دادستانی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە نوێترین هەنگاویدا جارێکی دیکە پەنای بۆ بەکارهێنانی ”یاسا” بردووە وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازییەکان، بەتایبەت ئەو ئێرانی و کوردانەی لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن.

ئەم بڕیارە کە ئاماژە بە دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵک دەکات، تەنیا هەڕەشەیەکی دارایی نییە، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ بێدەنگکردنی ئەو دەنگانەی کە لەگەڵ سیاسەتە نێودەوڵەتییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هاودەنگن بۆ گۆڕانکاری لە ئێراندا.
بەپێی یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامی (بەتایبەت ماددەکانی ٤٩٨ تا ٥١٢)، هەر جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ ”دەوڵەتی نەیار” وەک ”بەغی” (یاخیبوون) یان ”مۆحارەبە” (دژایەتی خودا) لێک دەدرێتەوە. سزاکانی ئەم تۆمەتانە بریتین لە:
دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی گوازراوە و نەگوازراوە وەک لە ڕاگەیەندراوەکەی دادستانیدا هاتووە.
زیندانی درێژخایەن بۆ ئەو کەسانەی دەگەڕێنەوە.
سزای سێدارە لە هەندێک حاڵەتی تایبەتدا ئەگەر تۆمەتی سیخوڕی یان تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی بسەلمێنرێت.
کوردانی دەرەوەی وڵات: ئامانجی سەرەکی
کوردانی نیشتەجێی هەندەران، بەهۆی مێژوویەکی درێژ لە خەباتی سیاسی و مەدەنی، هەمیشە وەک یەکێک لە کاریگەرترین گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان بینراون. لایەنە حکوومییەکان لە ئێران هەوڵ دەدەن هەر جۆرە چالاکییەکی سیاسی کوردان بە ”پیلانی بیانی” و ”هاوکاری لەگەڵ دوژمن” لەقەڵەم بدەن تا شەرعییەت بدەن بە زەوتکردنی مافە سەرەتایییەکانیان.
بڕیارە نوێکەی دادستانیی ڕژیم نیشانەی چەند خاڵێکی گرنگە:
١. دەسەڵات دەیەوێت لە ڕێگەی لێدانی بەرژەوەندییە داراییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە ناوخۆ، چالاکییەکانیان لە دەرەوە سنووردار بکات و پەستانی ئابووری بخاتە سەریان.
٢. ئەمە جۆرێکە لە ”تیرۆری دەروونی” بۆ ئەوەی خەڵک لە دەربڕینی ڕای خۆیان لە سۆشیاڵ میدیا و کۆڕ و کۆبوونەوەکان بترسن.
٣. دەسەڵاتی دادوەری دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی هەر کەسێک بخاتە ناو لیستی سزاکانەوە.
ئەم جۆرە هەڕەشانەی ڕژیم نیشانەی لاوازیی لۆژیکی سیاسییە بەرانبەر بە نەیارانی. مێژوو سەلماندوویەتی کە زەوتکردنی دارایی و هەڕەشەی یاسایی ناتوانێت ڕێگری لە ئیرادەی گەلێک بکات کە داوای مافە ڕەواکانی خۆی دەکات.
ئیدریس هاشمی – سوید