هاوینی ئه‌مساڵ واته ساڵی (2026) له کتێبخانه‌ی کوردی ستۆکهۆڵم، کتێبێ به پێنووسی (عه‌زیز ره‌زایی) خرایه به‌رده‌ست خوێنه‌ران.

ئه‌م په‌رتووکه (594) لاپه‌ڕه‌یه، ناوه‌که‌ی به ناچار به‌و جۆره ئه‌نووسم: (… …)
ئه‌و په‌رتووکه که ناوه‌که‌یم به‌و جۆره نووسیوه: (… …) هۆکه‌ی ئه‌وه‌یه ناوی کتێبه‌که له سه‌ر به‌رگه‌که‌ی دروست نه‌نووسراوه، به‌ڵام له یه‌که‌م لاپهڕهیدا نووسراوه:
(سه‌قز لاپه‌ڕه‌ی مێژوو له خۆرهه‌ڵاتی کوردستان).
ئه‌م کتێبه ناوی (چاپخانه‌ی) پێوه نییه، ئه‌دره‌سی (پۆستی) یان ژماره (ته‌له‌فۆن) یان ئیمهیلی نووسهرکهیشی نه‌نووسراوه تا ئه‌گه‌ر خوێنه‌ر پرسیارێکی سه‌باره‌ت بوو بیخاته به‌ر ده‌ست نووسه‌ره‌که‌ی، به‌س نرخی کتێبه‌که به (دینار) نووسراوه. ناوه‌رۆکی کتێبه‌که له (16) به‌شدا ئاماده کراوه. ئه‌م کتێبه باسی (مێژوو) ئه‌کات.
له‌م به‌شه‌ی ئێستادا ئه‌ڕۆمه سه‌ر سێ باسی ئه‌و کتێبه و به‌و ناوانه ئاماده‌م کرده:
1 – مێژووه چه‌وت و ناڕاسته‌که‌ی سه‌قز
(گرتنی) پادگانی سه‌قز یان (راگرتنی)؟!
2 – مێژووه چه‌وت و ناڕاسته‌که‌ی سه‌قز
(عه‌زیز ره‌زایی) و (کۆمه‌ڵه) و (حیزبی کۆمۆنیستی ئێران).
3 – مێژووه چه‌وت و ناڕاسته‌که‌ی سه‌قز
پێناسه‌ی نووسه‌ر عه‌زیز ڕه‌زایی .
مێژوونووس
ئه‌م کتێبه باسی مێژوو ئه‌کات – مێژوونووس بابه‌ته مێژووییه‌کان ئه‌خاته به‌ر ده‌ست خوێنه‌ر، له‌م کاره‌دا رووداوه‌کان وه‌ک (خۆی) به‌یان ئه‌کرێت، ئه‌گه‌ر رووداوه‌کان له سه‌رده‌می ژیانی مێژوونووسهکهدا بووبێت (ئه‌رک و کاری بێلایه‌نی) مێژوونووس گرنگتر ئه‌بێت! به‌داخه‌وه به‌ڕێز عه‌زیز ره‌زایی نه‌یتوانیوه ئه‌رک و رۆڵی و ئه‌و (بێلایه‌نییه) ئه‌نجام بدات و به ئاره‌زووی خۆی بابه‌ته‌کانی باس کرده !
پێشه‌کی:
ساڵی (1357)ی هه‌تاوی خه‌ڵکی ئێران به خۆپیشاندان له ژێر دوروشم گه‌لی سیاسی که‌وتنه دژایه‌تی سیستمی پادشای به‌گشتی و (خانه‌واده‌ی په‌هله‌وی) به‌تایبه‌تی، دوروشمهکانی تاران و ئه‌سفه‌هان … له په‌نای ئه‌وه‌دا که دژایه‌تی سیستمی پادشایان ئه‌کرد، خوازیاری حکومه‌تی ئیسلامی بوون و ئه‌وه‌یشیان له ئێران‌دا هێنایه سه‌رکار.
له‌و پرۆسه‌دا هێرشیان ئه‌کرده سه‌ر شوێنه چه‌کداره‌کانی ئێران وه‌ک: شاره‌بانی بنکه‌ی (پۆلیس) و پادگانه‌کانی ئه‌رته‌ش و ژاندارمری … تا ئه‌و جێگه‌ی له یادم بێت پادگانی (ئه‌رته‌ش) و (هه‌وانیروز، هومافهر) له هه‌ندێ شار چه‌ک کران.
