له نێو ئێمه‌دا که تازه خه‌ریکه به‌ره و دێموکراسی هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرین، مه‌سه‌له‌ی ڕێبه‌ری و تێگەیشتن لە کاری ڕێبەری پرسێکی ئاڵۆزه.
ئه‌وه که ده‌وترێت دێموکڕاسی بریتیە لەوە ک خه‌ڵک حکومه‌ت به‌سه‌ر خۆیاندا بکه‌ن، جاری وایه وای لێ تێده‌گه‌ین که هیچ ده‌سته‌ڵات و ئۆتۆریته‌یه‌ک له‌سه‌رووی خۆمان قبووڵ نه‌که‌ین . کاتێکش که بێسه‌ره‌وبه‌ره‌یی، ئانارشیزم و ڕووحیه‌ی عه‌شیره‌تگه‌ری ڕێگای چونه‌پێشی کاره‌کانمان لێ ده‌گرێت، ده‌که‌وینه بیری دۆزینه‌وه‌ی که‌سێک و پەیدابونی ناجیەک کە بێت و ڕێبه‌ری مان بکا و کاره‌کانمان بۆ سهروبهربکات.
له کۆمه‌ڵگا یه‌کی دێموکراتیک‌دا، ڕێبه‌ریی حه‌ق نیه. هیچ که‌س به‌و هۆیه‌وه که بۆنمونه سه‌ر به فڵان عه‌شیره‌ته، یان فڵان جێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه، یا له فڵان که‌س نزیکه ناتونێت ببێته ڕێبه‌ر. ڕێبه‌ریی دێموکڕاتیک ته‌نیا و ته‌نیا به هۆی لێوه‌شاوه‌یی شه‌خسی، کارامه‌یی له مه‌یدانی تێکۆشانی به‌کرده‌وه‌دا و ئه‌ویش له پرۆسه‌یه‌کی دریژخایه‌نی کاری حیزبی و تەشکیلاتیدا وه‌دی دێت. ڕێبه‌ریی دێموکڕاتیک له ڕاستی دا ئیعتیمادێکه به‌که‌سێک ده‌کرێ که ئه‌و لێوه‌شاوه‌یی یه ی هه‌یه. له‌یه‌ک قسه‌دا ڕێبه‌ر ته‌نیا کاتێک ڕێبه‌ره که مه‌وقعیه‌تی خۆی وەک رێبه‌ر له دوروبه‌ره‌که‌ی یانی تەشکیلات و خەڵک وه‌رگرتبێت.
له دێموکراسی‌دا هه‌مووکه‌س مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه له‌کاروباری گشتیدا، له‌و مه‌سه‌لانه دا که پێوه‌ندیان به چاره‌نوسی خۆی و ئیداره‌کردنی کۆمه‌ڵه‌وه هه‌یه ده‌خاله‌ت بکات. له‌به‌رئه‌وه که هه‌ڵناکه‌وێ هه‌موو تاکه‌کانی کۆمه‌ڵ یه‌ک ده‌نگ بن، ده‌نگی زۆربه ئیعتباری پێده‌کرێت. به‌ڵام ئه‌وه که هه‌موو تاکه‌کان مافی به‌رانبه‌ریان بۆ ده‌خاله‌ت وده‌نگدان هه‌یه ، به‌ومانایه نیه که هه‌موو ئه‌وکه‌سانه به باشترین شێوه و وه‌ک پێویست ره‌فتارده‌که‌ن. لێره‌دایه که پێویستی هه‌بوونی رێبه‌ریی دێته‌کایه‌وه.
