خراپی ئاستی بژێوی كوردانی كوردستانی ئێران وه‌های كردووه له‌سه‌ر مه‌رزه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به كه‌مترین كرێ كاربكه‌ن، دابه‌زینی نرخی تمه‌نیش به‌رامبه‌ر دۆلار كاری كردووه‌ته سه‌ر بڕی هاورده‌كردنی كه‌لوپه‌ل بۆ ئێران، به‌و هۆكاره‌شه‌وه بارخانه‌كانی مه‌رزه‌كان خاڵین له‌كه‌لوپه‌ل‌و ئیشی كۆڵبه‌ره‌كانی كه‌متر كردووه‌ته‌وه..
.
خراپی باری ئابووری كۆڵبه‌ره‌كان
له‌و بازاڕچه‌یه‌ی مه‌رزی شابه‌دین به‌فه‌رمی ئێران كردویه‌تییه‌وه بۆ ئه‌وانه‌ی له‌سه‌رشان كۆڵ ده‌به‌ن، كۆمه‌ڵێك پێداویستی رێگه‌ی پێدراوه ببرێته به‌ری ئێران‌و له‌وێشه‌وه ده‌خرێته پشتی ئه‌و ئوتومبیله بارهه‌ڵگره بچوكانه‌ی كه هێشتا تاریك‌و روونه چوارده‌وری پاسگاكه‌ی ئێرانیان گرتووه، ئێران به‌فه‌رمی بۆ هه‌ر بارهه‌ڵگرێك بڕێك پاره وه‌كو باج له‌خاوه‌نی باره‌كان وه‌رده‌گرێت، به‌پێی وته‌ی زۆرێك له‌و گه‌نجانه‌ی به‌كۆڵبه‌رییه‌وه خه‌ریكن، ئه‌و پاسگایه‌ی ئێران به‌رده‌وام خه‌ریكی پاره وه‌رگرتنه.
ئه‌و پێداویستیانه‌ی كه له‌و بازاڕچه‌یه‌ی ئێرانه‌وه ده‌چێته ئێران‌و به‌فه‌رمی گومرك ده‌كرێت، زیاتر كه‌لوپه‌لی چێشتخانه‌ی ماڵه‌وه‌یه، به‌ڵام هه‌ر له‌و مه‌رزه‌وه “شابه‌ندین” پێداویستی وه‌كو قوماش‌و كه‌لوپه‌لی كاره‌بایی له‌لایه‌ن كۆڵبه‌ره‌كانه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی قاچاخ ئاودیو ده‌كرێت.
هیچ دیمه‌نێ به‌هێنده‌ی ئه‌و دیمه‌نه سه‌رنجڕاكێش نییه كه كۆڵبه‌ره‌كان له‌سبه‌ینێیه‌كی زوودا له‌و بازاڕگه‌یه شۆڕده‌بنه‌وه، گوێ ناده‌نه ته‌زیوی ئاوی چه‌مه‌كه‌و به‌خێرایی له‌ئاوه‌كه ئه‌ده‌ن‌و ده‌په‌ڕنه‌وه.
بۆ ئه‌وه‌ی به‌پێی ئه‌و به‌ڵگه‌یه‌ی رێگه‌ی پێدراوه ده‌ست به‌سه‌ر دوو كۆڵدا بگرێت، بۆ ئه‌وه‌ی بژێوی ژه‌مێكی ماڵ‌و منداڵه‌كه‌ی مسۆگه‌ر بكات، ئه‌م ململانێ‌و كێبڕكێیه بۆ پاره‌یه‌كی كه‌مه كه رۆژانه‌ی هه‌ریه‌ك له‌و كۆڵبه‌رانه ناگاته 20 دۆلارێك، به‌لای ئه‌وانه‌وه “ململانێیه بۆ مانه‌وه نه‌وه‌كو خۆشی ژیان”، به‌هۆی شكانی دراوی تمه‌نیشه‌وه به‌رامبه‌ر به دۆلار، بارخانه‌كان تا راده‌یه‌ك خاڵین له‌كه‌لوپه‌ل‌و تادێت رێژه‌ی كه‌لوپه‌لی هاورده بۆ ئێران به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه ده‌چێت، به‌وه‌ش كۆڵێكی كه‌م ده‌گوێزرێته‌وه.
