ئەو وەزعە بەو شێوەیە بەردەوام دەبێ. گرینگترین کاری کۆنفرانسی دوو، تەرمیمی کۆمیتەی ناوەندی و دووبارە زیندووکردنەوەی هەیکەل و ئۆرگانەکانی حیزب بووە .
………..
کۆنفڕانسی ٣ لە جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٠(١٩٧١) لە شاری بەغدادی عێڕاق .
ساڵی ١٣٤٩ دوکتۆر قاسملوو لە دەرەوەرا دەگەڕێتەوە عێڕاق و لە گەل ڕێبەریی حیزب پەیوەندی دەگرێ و داوا دەکا کە پێویستە کار بۆ زیندوو کردنەوەی حیزب بکەین . ئەوەیە کە لە ماوەیەکی کورتدا کۆمیتەیەک بە ناوی ”کۆمیتەی ساخکەرەوەی حیزب ” پێک دێنن و ژمارەیەک لە کادرە بە ئەزموونەکانی حیزب تێیدا کار دەکەن . هاوکات بە پێشنیاری دوکتۆر قاسملوو، خۆی و چەند کەس لە هاوڕێیانی مەئمووریەت وەردەگرن بۆ نووسینی بەرنامە و ئەساسنامەی حیزب. لە ڕەشەمەی ١٣٤٩ ڕۆژنامەی کوردستان دووبارە وەک ئۆرگانی فەرمیی حیزب دەست بە وەشان دەکا کە تا ئێستاش بێ پسانەوە درێژەی هەیە .
هاوکات کاک ئەحمەد تۆفیق سەخت دژی گەڕانەوەی دوکتۆر قاسملوویە کە لە کۆنگرەی دوو دا بە ئیسراری خودی کاک ئەحمەد لە حیزب دەرکراوە. لە ١٣٤٩ تا کۆنفرانسی ٣ ، دوکتۆر قاسملوو عەمەلەن وەک سکرتێر وابووە، بەڵام لە کۆنگرە یان کۆنفرانسێک دا هەڵنەبژێراوە ، تەنیا وەک کەسێکی لێزانی بە ئەزموون، نەخشی یەکەمی گێڕاوە.
کە دەگەنە کۆنفرانسی ٣ ، کاک ئەحمەد تۆفیق ئیدی واز دێنێ و حازر نیە کار بکا ، سەرەڕای ئەوەی کە داوایان لێکردووە بگەڕێتەوە و کار بکا. دواتر کاک ئەحمەد لە لایەن سەرکردایەتیی شۆڕشی باشوور گوشاری دەخرێتە سەرو تا ناچار دەبێ بڕواتە بەغدا، و بەداخەوە لە لایەن دەوڵەتی عێڕاقەوە دەگیرێ و بێ سەرەو شوێن دەکرێ کە هەتا ئێستاش لەو بارەوە زۆر بۆچوونی جۆراو جۆر هەیە .
گرینگترین بڕیار و دەستکەوتی کۆنفڕانسی ٣ :
یەکەمین بەرنامە و ئەساسنامەی حیزب پەسند دەکرێ و لە تیراژێکی باش دا چاپ و بڵاو دەکرێتەوە.
پچڕاندنی پەیوەندیی تەشکیلاتی لە گەل پارتی دێمۆکراتی کوردستان و گێڕانەوەی حیزب بۆ سەر ڕێبازی دروست و ئووسوولیی خۆی .
هەڵبژاردنی کۆمیتەی ناوەندی و دەفتەری سیاسی .
پەسند کردنی ئامانجی دواڕۆژی حیزب وەک : سۆسیالیزمی دادپەروەرانە .
هەڵبژاردنی دوکتۆر قاسملوو بە سیفەتی سکرتێری گشتیی حیزب .
……..
کۆنگرەی سێ ١٣٥٢( ١٩٧٣) لە کۆیە ، باشووری کوردستان
کۆنگرەی ٣ درێژەی کۆنفرانسی ٣ بوو کە ئەرکی سەرەکیی سازمان دان و ڕێکخستنەوەی هەیکەلی حیزب بوو .
ئەو کۆنگرەیە توانی هەر چی زیاتر ئەندامانی کۆنی حیزب لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە و تەشکیلاتی حیزب بەرفراوانتر بکاتەوە .
هەڵبژاردنی ڕێبەریی تازە و بۆ جاری دووهەم کاک دوکتۆر قاسملوو بە سکرتێری گشتیی حیزب .
ئاڵ و گۆڕ لە ناوی حیزب دا کرا کە وشەی ئێران لە ناوی حیزب زیاد بوو بەم شێوەیە: حیزبی دێمۆکراتی کوردستان (ئێران)
…………………….
کۆنگرەی ٤ لە سینەما ئۆمیدی شاری مەهاباد لە ٣٠ی ڕیبەندانی ١٣٥٨ ( مارتسی ١٩٨٠)
بەرە بەرە نیشانەکانی راپەڕینێکی گشتی لە ئێران دەردەکەون. ڕیبەری لێزانی حیزب دوکتۆر قاسملوو دەکەوێتەوە هەوڵی پێک هێنانی هاودەنگییەک لە نێو بزووتنەوەی کورد دا. ئاکامی ئەو هەولەش دەبێتەوە دانیشتنی چەند حیزبی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە بەیرووتی لوبنان بۆ پێک هێنانی بەرەیەکی کوردی، بەڵام بە هۆی کارشکێنی هیندێک لە حیزبەکان ئەو هەولە سەر ناگرێ .
کە نیزیک دەبنەوە لە ساڵی ١٣٥٧ و ئیدی بزووتنەوەی گەلانی ئێران بەرینتر بووە، کۆمیتەی ناوەندیی حیزب کۆمیتەیەک پێک دێنێ بە ناوی کۆمیتەی “زاگرۆس” تا بچێتەوە نیو خۆ و ئامادەکاری بۆ دوای رووخانی ڕێژیمی شا بکات. کۆمیتەکە پێش سەرکەوتنی ڕاپەرینی گەلانی ئێران واریدی ناوخۆی ئێران و کوردستان دەبی .