گه‌لی کوردیش له‌و راپه‌ڕینه‌دا به‌شداری کرد، دوروشمهکانی کوردستان له‌گه‌ڵ تاران و مه‌شهه‌د و شیراز و ته‌برێز … جیاواز بوو، باسی حکومه‌تی ئاینی له ئارادا نه‌بوو، خواسته‌کانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی بوون.
له کوردستانیش به‌رنامه‌ی چه‌ککردنی پاسگای ژاندارمری (ئه‌منیه) و شاره‌بانی (بنکه‌ی پۆلیس) و پادگانه‌کان له ئارادا بوو، له‌و پرۆسه‌دا کۆمه‌ڵێ پاسگای ژاندارمری (ئه‌منیه) چه‌ککران، به‌ڵام پادگانی ئاسان نه‌بوو، ده‌بوو وردبینانه و هۆشیارانه ده‌س بۆ ئه‌و کاره ببرێت، خۆشبه‌ختانه خه‌ڵکی مهاباد توانیان به‌پێی به‌رنامه‌یه‌کی وردبینانه‌ی سیاسی پادگانی مهاباد چه‌ک بکه‌ن. با لێره‌دا بڕۆینه سه‌ر باسی {(گرتنی) پادگانی سه‌قز یان (راگرتنی)؟} که عه‌زیز ره‌زایی له کتێبه‌که‌یدا باسی کرده:
گرتنی پادگانی سه‌قز له زمان (عه‌زیز ره‌زایی)یه‌وه
سه‌قز: مانگرتنی کادیرانی ئه‌رته‌ش
پاش شهر و کێشه‌ی پادگانی سنه، کێشه‌ی کادێران و ئه‌فسه‌رانی پادگانی سه‌قز ده‌ست پێ ده‌کات، ئوپۆزسیۆن له نێو پادگانی ئه‌رتش له‌م کاته‌دا، له دوو ناوه‌ندی جیاوازه‌وه هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن، به‌شێک لایه‌نگری رژیمی نوێی ده‌سه‌ڵات له تاران و به‌شه‌که‌ی تر لایه‌نگرانی شۆڕشی کوردستان له شوورای شاری سه‌قز. بۆیه کۆمه‌ڵێک له کادێرانی سه‌ربازی و ئه‌فسه‌رانی ناره‌زای کورد، پادگانی سه‌ربازی جێ ده‌هێڵن و له مزگه‌وته چکۆله‌ی جامێعا خۆیان به شوورای شار ده‌ناسێنن. پاشان رێژه‌یه‌ک له کادیرانی ئه‌رتشی به گوێره‌ی داخوازییه‌کانیان له مزگه‌وتی جامێعای شاری سه‌قز مانگرتن ده‌گرنه پێش، له‌وانه ستوان(2) ئه‌حمه‌د سه‌عیدی، ستوان(2) قادر بهادور، گروبان ره‌سوڵ ئه‌مینی و گروبان محه‌مه‌د بابامیری.
نزیکی هه‌فته‌یه‌ک رۆژانه له مزگه‌وته چکۆله‌ی جامێعا مانگرتنیان درێژه‌ی ده‌بێ. مانگرتنی کادیرانی ئه‌رته‌ش له مزگه‌وتی جامێعای شار ده‌رفه‌تی له‌باری بۆ ئێمه ده‌ره‌خساند، به مه‌به‌ستی ده‌ستکه‌وتی زانیاری له سه‌ر بارودۆخی کێشه‌ی نێوان فه‌رمانده باڵاکانی پادگان. ده‌ستکه‌وتی زانیاری به مه‌به‌ستی به‌رچاوروونی له پێناو به‌رنامه و چۆنیه‌تی ده‌ست به‌سه‌ردا گرتنی پادگانی شار.