له کۆمه‌ڵگایه‌کی وه‌ک کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا که دێموکراسی نه‌بۆته فه‌رهه‌نگ وجێی نه‌گرتوه، فاکتۆری جۆراو جۆر هه‌ن که به‌دژی دێموکڕاسی ده‌جوڵێنه‌وه. نه‌بوونی ڕووحیه وپه‌روه‌رده‌ی مه‌ده‌نی ولاوازی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی یه‌کێک له‌وانه. له کۆمه‌ڵگایه‌کی ئاوادا خه‌ڵک فێرنه‌بوون پێکه‌وه کاربکه‌ن. له‌وه‌ش زیاتر پێکه‌وه کارکردن ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ناکۆكی وته‌نانه‌ت دوژمنایه‌تیش له نێوانیان دا. بۆیه له‌ڕاستی دا به بێ هه‌بوونی ڕێبه‌رێکی لێوه‌شاوه، کاری ده‌سته‌جه‌معی زۆر به دژواری ده‌چێته پێش و ته‌نانه‌ت پرۆسه‌ی چونه پێشی دێموکڕاسیش توشی که‌ندوکۆسپ ده‌کا. ڕێبه‌ریی له‌کۆمه‌ڵگایه‌کی دێموکڕاتیک وپێشکهوتوودا ، به ئه‌ندازه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌کی تازه ئاشنابه دێموکڕاسی زه‌ق وپڕ ڕه‌نگ و دژوار نیه.
له کۆمه‌ڵگا پێشکه‌وتوه‌کاندا ڕێبه‌ر زۆرتر کاری بریتیه له هاوئاهه‌نکردنی کار‌و تێکۆشانی ده‌سته‌جه‌معی. به‌ڵام له کۆمه‌ڵگاکانی وه‌ک کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا توانا و هێز و کاتی ڕێبه‌ریی زۆرتر بۆ چاره‌سه‌ری ناکۆکی و کێشه‌و ململانێکان سەرف ده‌بێت.
تهکیهکردنی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر له‌سه‌ر ڕێبه‌ری و ڕێبه‌ر، ده‌بێته هۆی په‌ره‌سه‌ندن و په‌روه‌رده‌بوونی تایبه‌تمه‌ندی وخسوسیاتی نا مه‌ده‌نی له که‌سه‌کان و نێو خه‌ڵکدا. هه‌ستکردن به به‌رپرسایه‌تی و بڕوابه‌خۆبوون بۆ کار و تێکۆشانیان تێدا ده‌مرێنیت. توانای هه‌ڵسه‌نگاندن و قه‌زاوه‌تی سهربهخۆیانهمان لێ ده‌ستێنێته‌وه. له لایه‌کی دیکه‌ش ڕۆڵی ڕێبه‌ر له حه‌دی پێویست ده‌چێته ده‌ر و ده‌بێته که‌سێکی تایبه‌تی که بۆخۆشی خۆی لێ گه‌وره‌ده‌بێته‌وه و ڕێبەری کردن و ڕێبه‌ربوون به حه‌قی خۆی ده‌زانێ.
تیئوریه هاوچه‌رخه‌کانی زانستی رێبه‌ری ده‌ڵێن، باشترین ڕێبه‌ر ئه‌و ڕێبه‌ره‌یه که که‌مترین رێبه‌ری بکا. ئه‌و هه‌موو باسه‌ی که له‌نێو ئێمه‌دا سه‌باره‌ت به ڕێبه‌ر وڕێبه‌ری ده‌کرێت، راست نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه که به ئه‌ندازه‌ی پێویست له باری ساسیه‌وه گه‌شه‌مان نه‌کردوه و پێویستیمان به که‌سێک هه‌یه که به‌ڕێوه‌مان به‌رێ و رێگامان نیشاندا. له هه‌مووی خراپتر بههانهشه بۆ ئه‌وه‌ی که ده‌ست له‌سه‌ر ده‌ست دانێین و خۆ له ئه‌نجام دانی ئه‌وکارانه بپارێزن که به‌خۆشمان ده‌کرێن و دەتوانین بەڕێوەیان بەرین.