دوای سەرکەوتنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و لە ١١ی ڕشمەی ١٣٥٧، بە پەیامێکی فەرمی دوکتۆر قاسملوو لە متینگێکی سەد هەزاری کەسی دا لە ستادیۆمی وەرزشیی شاری مەهاباد خەباتی ئاشکرای حیزب ڕادەگەیەنێ .
دوای ٣٤ ساڵ لە تەمەنی حیزب، کۆنگرەی چوارەم یەکەمین کۆنگرەی ئاشکرا بوو بە بەشداریی ٣١٠ نوێنەر لە سەرانسەری کوردستان و بە نوێنەرایەتیی ٣٠ هەزار ئەندام کە لە شاری مەهاباد ، مەکۆی لە دایک بوونی حیزب و پایتەختی کۆماری کوردستان گیرا .
ڕاپەڕینی گەلانی ئێران ساڵی ٥٧ سەرکەوتبوو ، بەشێکی زۆری کوردستان لە ژێر دەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دابوو و وتووێژ بۆ بەدەست هێنانی خودموختاری لە گەل حکوومەتی کۆماری ئیسلامی درێژەی هەبوو.
خەڵکێکی زۆر لە دەوری حیزب کۆ ببووە. پیلانی نەیارانی حیزب و بزووتنەوەی کورد لە ئارادا بوو. بۆیە کۆنگرەی ٤ زۆر گرینگ بوو .
کۆنگرەی ٤ تا ئێستا لە مێژوویی حیزب دا زۆرترین کاتی بردووە کە وابزانین ١٢ ڕۆژی گرتووە .
ئاکامی کۆنگرەی ٤ بوو بە ڕێبەرییەک لە ئەندامانی کۆن و نوێی حیزب و گەشەیەکی یەکجار زۆری حیزبی لێکەوتەوە . بەڵام هەر لە کۆنگرە و دوای کۆنگرە ، کۆمەڵێک گرفتی گەورە کەوتنە نێو ڕیزەکانی حیزب و دواتر جیابوونەوەی تاقمی ٧ کەسیی لێکەوەتە، ئەویش بە پیلانیگێریی حیزبی توودە و بیری خۆ بەدەستەوەدەرانەی هیندێک لە ئەندامانی ڕێبەری. لە دوای کۆنگرەی ٤ ئەو تاقمە کەوتنە پیلانگێڕی بە دژی ڕێبەریی هەڵبژێراوی کۆنگرە و بە تایبەتی کەسایەتیی بەرز و کەم وێنەی دوکتۆر قاسملوو، کە حیزبی توودە دژایەتییەکی قووڵی لە گەل ئەو کەسایەتیە بەرزە هەبوو .
لە ٢٥ی جۆزەردانی ١٣٥٩ تاقمی ٧ کەسی جیا بووە و بە ناوی ” حدکا. پەیرەوانی کۆنگرەی چوار” چوونە نیو ڕێزەکانی حیزبی توودە و عەمەڵەن و وێڕایی هێزەکانی ڕێژیمی ئاخوندی و میوانێکی ”بزۆز” واریدی شەر بە دژی حیزب و بزووتنەوەی کورد بوون . ئەو تاقمە دواتر خۆیان هەڵوەشاندەوە و بە فەرمی بوون بە بەشێک لە حیزبی توودە.
بڕیارەکان و ئاکامەکانی کۆنگرە :
ئاڵ و گۆڕ لە ناوی حیزب دا بەم شێوەیە :
حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران
گۆڕینی لۆگۆی حیزب کە هەتا ئێستاش هەر لۆگۆی حیزبە .
هەڵبژاردنی ڕێبەرایەتی تازە و دووبارە کاک دوکتۆر قاسملوو وەک سکرتێری گشتیی حیزب .
تەئکید لە سەر خەباتی دژی ئیمپریالیستی، درێژەدانی وتوێژی ئاشتیخوازانە بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ئێران لە گەل حکوومەتی ناوەندی .
بەرگری لە کوردستان، لە هەمبەر هێرشی دەوڵەتی ناوەندی .
کار بۆ بەرەیەکی دێمۆکراتیکی دژی ئیمپریالیستی .
ناردنی نامەیەکی سەرئاوەڵای گرینگ بۆ بەنی سەدر سەرۆک کۆماری ئەوکاتی ئێران.
یەکێکی دیکە لە ئاکامی کار و تێکۆشانی کۆنگرەی چواری حیزب، کرانەوەی دەفتەری نوێنەرایەتیی حیزب لە پاریس بە شێوەیەکی فەرمی کە تا ئێستاش درێژەی هەیە .
دیاری کردنی ١٠ی خاکەلێوە وەک ڕۆژی شەهیدانی کوردستان .
پێداگری لە سەر دوروشمی ستراتێژیی حیزب :
دێمۆکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان
…….
کۆنگرەی پێنج (کۆنگرەی شەهیدان) لە ١٦ ی سەرماوەزی ١٣٦٠(١٩٨١) لە شێوەجۆی ناوچەی سەردەشت .
دوای کۆنگرەی ٤ و جیابوونەوەی تاقمی ٧ کەسی، شەڕێکی قورس بە سەر خەڵکی کوردستان و حیزب دا سەپا. چەندین ئەندامی ڕێبەری و فەرماندەری بەوەجی هێزی پێشمەرگە لە بەرەکانی شەڕ دا شەهید ببوون، بەشێکی زۆری کوردستان داگیر کرابوو، هێرش بۆ سەر ناوچە ڕزگارکراوەکان بەردەوام بوو، بە تایبەتی شەڕی جادەی بانە بۆ سەردەشت و پیرانشار بۆ سەردەشت، هەموو شیمالی کوردستان بە جۆرێک کەوتبووە دەستی ڕێژیم و تاقمی ٧ کەسی و میوانی “بزۆز” . لەو کاتی دا حیزب دەرگیری شەڕێک بوو لە گەل چەند لایەنی کرێگرتە و هاوپەیمانی ڕێژیمی ئاخوندەکان .