گرتنی پادگانی ئه‌رته‌ش پێویستی به ئه‌زموون و چالاکی سه‌ربازی هه‌بوو، که ئێمه به‌رپرسانی جه‌معییه‌ت و شوورای شار، زانیاری ئه‌وتۆمان نه‌بوو له‌و بواره‌دا. پاش را و راوێژ له کۆڕی کۆمیته‌ی سیاسیی جه‌معیه‌ت و شوورای شار، به‌رنامه‌ی چه‌ند و چۆنیی ده‌ست به سه‌ردا گرتنی پادگان خرایه رۆژه‌ڤی کاره‌وه. رێکخستنی کۆڕی راوێژ له‌م کاته هه‌ستیاره‌دا به‌بێ هه‌بوونی مه‌لا جه‌لال ده‌چووه پێشه‌وه. به گوێره‌ی پرسی کۆمیته‌ی سیاسی جه‌معیه‌ت به‌و ئاکامه ده‌گه‌ین، که به‌بێ هێزی چه‌کداری خاوه‌ن ئه‌زموون، ره‌نگه تووشی خه‌ساری گه‌وره و ناسه‌رکه‌وتوو بین له پرۆژه‌ی گرتنی پادگاندا و ئه‌زموونی شکستی پادگانی سنه‌مان لێ دووپات بێته‌وه. ل (300)
به‌و پێیه به راوێژ له‌گه‌ڵ ئیمام جومعه، سه‌رۆکی شوورا ساخ ده‌بینه‌وه، نامه‌یه‌کی سه‌ر به‌مۆر به‌ناوی سه‌رۆکی شوورای شاری سه‌قز (مه‌لا عه‌بدوڵا محه‌مه‌دی) هه‌نارده‌ی لای مام جه‌لال تاڵه‌بانیی سه‌رۆکی یه‌کێیتی نیشتمانی بکه‌ین. مه‌به‌ستی نامه‌که، هه‌نارده‌کردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی پشتیوان بۆ شاری سه‌قز ده‌بێ، له‌م رێڕه‌وه‌دا پێگه‌ی مام جه‌لال له‌م کاته‌دا له ده‌ڤه‌ری تووژهڵهی سه‌رسنوور نیشته‌جی ده‌بێ. ل (301)
سه‌قز: گرتنی پادگانی ئه‌رتش – پێگه‌ی ئه‌منیه
ئێمه ماوه‌یه‌ک چاوه‌ڕوانی گه‌ییشتنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتی نیشتمانی ده‌بین و جێبه‌جێ نه‌ده‌کرا، له‌ناکاو هه‌واڵیان هێنایه ناوه‌ندی جه‌معیه‌ت، ده‌سته‌یه‌ک چه‌کدار و شه‌پۆلێک خه‌ڵکی ئاسایی به مه‌به‌ستی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن به‌ره‌و پادگانی ئه‌رته‌ش سه‌رکه‌وتوون. پێشتر ده‌نگۆی ئه‌و بابه‌ته هه‌بوو، که کۆمه‌ڵێک چه‌کداری قیاده موه‌قه‌ته له ده‌وری سه‌قز به ته‌مای ده‌سبه‌سه‌رداگرتنی چه‌ک و چۆڵی پادگان خۆیان حه‌شار داوه. عه‌لی خانه به‌گ، یه‌کێک له ورده بهگانی ناوچه‌ی سه‌رشیو، که‌سی به ئه‌زموون و ناسراوی ئه‌و گرووپه بوو له‌و رێڕه‌وه‌دا. پتر چاوه‌ڕوانیی هاتنی هێزی یه‌کێیتی نیشتمانی له‌م کاته‌دا، کات له ده‌ست چوون بوو و زیانبار له سه‌رمان ده‌که‌وت، ئه‌من به گوێره‌ی ئه‌رک و کاری پێ سپێردراو له هه‌ر دوولای شوورای شار و جه‌معیه‌تی دیموکراتیک، به خێرایی ده‌ستم دایه گردوکۆی هێزی چه‌کدار و کۆکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک له هاڤاڵانی چه‌کداری جه‌معیه‌ت و کۆمیته‌ی شاره‌بانی به‌ره‌و پادگان به‌ڕێکه‌وتین.
