بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، هەواڵی کۆچی دوایی هاوڕێی خۆشەویستمان، کاک سەباح عەلیپوورمان پێ گەیشت. کاک سەباح دوای چەند ڕۆژێک لە بێهۆشی بەهۆی جەڵتەی دڵەوە، بەداخەوە ئەمڕۆ ٢٠٢٥/١٢/١٦ ماڵاوایی لێ کردین و بەرەو کاروانی نەمران بەڕێ کەوت.

کاک سەباح کوڕی فەرماندەی بەناوبانگی حیزبی دێموکرات، شەهید حەسۆ عەلیپوور بوو. ئەو مرۆڤێکی دڵسۆز، ئارام و وەفادار بە ڕێبازی باوکی بوو، هەر ئەمەش وای کردبوو کە پەیوەندییەکی زۆر دۆستانە و نزیکی لەگەڵ هاوڕێیانی باوکی هەبوو.
وەک هاوڕێیەکی نزیک، کاک سەباح کەسێکی کۆمەڵایەتی و خۆشەویست بوو کە لەنێو دڵی هەموو دۆست و هاوڕێیانیدا جێگەی ببووەوە. ئەو لە وڵاتی فینلاند و لە شاری ”لەهتی” نیشتەجێ بوو، کە توانیبووی بە ماندووبوون و ڕەنجی ڕۆژانە و لە ڕێگەی کۆمپانیای تەکسییەکەیەوە، ژیانێکی شایستە و ئارام بۆ خۆی و بنەماڵەکەی دابین بکات.
یادەوەرییەکانم لەگەڵ ئەو هەمیشە زیندوون؛ لە کۆتایی مانگی ٧ی ئەمساڵدا کە سەردانی خۆی و خوشکە بەهارمان کرد، بەوپەڕی گەرموگوڕییەوە پێشوازییان لێ کردین. هەرگیز لەبیرم ناچێت کاتێک ئۆتۆمبێلەکەم کێشەی تێدا بوو، چەند دڵسۆزانە لەگەڵم هات بۆ لای زۆربەی میکانیکەکانی شاری لەهتی. هەرچەند داوام لێ دەکرد خۆی ماندوو نەکات، بەڵام ئەو تەنیا خەمی ئەوەی بوو کە ئێمە لە ڕێگای گەڕانەوەدا تووشی گرفت نەبین.
کاک سەباح و خوشکە بەهار نموونەی سەبووری و میهرەبانی بوون. دەزانم ئێستا بەهار خانم و ”سایە” و کچە بچووکەکەیان چەندە خەمبارن بۆ لەدەستدانی هاوژین و باوکێکی دڵسۆز.
لە لایەن خۆم و بنەماڵەکەمەوە، پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆمان ئاراستەی کاک هۆگر، خوشکە بەهار و تەواوی بنەماڵە و خزمانیان دەکەم. خۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین و هیوای سەبووری بۆ هەموو لایەک دەخوازین.
یادی هەمیشە بە خێر و روحی شاد بێ.