لەو کاتە دابوو کە حیزب وەک باوەڕی قووڵی بە دێمۆکراسی و خۆگونجاندن لە گەل ڕەوتی ڕووداوەکان، کۆنگرەی پێنجەمی خۆی لە کات و ساتی دیاری کراوی ئەساسنامەیی دا بەڕێوە برد .
بڕیار و ئاکامەکانی کۆنگرەی پێنج :
هەڵبژرادنی ڕێبەری و هەروها بۆ جاری چوارەم هەڵبژاردنی دوکتۆر قاسملوو وەک سکرتێری گشتی .
پەسند کردنی دوروشمی تاکتیکیی خەبات بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی .
درێژە دان بە بەرگری لە ناوچە ڕزگار کراوەکانی کوردستان .
مەحکووم کردنی پیداگریی خومەینی بۆ درێژەی شەڕی ئێران و عێڕاق.
بەشداریی حیزب لە شوورای نیشتیمانیی بەرگری دا کە لە پاریس پێک هاتبوو و هەر ئەو ساڵە حیزب بوو بە ئەندامی شوورا .
………
کۆنگرەی شەش ( کۆنگرەی کار) ٢ی ڕێبەندانی ١٣٦٢(١٩٨٤) لە گەڵالەی باشووری کوردستان .
دوای پێنج ساڵ دیسان حیزب یەکەمین کۆنگرەی خۆی لە باشووری کوردستان بەڕێوەبرد.
کۆنگرەی شەش لە کاتێک دا گیرا کە شەڕێکی قورس لە ئارادا بوو. نیزیک بە تەواوی ناوچەکانی کوردستان میلیتاریزە کرابوون، خەباتی پێشمەرگە کەوتبووە قۆناغی پارتیزانی، شەڕی ئێران و عێڕاق کێشرابوو بۆ سنوورەکانی کوردستان .
لەو دۆخە دا بوو کە حیزب دەبوایە کۆنگرەی خۆی لە کاتی دیاری کراو دا بگرێ. بۆیە نیزیک یەک ساڵ بەر لە کۆنگرە “کورتە باسێک لە سەر سۆسیالیزم ” لە لایەن کاک دوکتۆر قاسملووە نووسرابوو و لە نێو بەدەنەی حیزب دا بڵاو کرابووە تا ئامادەگی هەبێ بۆ کۆنگرە .
لە کاتێک دا کە بنکە و بارەگاکانی ڕێبەری و راگەیاندنی حیزب گواسترابوونە ئەو بەشە لە کوردستان، کۆنگرە لە وادەی خۆیدا دەستی پێکرد .
بڕیار و ئاکامەکانی کۆنگرەی شەش :
سەرەڕایی موخالیفی زۆر، توانرا لە کۆنگرە دا ئامانجی دواڕۆژی حیزب پەسند بکرێ کە” خەبات بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی دێمۆکراتیکی سۆسیالیستی” بوو.
بەهێز کردن و بەرین کردنی خەباتی دیپڵۆماسی لە دونیای دەرەوە دا.
ڕێبەریی حیزب هەڵبژێرایەوە و دوکتۆر قاسملوو بۆ جاری پێنجەم بە سکرتێری گشتیی حیزب هەڵبژێرا.
پیداگری لە سەر خەباتی پارتیزانی کرایەوە .
لە پلۆنۆمێکی کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی شەشەمدا ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانی دیاری کرا ( ٢٦ ی سەرماوەز)
………
کۆنگرەی حەوت لە٢٦ ی سەرماوەزی١٣٦٤(١٩٨٥) کانی مێو، باشووری کوردستان، دۆڵی جافەتی.
کۆنگرەی حەوت لە کاتێکدا گیرا کە بەداخەوە حیزب هەم لە لایەک لە حاڵی شەڕێکی پارتیزانیی قورس بوو لە گەل ڕێژیم و هەم لە لایەکیش تووشی شەڕی ناوخۆ هاتبوو لە گەل کۆمەڵە. هەر وەها شوێنی بنکە و بارەگاکانی حیزب کەوتبوونەوە نێو بەرەی شەڕی ئیران و عێڕاق و ڕۆژانە بۆمباران دەکران. بەڵام حیزب سەرەڕایی هەموو مەترسییەک کە هەبوو، کۆنگرەی حەوتی بەڕێوە برد .
بڕیار و ئاکامەکانی کۆنگرەی حەوت :
سازماندەیی سەرلەنوێی هیزی پێشمەرگە و ئۆرگانەکانی حیزبی بۆ خەباتی پارتیزانی .
تەئیدی هەڵوێستی” بەرگری لە خۆی” لە شەڕ لە گەل کۆمەڵە ، کە لە هاوینی هەمانساڵ دا پلۆنۆمی کۆمیتەی ناوەندی لەو بارەوە بڕیاری دابوو .
تەئیدی هاتنە دەری حیزب لە شوورای نیشتیمانی بەرگری .
هەڵبژاردنی ڕێبەریی حیزب و دوکتۆر قاسملوو بۆ جاری شەشەم وەک سکرتێری گشتیی حیزب هەلبژێرایەوە .
ئەوەش زیاد بکەین کە دوای کۆنگرەی حەوت ، کار و خەباتی حیزب کەوتە قۆناغێکی پڕ لە گەشە ی هەمەلایەنە و دەتوانین بڵێین دەورانی زێڕینی مێژووی حیزب بوو .
………..