ئه‌و ڕیبهریه که‌بۆ ئێمه دڵخوازه رێبه‌ریی دێموکڕاتیک نیه. به‌و مانایه که بێت وکارو تێکۆشانی ده‌سته‌جه‌معی ئێمە هاو ئاهه‌نگ بکاو هێزو تواناکان به‌ره و ئامانجی هاوبه‌ش وهگهڕخاو مۆتیڤاشۆنمان بداتێ. ئێمه ڕێبه‌رێکی کاریسمامان پێ دڵخوازه که موعجیزهبکا. ڕێبه‌رێکمان ده‌وێ که نه‌ک هه‌ر له جیاتی ئێمه بیربکاته‌وه، به‌ڵکو بڕیاریش بدا‌و ته‌نانه‌ت ئیقدامیش بکاو کاره‌کانیش ئه‌نجام دا . ئه‌و مۆدێله له ڕێبه‌ری ئاکامه‌که‌ی ئه‌وە ده‌بێت کە لە مۆدێلی ڕێبەرانی وڵاتانی ڕۆژهەلاتی نێوەراستدا دەیبینین. واتە رێبەر وای لێدێ نه‌خشێکی هێنده گرنگ بۆ خۆی قایله که به ئیشاره‌ی قامکان و بە جوڵەی برۆیان هەموو کارەکان بەرێوەدەبا و تەنانەت دەتوانێ ڕیبەرانی دوای خۆشی به‌ده‌ستی خۆی دیاری بکا و گوێش ناداته بیرووڕای گشتی. سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بە دەستی ئەم جۆرە مۆدێلە لە ڕێبەرایەتیەوە دەناڵێنێ و تەنانەت وای لێ هاتوە سیاسەت لە مەبەستی ئەسڵی خۆشی دوورکەوتۆتەوە.
ڕاستیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که پێرسپێکتیڤ و ڕوانگه‌ی حیزبی ئێمه بۆ ڕێبه‌ری و ڕۆڵی ڕێبه‌ر ده‌بێت به‌رین بێته‌وه‌و ته‌نانه‌ت له بنه‌وه‌ڕا بگۆڕدرێت.
له بیرمان بێت که ئێمه باس له رێبه‌ر و ڕۆڵی ڕێبه‌ر له بزوتنه‌وه‌یه‌کی میللی ودێمکراتی و له حیزبێکی دێموکڕاتی وه‌ک حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران دا ده‌که‌ین. که‌واته ڕێبه‌ریی و ڕێبه‌ری دڵخوازی ئێمه ده‌بێت له چه‌شنی ڕێبه‌ریی دێموکراتیک بێت که کاری بریتی بێت له هاوئاههنک کردنی کاری ده‌سته‌جه‌معی و هێزو تواناکانی نێو حیزب و بزووتنەوە و ئاڕاسهکردنیان به جهه‌تی ئامانجی هاوبه‌شی میللەتەکەماندا.
له حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران‌دا پێویسته له جیاتی ئه‌وه که به‌دوای رێبه‌ری کاریسماوه بین ، ته‌کیه بکه‌ینه سه‌ر ڕۆڵی رێبه‌ران و کادره‌کانی محه‌للی و رێبه‌ره مه‌یدانیه‌کانی بواره جۆراوجۆره‌کانی خه‌بات و تێکۆشانی حیزب. له سه‌رتاسه‌ری شار وشارستان وگوندو ناوچه‌کانی کوردستاندا وله هه‌موو ئهوجێگایانهدا که کوردی ئێرانی ده‌ژین وکارده‌که‌ن، لهدهرهش له وڵاته جۆراو جۆره‌کاندا ، حیزبی ئێمه ته‌شکیلاتی هه‌یه و کا روفهعالیهت به‌ڕێوه‌ده‌بات. بۆیه به جێ یه نه‌خش و ڕۆڵی ئه‌و ڕێبه‌ر و کادره مه‌یدانیانه به‌هێز که‌ین که له کۆمیته‌کانی گه‌ڕه‌ک و دێ، کۆمیته‌کانی ناوچه‌کان، کۆمیته‌کانی شار‌و شارستانه‌کان، کۆمسیۆنه‌کان و تاقم و گروپه‌کانی کارهتد دا … کاری حیزبی به‌هاوکاری هاوڕێکانیان به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن. ئهوکارە به‌شداری و موشاره‌که‌ت و ده‌خاله‌تی به‌ده‌نه وئه‌ندامانی حیزب و ڕێبه‌رانی کۆمیته‌و بهشهجۆراو جۆره‌کانی ته‌شکیلات له کاروباری حیزب دا مسۆگه‌رده‌کا و روحیه‌ی مه‌ده‌نی له نێوماندا جێگیرده‌کات.