شوێنی پادگان له‌سه‌ر تهپۆڵکهکهیهکی خۆرئاوای شار جێگیرکراوه، سه‌ره‌تای پادگان هه‌نگی (ژانده‌رمه) ئه‌منیه ده‌ست پێ ده‌کات، پاشان پادگانی تیپی ئه‌رته‌ش هه‌ڵکه‌وتوه. لێره‌دا پێشه‌نگی کۆڕه‌وی خه‌ڵکانی پێش ئێمه ده‌گه‌نه ده‌وری هه‌نگی ئه‌منییه، جه‌ماوه‌ری ئێمه به دوای ئه‌وه‌ندا سه‌ر ده‌که‌وین. له‌م کاته‌دا، پادگان به‌گشتی له سێ لاوه به‌ر شاڵاوی جه‌ماوه‌ری شار ده‌که‌وێ و گه‌مارۆ ده‌درێ. کۆمه‌ڵێک له هێرشبه‌رانی پێشه‌نگی ئێمه له نێو مه‌یدان و بیناکانی هه‌نگی ئه‌منییه بڵاوه ده‌که‌ن، پاش چاره‌که کاتژمێرێک پێشمه‌رگه‌کانی جه‌معیه‌ت که‌سێکی فه‌رمانده به‌ناوی (سه‌رهه‌نگ زهکاوت) ده‌ست به‌سه‌ر ده‌که‌ن و راده‌ستی ئێمه‌ی ده‌که‌ن. فه‌رمانده کورده و به زمانی کوردی باس و خواستی لێ ده‌کرێ و خه‌ڵکی سنه بوو. سه‌رهه‌نگ زهکاوت له رووداوی پێشهاتوو ناڕه‌زا به‌رچاو نه‌ده‌که‌وت، پاش چه‌ند خوله‌کێک ئه‌فسه‌رێکی قه‌وی و قۆل، تووڕه و ده‌ست به‌سه‌رکراوه هێنایانه ژووره‌که‌ی ئێمه‌وه. ل (301)
ئه‌م ئه‌فسه‌ره له پێشهاتی دۆخی پادگان گرژ و گه‌لێک ناڕه‌زا هه‌ڵوێستی ده‌گرت. فه‌رمانده به زمانی فارسی ده‌دوا، به‌ڵام دوایی خۆی ناساند، که کرماشانییه و ناوی سه‌رگورد سوهرابییه. به‌م شێوازه دوو فه‌رمانده سه‌ره‌کییه‌کانی پادگان له‌م ژووره‌دا ده‌ستبه‌سه‌ر کرابوون. پاشان به‌پێی بڕیاری ئێمه، دوو فه‌رمانده له ژێر چاودێری و برنامه‌ی نوێنه‌ری شار هه‌ڵسوکه‌وت ده‌که‌ن. پێمان راگه‌یاندن، چیتر له‌م کاته‌وه بریاری ئه‌رک و کاری ئیداره‌ی پادگان، چۆن و چی کردن له ئه‌ستۆی شوورای شاری سه‌قزدا به‌ڕێوه ده‌چێ.
پاشان ئێمه نوێنه‌رانی شوورای شار و جه‌معیه‌ت به پێی لێکۆڵنیه‌وه و لێدوانی دۆخی پادگان، به‌و ئاکامه ده‌گه‌ین، که شێوازی فه‌رمانده‌ییی نوێی پادگان بێته گۆڕین و به‌و پێیه هه‌ر دوو فه‌رمانده پاش جێگۆڕکێی پۆسته‌کانیان له پادگان ده‌مێننه‌وه. به‌ڵام سه‌رهه‌نگ زهکاوت جێگای متمانه‌یه، له پۆستی فه‌رمانده‌ی تیپ و سه‌رگورد سوهرابی له پۆستی فه‌رمانده‌ی (ژانده‌رمه) داده‌نرێن. پاشان به‌پێی پێشنیاری سه‌رهه‌نگ زهکاوت ئیستوارێکی کورد (سنه‌یی) کادیرێکی باوه‌ڕپێکراو، ده‌کرێته به‌رپرسی چه‌ک و قورخانهی پادگان.
لێره‌دا که‌سانی چکداری سه‌ر به قیاده موه‌قه‌ته له نێو پادگان، له ژێر چاودێری هێزی پێشمه‌رگه‌ی شار ده‌جووڵێنه‌وه، له رواڵه‌تدا له راماڵینی چه‌ک و چۆڵی پادگان خۆیان ده‌پاراست. جیاواز له ده‌سکه‌وتی بڕێکی چه‌کی سووک، به‌گشتی چه‌ک و چۆڵی پادگان له جێگه‌ی خۆیدا له کۆنترۆڵی بڕیاری شوورای شاردا مایه‌وه.