کۆنگرەی هەشت لە ٢ی ڕێبەندانی ١٣٦٦(١٩٨٨) شاری سلێمانی
هەر چەند بەدەنەی حیزب ئاگاداری یەکی ئەوتۆی نەبوو لە باس و خواسەکانی نێو کۆمیتەی ناوەندی، بەڵام کۆنگرەی هەشت دیاربوو کە کێشە لە نێو ڕێبەرایەتیی حیزب دا هەیە و تا ڕادەیەک جیناح بەندی یەکان دیار بوون .
ئەوە بوو ئامادەگی کرابوو و کۆنگرە نیزیک دەبووەوە ، دەرکەوت کە کاک دوکتۆر قاسملوو و کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی بە هاوکاریی بەشێک لە ئەندامانی ڕێبەری دە هەوڵی ئەوەدان کە لیستێک بدەن بۆ کۆمیتەی ناوەندی کە بە لیستی “فیکس” ناوی دەرکرد.
بەرلە کۆنگرە باسی ئەو لیستە لە لایەن مۆخالیفانی شێوەی هەڵبژاردنی لیستی فیکس کێشرایە نێو کۆنفرانسەکان و سەف بەندییەکان ڕۆژ لە گەل ڕۆژ دەردەکەوتن .کە کۆنگرە دەست پێدەکا و کاردەگاتە شێوەی هەڵبژاردن ، باسەکان توندتر و جیناح بەندییەکان دیارتر دەبن .
سەرەنجام دوای باس وگەنگەشيیەکی زۆر، ئەو شێوە هەڵبژاردنە دەکەوێتەوە دەنگدان لە کۆنگرە دا کە ” ٩١ موافیق و ٩٠ موخالیف ” ئەوجار شیوەی هەڵبژاردن بە لیست پەسند دەکرێ. بەشێک لە موخالیفان حازر نابن ناویان لەو لیستەیە دا بێ و کاندیداتۆڕیی خۆیان دەکشێننەوە. بەڵام لە گەل شەرعیەت و هەموو بڕیارەکانی کۆنگرە موافیق دەبن .
لە کۆنگرەی هەشت دا بڕیارێکی جێی سرنج نەبوو و تەنیا زۆرتر تەئکید لە سەر ڕێبازی حیزب و شێوەی خەباتەکەی کردبووە. تەنیا دوو خاڵی گرینگ کە لە کۆنگرەی هەشت چوونە نێو بەرنامە و ئەساسنامەی حیزب، جیایی دین لە دەوڵەت و درێژ کردنی مەودای نیوان کۆنگرەکانی حیزب لە دوو سالەوە بۆ ٣ ساڵ .
هەڵبژاردنی ڕێبەرییەک کە تا ڕادەیەکی بەرچاو نوێ بوو، زۆرینەی کادری دێرینی ڕیبەری لە کۆمیتەی ناوەندیی تازە دا نەبوون و دوکتۆر قاسملوو بۆ جاری حەوتەم و بە داخەوە دواین جار بە سکرتێری گشتیی حیزب هەڵبژێردرایەوە .
دوو مانگ دوای کۆنگرەی هەشت، هەر وەک چاوەروانیش دەکرا، ئەو بەشە لە کادرەکانی پێشووی ڕێبەری و ژمارەیەکی چەند سەد کەسی لە کادرو پێشمەرگە لە ١ ی خاکەلیوەی ساڵی ١٣٦٧ دا بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک جیابوونەوەی خۆیان راگەیاند و لە ژێر ناوی: حدکا. ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێر دا خۆیان پێناسە کرد کە بەداخەوە هەڵگرتنی ئەو ناو و هێمایانە بوون بە هۆی بڕیارێکی توندی ڕێبەرایەتیی حیزب کە شەڕی نێوخۆیی لێکەوتەوە . ئەوەش زیاد بکەین کە ئەو هاوڕێیانە چ بەر لە جیابوونەوە و چ دوای جیابوونەوەکە ، پەنایان بۆ سازمانی موجاهیدین برد کە نەیارێکی سەرسەختی حیزب و دوکتۆر قاسملوو بە تایبەتی بوون .
……
کۆنگرەی نۆ (کۆنگرەی قاسملوو) لە ٣٠ ی سەرماوەزی ١٣٧٠(١٩٩١) گەلی بەدرانی بالەکایەتی .
هەر وەک باس کرا، لە دوای کۆنگرەی هەشت جیابوونەوەیەک لە ڕیزەکانی حیزب دا ڕوویدا. بەلام ئەوە تەنیا ڕووداوی گرینگی نێوان کۆنگرەی هەشت و نۆ نەبوو بۆ حیزب و بزووتنەوەی کورد و ناوچەکە و بگرە جیهانیش .
شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێڕاق لە هاوینی ساڵی ١٣٦٧ بە قەبوولی بڕیاری ٥٩٨ی ڕێکخراوی نەتەوە یەک گرتووەکان و بە نۆشینی جامێکی ژەهر لەلایەن خومەینی یەوە، ڕاوەستا و پڕۆسەی دانوستان بەرەو دەست پێکردن دەچوو. ئیحتیمالی سات و سەودا لە سەر بزووتنەوەی کورد لەو دوو بەشەی کوردستان ڕۆژ لە گەل ڕۆژ زیاد دەبوو. هیندەی پێ نەچوو خومەینی بە هەمان جامی ژەهر لە ١٤ی جۆرزەردانی ١٣٦٨ مرد کە جێگرەکەی لە خۆی دیکتاتۆر تر و خوێن مژتر دیاری کرا. دوای چڵ ڕۆژ و لە ٢٢ ی پووشپەڕی هەمانساڵ، ڕێبەری بلیمەتی حیزب و بزووتنەوەی کورد، دوکتۆر عەبدولڕەحمانی قاسملوو و کاک عەبدولا قادری ئازەر لە سەر میزی وتووێژ لە گەل بە ناو هەیئەتی کۆماری ئیسلامی، لە لایەن خودی هەیئەتەکەوە تێرۆر کران. دوکتۆر سادقی شەڕەفکەندی لە پاییزی هەمان ساڵدا بە سکرتێری گشتی حیزب هەڵبژێردرایەوە و حیزب دوای شەهید بوونی کاک دوکتۆر قاسملوو بە ئیعترافی دۆست و دوژمن، گوڕوتینێکی بێ وێنەی بە خۆیەوە بینی.