پێویسته ڕووحیه‌ی مه‌ده‌نی بێنینه نێو فه‌رهه‌نگی سیاسی خۆمان . له سیمنارێکدا که بۆ باس له‌سه‌ر مێژووی رێبه‌رایەتی حیزب ته‌رخان کرابوو، دوکتۆر قاسملووی نه‌مر وتی من دڵنیام ئیدی حیزبی دێموکرات له‌باری سیاسی و ته‌شکیلاتیه‌وه به‌و جێ یه گه‌یشتوه که ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕێبهرایەتیەی ئه‌مڕۆ له په‌لامارێكی دوژمن‌دا هه‌مووی پێکه‌وه له نێوبچێ، تەشکیلاتی حیزب ئەو زەرفیەتەی تێدایە کە کار و تێکۆشانی حیزب ڕانەوەستێ. واتە تەشکیلاتی حیزب ئیدامەی کاری ڕێبەری دەدا و ئه‌رکی خۆی و کاری رێبه‌ری کردنی بزووتنه‌وه هه‌ر وه‌ک ئێستا ده‌باته‌پێش.
له مێژه ئێمه ده‌ڵێین ڕێکخراو وه‌سیله‌ی هه‌ره‌گرینگی ئێمه‌یه له خه‌باتدا. باشترین سه‌رمایه‌کانی حیزب ئه‌ندامان وکادره‌کانی حیزبن . له‌ڕاستیدا له جیاتی ئه‌وه که بە تانیا هەر ته‌کیه له‌سه‌ر ڕۆڵی یه‌ک ڕێبه‌رو چه‌ند که‌س له ڕێبهرایەتی ئۆرگانه‌کانی سه‌ره‌وه‌ی حیزب‌دا بکه‌ین، واباشه لە پەنا ئەویشدا، بایه‌خ به کادره‌کانی محه‌للی و رێبه‌رانی مەیدانی حیزب بده‌ین. حیزبی ئێمه له جیاتی رێبه‌رێکی کاریسما سه‌دان و هه‌زاران ڕێبه‌ری پێویسته. تەشکیلاتی ئیمە کە خەباتی جەماوەری خەڵکی کوردستان ڕێبەری دەکا، دەبێ ئێستا‌و داهاتووش هەر وەک ڕابردوو قوتابخانەی پەروەردەکردنی کادر و ڕێبەرانی خەباتی میللی و جەماوەری کوردستان بێ و هەر ئاواش وەمێنی. ئاخر خەبات بۆ ڕزگاری میللەتێکی ژێردەستە، کارێکی گەورەیەو بە پرۆسەیەکی سەخت و درێژخایەنیش دا دەڕواتە پێش. کاری حیزبی ئێمە مۆبیلیزەکردن و هاوئاهەنکردن و ڕێبەری کردنی ئەو خەباتەیە کە کۆمەڵانی خەڵک بۆ ڕزگاری خۆیان دەستیان داوەتێ و بەڕێوەی دەبەن. ئەگەر دەمانەوێ خەباتی جەماوەی لە کوردستان بەرین کەینەوە و حیزب بۆ گێڕانی ڕۆڵێکی ئەو تۆ لە داهاتوودا، باشتر ئامادە بکەین، دەبێ لەو جهەتەداڕۆڵی گەورە بدەینە بەدەنەو تەشکیلاتی حیزب. تەنیا لەو ڕیگایەوە دەتوانین هەم خەباتی جەماوەری پەرەپێ بدەین و هەم ڕۆڵی حیزبەکەشمان، وەک ڕێبەری بزووتنەوەی میللی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە هێزتر و پڕ ڕەنگتر کەین.
{jcomments off}