Hoppa till innehåll
Hem » کۆماری ئاخوندیی ئێران و دوایین پەلەقاژەی پشیلەی رەجەبە شێتی، ساڵە نەڵۆسی

کۆماری ئاخوندیی ئێران و دوایین پەلەقاژەی پشیلەی رەجەبە شێتی، ساڵە نەڵۆسی

کۆماری ئاخوندیی ئێران وەک ئەو ”پشیلەی رەجەبە شێتی”یەی لێهاتووە کە لە کاتی خنکان و تیاچووندا، خەریکە گەڕەکێک و نەتەوەکانی ئێرانیش بە خۆیەوە دەسووتێنێت. ساڵانێکی درێژە ئەم ڕژێمە هەمان ئەو فەلسەفە وێرانکەرە پەیڕەو دەکات

کە دەڵێت: ”تا دنیا ئاڵۆز نەبێت و خوێن سەر و پێی مرۆڤایەتی نەگرێت، ئیمامی زەمان زوهوور ناکات!” ئەمە بازرگانیکردنە بە خوێنی خەڵک بۆ مانەوە لە دەسەڵات.

بە ئاشکرا لە میدیاکانی خودی کۆماری ئاخوندیدا وتراوە: ”لە ئێران نیزامی ویلایەتی فەقیهـ، دوایین حکومەتی ئێرانە و دوای ئەمە ڕاستەوخۆ ئیمامی زەمان دێت و هیچ حکومەتێکی تر دەسەڵات ناگرێتە دەست.” ئەم لێدوانانە نیشانەی ئەوەن کە ڕژێم گەیشتووەتە بنبەست.

وەک دەبینین لە ماوەی ئەم 12 ڕۆژەی کە لە هێرشە چڕەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران تێپەڕیوە، ئێران هیچ توانایەکی ڕووبەڕووبوونەوەی نییە و ئاسمانی وڵاتەکە بەتەواوی کۆنترۆڵ کراوە. زۆربەی فەرماندە باڵاکان و ڕێبەرە خوێنمژەکەیان خامنەیی کوژراون و تەواو بوون. ئێستا لەباتی بەرگری، دەستیان کردووە بە هێرشی ترسنۆکانە بۆ سەر هەموو دراوسێکانیان بە هاژەک و درۆن، ئەمەش بووەتە هۆی دروستکردنی پشێوی لە ناوچەکەدا.

پێشتر بە ”شەڕی جیهانیی سێیەم” هەڕەشەیان دەکرد، بەڵام ئێستا دەبینین کە خۆیان کەوتوونەتە ناو ئەو زەلکاوەی سازیان کردبوو. هەروەک چۆن غەززەیان وێران کرد، خەریکە ئێرانیش بەرەو ئەو ئاقارە و کاولکارییە دەبەن.

بۆ ئەوەی ئێران وەک غەززەی لێ نەیەت، دەبێ نەتەوەکانی ئێران بێنە مەیدان و بە هەر جۆرێک بێت بە زووترین کات ئەم ڕژێمە لەناو بەرن. با دەسەڵاتداران خۆیان بچن بۆ لای ئیمامی زەمانەکەیان، نەک گەلانی ئێران کە مافی خۆیانە ژیانێکی ئازاد و دیمۆکراتیکیان هەبێت و وەک گەلانی ڕۆژئاوا بە ئازادی بژین و لە دیکتاتۆریی شا و ئاخوند ڕزگاریان بێت.

ئەم ڕژێمە وەک ئەو پشیلە شێتەی لێهاتووە کە بەرەو لەناوچوون دەچێت و دەیەوێت جیرانەکانیشی تووشی هەمان چارەنووس بکات. بۆ ئەم مەبەستە لە مێژە پارەیەکی زۆری خەرج کردووە و دەیان گرووپی نیابەتی بە ناوی ”بەرەی موقاوەمە” دروست کردووە کە ئێستا ئەوانیش وەخۆ کەوتوون.

لایەنگرانی ئێران لەناو حەشدی شەعبی لە عێراق هێرشیان بۆ سەر باشووری کوردستان و حیزبوڵڵا لە لوبنان هێرشیان بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێکردووە. لە کوردستان بە سەدان هاژەک و درۆنیان ئاراستەی هەولێر، سلێمانی، کۆیە و بنکەکانی هێزە کوردییەکانی دژی کۆماری ئیسلامی کردووە و تا ئێستا چەندین قوربانی لێکەوتووەتەوە.

20260310
***

هێڕشەکانی سەر هەڕێمی کوردستان ، وەرگیراو لە روداو
10 رۆژ جەنگ؛ 212 درۆن و مووشەک ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە دەستپێکی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران تاوەکو کۆتایی شەوی دووشەممە، هەرێمی کوردستان بە 212 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە. لە هێرشەکاندا چوار کەس گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەی بەدواداچوونەکەی تۆڕی میدیایی رووداو، سنووری پارێزگای هەولێر بە 183 درۆن و مووشەک، سلێمانی بە 23 درۆن و مووشەک، دهۆک چوار درۆن و هەڵەبجەش بە دوو درۆن بۆردوومان کراوە.

بەپێی ئاماری رێکخراوێکی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، لە هێرشەکاندا جگە لە گیانلەدەستدانی چوار کەس، 19 کەسیش بریندار بوون، لەوانە سێ کارمەندی ئاسایش لە هەولێر، سێ پاسەوان و سێ کەسی سڤیل لە سلێمانی. پەنابەرێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆیە، هاونیشتمانییەک لە هەولێر و یەکێکیش لە زاخۆ.

