"an independent online kurdish website

قاسم که‌ڵه‌شی کادری دێرینی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، یه‌کێک له‌ گیراوانی سیاسیی ساڵه‌کانی ٦٠ بووه‌، که‌ له‌گه‌ڵ ٥٩ لاوی مه‌هاباد که‌ له‌لایه‌ن رێژیمی ئێرانه‌وه‌ ئیعدام کران،qasm_keleshi-0

له ده‌سبه‌سه‌رگه‌ی به‌ندیخانه‌ی شاری ورمێدا هاوبه‌ند بووه. ناوبراو به‌سه‌رهاتی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و ٥٩ لاوه، بۆ کوردستان میدیاى باس کرد‌.

qasm_keleshi

قاسم که‌ڵه‌شی: ساڵی ١٣٦١ی هه‌تاوی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ له‌ گوندی ئێمه‌، گوندی “کووره‌”ی سه‌ربه‌ ناوچه‌ی “ئه‌نزه‌ل”ی شارى ورمێ، قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی نه‌بوو، له‌ ورمێ ده‌رسم ده‌خوێند، که‌ یه‌کێک له‌ فرمانده‌کانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران به‌ناوی “عیسمه‌ت عه‌بدی” داوای له‌ من کرد هاوکاریی حیزب بکه‌م، من ئه‌و پێشنیاره‌م قه‌بووڵ کرد و پێوه‌ندیم به‌ حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانه‌وه‌ گرت و به‌فه‌رمی بووم به‌ ئه‌ندامی حیزب. 

کاک “عیسمه‌ت عه‌بدی” به‌رپرسی ته‌شکیلاتی حیزب له‌ ناوچه‌دا بوو و هه‌ندێ ئه‌رکی به‌ من سپارد که‌ یه‌کێک له‌ کاراکان چاپ کردنی هێندێ وێنه‌ و نووسراوه‌ی پێوه‌ندیدار به‌ حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و پێشمه‌رگه‌وه‌ بوون.

کاتێک که‌ من ئه‌و وێنانه‌م له‌ ورمێ چاپ کردن، له‌ رێگای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌نزه‌ل بووم له‌ گوندێکی به‌ناوی ” سنجی” ده‌سبه‌سه‌ر کرام و پاش پشکنینیم ده‌رکه‌وت که‌ به‌ڵگه‌ی حیزبی له‌لای منه‌.

من ده‌سبه‌سه‌ر و راپێچی ده‌سبه‌سه‌رگه‌ی گرتنگه‌ی ورمێ کرام، له‌وێ من له‌ ده‌سبه‌سه‌رگه‌دا سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو لێدان و ئه‌شکه‌نجه‌ من ددانم به‌ هیچ شتێک دانه‌نا و لێیان ده‌پرسیم ئه‌و وێنانه‌م له‌ کوێ کێشاوه‌؟ له‌وێدا منیان له‌ نێو شاردا ده‌گه‌ڕاند هه‌تا وێنه‌گره‌كه‌ بيناسێنم، هه‌تا له‌ کۆتاییدا ئه‌و وێنه‌گره‌ که‌ وێنه‌کانی بۆ من چاپ کردبوو په‌یدایان کرد و لێیان پرسی که‌ ئایا من ده‌ناسێت؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و وێنه‌گره‌ هاوڕێی شه‌هید “که‌ره‌م که‌ڵه‌شی”، یه‌کێک له‌ فرمانده‌کانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و کوڕه‌ مامی من بوو، گوتی من ئه‌م که‌سه‌ ناناسم. به‌هه‌ر حاڵ وێنه‌گر ئاشکرا نه‌بوو و منیش هه‌تا ئێستا ناوی ئه‌و وێنه‌گره‌م لای که‌س باس نه‌کردووه‌.

له‌و ماوه‌یه‌دا گر‌تن له‌ کوردستان په‌ره‌ی سه‌ندبوو، کاسبکار، شوان، کرێکار و خوێندکار به‌گشتی به‌ بیانووی کورد بوون و به‌تایبه‌ت به‌ بیانووی نزیک بوون له‌ حیزبی دێمۆکرات، ده‌گیران و ده‌خرانه‌ به‌ندیخانه‌.