چرکه ساتی مێژوویی
چرکه ساتی مێژوویی ده‌خولقێ له رێڕه‌وی خه‌باتی دوورودرێژی خه‌ڵکانی شار و ناوچه‌ی سه‌قزدا، پادگانی سه‌قز له‌م چرکه ساتی مێژووییه‌دا، چیتر وه‌ک ئامێری کۆتوبه‌ند و سه‌رکوتی جه‌ماوه‌ری شار و ناوچه‌ی سه‌قز له ئارادا نه‌ماوه. پادگانی وێنای سه‌کۆی گورز و گۆپاڵی ده‌وڵه‌تانی سه‌رکوت، ئه‌مڕۆ له لایه‌ن گه‌نجانی شۆڕشگێری خه‌ڵکی سه‌قزه‌وه کۆنتڕۆڵ کراوه، قه‌ڵای زه‌خت و زۆری داگیرکاری دژ به سه‌ربه‌ستی شار و گه‌لی کورد داڕماوه له‌م بڕگه زه‌مه‌نییه‌دا. پادگان، پێگه‌ی ئه‌رته‌شی ده‌وڵه‌تی ئێران له شاری سه‌قز سه‌کۆ و پێگه‌ی گولله هاوه‌ن و تۆپبارانی کاولکاری له خۆ گرتبوو به سه‌ر جه‌ماوه‌ری شاری سه‌قزدا. ئه‌م پێگه‌یه به هۆکاری جۆراوجۆریی سیاسی و سه‌ربازی ده‌بووه مه‌یدانی هه‌ڵخستنی په‌ت و سێداره‌ی خه‌لکانی شار و ناوچه‌ی سه‌قز … ل (300 – 301 – 302) کتێبی (سه‌قز لاپه‌ڕه‌ی مێژوو له خۆرهه‌ڵاتی کوردستان).
**
سه‌قز: درێژه‌ی مانگرتنی کادێرانی ئه‌رته‌ش
… پاشان کادێران ده‌ستیان دایه مانگرتن له مزگه‌وته چکۆله‌ی جامێعا له پێناو داخوازییه‌کانیاندا. شوورای شار، پاش گفتوگۆ له‌گه‌ڵ مانگرتوان ساخ ده‌بنه‌وه، که هاوکات نوێنه‌ری مانگرتوان له‌گه‌ڵ که‌سێکی هه‌نارده‌ی شوورای شار ره‌وانه‌ی ستادی ئه‌رته‌ش له تاران بکرێن بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، ئه‌حمه‌د ئه‌سکه‌نده‌ری به مه‌به‌ستی رێکخستنی گه‌شتی تاران ده‌چێته پادگان، له وێ له‌گه‌ڵ سه‌رگورد سوهبرابی را و راوێژ ده‌کات.
سه‌رگورد سوهرابی، که بۆ خۆی نه‌یاری مانگرتان ده‌بێ، له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د به‌رنامه‌ی سه‌فه‌ر به‌ڕێده‌خه‌ن، پاشان ستوان سه‌عیدی له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌خه‌ن به‌ره‌و ستادی ئه‌رته‌ش له تاران. سه‌رهه‌نگ سوهرابی، له پادگانی سه‌قزه‌وه هێلیکۆپته‌ر به‌ڕێ ده‌خات و به تێکڕا پێکه‌وه ده‌چنه سنه و کرماشان، به‌ڵام له کرماشان سه‌رهه‌نگ به جیاواز له ئه‌حمه‌د و ستوان سه‌عیدی به‌ره‌و تاران به‌ڕێ ده‌که‌وێ.
پاشان ئه‌حمه‌د و ستوان سه‌عیدی له تاران له ستادی ئه‌رته‌ش له‌گه‌ڵ سه‌رگورد سوهرابی یه‌کتر ده‌بیننه‌وه. پاش گفتگویان له ستاد، ئه‌حمه‌د و ستوان سه‌عیدی بێ ئاکام ده‌گه‌ڕێنه‌وه شاری سه‌قز و سه‌رگورد سوهبرابی له تاران ده‌مێنێته‌وه. سهرهنگ سوهرابی ناره‌زا له بارودۆخی پادگان له سه‌قز، له ستادی ئه‌رته‌ش جێ پێی خۆش ده‌کات و ناگه‌ڕێته‌وه سه‌قز. پاشان ده‌بیته ئامێری گرینگی به‌رنامه داڕێژانی سه‌ربازی له تاران دژی نه‌یارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. بێ گومان هه‌نگاوی سه‌ره‌کیی سه‌رهه‌نگ سوهرابی له‌م رێڕه‌ودا دژی شۆڕشی کوردستان و به تایبه‌ت دژی ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنی پادگانی سه‌ربازی له شاری سه‌قز به به‌رنامه ده‌چێته پێشه‌وه. پاشان کاتی بڕیاری هێرشی سه‌رانسه‌ری خومه‌ینی بۆ سه‌ر کوردستان، له 27ی گه‌لاوێژی (58)دا، پادگانی سه‌قز داگیر ده‌کرێته‌وه. ستوان سه‌عیدی ده‌بێته یه‌کێک له رێزی (21) که‌سی له سێداره‌دراوان له لایه‌ن ئایه‌توڵڵا خاڵخاڵی نوێنه‌ری خومه‌ینی له پادگانی سه‌قز، که له درێژه‌ی ئه‌م باسه‌دا ده‌یخه‌ینه به‌ر سه‌رنج و به وردی ئاماژه‌ی پێ ده‌که‌ین . ل (305 و 306)} هه‌مان سه‌رچاوه.
