Hoppa till innehåll
Hem » پەیامی بەردەوامیی یەکگرتوویی و خۆڕاگری و پێزانینی ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاری سەبارەت بە سەرکەوتنی مانگرتنی ١٨ی بەفرانبار

پەیامی بەردەوامیی یەکگرتوویی و خۆڕاگری و پێزانینی ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاری سەبارەت بە سەرکەوتنی مانگرتنی ١٨ی بەفرانبار

خەڵكی خۆڕاگری كوردستان!

خەڵکی ئازادیخوازی سەرانسەری ئێران!

حیزب و لایەنە سیاسییەكانی ئێران و كوردستان!

رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی!

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانبار کوردستان جارێکی دیکە سەلماندیەوە سەنگەری لەگیراننەهاتووی خەبات و خۆڕاگری دژی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

ئەمڕۆ خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بە مانگرتنی گشتی، داخستنی دووکان و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و دەربڕینی ناڕەزایەتی لە هەموو شار و ناوچەکانی کوردستان، هەم متمانەی چەند بارەیان بە حیزبە سیاسییەکانیان بەخشییەوە، هەم نیشانیان دا شۆڕشی “ژینا-ژن، ژیان، ئازادی” نەک هەر لە پێ نەکەتووە؛ بەڵکوو لە قووڵایی کۆمەڵگەدا زیندووە و لێ بڕاوە بۆ هەمیشە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی تێکەوە پێچێ. خەڵکی کوردستان پێشانی دایەوە کە لەهەمبەر تاوان و جیناتەکانی کۆماری ئیسلامی لە لوڕستان و مەلەکشایی و شوێنەکانی دی بێدەنگ نابێ و ڕێگە نادا ڕێ‌وڕێبازی خوێن و خەباتی لاوان و ئازادیخوازان ون ببێ. هەروەها پشتیوانیی خەڵکی کوردستان لە ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکانی ئێران، مەحکوومکردنی سیاسەتی هەڵاواردن و وەستانەوە لەهەمبەر جینایەتەکانی ڕێژیم لە کوردستان سەلمێنەری زیندێتی و گەشەی بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ئێران و پێشكەوتنی خەبات و ڕاپەڕینی ئەم قۆناغە چارەنووسسازە دژ بە دیکتاتۆریی ڕێژیمی ئێرانە.

ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوكاریی حیزبەکان لە کوردستان سپاسی خەڵکی خەباتکاری کوردستان و ئازادیخوازانی ناوچەکانی تری ئێران دەکا کە بە مانگرتن و بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکانیان وەڵام و پەیامێكی سیاسیی ڕوون و گورچكبڕیان بە هێزە سەركوتگەرەكان و تەواوەتیی ڕێژیمی دەسەڵاتدار دایەوە. خەڵکی بوێر و ئازادیخوازی کوردستان نیشانیان دایەوە هەڕەشە و تۆقاندن و سیاسەتی سەرکوت هەنگاویان پێ شل ناکا و بەو یەکڕیزی و یەکگرتووییەی حیزبە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان ئەو پەیامە بە ڕاشکاوی ڕاگەیەندرا کە كە بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ئێمە پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێ‌وە. ئەم قۆناغە نوێیەش دەخوازێ لەپێناو بەردەوامی و سەرکەوتنی یەکجارەکیدا زیاتر و جیاوازتر لە هەمیشە بەستێنی لەبار بۆ یەکڕیزی، هاوخەباتی و هەڵمەتی پێكەوەیی دەستەبەر بکەین و بەوەش هێزێكی زیاتر بە خەبات و بزووتنەوەکەمان بدەین.

بزووتنەوەی سیاسی و مافخوازانەی کوردستان کە بەردەوام پێداگریی لەسەر فرەچەشنی و پێکەوە ژیان کردووە و دژ بە پاوانخوازی و خۆسەپاندن بووە، جارێکی دیکەش پشتیوانیی خۆی لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان دژی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامیی ئیران ڕادەگەیەنێ و پێ لەسەر شێلگیری و بەردەوامیی خەبات و تێکۆشانی خەلکی کوردستان لەپێناو وەدیهاتنی ماف و داوا ڕەواکانی لە ئێران دادەگرێتەوە.

بژی هاوپشتی و یەكگرتوویی خەڵكی مافخوازی كوردستان!

بڕووخێ كۆماری ئیسلامیی ئێران!

– پارتی ئازادیی کوردستان

– پارتی ژیانی ئازادی کوردستان

– سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

– کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

– کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

– کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

– حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێوارەی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤

بۆ بەرنامەی روماڵی تایبەت دەتوانن سەردانی لاپەڕەی یوتوبی کوردکاناڵ بکەن 

***

ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستان؛ بەشداریی بەرفراوان و گشتگیر لە ٣٩ شاردا

١٨ بەفرانبار ٢٧٢٥، ١٨:٥٤

هەنگاو، پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥

بانگەوازی مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستان بە بەشداریی بەرفراوان و گشتگیری ٣٩ شار بە سەرکەوتنێکی بەرچاو کۆتایی هات. هەروەها، چەندین زیندانیی سیاسی هاوکات، بە مانگرتن لە خواردن پشتیوانیان لە بانگەوازەکە کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (٨ی ژانوییەی ٢٠٢٦)، شارەکانی سەرپێڵ زەهاو، ڕوانسەر، کرماشان، پاوە، شاباد ، قەسری شیرین، کۆزەران ،گیەڵان، سەلاسی باوەجانی، سەحنە، سونقوڕ و کولیایی، کرەند، و جوانڕۆ لە پارێزگای کرماشان بەشدارییان لە مانگرتنی گشتیی کوردستاندا کرد.