له‌ رێکەوتى ٢٧ی ره‌شه‌مه‌ی ساڵی ١٣٦١ی رۆژی، ٥٩ که‌سیان هێنایه‌ ده‌سبه‌سه‌رگه‌ی ورمێ و گوتیان ئه‌وانه‌ ٥٩ لاوی مه‌هابادن و له‌سه‌ر پرسی کورد گیراون. له‌ نێو ئه‌و ٥٩ لاوه‌دا ته‌نیا دوو که‌سیان ته‌مه‌نیان ٢٧ ساڵ و ٣٠ ساڵان بوو، ئه‌وانی دیکه‌ هه‌موو ته‌مه‌نیان له‌ نێوان ١٨ هه‌تا ٢٥ ساڵ بوو و یه‌کێک له‌وانيش خوێندنی سه‌رتایی هه‌بوو که‌ ئه‌ویش ده‌رسی مه‌لایه‌تیی خوێندبوو ئه‌وانى ديكه به‌گشتی‌ خوێنده‌ڤان و رووناکبیر بوون.

qasm-keleshi_2

له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ماوه‌ی دوو مانگ من له‌ ده‌سبه‌سه‌رگه‌دا بووم و هه‌ندێ ناسراو بووم، له‌گه‌ڵ ئه‌و ٥٩ لاوه‌ ئاشنا بووم. کاتێک که‌ بنه‌ماڵه‌ی من هاتنه‌ سه‌ردانم، گوتیان: “مامه‌ند بێکه‌س” یه‌کێک له‌ فرمانده‌کانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و خه‌ڵکی شاری مه‌هاباد، هاتۆته‌ ماڵمان و گوتوویه‌تی، ٥٩ لاو كه هه‌ندێكيان‌ خزم و ئاشنای منن، له‌ مه‌هاباددا گیراون و راپێچی شاری ورمێ کراون و ئێستاش گیان له‌ مه‌ترسی دایه‌.

ئه‌و ده‌م من زانیم که‌ ئه‌و ٥٩ لاوه‌ له‌سه‌ر پرسی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی که‌ به‌شێكیان ئه‌ندامی حیزبیی دێمۆکراتی کوردستان ئێران بوون گیراون، ئیتر له‌وه‌ بەدوا من بووم به‌ هاوخه‌م و هاوخه‌رجی ئه‌و ٥٩ لاوه‌. ئه‌و کات هێندێ که‌سی به‌ ئه‌زموونی ده‌ڤه‌ری ورمێ له‌ ده‌سبه‌سه‌رگه‌دا هه‌بوون که‌ که‌سانێکی خۆشناو نه‌بوون، به‌ منیان گوت: “تۆ چلۆن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ ده‌بی به‌ هاوخه‌رج؟ ئه‌وانه‌ که‌سانێکی باش نین و جێگای مه‌ترسین.” به‌ڵام گوێم نه‌دایه‌ ئه‌و قسانه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌و ٥٩ لاوه‌ شۆڕشگێره‌ بووم به‌ هاوڕێ.

له‌گه‌ڵ یه‌کێک له‌و لاوانه‌ به‌ ناوی “که‌مال”، جێی خه‌وتنمان یه‌کێک بوو و به‌سه‌رهاتی خۆی بۆ من ده‌گێڕایه‌وه‌.

که‌ماڵ ده‌یگوت: “ئێمه‌ هه‌ر ٥٩ که‌سمان بۆ ئه‌مه‌گداری به‌ کوردایه‌تی وه‌کوو ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵه‌ی “ژ ــ ک” پێکه‌وه‌ سوێندمان خواردووه‌ له‌ خیانه‌ت به‌ یه‌کدی و هیچ کوردێک نه‌که‌ین. گیرانی ئێمه شانازییه‌که‌ که‌ له‌پێناو کوردایه‌تی بووه‌ و ئه‌وه‌ش که‌ من ئازارمان ده‌دات ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ بمان‌کوژن به‌ڵکوو ئه‌وه‌یه‌ که‌ ته‌مه‌نمان هێشتا که‌مه‌ و نه‌مانتوانی وه‌کوو پێویست خزمه‌ت به‌ نه‌ته‌وه‌که‌مان بکه‌ين.”