با له‌و سێ رسته‌ی ئه‌و نووسراوه بڕوانین که ئێژێ:
1 – له‌ناکاو هه‌واڵیان هێنایه ناوه‌ندی جه‌معیه‌ت، ده‌سته‌یه‌ک چه‌کدار و شه‌پۆلێک خه‌ڵکی ئاسایی به مه‌به‌ستی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن به‌ره‌و پادگانی ئه‌رته‌ش سه‌رکه‌وتوون.
**
له‌و به‌شه‌دا ئێژێ: خه‌ڵک رۆیشتوون تا پادگان بگرن.
2 – ئه‌من به گوێره‌ی ئه‌رک و کاری پێ سپێردراو له هه‌ر دوولای شوورای شار و جه‌معیه‌تی دیموکراتیک، به خێرایی ده‌ستم دایه گردوکۆی هێزی چه‌کدار و کۆکردنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێک له هاڤاڵانی چه‌کداری جه‌معیه‌ت و کۆمیته‌ی شاره‌بانی به‌ره‌و پادگان به‌ڕێکه‌وتین.
**
به‌ڕێز ره‌زایی- هێزی چه‌کداری جه‌معیه‌ت و کۆمیته‌ی شاره‌بانی ئه‌بات بۆ (پادگان)، بۆ پادگانێ که له سێ لاوه به‌ر شاڵاوی جه‌ماوه‌ری شار ده‌که‌وێ و گه‌مارۆ ده‌درێ.
لێره‌دا ئه‌م پرسیاره دێته ئاراوه، ره‌زایی ئه‌و هێزانه‌ی بۆ بردهته پادگان بۆ پشتیوانی له خه‌ڵکی سه‌قز که ویستوویانه پادگان چهککهن یان پێچه‌وانه‌که‌ی؟
وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره وا له رسته‌ی (3)دا که به‌و جۆره ئێژێ:
3 – به‌گشتی چه‌ک و چۆڵی پادگان له جێگه‌ی خۆیدا له کۆنترۆڵی بڕیاری شوورای شاردا مایه‌وه.
**
ئایا ئه‌وه گرتنی پادگانی سه‌قزه یان را‌گرتن و پاراستنی پادگانه‌که؟!
خۆخڵه‌تاندن
ئه‌وه‌ی که به‌ڕێز ره‌زایی سه‌باره‌ت به پادگانی سه‌قز باسی کرده هی چه‌ن سه‌د ساڵ و چه‌ن هه‌زار ساڵ پێش نییه، هی ئه‌م ده‌ورانه‌یه که خۆمان تێدا ژیاوین و ئه‌ژین، هی (47 یان 48) ساڵی پێشه، من وه‌ک نووسه‌ری ئه‌م چه‌ن دێڕه که خه‌ڵکی سه‌قزم و له‌و ده‌ورانه‌دا له وێ ژیاوم و ئاگاداری رووداوه‌کانی ئه‌و ده‌ورانه‌م، ئه‌و باسه واته (گرتنی پادگانی سه‌قز) باسێکی بێپایه و بێبنه‌مایه !
هیوادارم خۆمان نه‌خڵه‌تێنین.
++++
سه‌قز و رووداوێکی گرنگی ئه‌و ده‌ورانه
پادگانی سه‌قز نه‌گیرا،
به‌ڵام تیربار(ره‌شاشی) ته‌په‌که‌ی (قهرهچیئاو) گیرا !
{به‌داخه‌وه رۆژه‌که‌یم له‌یاد نییه.
هاوین بوو، هاوینی ساڵی (1358) بوو، هێزه‌کانی ده‌وڵه‌تی ئێران که بریتی بوون له ئه‌رته‌ش و سپای پاستاران و به‌سیج له رێگای (سنه)وه گه‌یشنه نزیک سه‌قز، له پێشدا له ده‌شتی ته‌یاره‌خانه جێگیر ئه‌بن، کۆمه‌ڵێ له تێکۆشه‌رانی سه‌قز … و دێهاته‌کانی ده‌وروبه‌ر به‌پێی هه‌لومه‌رج به چه‌که‌وه هێرش ئه‌که‌نه سه‌ر ئه‌وانه‌ی ته‌یاره‌خانه، هه‌م زیانیان پێ ئه‌گه‌یه‌نن و هه‌م چه‌که‌کانیان داگیر ئه‌که‌ن.