لە هەمان ڕۆژدا شارەکانی سنە، دیواندەرە، سەقز، مەریوان، بانە، بیجاڕ، کامیاران، قوروە، دێولان و سەوڵاوا لە پارێزگای کوردستان بە مانگرتن پێشوازییان لە بانگەوازە سەرتاسەرییەکە کرد.

ئورمیە، دزەی مەرگەوەڕ، مهاباد، بۆکان، سەردەشت، پیرانشار، شنۆ، تیکاب، ڕەبەت، کۆتۆڵ و خۆی، هەروەها ئیلام، لوومار، ئاودانان، دێهلۆران و دەرەشار، ١٥ شارەکەی دیکە بوون کە بە پشتیوانیکردن لە بانگەوازەکە، دەستیان دایە مانگرتن.

ناوەندە حکومەتییەکان بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە، زانیاریی چەواشەکارانە و دروستکردنی بێ‌متمانەیی، ژمارەیەک لە کاسبکاران و چالاکانی مەدەنیی ناسراویان بانگهێشت کرد و لە لاپەڕەکانی ئەوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاڵای کۆماری ئیسلامی و دروشمە ئایدۆلۆژییە حکومەتییەکانیان بڵاو کردەوە. هەروەها هاوتەریب لەگەڵ ئەم کارانە، بە دروستکردنی هەژماری بەکارهێنەر بە ناوی ئەم کەسانەوە، دەستیان دایە تیرۆری کەسایەتیی ئەوان و بابەتگەلێکی دژی بیروباوەڕی ئەوانیان بڵاو کردەوە.

هاوکات، سروە پوورمحەممەدی، مەحموود سادقی، ڕەفیق سەلیمی، نادر بەهمەنی، یووسف ئەحمەدی، ئیدریس منبەری، محەممەد ڕەحیمی، فەریاد قادری و فەردین مەولوودی، وەرێشە مورادی، زێنەب جەلالیان، سەکینە پەروانە و موتەللیب ئەحمەدیان، زیندانیانی سیاسیی کورد لەگەڵ پەریسا کەمالی، زیندانیی سیاسیی خەڵکی یەزد لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە وەک نیشانەی هاوڕێیەتی دەستیان دایە مانگرتن.

بانگەوازی بەڕێوەچوونی مانگرتنی سەرتاسەری لە کوردستان ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بەفرانبار لەلایەن حەوت حیزبی سیاسی و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی کوردستان بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی ئیلام، کرماشان و لوڕستان و هەروەها پشتیوانیکردن لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان، بڵاو کرایەوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاویش بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک بە فەرمی پشتیوانیی خۆی بۆ ئەم هەنگاوە مەدەنییە ڕاگەیاندبوو.

هەنگاو؛ چوارشەممە ۱۷ی بەفرانباری ۲۷۲۵

لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکرانەکانی ئەم دواییانەدا، لانی کەم پازدە هاووڵاتی بریتی لە دوو ژن لە شارەکانی ئەملێش گیلان، خوڕەمئاوا، بیرجەند سەر بە پارێزگای خوراسانی باشوور، تاران، کەرەج، مەشهەد، سنە، سەراوڵە، ئیلام، هەرسین و کرماشان لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ۱۵ی بەفرانباری ۲۷۲۵ (۵ی جەنیوەریی ۲۰۲۶)، زەهرا حەیدەری، خەڵکی شاری ئەملێش سەر بە پارێزگای گیلان و محەممەدڕەزا دەوڵەتیاری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

ڕۆژی سێشەممە ۱۶ی بەفرانبار، خەبات دێهداری، چالاکی سیاسی کورد و خەڵکی شاری سنە و فەرامەرز قاسمی ئازەر، خەڵکی گوندی ئاوێهەنگی سنە و دانیشتووی کەرەج، یوونس عەباسپوور، تەمەن ۱۹ ساڵ و خەڵکی مەشهەد و سەید جەواد مووسەوی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی خەڵکی بیرجەند دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە.

زەهرا نەسیری، هاووڵاتیی لوڕی خەڵکی خوڕەمئاوای لوڕستان ڕۆژی هەینی ۱۲ی بەفرانباری ۲۷۲۵ لە ڕەوتی ناڕەزاییەکان لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەستبەسەر کرا. ئەو هاووڵاتییە دوای دەستبەسەرکران لە ماڵەکەی خۆیدا بۆ بەندیخانەی خوڕەمئاوا گواسترایەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ۱۱ی بەفرانبار، موحسین شەهبازی، تەمەن ۳۷ ساڵ لە بازاڕی تاران و ڕۆژی شەممە ۱۳ی بەفرانبار، ئەمیر موختاری، تەمەن ۲۳ ساڵ و کرێکاری نزیک چوارڕای ئیستانبۆلی تاران، ئەبۆلفەزل سەلەحشوور، تەمەن ۲۵ ساڵ لە شەقامی جەمهووریی تاران و هەروەها حەیدەر نێعمەتی خەڵکی گۆهەردەشتی کەرەج دەستبەسەر کراون.

ڕۆژی شەممە ۱۳ی بەفرانبار، محەممەدحوسێن مورادی، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ۴۰ ساڵ و خەڵکی ئاسمان ئابادی سەراوڵە سەر بە پارێزگای ئیلام دەستبەسەر کراوە.