قاسم که‌ڵه‌شی له‌ درێژه‌ی گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌ر هاتی خۆیدا گوتی: “من ماوه‌ی دوو مانگ ٢ و حه‌وت رۆژ له‌گه‌ڵ ئه‌و ٥٩ لاوه‌ هاوبه‌ند بووم و پاش ئه‌وه‌ی که‌ بنه‌ماڵه‌کانمان بۆ سه‌ردان ده‌هاتنه ده‌سبه‌سه‌رگه‌، یه‌کترییان ‌ناسی و زانیم که‌ ئێمه زياتر له‌گه‌ڵ یه‌ک هاوبیر و هاوهزرين. له‌وه‌ به‌دواوه‌ بڕوایان به‌ من زیاتر بوو و زیاتر له‌گه‌ڵ من تێکه‌ڵ بوون.

شه‌و و رۆژمان له‌ ده‌سبه‌سه‌رگه‌دا تێ ده‌په‌ڕاند و به‌ رۆژ که‌ ده‌چوونه‌ حه‌وشه‌ی زیندان و تۆپێکمان هه‌بوو‌ کایه‌مان پێ ده‌کرد، له‌ کاتی کایه‌ کردندا له‌گه‌ڵ یه‌کێک له‌و لاوانه‌ به‌ ناوی “سه‌ید محه‌ممه‌د” چووینه‌ شوێنک دانیشتین و گوتی: “کاک قاسم من ئه‌مشه‌و خه‌ونێک ناخۆشم دیوه‌، له‌ خه‌ونه‌که‌مدا بینیم که‌ ده‌يان‌بردينه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ یه‌کتر دووريان ده‌کردينه‌وه‌ و من داوای هاریکاریم له‌ تۆ ده‌کرد‌، به‌ڵام یارمه‌تيى منت نه‌ده‌دا، من زۆر ده‌ترسم که‌ ئێمه‌ لێک دوور بخه‌نه‌وه‌”.

من به‌ په‌رۆش بووم و گوتم، گوێ مه‌ده،‌ خه‌ون شتێکی خورافییه‌، خۆت ناڕاحه‌ت مه‌که‌ و گه‌لی کورد له‌ بیری ئێوه‌ دایه‌ و ئه‌و ئاخاوتنانه‌ كه‌مێک دڵی خۆش بێت.

ئه‌وه‌نده‌ى پێ نه‌چوو هه‌موویان بانک کران و ئه‌وانیش هه‌موو که‌لوپه‌له‌کانیان دایه‌ ده‌ستی من. کاتێک که‌ زیندابانه‌کان و کاربه‌ده‌ستان ده‌سبه‌سه‌رگه‌ دیتیان که‌ ئه‌وان که‌لوپه‌له‌کانیان داوه‌ته‌ ده‌ستی من و بڕوای ته‌واویان به‌ من هه‌یه‌، گومانیان له‌ من هه‌ڵگرت و منیش بانگ کرام. له‌وێ گوشارێکی یه‌کجار زۆریان بۆ من هێنا که‌ من چلۆن ئه‌وان ده‌ناسم و بۆ چی بڕوایان به‌ من هه‌یه‌، به‌ڵام من هیج شتێکی ئه‌وتۆم نه‌گوت، من ته‌نیا گوتم ئه‌وانه‌ که‌سانێکی پاک و هاوته‌مه‌نی منن و بۆیه تێکه‌ڵیان بووم.