به‌شێکی دی له هێزه‌کانی ده‌وڵه‌ت دێنه په‌نای شار و له شوێنی به‌ناوی (ته‌پی قهرهچیئاو) که ئه‌یڕوانی به‌سه‌ر شاردا دائه‌مه‌زرێن و ته‌قه له شار ئه‌که‌ن. له نێوان شار و ته‌په‌که‌ی قهرهچیئاو چه‌مێ هه‌یه به‌ناوی: (چه‌می گه‌وره) که پردێکی (6 – 7) پاکڵه‌ی هه‌یه، ئه‌و پرده له ژێر چاودێری ئه‌و هێزانه‌ی ئیران‌دا بوو که گه‌یشتبوونه سه‌ر (ته‌په‌که‌ی قه‌ره‌چیئاوا)، که‌س نه‌یئه‌توانی له‌و پرده‌وه هاتوچوو بکات !
پاش نیوه‌ڕۆ بوو، له‌م به‌ر پردهکهیشهوه کۆمه‌ڵێ (پێشمه‌رگه) یان (که‌سانی ئازاد) که (سه‌ر و چاوی خۆیان داپۆشیبوو) بۆ به‌گریکردن له شار ته‌قیان له‌وانه‌ی سه‌ر (ته‌په‌که) ئه‌کرد. به‌داخه‌وه من (سه‌ر و چاوی) خۆم دانه‌پۆشی بوو له په‌نای دارێکدا بووم. له ناکاو کوڕێکی ته‌مه‌ن (16 و 17) ساڵه هات بۆ لام و به ئارامی وتی:
کاکه، من ئه‌بێ بڕۆم بۆ ئه‌و به‌ر، بۆ (قه‌ره‌چیئاوا) – ته‌قه‌م لێمه‌که‌ن.
وتم: باشه ئه‌وه لێره‌وه ته‌قه‌ت لێ ناکه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه نییه له‌و به‌ره‌وه ته‌قه ئه‌که‌ن، تۆ چۆن ئه‌ڕۆی بۆ قه‌ره‌چیئاوا ؟!
وتی: کارم هه‌یه و ئه‌بێ بڕۆم!
ئیتر هیچی نه‌وت!
له دیواری پرده‌که‌وه که زۆر به‌رز نه‌بوو، خۆی خسته خواره‌وه و رۆیشت.
من به په‌له چووم بۆ لای ئه‌و که‌سانه که (سه‌ر و چاویان داپۆشیبوو)، باسه‌که‌م بۆ گێڕانۆ و تکام لێکردن که هۆشیان به‌و که‌سه‌وه بێت، ئه‌وانیش به رووخۆشی وه‌ڵامیان دایه‌وه.
بۆ ئاگاداری: به‌ده‌نگ دوو که‌سیان ناسییه‌وه که دووکاندار بوون له بازاری سه‌قز، به‌ڵام به خۆیانم نه‌وت!
هاتمه‌وه شوێنه‌که‌ی خۆم که تا راده‌یه‌ک ئه‌ڕوانی به‌سه‌ر ئه‌و رێگا واته ژێر (پرده‌که) که ئه‌و گوڕه‌ی پێدا ئه‌رۆیشت. کوڕه‌که له په‌نای هه‌ر پاکڵهیهک ده‌رئه‌که‌وت و پاشان ون ئه‌بوو. کاتێ گه‌یشته دوایین پاکڵه‌ی پرده‌که چاوم لێ‌بوو چووه سه‌ر رێگاکه‌ی (قهرهچیئاو)، به‌ڵام له‌بری ئه‌وه‌ی بڕوات بۆ قه‌ره‌چیئاوا، رووی کرده ته‌په‌که و (به‌ره) (به‌ره) ئه‌چووه سه‌ر. من خێرا چوومه‌وه بۆ لای ئه‌و که‌سانه که (سه‌روچاویان داپۆشیبوو) ئه‌وانم ئه‌گادار کرد و هاتمه‌وه شوێنه‌که‌ی خۆم. چاوم له کوڕه‌که بوو که گه‌یشتبووه لووتکه ته‌په‌که.
