Hoppa till innehåll
Hem » لەنێوان یاریگا و سێدارەدا: هاواری ئازادی و بەرپرسیارێتیی وڵاتانی ئەورووپا، نەرگس هاشمی

لەنێوان یاریگا و سێدارەدا: هاواری ئازادی و بەرپرسیارێتیی وڵاتانی ئەورووپا، نەرگس هاشمی

​ڕووداوەکانی ئەم دواییەی یانەی تۆپی پێی کچانی ئێران لە ئوسترالیا، پەردەی لەسەر ڕاستییەکی تاڵ و مەترسیدار لادا؛ ڕاستییەک کە ساڵانێکە گەلان و ئازادیخوازانی ناو ئێران، بەتایبەت نەتەوەی کورد، بە گۆشت و پێستی خۆیان هەستی پێ دەکەن.

نەخوێندنی سروودی حکوومەتێک کە دەستی بە خوێنی گەنجانی وڵاتەکەی سوورە، بۆ ئەو کچە یاریزانانە بووە مۆتەکەیەک کە لە تەلەفزیۆنی فەرمییەوە بە ”خەیانەت” و ”سزای قورس” هەڕەشەیان لێ بکرێت.
محەمەد ڕەزا شەهبازی ​پێشکەشکاری دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی، لە شاشەی تەلەفزیۆنەوە داوای سزادانی ئەو کچانە دەکات.

ئەگەر کچە یاریزانێک تەنیا لەبەر نەخوێندنی سروودێک، ژیانی بکەوێتە مەترسییەوە و ناچار بێت لە ئوسترالیا داوای پەنابەری بکات، دەبێ بپرسین: چارەنووسی چالاکوانێکی سیاسیی کورد کە ساڵانێکە دژی ئەم سیستمە تێکۆشاوە و ئەندامی حیزبێکی وەک دیمۆکراتە، چی دەبێت؟
بەدڵنیاییەوە ​کوردەکان قوربانیانی پلە یەکی سەرکوتن.
​ئەگەر بۆ کچە یاریزانەکان مەترسیی زیندان هەبێت، بۆ چالاکوانی کورد کە کێشەی سیاسیی قووڵی لەگەڵ ڕژێم هەیە، سێدارە و ئەشکەنجەی تاقەتپڕووکێن تەنیا ئەگەر نین، بەڵکوو بڕیاری پێشوەختەن. ڕژێمی ئێران کورد وەک دوژمنی ژمارە یەک و مەترسیی سەرەکی دەبینێت. هەر بۆیە ئەو مەترسییەی وای لە کچە یاریزانەکان کرد ”نیشتمان” جێ بهێڵن، بۆ چالاکوانێکی کورد هەزار ئەوەندە توندتر و ڕاستەقینەترە.

​پەیامێک بۆ وڵاتانی ئەورووپی (بەتایبەت سوید)
​هەمان ئەو مەترسییەی کە وای لە دەوڵەتی ئوسترالیا کرد پەنابەری بداتە کچە یاریزانەکان، پێویستە ببێتە بنەمایەک بۆ وڵاتانی وەک سوید و تەواوی ئەورووپا. مافی پەنابەری ئیمتیاز نییە، بەڵکوو ئەرکێکی مرۆیی و یاساییە بۆ پاراستنی ئەو کەسانەی کە لە وڵاتی خۆیاندا هیچ پەناگەیەکیان نییە جگە لە پەتی سێدارە.

​پاراستنی نێودەوڵەتی:
پێویستە وڵاتانی ئەورووپا تێ بگەن کە ناردنەوەی هەر کوردێک، بەتایبەت کوردە خاوەن‌هەڵوێستە سیاسییەکان، یەکسانە بە ڕادەستکردنیان بە جەلاد.

​پێوەرە مرۆییەکان:
ئەگەر نەخوێندنی سروودێک شایستەی پاراستن بێت، بێگومان خەبات و تێکۆشان لەناو ڕیزەکانی حیزبە کوردییەکان بۆ ئازادی، شایستەی پشتیوانییەکی زۆر زیاترە.

​ئەنجام
​کچانی یانەی تۆپی پێ نیشانیان دا کە ئێرانی ڕاستەقینە کێیە. ئەوان نەیانویست ببنە دارەدەستی ڕژێمێک کە ژن و گەنج دەکوژێت. ئێستا کاتی ئەوەیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی وەک سوید کە بانگەشەی مافی مرۆڤ دەکەن، چاوەکانیان بکەنەوە. دەرگای پەنابەری بۆ ئەوانەی لە ترسی سێدارە و سەرکوت ڕادەکەن—بەتایبەت تێکۆشەرانی کورد—نەک تەنیا مافێکی یاسایی، بەڵکوو تاکە ڕێگەیە بۆ ڕێگری لە کارەساتێکی مرۆیی دیکە.

نەرگس هاشمی – سوید