زۆرترین هێرش بۆ سەر هەولێر

بەگوێرەی بەدوادچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو کاژێر 11:30ـی شەوی دووشەممە 9ـی ئادار و رۆژی 10ـەیەمی جەنگ، 181 هێرشی درۆن و مووشەک ئاراستەی پارێزگای هەولێر کراون زۆرینەیان سەنتەری هەولێری کردووەتە ئامانج.

بە گوتەی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بۆ رووداو، زۆرینەی هێرشەکان لەلایەن سیستمی بەرگری ئاسمانییەوە تێکشکێندراون.

هێرشەکانی سلێمانی کەمتربوون، بەگوێرەی بەدوادچوونی رووداو، لە 03ـی ئادارەوە تاوەکو شەوی دووشەممە، 23 درۆن و مووشەک بووە، کە چڕتریان شەوی 7ـی ئادار بوو، کاتێک بە شەش درۆن سەنتەری شارەکە بۆردوومانکرا.

بەگوێرەی ئامارەکان کە رووداو کۆی کردوونەتەوە، لە پارێزگای دهۆک بە چوار درۆن سێ هێرش دژی سنوورەکە کراوە. لە یەکێک لە هێرشەکاندا شەوی 05ـی ئادار، کێڵگەی نەوتی سەرسنگ کرایە ئامانج و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکە راگیرا.

لە هەڵەبجە کەمترین هێرش کراوە، 7ـی ئادار بە دوو درۆن چیای شنروێ لە سنووری پارێزگاکە بۆردوومان کرا. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هێرشەکە دژی تاوەرەکانی پەیوەندیی کۆمپانیاکانی ئاسیاسێڵ و کۆڕەک تیلیکۆم کراون.

ئەو ناوچانەی بۆردوومان کراون یان درۆن و مووشەکیان لێ کەوتووەتە خوارەوە

پارێزگای هەولێر: درۆن مووشەک لەم ناوچانە کەوتوونەتە خوارەوە: کەسنەزان، پیرزین، فەرمانبەران، رۆشنبیری، ژیان، کوردستان، نەورۆز، گەزنە، بەحرکە، عەنکاوە، فڕۆکەخانەی هەولێر و دەوروبەری، دێگەڵە، چۆمان و سۆران.

پارێزگای سلێمانی: سلێمانی، گەڕەکی بەرانان، شەقامی 60 مەتری، گوندی زڕگوێز، گوندی زڕگوێزەڵە، ناحیەی سوورداش، هێزەکانی فەرماندیی پێشمەرگە، گەڕەکی تاسڵوجە، چیای زمناکۆ.

پارێزگای دهۆک: کێڵگەی نەوتی سەرسنگ، کەمپی باجد کەنداڵ و گوندێکی سنووری ئاکرێ.

پارێزگای هەڵەبجە: چیای شنروێ.

رێکخراوێک: 4 گیانلەدەستدان و 19 بریندار هەن

بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT)ـی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان، لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو دووشەممە بەهۆی جەنگ و کاریگەرییەکانی جەنگەوە چوار کەس گیانیان لەدەستداوە، سێ یان لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون و ئەوی دیکەش کارمەندێکی ئاسایشی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بووە.

رێکخراوەکە بۆردوومان و هێرشەکان دژی هەرێمی کوردستان و سنوورەکانی تۆمار دەکەن. کامەران عوسمان، بەرپرسی بەشی مافی مرۆڤی رێکخراوەکە لە هەرێمی کوردستان، شەوی دووشەممە بە رووداوی گوت: ”بەهۆی هێرشەکانەوە دوو پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان لە سنووری پارێزگای هەولێر، یەک پێشمەرگەی کۆمەڵە لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئەندامێکی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گیانیان لەدەستداوە”.

بەگوێرەی ئاماری ئەو رێکخراوە، بەهۆی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانەوە 19 کەس بریندار بوون؛ 12یان لە سنووری پارێزگای هەولێر بوون، 6 لە سنووری پارێزگای سلێمانی و یەک لە سنووری پارێزگای دهۆک.

لە ئامارەکەدا هاتووە ”لە بریندارەکان 3 یان ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بوون و لە فڕۆکەخانەی هەولێر بریندار بوون، هەروەها دوویان سکیوریتی بوون لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، یەکێکیان سکیوریتی بووە لە هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی. هاوکات سێ سڤیل برینداربوون، یەکێکیان ماتۆڕسواری دیلیڤەری بوو لە هەولێر، یەک بریندار لە کەمپی باجد کەنداڵ بووە لە زاخۆ، بریندارێکیش پەرستارێک بووە لە کەمپی ئازادیی لە کۆیە. هەروەها 10 بریندار پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون”.

جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران 28ـی شوبات دەستیپێکرد، لە یەکەم رۆژی شەڕەکەوە هێرشەکان دژی هەرێمی کوردستان و هەولێر دەستیان پێکرد و بەردەوامە.

زۆربەی هێرشەکانی سەر هێزەکانی سەر رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ئێران کراون، هەروەها گرووپە چەکدارەکانی شیعە کە ئێران پشتیوانیان دەکات بەرپرسیاریێتیی زۆربەی ئەو هێرشانەیان لە ئەستۆ گرتووە، کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان.