له وڵاتانی پێشکه‌وتوو و به واتایه‌ک، ڕۆژئاوایی، که ڕووگه‌ی زۆر له په‌نابه‌ران و کۆچبه‌رانن، وا بیر ده‌که‌نه‌وه که منداڵێ که له ئه‌و وڵاتانه له دایک ده‌بێت،
یا له مێرمنداڵیدا هاتبێته ئه‌و وڵاتانه، به سه‌رمایه‌ی ئینسانی ئه‌و وڵاتانه سه‌یری ده‌که‌ن و حیسابی تایبه‌تی له سه‌ر باز ده‌که‌ن!
ئه‌و بۆچوونه زۆر زانستی و ژیرانه‌یه. چوونکه ئه‌وه‌ی له ته‌مه‌نی منداڵی‌دا ، مرۆڤ فێری ده‌بێت یا ده‌یبینێ یا خووی پێ ده‌گرێت، له گه‌ڵ هه‌ست و بیر و به واتایه‌ک، له گه‌ڵ خوێنی تێکه‌ڵ ده‌بێت و مه‌حاڵه تا له ژیاندایه، له بیری بچێت.
بۆ ده‌ڵێم نه‌وه‌ی نوێ، چوونکه، ئه‌وانه‌مان ته‌مه‌نی له سه‌رووی سی ساڵ بۆ سه‌رێیه، هه‌رچه‌ند پرۆگرامی تایبه‌تی بۆ ته‌رخان بکه‌یت و خۆی پێوه ماندوو بکه‌یت، پێشینه‌یه‌کی هزری له ڕابردوو هه‌یه که مه‌حاڵه له مێشکی بسڕێته‌وه.
چ ڕابردوویه‌ک؟ ڕابردوویه‌ک که هه‌ر له سه‌ره‌تای ئاوه‌ز گرتنمان، له گه‌ڵ تی‌ڤی و زمان و مێژو و کلتووری بێگانه ئاشنا بووینه و بمانه‌وێ نه‌مانه‌وێ ، له سه‌ر زۆرمان کاریگه‌ر بووه، به شێوه‌یه‌ک که ئێستا ئاسه‌واری ئه‌و په‌تایه، جار نه جار سه‌ر هه‌ڵده‌داته‌وه و خۆ ده‌نوێنێ.
یه‌کێ له ئاسه‌واره هه‌ره خرابه‌کانی، نه‌بوونی ئیمان و باوه‌ڕ به خۆمانه. من ئه‌وه‌ی به گشتی ده‌ڵێم. زۆر جار وا بیر ده‌که‌ینه‌وه که کوردستان ده‌شتی کاکی به کاکی کالاهارییه و ئه‌گه‌ر ده‌ستی ڕ‌ه‌حمه‌تی تاران و ئانکارامان له سه‌ر نه‌بێت، له برسانا قڕانمان دێت. یا وا بیر ده‌که‌ینه‌وه، کورد، به واتا، له نه‌وه‌ی ئاده‌م و حه‌وا نیه و ئه‌وه 200 ساڵه خولقاوه و له کوردستان ده‌ژی و زمانی کوردیش، له بن به‌ردان دۆزراوه‌ته‌وه. نه مێژوویه‌کی هه‌یه و نه له مێژه هه‌یه.
وه‌ک به‌چکه چۆله‌که، چاو و زارمان داچه‌قاندووه و چاومان له زاری بێگانان بڕیوه که مێژووی باب و باپیرانمان بۆ سا‌غ بکه‌نه‌وه و بینووسنه‌وه. ئه‌گه‌ر رۆژێ که‌سێ به چاکه باسی کردین، شاگه‌شکه ده‌بین و تا هزرمان یارمه‌تی ده‌دات، مه‌دحی ده‌که‌ین. خۆ خوا نه‌کات که‌سێ به خراب باسمان بکات، سه‌د جۆر ڕه‌نگ ده‌گۆرین و وه‌ک ئه‌وه دنیا به ئاخر هاتبێت، وه سه‌ریه‌ک ناکه‌وینه‌وه.
زۆر جاریش، له به‌ر خۆ نه‌ناسین و خاک و نیشتمان نه‌ناسینمان، داده‌نیشین، باسی فه‌ڕ و شکۆی زمان و کلتوور و خاکی ئێران و توران ده‌که‌ین. هه‌ندێکمان ڕووگه‌ی هونه‌ر و فه‌رهه‌نگیان ده‌بێته تاران و ئی هه‌ندێکمان ده‌بێته ئانکارا….!
ئه‌وانه و زۆر له‌وه زیاتر، ئاسه‌واری خرابی نه‌بوونی باوه‌ڕ به خۆمانه. ئاسه‌واری باوه‌ڕ به خۆ نه‌بوون له تاکی ناو کۆمه‌ڵگادا، مرۆڤ تووشی نه‌خۆشی خه‌مۆکی و بی ئیراده‌یی و بی هیوایی ده‌کات که زۆر نیزیکه له خۆ کوشتن.
هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر میلله‌تێ، باوه‌ڕی به هزر و هێز و نیشتمانی خۆ نه‌بێت، قه‌د سه‌ربه‌خۆ نابێت و قه‌د سه‌ربه‌ستی به چاوی خۆی نابینێ. ده‌با هه‌موومان هه‌ر له ماڵی خۆمانه‌وه ده‌س پێبکه‌ین، که جیلی نوێمان، به باوه‌ڕێکی قووڵ و پته‌و به خۆ ، په‌روه‌رده بکه‌ین، که قسه‌ی وه‌زیرێکی فاشی تورک که له‌و ڕۆژانه‌دا ووتی، زمانی کوردی زمانێکی شارستانی نیه، یا قسه‌ی گۆرانیبێژێکی شونیستی فارس، به قه‌د تۆزقاڵێک له ئیراده‌یان کاریگه‌ر نه‌بێت.
ده‌بێ ئێمه خۆمان نیشان بده‌ین که هه‌ین. ده‌بێ ئێمه خۆمان به سه‌ر یاسای نێونه‌ته‌وه‌ییدا بسه‌پێنین که هه‌ین. هیچ که‌س نابێت به دایه‌ی باشتر له دایک بۆ ئێمه. قه‌دیش چاوه‌ڕێ نه‌بین که نه‌یارانمان، ببن به یار و مه‌دحمان بکه‌ن………..!{jcomments off}