مام عه‌زیز كه بارخانه‌ی هه‌بوو، پێیوایه تاوه‌كو تمه‌ن به‌و شێوه‌یه بێت، مه‌رزه‌كه‌ش وه‌زعی له‌وه چاكتر نابێت، وتیشی “ئه‌و باره‌ی ئێستا ده‌یبینی زیاتر هی كۆنه‌و ماوه‌ته‌وه، هه‌فته‌ش ده‌بێت یه‌ك بارم بۆ نه‌هاتووه”.
كاتێ كۆڵبه‌ره‌كان له‌ئاوه‌كه ده‌په‌ڕنه‌وه، كه‌س گوێ به‌ساردیی ئه‌و ئاوه نادات كه به ئاوی “چه‌می چۆمان” ناسراوه. هه‌ندێك له‌كۆڵبه‌ره‌كان به‌رگێكی پلاستیكیان له‌به‌ردایه‌و جزمه‌یان لێهه‌ڵكێشاوه، هه‌ندێكیان شه‌ڕواڵه‌كه‌ی هه‌ڵده‌كات بۆ ئه‌وه ته‌ڕ نه‌بێت، تیایاندایه خۆی رووت ده‌كاته‌وه، به‌بێگوێدانه ئه‌و قه‌ره‌باڵغییه به رووتی له‌ئاوه‌كه ده‌په‌ڕێته‌وه‌و له‌مبه‌ره‌وه جله وشكه‌كانی له‌به‌ر ده‌كاته‌وه، به‌كه‌می ئه‌بینی كه‌سێك 1000 دینار بداته ئه‌و كۆڵبه‌رانه‌ی كه به‌رگی پلاستیكییان له‌به‌ر دایه بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌ته‌ڕ بوون بپارێزێت، هه‌ندێك كه‌س ده‌بینی به‌كۆڵی كه‌سێكی تره‌وه‌ن، دیاره ئه‌وانه 1000 دیناره‌كه‌یان داوه…
چیرۆكی رۆژێكی كۆڵبه‌رێك
شه‌و دادێت‌و رۆژ ده‌بێته‌وه له‌خه‌می ئه‌وه‌دام سبه‌ینێ چه‌ند كۆڵم به‌رده‌كه‌وێت، ته‌نانه‌ت نا ئارامیش ده‌خه‌وم، 3 منداڵم هه‌یه له‌شاری بانه له‌خانویه‌كی كرێدا نیشته‌جێن. مه‌هدی ته‌وه‌كوڵی ته‌مه‌ن 44 ساڵ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بار دانیشتبوو كه به‌نیازبوو به‌ره به‌ره به‌كۆڵ بیانگوێزێته‌وه. بارێكی دابوو به پشتیدا نه‌یده‌توانی به‌رزی بكاته‌وه، تاوه‌كو داوای كۆمه‌كی له‌هاوڕێكانی كرد، وتیشی “ئه‌م باره نزیكه‌ی 65 كیلۆیه به 10 هه‌زار تمه‌ن ده‌یگوێزمه‌وه، كه ئه‌و پاره‌یه ناكاته 8 دۆلاریش، ئه‌مه ژیان نییه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش نه‌كه‌ین له‌برسان ده‌مرین”.
ئه‌و هاووڵاتییه زۆر بێزاربوو له‌ڕه‌فتاری ئه‌و پاسدارانه‌ی كه له‌و بازاڕچه‌یه‌ن، پێیوابوو كه ئه‌وانه هه‌ست ناكه‌ن له‌گه‌ڵ ئینساندا ره‌فتار ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌رزه نه‌بێت، ئه‌وانه‌ش له‌برساندا ده‌مرن، “رۆژانه به ملیۆن تمه‌ن پووڵ له‌خه‌ڵك‌و خاوه‌ن باره‌كان‌و ته‌نانه‌ت ئێمه‌ش وه‌رده‌گرن، ده‌وڵه‌ت چی پێئه‌دات، ئه‌و ناردویه‌تی له‌م مه‌رزه خۆی بژێنێ‌و ئێمه‌ش بێزار بكات، تاوه‌كو به‌رگه‌كه‌مان بۆ ده‌كه‌ن رۆحت ده‌ردێنن”.
