Hoppa till innehåll
Hem » مشکی باوک و مشکی کوڕ، ئیدریس هاشمی

مشکی باوک و مشکی کوڕ، ئیدریس هاشمی

سەرەنجام پەردە لەسەر ئەو شانۆگەرییە گاڵتەجاڕییە لا درا کە ساڵانێک بوو لەپشت پەردەکانەوە خەریکی ڕێکخستنی بوون. ئەو هەواڵەی کە ئەمڕۆ دەبیسترێت، تەنیا گۆڕینی دەموچاوێک نییە، بەڵکوو گەیشتنی ڕژێمێکە بە بنبەستی مێژوویی؛

موجتەبا خامنەیی، وەک میراتگری ئەو هەموو وێرانکارییە، لە سێبەری باوکی هاتە دەر تا بەفەرمی ببێتە جێگری باوکی ستەمکاری.

له‌ تاران، سیاسه‌ت له‌ناو کونی تاریک و ژێر زه‌وییه‌کاندا ده‌نووسرێته‌وه‌. لەم ماوەیەدا ”مشکی باوک” ڕه‌وانه‌ی ناو زبڵدانی مێژوو کرا و ئێستا ”مشکی کوڕ”یان له‌ کون ده‌ر هێناوه‌ و له‌سه‌ر ته‌ختی ده‌سه‌ڵات دایانناوه‌. ئه‌مه‌ گۆڕینی ده‌سه‌ڵات نییه‌، ئه‌مه‌ سووکایه‌تییه‌کی ئاشکرایه‌ به‌و هه‌موو خوێنه‌ی که‌ له‌ شه‌قامه‌کانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی تر ڕژا.


ڕژێمێک که‌ به‌ دروشمی دژایه‌تیی پاشایه‌تی هاته‌ سه‌ر کار، ئێستا په‌رده‌ی له‌سه‌ر ڕووی لا دا و قێزه‌ونترین جۆری ”میراتگریی ده‌سه‌ڵات” نیشان ده‌دات. عه‌لی خامنه‌یی ڕۆیشت، به‌ڵام میراته‌که‌ی بۆ کوردستان و ئێران جگه‌ له‌ سێداره‌، هه‌ژاری و گولـلە هیچی تر نه‌بوو. ئێستا موجته‌با، ده‌یه‌وێت پێ بخاته‌ ناو پێڵاوه‌کانی باوکی؛ ئەو ساڵانێکی زۆر لە ژوورە تاریکەکانی ئەمنییەتدا، سەرەداوی هەموو سێدارەکان، ئەشکەنجەکان و سەرکوتە خوێناوییەکانی لەدەستدا بووە. ئەو ئەندازیاری ئەو نەخشە شوومانە بوو کە خوێنی گەنجانی ئێمەی لە شەقامەکاندا دەڕشت.
به‌ڵام ئه‌وان شتێکیان بیر چووه‌تەوە؛ تەمەنی ئەم خەلافەتە کاغەزییە زۆر کورتترە لەوەی بیری لێ دەکەنەوە و کۆتا هەناسەکانی ڕژێمە و ئەم جێنشینییە، تەنیا پەلەقاژەی کۆتاییی سیستەمێکە کە لە لێواری ڕووخاندا وەستاوە. ئێمه‌ له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م چەرخە گه‌نیوه‌ ماندووین و له‌ ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه‌، هیچ جیاوازییەک له‌نێوان ئه‌م مشکه‌ و ئه‌و مشکه‌ نییه‌. مشکی باوک ساڵانێکی دوورودرێژ خەڵکی کورد و گەلانی ئێرانی سەرکوت کردبوو و مشکی نوێ ساڵانێکه‌ ژووری بیرکردنه‌وه‌ی سه‌رکوتکردن به‌ڕێوه‌ ده‌بات.