کۆنفڕانسێک کە ڕێبەری شەهید کاری بۆ کردبوو لە پاریس بەڕێوە چوو لە سەر بە نێو نەتەوەیی کردنی مەسەلەی کورد. هەر هەمان ڕەوتی دێمۆکراتیزاسیۆن کە دوکتۆر قاسملوو زۆر پێشتر چاوەڕوانیی دەکرد، لە ئۆرووپای شەرقی دەستی پێکرد و ئاڵمان بەرەو یەک گرتن چوو، چێک و سڵۆواک دابەش بە دوو دەوڵەت بوون، چائۆسیسکۆی دیکتاتۆری ڕۆمانی لە گەل ژنەکەی ئیعدام کران و ……
بەهاری ساڵی ١٣٦٩ کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە بڕیارێک دا یەک لایەنە شەڕی لە گەل کۆمەڵە ڕاگرت، هەر چەند بەهۆی ئەوەی کە کۆمەڵە ئیدی وازی لە خەباتی چەکداری هێنابوو، بەکردەوە شەڕ نەمابوو. لە ١١ی گەلاوێژی ١٣٦٩ سەددام هێرشی کردە سەر وڵاتی کوێت و داگیری کرد. وڵاتانی عەڕەبی و ڕۆژئاوایی دە هەوڵی چارەسەری دا بوون کە سەددام بە کەلەشەقی خۆی ئەو وڵاتەی چۆل نەکرد و نیشانەی وەشاندنی زەبری نیزامی لە سەددام و دەرکردنی لە کوێت دەردەکەوتن. گەمارۆیەکی ئابووریی توند خرایە سەر ڕێژیمی بەعس . لەو بەینە دا سەددام لە بریارێک دا واز هێنانی خۆی لە خاوەنداریەتی لە شط العرب، بە کردەوە نیشانی دا کە موحتاجی ئێرانە. بۆیە ئەگەری موعاملە لە سەر کورد زۆرتر بوو، ئەوەبوو کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی ناوی ئەو موعاملەیەی دانابوو، ڕۆژی ڕەش .
شەڕ لە ٢٧ ی بەرانباری ٦٩ بە دژی سەددام دەستی پێکرد و تا کۆتایی مانگی ڕێبەندان درێژەی هەبوو. سەددام شکستی خوارد و لەو فۆرسەتەش دا بەرەی کوردستانی توانیان راپەرینی کوردستانی باشوور دەست پێ بکەن و بۆ ڕۆژی نەورۆز کەرکووکیان رزگار کرد. دواتر کە دیسان سەددام خۆی سازمان دا و هیرشی کرد، ئەوجار ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بریارێک دا هێڵی ٣٦ دەرەجەیان دیاری کرد و تا رادەیەک دڵنیایی هەبوو کە ئیدی ئەو موعاملەیە لە سەر کورد سەر نەگرێ .
ئەو رووداوانە بوون بە هۆی ئەوە کە حیزب کۆنگرەی نۆ لە کاتی خۆی دا نەگرێ. چوونکی ئەوکات زۆر یەک لەو ڕووداوانە جارێ روون نەبوون و هەڵوێستی ڕوون هیندێک بە زەحمەت بوو .
بەڵام لە نێو خودی حیزب دا بەداخەوە بوونی دوو جیناحی لانی کەم بۆ بەدەنەی حیزب هەستی پێ دەکرا. هەر چەند دڵنیایی یەک هەبوو لەوەی کە کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی بە لێزانی خۆی دەتوانێ بە سەر هەر دوو جیناح دا زاڵ بێ و یەک گرتوویی حیزب بپارێزێ کە هەر واش دەرچوو .
ئەوەبوو گەیشتینە پائیزی ساڵی ١٣٧٠، ئیدی وەزع هیندێک ڕوونتر بوو. بۆیە کاروباری ئامادەکاری بۆ کۆنگرە دەستی پێکرد. هەر چەند ئیدی ڕێژیم بە تەواوی دەستی خستبووە نێو باشووری کوردستان و ماشێنی تێرۆری بە دژی ئەندامان و کادر و پێشمەرگەی حیزب کەوتبووە کار.
ئاکام و بڕیارەکانی کۆنگرەی نۆ :
زۆر ئاڵ و گۆڕ لە پەیڕەو و پڕۆگرامی حیزب دا کران، وەک : زیاد کردنی بەندێک لە بەرنامە دا کە تایبەت بوو بە لاوان ، لابردنی دروشمی خەباتی دژی ئیمپریالیستی. بەڵام دیارترینی ئەو ئاڵ و گۆرانە هێنانە کایەی دوو تێبینی بوو کە هەتا ئێستاش لە پەیڕەوی ناوخۆیی حیزب د اهەر درێژەیان هەیە، ئەویش ئەوەیە کە : پاراستنی مافی کەمینە لە نێو ڕیبەری حیزبدا، بە تایبەتی دانی مافی ئەوەی بە کۆمیتەی ناوەندی کە بۆ کۆنگرە و کۆنفرانسەکانی حیزب، بتوانێ تا نیوەی ئەندامانی ئەسڵیی خۆی، لە کادر و ئەندامی حیزب بە مافی دەنگدانەوە بەشداری کۆنگرە بکا .
ڕێبەرایەتی هەڵبژێرایەوە کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی بۆ جاری دووهەم و بەداخەوە ئاخیر جار وەک سکرتێری گشتیی حیزب هەڵبژێرایەوە .
