Hoppa till innehåll
Hem » بانگەوازی مانگرتنی گشتی لە کوردستان بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی ئێران

بانگەوازی مانگرتنی گشتی لە کوردستان بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی ئێران

(بانگەوازی مانگرتنی گشتی لە کوردستان بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی ئێران و مەحکوومکردنی جینایەتەکانی ڕێژیم لە ناوچەکانی کرماشان، ئیلام و لوڕستان)

خەڵكی خۆڕاگری كوردستان!

حیزب و لایەنە سیاسییەكانی ئێران و كوردستان!

رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی!

شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان لە ئێران دەچێتە دەیەمین ڕۆژی خۆی. ئەم ناڕەزایەتییانە “نا”گوتنێکی ئاشکرا، بەرز و گشتیی دیکە بە تەواوەتیی کۆماری ئیسلامییە، سەبارەت بەو هەموو نەهامەتییەی لە مێژووی دەسەڵاتدارەتیی خۆیدا بۆ گەلانی ئێرانی بەدیاری هێناوە. ئامانجی ئەم ناڕەزایەتییانە لە ئێران و کوردستان ستاندنی ماف و ئازادی، گەڕاندنەوەی کەرامەتی ئینسانی و کۆتایی‌هێنان بە سیاسەتی حاشاکردن، پەراوێزخستن، کوشتن، تێرۆر و هەڵاواردنە نەتەوەیی و فەرهەنگییەکانە.

کوردستان لە ٤٧ ساڵی ڕابردوودا پێشەنگ و ڕچەشکێنی ئەو “نا”گوتنە و سەنگەری هەمیشەیی و لەگیراننەهاتووی ئازادیخوازی و بەربەرەکانی دژی کۆماری ئیسلامی بووە. هەروەها بە بزووتنەوەی ژینا، “ژن، ژیان، ئازادی” دەسەڵاتی دێکتاتۆریی کۆماری ئیسلامیی تووشی گەورەترین قەیرانی شەرعییەت لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات کرد. سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە ناوچەکانی خوارووی کوردستانیش پێشانی دا کە ژیلەمۆی ئەو ڕاپەڕینە هەروا گەشاوەیە، بۆیەشە خۆپێشاندانەکان بە توندی سەرکوت کران و لە مەلەکشایی تاوانێکی گەورە خوڵقێندرایەوە.

ئێمە سەرکوتی خۆپێشاندانەکان و گرتنی خەڵکی ناڕازی و مافخوازی ئێران کە سیاسەتی هەمیشەیی دەسەڵاتی ئێران بووە، بە توندی مەحکووم دەکەین و بە مەبەستی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان و هاوپێوەندی لەگەڵ هاونیشتمانانمان لە کرماشان، ئیلام و لوڕستان داوای مانگرتنی گشتی لە ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤دا دەکەین.

کوردستان بەم مانگرتنە گشتییە جارێکی دیکە “نا”یەکی گەوەرەی تر بە دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامی دەڵێتەوە و پێ لەسەر مافەکانی دادەگرێتەوە کە ئازادی، یەکسانی و مافە ڕەواکانیەتی. داوا لە سەرجەم حیزبە سیاسییەكان و رێكخراوە مەدەنییەكانی ئێران و كوردستانیش دەكەین بە هاودەنگی و یەكگرتووانە لە بەرانبەر تاوانەکانی كۆماری ئیسلامیدا هەڵوێستیان هەبێ و بەدەم ئەم بانگەوازەوە بێن.

بژی هاوپشتی و یەكگرتوویی خەڵكی مافخوازی كوردستان!

بڕووخێ كۆماری ئیسلامیی ئێران!

– پارتی ئازادیی کوردستان

– پارتی ژیانی ئازادی کوردستان

– سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

– کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

– کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

– کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

– حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حدکا بە جیاش بانگەوازی بۆ کردوە و بە بەربڵاوی بلاوی کردۆتەوە.