مشکی ​باوک به‌ندیخانه‌کانی پڕ کرد و په‌تی سێداره‌ی بۆ گه‌ردنی گه‌نجه‌کانی ئێمه‌ هەڵواسی.
مشکی ​کوڕ ئێستا هاتووه‌ تا له‌سه‌ر خوانێک دابنیشێت که‌ نانه‌که‌ی لە خوانی خه‌ڵکی کوردستان و گەلانی تر دزراوه‌.

پەیامی خەڵکی کوردستان و گەلانی ئێران بۆ موجتەبا:
هه‌مان چاره‌نووس چاوه‌ڕێته‌!
هه‌روه‌ک چۆن ئه‌مریکا و ئیسرائیل ”مشکی باوک”یان ڕه‌وانه‌ی زبڵدانی مێژوو کرد، بێگومان ”تۆ”ش به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌کوژن و ته‌فروتونات ده‌که‌ن.

ئه‌گه‌ر واتان زانیوه‌ به‌ گۆڕینی مۆرەیەک به‌ مۆرەیەکی تر، بڵێسه‌ی تووڕه‌یی له‌ گەلانی ئێران ده‌کوژێته‌وه‌، زۆر هه‌ڵه‌ن.
ئێوە واتان زانیوە بە گۆڕینی ”تەختی زۆرداری” بۆ ”تاجی بۆماوەیی”، دەتوانن ڕێگری لە ئازادی بکەن، بەڵام نازانن کە لای ئێمەی کورد، ”مردن” یەکجارە و ”شەرەف” هەتا سەرە.
​هەروەک چۆن ئەو دەستەی ”مشکی باوکی” فڕێ دایە ناو زبڵدانی مێژوو، هەمان دەست ”مشکی کوڕیش” لە کونەکەیدا دەخنکێنێت. ئێمە لە شاخەکانەوە فێر بووین کە زستان هەرچەندە درێژ بێت، هەر دەبێ جێی خۆی بۆ بەهار چۆڵ بکات. ڕۆژی لێپرسینەوە نزیکە و ئەم جارە نە سێدارەکانتان فریاتان دەکەوێت و نە تەختی بۆماوەییتان؛ چونکە لافاوی تووڕەییی گەل، نە مشکی باوک دەناسێت و نە مشکی کوڕ!
ئێمه‌ ته‌نیا به‌دوای گۆڕینی ده‌موچاوه‌کانه‌وه‌ نین، به‌ڵکوو ده‌مانه‌وێت ئه‌م کۆشکه‌ پسۆکاوە به‌سه‌ر سه‌رتاندا بڕووخێنین.

​مشکی باوک تۆپینرا، ئێستا نۆره‌ی مشکی کوڕه‌ که‌ بزانێت ئه‌م جاره‌ نه‌ک له‌گه‌ڵ لۆبییه‌کانی پشت په‌رده‌، به‌ڵکوو له‌گه‌ڵ تووڕه‌ییی شه‌قام ڕووبه‌ڕووه‌ که‌ نه‌ سنوور ده‌ناسێت و نه‌ مه‌زهه‌ب. ئه‌م گۆڕانکارییه‌ ته‌نیا مه‌رگی ئه‌م سیسته‌مه‌ خێراتر ده‌کات.
​ڕۆژژمێری ئازادی بەخێرایی لاپەڕەکانی هەڵدەدرێنەوە. زۆر ناخایەنێت کە هەواڵی تیاچوونی ئەم ”جێگرە دەستکردە” دەبێتە سەردێڕی هەواڵەکانی جیهان.
​ئێمە لێرەین؛ نەک بۆ تەماشاکردن، بەڵکوو بۆ ئەوەی ڕۆژی مەرگی ئەم دیکتاتۆرە نوێیە، لەسەر گۆڕی ئەو و باوکی، پێکەوە هەڵپەڕکێی سەرکەوتن بکەین و مێژوویەکی پاک لەو پاشماوە گەنیوانە بنووسینەوە.

ئیدریس هاشمی – سوید
2026-03-10