……
کۆنگرەی دە (کۆنگرەی پەنجا ساڵ خەبات) ٢٣ ی خاکەلێوەی ١٣٧٤(١٩٩٥) هەولێر
شەش مانگ دوایی کۆنگرەی نۆ بەداخەوە ڕێبەری بە توانای حیزب کاک دوکتۆر شەڕەفکەدنی لە ٢٦ ی خەرمانانی ٧١ دا لە بێرڵینی ئاڵمان شەهید کرا بوو. لە بەهاری هەمانساڵیش دا یەکەمین هەڵبژاردنی گشتی لە باشووری کوردستان کرابوو و پارلەمان و حکوومەتی هەرێم هەبوو. بەداخەوە راست مانگێک لەدوای شەهید بوونی کاک دوکتۆر، حکوومەتی هەرێم و پارتی کرێکارانی کوردستان تووشی شەڕێکی ماڵوێرانکەری ناوخۆ هاتبوون .
لە نێو حیزب دا بە شەهید بوونی کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی و هاوڕێیانی، نەک نائۆمێدی ، بەڵام بە جۆرێک حەپەسان و شڵەژان دیار بوو. گەورەترین نیگەرانییەکانیش لە بوونی پەتای دوو بەرەکی بوو. هەر وەک باسمان کرد لە پێش کۆنگرەی نۆ جیناح بەندی هەبوو، بەڵام قورسایی سکرتێری گشتی توانیبووی یەکڕیزی حیزب باپرێزێ و ئیزن بە هیچ یەک لەو جیناحانە نەدا کارشکێنی بکەن.
هەر وەک چاوەروانیش دەکرا لە یەکەمین پلینۆمی دوای شەهید بوونی کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی دا نیشانەکانی قووڵ بوونەوەی کێشەکان دەرکەوتن. لە کاتی هەڵبژاردنی سکرتێری گشتی دا کەسی یەکەمی هەر دوو جیناح ( کاک مستەفا هیجری و مامۆستا عەبدولا حەسەن زادە) کاندیدی سکرتێری بوون کە کاک مستەفا هیجری بە سکرتێر هەڵبژێرایەوە و مامۆستا بە جێگری سکرتێر.
ئەو هەڵبژاردنە نەک کۆتایی ماجەرا کە نەبوو، بگرە دەستپێکی ماجەرای قووڵ بوونەوەی کێشە و جیناحبەندی یەکان بوو. تا گەیشتینە کۆنگرەی ١٠ کۆمەڵێک ڕووداوی گرینگ لە ناوچە ، کوردستان و بگرە جیهان ڕوویاندا. رەوتی تێرۆرەکانی دژی تێکۆشەرانی دێمۆکرات لە باشوور بە دەست تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی یەوە بە ئاستی هەرە زۆری خۆی گەیشتبوو.
بە هۆی ڕووداوەکانی پەیوەندیدار، کۆنگرەی ١٠ بۆ ماوەی نیزیک بە شەش مانگ دوا کەوت. بەڵام لە تەواوی ئەو ماوەیە دا هەردوو جیناح بەربەرەکانیان دەکرد، خۆیان بە هێزتر دەکردەوە. جیناحێک هێرش بۆ بە دەستەوە گرتنی دەسەڵاتی حیزب و جیناحەکەی تر بەرگری لە پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان لە حیزب. وەزع بەم شێوەیە دەچووە پێش تا گەیشتینە، هاوینی ساڵی ١٣٧٢ بنکە و بارەگاکانی حیزب لە قەندیل دەهێننەوە خوار ( دیارە لە ژێر گوشاری خانەخوێدا) . بەهاری ساڵی ١٣٧٣(١٩٩٤) شەڕێکی قورس دەکەویتەوە نیوان هەر دوو حیزبی دەسەڵاتداری باشووری کوردستان پارتی و یەکیەتی و هەرکامەیان بە جۆرێک موحتاجی ولاتێکی داگیرکەری کوردستان دەبێ. ئاخر ڕۆژەکانی ساڵی ١٣٧٣ رادیۆ دەنگی کوردستانی ئێران لە لایەن خانەخوێ (یەکیەتی نیشتمانی کوردستان) و بە دەستووری ئێران دادەخرێ .
کە دەگەینە بەهاری ساڵی ١٣٧٤، کۆنفرانسەکانی پێش کۆنگرە تەواو بوون، ئاکامی کۆنفرانسەکان دەریان دەخست کە لایەنی خوازیاری گرتنە دەستی جڵەوی دەسەڵاتی حیزب لە کۆنگرە سەردەکەوێ. ئەو لایەنە دوو دوروشمیان هەبوو: یەکگرتن لە گەل ڕێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ، و کەمڕەنگ کردنی خەباتی چەکداری کە دەیانگوت: خەباتی چەکداری باوی نەماوە، کە دیارە لە دوای کۆنگرە هەردوو دورشمەکەش جێ بەجێ کران .
بڕیار و ئاکامەکانی کۆنگرەی دە :
کرانەوەی دەرگای دیالۆگ بۆ یەک گرتنی هەردوو بەشی حیزب.
گۆڕینی سکرتیری گشتی لە کاک مستەفا هیجری یەوە بۆ مامۆستا عەبدولا حەسەنزادە .
کەمرەنگ کردن و لە نیهایەت دا ڕاگرتنی خەباتی چەکداری کە هەتا ئێستاش درێژەی هەیە .
ئاڵ وگۆڕ لە سازماندەیی هێز و کۆمیتەکان دا بکڕی، کە کرا .
دیارە با ئەوەش زیادکەین کە سەرەرایی کێشە و گرفتەکانیش دوای کۆنگرەی دە ، بە چەشنێک هاوکاری و هاوئاهەنگی لە نێو حیزب دا بەدی دەکرا .
