سۆزی دڵی بە زامم، بەرەو ئاسمانی شارم لە شەقەی باڵی خەیاڵی ئەدات تا دێراوی زامی کۆڵانی هیوای ئەوینی شارم بکات و هەنسکی گریان بەئاوازی سۆزبۆشاربهۆنێتەوەو لە تەنیایی شەوەزەنگ دا،
پێکی شەرابی خەستی ئەوین بخواتەوەولە دەریای مەنگی ناخی شارم دا مرواری روحی بێگەردی ئاوێزانی هەتاو بکات.
شەوگاری تار، خۆی خستۆتە باوەشی شار و خۆشەویستی بە سێدارەی لێوەکانی شارم دا هەڵواسیوەوقاقای سەرلێوی شەقامەکانی شاری تاراندووە وبزەی ئەستێرەی ئاسمانی دیوانی شێعری خودای لە سێدارە داوەوومەرگی میوانی کۆڵانەکانی زامداری شارکردووە. .
هەتاو ئێستا پرچی شیعری سەمای جوانی شار شانە ناکات و شەنگە بیی بە سەر چەما لارنابێتەوە وسێبەر بە سەر برینی رووبارەکان دا ناکات ونەسیم باوەشێنی بسکی ئاڵۆزی شارم ناکات .خۆشەویستی ماڵئاوایی لە شەقامەکانی شار ئەکات و تەمەننای مەرگ لە رەشەبای زریان ئەکات.ئەوین لە تارمایی ئێوارەیەک لە سەر پەنجەرەی تەماویی شار دا وشەی ماڵئاویی دەنوسێت و مەرگ سەما لە ژوری تەنیایی دڵی شار دا ئەکات.شەقامەکان ئێستا مەرگ لە یەخەی سپێدەی بەیانییان ئەدەن و شیعری حەسرەتی گەڵای وەریوی ژێر دارەکان دیاری باڵای شارم ئەکەن.
هەتاو ئێستا باوەش بە جەستەی شەهیدی شارم دا ئەکات و لە سەر کێلی گۆری شارم شێعری زەماوەندی خۆی و شارئەنوسێت وباران هاواری دابرانیان لەبەرەبەیانی پایزی دا بە مۆسیقا دەڵێتەوە. تۆ بلێی خوا گوێ لە هاواری شارم بگرێت، یان شار و خوا ئەوەندە لێک دوورن هاواریان بە یەک ناگات.
ئێستا لە سپێدەی بەیانیان گوڵ چاوی حەزی نابرێتە رێگەی ژوانی پەپولە تا بە ئاوەنگەی سەر گۆنای فینکای بە دڵێ ماندووی ببەخشێت و لە ژێر سێبەری دڵی شار دا ئامێز بە جەستەی یەکدا بکەن وروحیان ئاوێتەی هەتاو بکەن. شارێک،زامەکانی بە سۆزتر لە مەسیحی لە خاچ دراو و بە تینتر لە ئاتەشکەدەکانی زەرتەشتی روح.پوشپەر، وەرزی سەفەری بێ گەرانەوەی شارەبەرەو مەرگ و خوێندنی ئایەتی مەرگ لە بناری مەمکە خوێناویەکان د ا.
هۆ شارەکەم،لەم غوربەتە ساردەوە هەموو بەیانیەک روحی ماندووم ئاوێزانی نەسیمی خەیاڵم دەکەم و سەفەری کۆڵانە سوتاوەکان و شەقامە داپڵۆخاوەکان وکانییە زامدارەکانت دەکەم .هەموو بەیانیەک شێعری ئەوینم لەفرمێسکی چەمی چاوەکانی تۆ دادەتوێتەوە وحەیرانێکی بە کوڵ و ئایەی بێکەس بوون بۆ گوڵە ئەنفاڵ کراوەکانت دەڵێتەوە. هەنگاوەکانم ،تاسەی گەرانی ژێر بارانی چاوی ئاسمانی شار و سێبەری بن ساباتە ڕووخاوەکانی دەڤەری خۆشەویستیت دەکات ونیگاکانم وێڵ بە شوێن سیمای خەواڵووی درەختی حەوشەی ماڵەکان و ئەفسانەی ئەوینە پیرۆزەکانت دەکات .ئاسمانی ساماڵی شێعرم، ئێستا پرسەی مەرگی بزەی پێکی ئەستێرەی خۆشەویستیت دەگێریت و مانگی شیعرم، فرمێسک بۆ ژوانی تۆ و هەتاو دەرژێنێت ومێژوو لە پوشپەری هەمو ساڵێک وەرزی کۆچڕەووی ەباڵندەکان و جریوەی پاسارییەکانت دەنوسێتەوە وزەمەنیش لە دیوانی چاوەروانی خۆی دا هۆنراوەی “بەتەنیا جێی مەهێلن” دەهۆنێتەوە.
{jcomments off}