qasm_keleshi_3

ئه‌و مرۆڤانه‌ نه‌ترس و بوێر بوون، له‌ ئاخاوتنه‌کانیاندا هیچ کات له‌هه‌مبه‌ر مه‌ئموورانی رێژیم ترس له‌ دلێاندا نه‌بوو و قسه‌ی خۆیانیان ده‌کرد. رۆژێکیان من له‌ سه‌فی خواردندا بووین و یه‌کێک له‌ به‌رپرسان به‌ یه‌کێک له‌و لاوانه‌ به‌ناوی “ساڵح”ی گوت: “تۆ قسه‌ی زیادی ده‌که‌ی و قسه‌کانی تۆ واتادارن”، ساڵح له‌ وه‌ڵامدا گوتی: “کاتێک که‌ من له‌و بڕوایه‌دا بم که‌ نابێت به‌ دڵی خۆمان قسه‌ بکه‌ین و سه‌ری خۆمان دانه‌وێنین من له‌ مه‌هاباد بێ ده‌نگ ده‌بووم و نه‌ده‌هاتمه‌ ئێره‌، له‌وه‌ دڵنیا به‌ که‌ ئێمه‌ سوێندمان خواردووه‌ له‌ هه‌ر شوێنێک و هه‌موو کاتێک به‌رگری له‌ نه‌ته‌وه‌ی خۆمان ده‌که‌ین. هه‌روه‌ها له‌وه‌ش دڵنیا بن‌ ئه‌م ٥٩ لاوه‌، شتێک ناڵێن که‌ دڵی ئێوه‌ پێی خۆش بێت. ئێمه‌ هه‌ر ئه‌و ٥٩ لاوه‌ ده‌بین و به‌ دانپێدانانی ئێمه‌ هیچ که‌سێکی دیکه‌ ناکه‌وێته‌ ده‌ستی ئێوه‌، مردن بۆ ئێمه‌ گرینگ نییه‌، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ گرینگه‌ که‌ ئێمه‌ له‌هه‌مبه‌ر گه‌لی خۆمان ئه‌مه‌گناس و راست‌بێژ ‌بین. به‌ڵام ئێمه‌ کاری خراپمان نه‌کردووه‌، ئێمه‌ که‌سێکمان نه‌کوشتووه‌، ته‌نیا له‌ مه‌هاباد رێپێوانێک هه‌بووه‌ و ئێمه‌ش به‌شداریمان کردووه‌، و ئێمه‌تان به‌ تۆمه‌تی ئه‌ندامه‌تی له حیزبه‌كاندا ده‌سبه‌سه‌ر کردووه‌، که‌ وایه‌ گشت گه‌لی کورد له‌ کوردستانی ئێران ئه‌ندامی حیزبه‌کانن، ده‌کرێ تێکڕای گه‌لی کورد بخرێته‌ زیندان؟”

پاش ئه‌و ئاخاوتنه‌ “ساڵح”یان برد و ئه‌شکه‌نجه‌یه‌کی زۆریان کرد هه‌ڵسوکه‌وتێکی گه‌لێک خراپیان له‌گه‌ڵ کرد و پاشان گه‌ڕاندیانه‌وه‌ لای ئێمه‌. منیش به‌ ساڵحم گوت که‌ وا نابێت، هه‌ر رۆژێک یه‌کێک له‌ ئێوه‌ ده‌به‌ن و ئه‌شکه‌نجه‌ ده‌که‌ن و ئه‌ندامانی له‌شتان له‌كار ده‌خن. هه‌ندێک خۆتان له‌ قسه‌ کردن بپارێزن، ئه‌و گوتی: “ئه‌رکی ئێمه‌ پارێزگاری له‌ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌که‌مانه‌”.