به‌و په‌لاماردان‌و هاشاوڵ بردنه بۆ ئه‌وه‌ی بارێكیان ده‌ست بكه‌وێ‌و له‌كۆڵی بنێن، رازی بوون به‌و كه‌مه پاره‌یه‌و په‌ڕینه‌وه به‌و چه‌مه‌دا كه ئاوه‌كه‌ی زیاتر تیژاوی به‌فره‌و پشتكردن له‌سه‌رما، مانه‌وه‌ی زیاتر له50 رۆژ له‌خێمه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ ده‌یان كه‌سیتر، بێ خواردنی نانێكی گه‌رم‌و گوڕ، بێ بوونی ته‌والێت، بێ بوونی هیچ پێداویستییه‌كی خۆگه‌رمكردنه‌وه، دووركه‌وته‌نه‌وه له‌خێزان‌و شێوه‌ی په‌روه‌رده‌كردنیان، رازیبوون به خۆنه‌شتن زیاتر له‌هه‌فته‌یه‌ك، هه‌موو ئه‌و شتانه روونی ده‌كاته‌وه كه برسێتی‌و نه‌داری به ته‌واوه‌تی تاوی بۆ هێناون، “ته‌نها بژین به‌هه‌موو شتێ رازین”.
بارودۆخی ئه‌و هاووڵاتیانه له‌وڵاتێكدایه كه سه‌رۆك‌و سیاسه‌ته‌كه‌ی ده‌یه‌وێت به پێچه‌وانه‌ی میلی كاتژمێره‌وه ره‌فتار بكه‌ن‌و وڵاته‌كه‌یان به‌ڕێوه‌به‌رن.
گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 16 ساڵ به ناوی هه‌ژار، هه‌ر ده‌چووه لای خاوه‌ن بارێك به كۆمه‌ڵێك جنێودان‌و ناڕه‌زایه‌تی شوێنه‌كه‌ی جێده‌هێڵا، ته‌نها هۆكاریش له‌به‌ر ئه‌وه‌بوو كه ئه‌و توانای جه‌سته‌یی كه‌مه‌و ئه‌و كۆڵانه‌ش كه له‌هێزی ئه‌و كوڕه باریكه‌له‌یه‌دا بوو نرخه‌كه‌ی ته‌نها دوو دۆلار بوو، بۆیه توڕه‌ده‌بوو، جنێوی ئه‌دا “ئه‌ی له‌قونێی به‌م، وه‌ڵا بمرم له‌برسا به دوو تمه‌ن له‌كۆڵی نانێم”، ئه‌و ده‌گه‌ڕا بۆ ئه‌وه‌ی بارێكی چه‌وری ده‌ست كه‌وێ، چونكه دوو به‌رگه‌ی ده‌سكه‌وتووه، یه‌كێك له‌هاوه‌ڵه‌كانی به‌ناوی موراد پێیده‌وت “كه‌ره خۆت گێل مه‌كه وه‌ره باری بكه ئه‌وه‌نده باری لێنییه تاوه‌كو تۆ ئیختیاری تیا بكه‌یت”.
پیاوانی شه‌و
له‌دۆڵێكدا له‌سنوری ئێران له‌گه‌ڵ عێراق، ده‌مێننه‌وه‌و شه‌وانه دره‌نگان كاتێ هه‌موو كه‌سێك ده‌خه‌وێ‌و دنیا كشومات ده‌بێت، ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئێستره‌كانیان به‌ڕێده‌كه‌ون. به‌ڕۆژ به‌رده‌وام ئێستره‌كان ده‌بینی به موشه‌مایه‌ك داپۆشراون بۆ ئه‌وه‌ی له‌كاتی وه‌ستاندا سه‌رمایان نه‌بێت‌و به‌رده‌وام ئالیكیان ئه‌ده‌نێ له‌به‌رئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆر بێجوڵه‌و له‌شوێنێكی كراوه‌دا ده‌یان وه‌ستێنن‌و له‌شه‌ویشدا ئه‌و ئێسترانه رێگه‌یه‌كی دوور‌و درێژ ده‌بڕن، بێئه‌وه‌ی ئاگایان له‌وه بێت، چه‌ند كارێكی مه‌ترسییان پێده‌كرێت، ئه‌گه‌ر هه‌ركاتێ ده‌ستی پاسداره‌كان بكه‌ون، فیشه‌كێك ده‌نێن به ناوچه‌وانییه‌وه.