له ناو (گرمه‌یه‌ک هات و له لووتکه‌ی ته‌په‌که دووکه‌ڵێک و گڕێکی کورت ماوه سه‌ری هه‌ڵدا و کوڕه‌که به راکرتن به شوێنه‌که‌ی خۆیدا گه‌ڕایه‌وه خوار و خۆی گه‌یانده ژێر پرده‌که و پاشان هاته‌وه ئه‌م به‌ر، کاتێ له دیواری پرده‌که هاته سه‌ر، بینم تیربارێکی پایه‌داری (ژ 3)ی له گه‌ڵ خۆدا هێناوه. پێموابێ هه‌ر هه‌مان تیربار بووبێت که ته‌قه‌ی له شار ئه‌کرد، چوون بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر له ته‌په‌که‌وه ته‌قه نه‌ئه‌کرا.
کاتێک خه‌ڵک ئه‌و کوڕه‌یان به تیربارهکه واته (ره‌شاش) بینی، گوریان به تیربارهکهوه کرده قه‌ڵاندۆشکان و به دروشم و سرود خوێندن و چه‌پڵه‌لێدان بردن بو لای (فه‌له‌که‌ی یاد بود) و له‌وێیشه‌وه بۆ خیابانی (سه‌رله‌شکر ئه‌مین) و …
من وه‌ک که‌سێ که له نزیکه‌وه ئه‌و رووداوه‌م بینی بۆ ماوه‌یه‌کی کورت فرمێسک پێش چاوی گرتم ! له‌و کاته‌دا نه‌مئه‌زانی و نه‌مئه‌توانی ئه‌و کاره چۆن هه‌ڵسه‌نگێنم و به‌چی بچوێنم!
بیرم له‌و کوڕه و له کاره‌که‌ی، له کاره گرنگه‌که‌ی ئه‌کردۆ. ئێستایش هه‌ر بیر له‌وه ئه‌که‌مه‌وه.
هه‌رچی ئه‌که‌م دڵم بڕوا نادات ئه‌و رووداوه (راسته‌قینه) که به چاوی خۆم بینیومه، له چوارچێوه‌ی هۆنراوهیکی ئه‌فسانه‌یی که ده‌یان داستانێ وه‌ک (کاوه‌ی ئاسنگه‌ر) و (ئارشی که‌مانگه‌ر) داڕیژم و ئاماده‌ی که‌م !
پێمخۆشه هه‌ر وه‌ک خۆی وه‌ک خودی خۆی که بینیومه له کامێرای چاوهما، له خانووچکه‌کانی مێشکما بمێنێته‌وه، تا له گه‌ڵ خۆمدا سه‌ر ئه‌نێته‌وه!}.
راستی ئه‌گه‌ر ئه‌و (کوڕه) سه‌ر به خانه‌واده‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ن ببواێت یان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌یه‌کدا ببواێت به‌و جۆره پشتگو ئه‌خرا؟ نا، پشتگوێ نه‌ئه‌خرا، ده‌یان کتێبی له‌سه‌ر ئه‌نووسرا، فیلمی له‌سه‌ر ساز ئه‌کرا!
جێگه‌ی داخه له‌و کتێبه (600) لاپه‌ڕه‌یه‌ی به‌ڕێز (ره‌زایی) که باسی مێژوو، باسی سه‌قز و هێرشی سه‌ربازی {ده‌وڵه‌تی ئێران (کۆماری ئیسلامی)} بۆ سه‌قز ئه‌کات، ئه‌و باسه گرنگه له بیر ئه‌چێ و نانووسرێت!
**
پایانی ئه‌م به‌شه.
به‌شی دووهه‌م به‌و ناوه‌وه ئه‌که‌وێته به‌رده‌ستان:
مێژووه چه‌وت و ناڕاسته‌که‌ی سه‌قز
عه‌زیز ڕه‌زایی و (کۆمه‌ڵه و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
**
هیوادارم له نووسینه‌وه‌ی بابه‌ته‌کانی ئه‌م نووسراوه هه‌ڵه‌م نه‌کردبێت.
ئه‌م بابه‌ته له رێگای فهیسبووکۆ ره‌وانه کراوه بۆ خودی ره‌زایی خاوه‌ن کتێبه‌که.
**
وێنه‌ی هلیکۆپتێر و تفه‌نگه‌که له ئه‌نترنێت وه‌رگیراوه.
وێنه دوو که‌سییه‌که له فه‌یسبووکی فه‌ریده ره‌زایی وه‌رگیراوه.
17/8/2026
سه‌عی سه‌قزی – قایشی
Sai.saqzi@gmail.com