به‌ راستی پاش ٢٩ ساڵ من که‌ بیر له‌ تێگه‌یشتن و تێهزرینی ئه‌و ٥٩ لاوه‌ ده‌که‌مه‌وه‌، مرۆڤه‌کانی ئێستا شتێکی زیاتر له‌ ئه‌و کاتی ئه‌وان ناکه‌ن. ئەوان زانابوون و شۆڕشگێڕ بوونی ئه‌و ٥٩ لاوه‌ تایبه‌تی بوو. کاتێک که‌ گیانی مرۆڤه‌کان ده‌که‌وێته‌ مه‌ترسی، به‌ شێوه‌یه‌ک هه‌وڵ ده‌دا نه‌رمییه‌ک له‌ خۆی نیشان بدات بۆ پاراستنی گیانی خۆی. به‌ڵام ئه‌وان له‌ لێپرسینه‌وه‌کان له‌هه‌مبه‌ر رایه‌دارانی رێژیمدا هه‌نگاوێکیش نه‌ده‌کشانه‌وه‌. ئێستاش که‌ من له‌ خه‌باتدا ماوم و قۆناغی جۆراوجۆر و دژواری خه‌باتم له‌ ماوه‌ی ئه‌و ٣٠ ساڵه‌دا چێشتووه‌، به‌ هۆی ئه‌و ئیمان و خۆڕاگرییه‌یه‌ که‌ من له‌وان فێر بووم.

رۆژێکیان که‌ دوایین جار نزیکه‌ی ٩٠ که‌س له‌ ده‌سبه‌سه‌رگه‌دا بووین، چه‌ند مه‌ئموور هاتن و گوتیان ئه‌و ٥٩ لاوه‌ بۆ کاتژمێر ٦ی سه‌رله‌به‌یانی ئاماده‌ بن.

ئیتر زانیمان چ شتێک چاوه‌ڕوانیان ده‌کا، ئێمه‌ هه‌تا به‌یانی پێکه‌وه‌ دانیشتین و قسه‌مان ده‌کرد. ئه‌وانیش له‌ کاتژمێر یه‌کی نێوه‌شه‌ودا ده‌ستيان به ماڵئاوایی له هاوڕێکانیان کرد و ده‌یانگوت ئێمه‌ ئیتر ناگه‌ڕێینه‌وه‌!!. له‌و ٥٩ که‌سه‌ ته‌نیا که‌سێک فرمێسکی هاته‌ خوارێ و ئه‌وانی دیکه‌ به‌ وره‌یه‌کی به‌رزه‌وه‌ راوه‌ستابوون و ره‌نگی رێگای چوون به‌ره‌و مردنیان پێوه‌ دیار نه‌بوو. هه‌تا سه‌رله‌ به‌یانی دوا ماڵئاواییان کرد، ئه‌و کاتیش دوو برا هه‌بوون که‌ ده‌گریان و یه‌کیان گوتی: ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ ناگرین که‌ ره‌نگه‌ بمانکوژن، به‌ڵکوو بۆ ئه‌وه‌ ده‌گرین که‌ ئیتر ئێوه‌ نه‌بینینه‌وه‌، له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌ نیگه‌رانیمان ئه‌وه‌یه‌ ئیتر کاتی ئه‌وه‌مان له‌به‌ر ده‌ستدا نه‌ماوه‌ که‌ خزمه‌تی زیاتر به‌ گه‌له‌که‌مان بکه‌ین. ٥٧ که‌سی دیکه‌ش به‌ بزه‌ی پێکه‌نین و به‌ شانازییه‌وه‌ به‌ره‌و رێگای مه‌رگ به‌ڕێ که‌وتن.

ئه‌وانیان برد و پاش ماوه‌یه‌ک بنه‌ماڵه‌م سه‌ردانیان کردم و پێیان گوتم که‌ ئه‌و ٥٩ لاوه‌ی ماهابادیان پێکه‌وه‌ ئیعدام کردووه‌.
ئه‌و خه‌م و په‌ژاره‌ی که‌ چۆن ٥٩ لاوی وڵاته‌که‌م که‌ هه‌ر یه‌کێکیان ده‌یتوانی له‌ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ییدا رۆڵێکی ئه‌رێنییان هه‌بێ، یان هه‌ر یه‌ک له‌وان به‌و ناسینه‌ی که‌ من له‌سه‌ریان هه‌مبوو دەیتوانی رێبه‌رێک بێت، له‌ هه‌مووی دڵته‌زێن‌تر هەر‌ ٥٩یان هاوڕێم بوون، بردیانن و کۆتاییان به‌ ژیانیان هێنا و ژیانیان له‌ من کرده‌ دۆزه‌خ. له‌ ماوه‌ی یه‌ک ساڵ که‌ له‌ دوای ئه‌وان له‌ زینداندا مامه‌وه‌ بیره‌وه‌رییه‌کانی کاتی پێکه‌وه‌ بوون بۆ من وه‌ها ژانێکی دڵته‌زێن بوو‌ که‌ هیچ زمانێک ناتوانێت وه‌سفی بکات.