…………
کۆنگرەی یازدە(کۆنگرەی خەباتگێڕانی خۆڕاگر) ١ی بەفرانباری ١٣٧٦(١٩٩٧) کەرکووک
لە دوای کۆنگرەی دە، هەوڵەکان بۆ یەک گرتنەوە ی هەر دوو بەشی حیزب دەستی پێکردەوە. ڕادیۆ دەنگی کوردستان لەسەر رادیۆی راه کاگر لە شاری کەرکووک دەستی بە کار کرد. باشووری کوردستان لە لایەن هەردوو حیزبی دەرگیری دەسەڵات بە دەستەوە بە دوو بەشی زەردو سەوز دابەش کرا بوو. ڕمبازێنی ئیتلاعاتی ئێران لە باشوور بەردەوام و بگرە زیاتر ببوو. حیزب دەبوایە تەوازونی نیوان ئەو دابەش بوونەی باشووری پاراستبایە ، کە بە باشی پاراستبووی .
زۆر رووداو لەم بەینە دا هاتنە ئاراوە کە باسکردنیان زۆری دەوێ و خۆمی لێی دەبوێرم و بۆ نووسەران و مێژوونووسان بە جێ دێڵم .
گەیشتینە بەهاری ساڵی ١٣٧٥ کە ئیدی دانیشتنەکان بۆ یەک گرتن زیادیان کردبوو، هاتوو چوو گەرم بوو. زۆربەی کۆمیتەکانی حیزب لە دەستەی بچووک دا کادر و پێشمەرگەیان نارد بووە ناوچە. لە ٧ ی گەلاوێژی ١٣٧٥ ڕێژیم بە هاوکاریی خانەخوێی سەوزەوە هیرشیکی بەرینیان کردە سەر بنکەکانی حیزب لە شاری کۆیە و هەر لەو کاتیش دا لە ژێر گوشاری خانەخوێ دا ، حیزب ناچار بە ئیمزا کرانی دەقێک کرابوو کە داوای دەکرد حیزب بە زووترین کات کادر و پێشمەرگەکانی خۆی لە ناوچە بگێڕێتەوە بنکەکانی و هیز نەنێرێتەوە ناوخۆی کوردستان .
لە پائیزی هەمانساڵ دا حیزب لە کۆنگرەی بیستەمی ئینتەرناسیۆنال سۆسیالیست وەک ئەندامی چاوەدێر وەرگیرا (١٩ ی خەرمانانی ١٣٧٥) . لە ١٩ ی بەفرانباری ١٣٧٥ یەک گرتنی بنەماڵەی دێمۆکرات کرا و ئەو دوو دێمۆکراتیە کۆتایی هات. بەڵام ئەویش کۆتایی هاتنی دوو بەشی و یەکتر تەحەمول کردن نەبوو و دواتریش بەردەوام بوو تا دیسان بووین بە دوو .
دوای یەک گرتن ماوەیەک باش بوو ، پێکەوە کار کردنێک هەبوو ، بەڵام زوو کۆتایی هات و دیسان کێشەکان دەستیان پێکردەوە. کە گەیشتینە کۆنگرەی یازدە ، لەوێش جیناح بەندی هەر درێژەی هەبوو.
بڕیار و ئاکامەکانی کۆنگرەی یازدە:
زیاد کردنی تێبینیەک لە پەیڕەوی ناوخۆدا کە ، هەر سکرتێرێک مافی هەیە تەنیا دوو دەوری پشتی سەری یەک سکرتێری گشتیی حیزب بێ ئەگەر دەنگی هێنا، ئەوە بڕیاری هەرە دیاری کۆنگرە بوو .
کۆمیتە ناوەندیەک هەڵبژێرا کە نیزیک بە تەواوی ئەندامانی ڕێبەریی پێشووی ڕیبەرایەتیی شۆڕشگێری تێدابوو، مامۆستا عەبدولا حەسەن زادە بۆ جاری دووهەم وەک سکرتێری گشتی هەڵبژێرایەوە .
……..
لەبەر ئەوەی کە زۆر دریژ نەبێ و باسی کۆنگرەکانی دیکە هەر بە کورتی دەنووسینەوە.
چوونکی جیلی ئێستا خۆیان شاهیدن و زۆریشی لە سەر نووسراوە وگوتراوە.
کۆنگرەی دوازدە ٤ ی سەرماوەزی١٣٧٩ (٢٠٠٠) کەرکووک
بڕیاری بەرچاوی کۆنگرە، گۆڕینی مەودای نێوان کۆنگرەکان ، لە ٣ ساڵەوە بۆ ٤ ساڵ .
سکرتێری گشتی مامۆستا عەبدولا حەسەن زادە بۆ جاری سێهەم . بەداخەوە هەم لە کۆنگرەی ١٢ و هەمیش دواتر جیناح بەندییەکان زەقتر و زەقتر دەبوونەوە. بەتایبەتی بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ ئیدی لە کۆنگرەی ١٣ دا مامۆستا حەسەن زادە نەدەبوو کاندیدی سکرتێریی گشتی بێ و هەوڵەکان بۆ سکرتێریی داهاتوو خێراتر ببوون.
……
کۆنگرەی سێزدە١٣ی پوشپەری ١٣٨٣(٢٠٠٤) کۆیە
گۆڕینی دوروشمی کۆنی حیزب لە خودموختاری یەوە بۆ فیدرالیزم .
پەسند کردنی ئاڵای کوردستان .
کاک مستەفا هیجری بە سکرتێری گشتیی حیزب هەڵبژێرایەوە. و هەر لە سەعاتی یەکەمی کۆنگرەوە کێشەکان قووڵ ببوونەوە و تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی کە بەشێکی کۆمیتەی ناوەندی بایکۆتی پلۆنۆمیان کرد و پلۆنۆمی کۆمیتەی ناوەندی دوای کەوت.