به‌پێی وته‌ی عه‌زیز بانه‌یی تاوه‌كو ئێستا به سه‌دان ئێستر له‌لایه‌ن سه‌ربازه ئێرانییه‌كانه‌وه كوژراون، وتیشی “بۆخۆم بۆ ماوه‌ی ساڵێكه زیاتر له20 ئێسترم كوژراوه، زۆر ناخۆشه ئه‌و ئێستره به‌سه‌زمانه ده‌به‌نه پاسگاكه‌و یه‌ك فیشه‌ك ده‌نێن به‌ناوچه‌وانییه‌وه، عه‌جه‌م روحم به ئاژه‌ڵیش ناكات”.
ئه‌و وڵاخدارانه‌ی كه كاری قاچاخچێتی مه‌شروب ده‌كه‌ن بارودۆخی ئابورییان له‌و كۆڵبه‌رانه چاكتره، هه‌رچه‌نده رۆژانه ریسك به‌ژیانی خۆیانه‌وه ده‌كه‌ن. هێمن سه‌رده‌شتی كوڕێكی تابڵێی له‌شولار رێك‌و سوروسپی بوو، هه‌ر كه وێنه‌ی ده‌گیرا، ده‌نگی به‌رز ده‌كرده‌وه‌و ته‌نها یه‌ك دوو وشه‌ی ده‌وت “خۆم له‌ئێران قاچاخم توخوا قوڕی زیاتر مه‌كه به‌سه‌رمانا”. له‌و شوێنه‌دا شه‌وانه به‌گوته‌ی ئه‌و لاوه نزیكه‌ی 5 ته‌ن كحول ده‌چێته ئێرانه‌وه.
سه‌باره‌ت به چۆنێتی بردنه‌كه‌شی وتی “هه‌موو وڵاغداره‌كان به‌یه‌كه‌وه ده‌ڕۆین‌و له‌یه‌ك كاتدا، كاتێك ئه‌و كه‌سه‌ی نێردراوه بۆ كه‌مین، زه‌نگی لێدا ئیتر ئێمه ده‌ڕۆین”. كه‌سێك له‌مه‌رزی مه‌شروب فرۆشتن كاره‌كه‌ی ده‌بێته “رێنیشانده‌ر”، كاره‌كه‌ی كاكی رێنیشانده‌ر له‌نیوه‌ڕۆوه ده‌ست پێده‌كات تاوه‌كو دره‌نگانی شه‌و، بێئه‌وه‌ی پاسداره‌كان بیبینن، چاودێرییان ده‌كات، تا ئه‌و كاته‌ی ده‌چنه‌وه ناو ره‌بایه‌كه‌ی خۆیان، ئه‌وسا هاوڕێكانی ئاگادار ده‌كاته‌وه‌و بۆ هه‌ر بارێك بڕێك پاره‌یان لێوه‌رده‌گرێت‌و دێته‌وه ده‌خه‌وێ‌و به‌رده‌وام كاره‌كه‌ی دووباره ده‌كاته‌وه”.
سه‌لامی هیدایه‌تی خه‌ڵكی مهاباده، ئه‌و یه‌كڕا ئه‌و مه‌شروبه‌ی باری ده‌كات تاوه‌كو مه‌هاباد ناوه‌ستێته‌وه‌و له‌وێ ده‌یفرۆشێت به‌و كه‌سانه‌ی حه‌زیان به مه‌ست بوونه. هیدایه‌تی ده‌ڵێت “من بۆخۆم هه‌فته‌ی دوو جار ده‌توانم ئه‌و كاره بكه‌م، هه‌ر رایه‌ك نزیكه 60 بۆ 80 دۆلارم ده‌ست ده‌كه‌وێت، به‌ڵام دوو شه‌و‌و دوو رۆژ به‌ڕێوه ده‌بم‌و له‌مهابادیش ده‌یفرۆشم به‌و كه‌سانه‌ی كاری تاك فرۆشی ده‌كه‌ن”.
كۆمه‌ڵێك وڵاخدار له‌ئێواره‌یه‌كی دره‌نگدا ئاگرێكیان كردبۆوه‌و هه‌ندێكیان نان‌و په‌نیر‌و چای شیرینیان ده‌خوارد، هه‌ندێكی تر په‌تاته‌ی كوڵاو، جارجاره یه‌كێكیشیان به‌سته‌یه‌ك گۆرانی كوردی ده‌وت‌و كه‌سیشیان له‌باسكردن‌و گێڕانه‌وه‌ی گرانی له‌وڵاته‌كه‌یان بێزار نه‌ئه‌بوون.
سه‌رچاوه : ئاوێنه{jcomments off}