بەداخەوە لە پیرانشار شەش پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات شەهید بوون. ناوەندی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند،

کە لە تێکهەڵچوونێکی چەکداریدا لە نێوان پۆلێک لە پێشمەرگەکانی شار و هێزەکانی سپای پاسداران لە ناوچەی پیرانشار، شەش پێشمەرگە شەهید بوون.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ناوەندەکە، ڕووداوەکە شەوی چوارشەممە (١٠ی پووشپەڕی ١٤٠٥) لە گوندی ”قزقەپان” لە نزیک شاری پیرانشار ڕووی داوە، کاتێک ئەو دەستە پێشمەرگەیە لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکێکی سیاسی و تەشکیلاتیدا، کەوتوونەتە کەمینی هێزەکانی سپای پاسدارانەوە.
حیزبی دێموکرات ناوی شەهیدەکانی بەم شێوەیە ڕاگەیاندووە: کارۆ هۆرمزیاری، فەردین جەهانگیری، محەممەد خاکی، عەبدوڵڵا محەممەدپوور، توانا عوسمانی و محەممەدئەمین بایەزیدی. ناوەندی تەشکیلاتی نهێنی لە بەیاننامەکەیدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدان دەکات و جەخت لەسەر بەردەوامیی ڕێبازی ئەوان دەکاتەوە.
ئێمە وەک سایتی پێشمەرگەکان، سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی هاوڕێیان لە حیزبی دێمۆکڕات و بنەماڵە سەربەرەزەکانیان دەکەین. روحی هاوڕێ شەهیدەکان شاد بێ رورەشی بۆ جاشە خۆفرۆشەکانی و نیزامی کۆماری ئیسلامی ئێران.

دەقی تەواوی هەواڵەکە (ڕاگەیەندراوی حیزب):
شەش پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات لە پیرانشار شەهید بوون
لە تێکهەڵچوونی پۆلێک لە پێشمەرگەکانی شاری ناوەندی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکرات لەگەڵ هێزە دژیگەلییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەی پیرانشاردا شەش پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات شەهید بوون.
لەو شەڕ و تێکهەڵچوونەدا کە شەوی چوارشەممە، ١٠ی پووشپەڕ لە گوندی قزقەپان لە سێ کیلۆمیتری شاری پیرانشار ڕووی دا، شەش پێشمەرگە بە ناوەکانی کارۆ هۆرمزیاری، فەردین جەهانگیری، محەممەد خاکی، عەبدوڵڵا محەممەدپوور، توانا عوسمانی و محەممەدئەمین بایەزیدی شەهید بوون. ئەو دەستە لە پێشمەرگەکان لە کاتێکدا بۆ ئەرکێکی سیاسی و تەشکیلاتی ڕاسپێردرابوون، کەوتوونەتە کەمینی هێزێکی زۆر و کۆکوپۆشتەی سپای پاسداران.
ناوەندی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕادەگەیەنێ خوێنی گەشی ئەو پۆلە لە پێشمەرگەکانی شار کە لە ناوچەی پیرانشار لە پێناو ئازادیدا تێکەڵ بە خاکی نیشتمان بوو، هەوێنی سەرکەوتنی دواجاری خەباتی حیزب و نەتەوەکەمان بەسەر دیکتاتۆڕیی کۆماری ئیسلامییە. هاوکات پەنابردنی ڕێژیم بۆ سەرکوت و تێرۆر و تۆقاندن، تەنیا نیشانەی زەبوونی، داماویی زیاتر و پەلەقاژەی کۆتایی سیستمێکە کە لە لێواری ڕووخان دایە و لە ترسی تۆڵەی ڕۆڵەکانی نەتەوە، دەستی بۆ تاوانی قێزەون بردووە.
ئێمە لە کاتێکدا سەری ڕێز لە ئاست تێکۆشان و فیداکاریی ئەو نەمرانە نەوی دەکەین، ڕادەگەیەنین خوێنی گەشی ئەم شەهیدانە خوێنبایی ئازادی و هەوێنی گەشەکردنی خەبات و سەرکەوتنی دواجاری گەلەکەمان بەسەر کۆماری ئیسلامیدایە و خەڵکی کوردستان و ڕۆڵە خەباتکارەکانی دیکەی نیشتمان ڕێگە نادەن خوێنی بەناحەقڕژاوی ئەو پۆلە پێشمەرگەیە بەفیڕۆ بچێ.
بژی خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد،
نەمری و شانازی بۆ تازەترین شەهیدانی سوورخەڵاتی ناوچەی پیرانشار و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی تەشکیلاتی نهێنی
١١ی پووشپەڕی ١٤٠٥
***







کاک مەلا حەسەن شیوەسەڵی