کێشەکان درێژەیان کێشا تا لە ٦ی دیسامبری ٢٠٠٥ دا بەشێک لە ڕێبەری و ژمارەیەکی بەرچاوی کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب و جیابوونەوەی خۆیان ڕاگەیاند و هە ربە ناوی حیزبی دێموکراتەوە تێکۆشانیان درێژە دا تا ئەوەی دوای سەرفی هێزێکی زۆری کار و چالاکیی حیزبیمان، توانرا لە ساڵی ٢٠٢٢ دا حیزب یەکی گرتەوە.
……….
کۆنگرەی چواردە ( کۆنگرەی بەجەماوەریتر کردنی خەبات) ٢٠ ی خەرمانانی١٣٨٧(٢٠٠٨) لە جێژنیکانی دەشتی هەولێر .
بریاری دیاری ئەو کۆنگرەیە ،هەڵگرتنی تێبێنیی دوو دەور سکرتێری بوو لە ئەساسنامەی حیزب .
گوروتین بەخشینی زیاتر بە خەباتی جەماوەری.
کاک مستەفا هیجری بۆ دەوری دووهەم وەک سکرتێری گشتی هەڵبژێرایەوە .
…….
کۆنگرەی ١٥ی حیزب لە ٨ی ڕەزبەری ١٣٩١ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٩ی سێپتامبری ٢٠١٢ لە گوندی ئازادیی سەر بە شاری کۆیەی باشووری کوردستان بەڕێوە چوو.
دروشمی کۆنگرە: هەوڵدان لە پێنا ویەکڕیزیی حیزب دا بوو.
بڕیاری هەرە دیار ی ئەو کۆنگرەیە تێکۆشان بەرەو یەکخستنی ڕیزەکانی حیزبی دێمۆکرات بوو. بڕیارەکە لەگەل ئەوەی زۆری پێچوو، بەڵام سەرەنجام بوو بە یەکگرتنی حیزب لە ٢١ی ئاگۆستی ٢٠٢٢ دا .
دوای کۆنگرە بڕیاری ڕاسان درا و لە نەورۆزی ٢٠١٦ لە متینگێکی بەرین لە شاخەکانی کێلەشین، ڕاسانی ڕۆژهەڵات ڕاگەیاندرا و تەکانێکی گرینگی دایە خەباتی حیزب و ناوخۆی وڵات.
کاک مستەفا هیجری بۆ جاری سێهەم بوو بە سکرتێری گشتیی حیزب.
………………
کۆنگرەی ١٦ی حیزب لە ١ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٠ی فێوریەی ٢٠١٨ لە جێژنیکانی دەشتی هەولێر بەڕێوە چوو .
کۆنگرە بە کۆنگرەی ڕاسانی ڕۆژهەڵات ناودێر کرابوو.
هەیکەل و قەوارەی حیزب بە هێنانە ئارای گەڵاڵەیەک گۆردرا ، بەڵام ئەو ئاڵ و گۆڕە نەک سەرکەوتوو نەبوو، بگرە بوو بە هۆکاری کێشەی زۆریش بۆ ڕیزەکانی حیزب و تا لێواری دابڕانێکی دیکە درێژ بوویەوە.
کاک مستەفا هیجری بووبە لێپرسراوی گشتی
……………
کۆنگرەی ١٧ی یەکگرتنی دێموکراتەکان، ئەو کۆنگرەیە زۆرتر بە شێوەی ئانڵاین بەڕێوە چوو و توانی بە ئیبتیکارێکی ڕێک و پێکی ئەمنیەتی بگیرێ و دوژمن لەگەل ئەوەی زۆری هەوڵدا زەبر لە کۆنگرە بوەشێنێ، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. کۆنگرە لە ٤ی فێوریەی ٢٠٢٥ کۆتایی هات.
ئەو کۆنگرەیە لە ڕەوتی دانوستانەکانی دوور و درێژی هەوڵ بۆ یەکگرتنەوەی حیزب، کۆنگرەی تەوافوقی بوو. هەردوو بەشی حیزب واتە حدکا و حدک یەکیان گرتبوو و توانرا کۆنگرەیەکی بێ قڕە بگیرێ و کۆتایی بە دوو دێموکراتی بێنێ و قەوارەی حیزب بگەڕێنێتەوە بۆ شێوە پێشوو، لەگەل ئەوەی لە باتی دەفتەری سیاسی ئۆرگانێک هەیە بە ناوی کارگێڕی و لە باتی کۆمیسیۆنەکان ، ناوەند بەکار دەهێندرێن.
بۆ زانیاری
ئەو بەشە لە حیزب کە بۆ ماوەی ١٦ ساڵ لە ژێڕ ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستان(حدک) دا بە جیا تێکۆشانی هەبوو، کۆنگرەکانی ١٤/ ١٥/ ١٦ و ١٧ی گرتبوو. سەرەتای دابڕانەکە و تا کۆنگرە کە لە بەهاری ٢٠٠٨ گیراوە، مامۆستا عەبدولا حەسەن زادە وەک کەسایەتییەکی بە ئەزموون بە کەسی یەکەمی ئەو بەشەی حیزب ئەرکی هەبووە و لە کۆنگرەی ١٤ دا کاک خالید عەزیزی وەک وتەبێژی حیزب هەڵبژێردراوە و لە کۆنگرەی ١٥شدا وەک سکرتێری گشتی هەڵىژێردراوە. لە کۆنگرەی ١٦ دا کاک خالید کاندیدی سکرتێریی گشتی نەبووە و کاک مستەفا مەولوودی تا کۆنگرەی ١٧ سکرتێری گشتی بووە و لە کۆنگرەی ١٧ی حدک دا دیسان کاک خالید عەزیزی وەک سکرتێری گشتی هەڵبژێردراوە تا یەکگرتنەوە ئەو ئەرکەی هەبووە و لە حیزبی یەکگرتووشدا وەک جێگری بەرپرسی ناوەندی ڕێبەریی حیزب و وتەبێژی فەرمی کار دەکا.
کاووس عەزیزی
سوپاس بۆ خوێنەران
پێداچوونەوە ساڵە نەڵۆسی
2025-08-06
www.peshmergekan.com