qasm_keleshi_4

دوای ماوه‌یه‌کى ديكه که‌ بنه‌ماڵه‌م هاتنه‌ سه‌ردانی من، پییان راگه‌یاندم که‌ هێزی بێستوونی حیزبی دێمۆکرات له‌ تۆڵه‌ی ئه‌و ٥٩ لاوه‌دا، ٥٩ عه‌مه‌ڵیاتیان ئه‌نجام داوه‌، من بە بیستنی ئەو هەواڵە هه‌ستم کرد که‌ ئه‌و لاوانه‌ زیندوو بوونه‌ته‌وه‌ و ئێستا له‌ لام دانیشتوون.

له‌و ماوه‌یه‌دا کۆمه‌ڵێک که‌سی دیکه‌یان ده‌سبه‌سه‌ر کرد و ده‌یان هێنان بۆ ده‌سبه‌سه‌رگه‌ که‌ یه‌کێک له‌وان خه‌ڵکی مه‌هاباد بوو و منیش له‌گه‌ڵیدا بووم به‌ هاوڕێ، ئه‌و که‌سه‌ ده‌یگوت: ئه‌گه‌ر شتێک له‌وان به‌ جێ ماوه‌ بیده‌ به‌ من با وه‌کوو یادگاریی بۆ هه‌تاهه‌تا لای من بمێنێته‌وه‌، له‌ وه‌ڵامدا گوتم، ئه‌وان ته‌نیا ماڵئاواییان له‌ ئێمه‌ کرد و شتێکیان پی نه‌بوو به‌ یادگاری بۆ‌ ئێمه‌ی بە جێ بێڵن.

له‌ کۆتاییدا من وه‌کوو “قاسم که‌ڵه‌شی” یه‌کێک له‌ هاوڕێیانی ئه‌و ٥٩ لاوه‌ی مه‌هاباد، هه‌ر رۆژێک خه‌باتی خۆم له‌گه‌ڵ ئه‌وان دابه‌ش ده‌که‌م و ئه‌وان له‌ نێو دڵی مندا زیندوون و به‌ بڕوای من ئه‌و هه‌ست و خۆڕاگرییه‌ که‌ هه‌یانبوو، ئه‌وان هه‌تاهه‌تایه‌ زیندوو رادەگرێت و‌ له خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ییدا به‌شدان.

رێژیمی ئیسلامیی ئێران دوژمنه‌ و ئاشکرایه‌ که‌ هه‌ر کاتێک ده‌رفه‌تی هه‌بێ ده‌مانکوژێ به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ له‌سه‌ر دڵی من گران دێ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و به‌ نێو ئیسلام کورده‌ موسڵمانه‌کان ده‌کوژێت.

من هیوادارم که‌ لاوانی وڵاتی ئێمه‌ و نه‌وه‌کانی داهاتووش هیچ کات خوێنی ئه‌و ٥٩ لاوه‌ له‌ بیر نه‌که‌ن و بۆ ئامانجه‌کانیان که‌ رزگاریی کوردستان و جێگیر بوونی سیستمێکی دێمۆکراتیک و ئازاد و هه‌روه‌ها سه‌ربه‌ستیی گه‌لی کورده‌، درێغی نه‌که‌ن.

qasm_keleshi_5

ناوی ئه‌و ٥٩ لاوه‌ مه‌هابادییه‌ به‌م چه‌شنه‌یه‌:

١ ــ محه‌ممه‌د ئه‌مین ئه‌حمه‌دی
٢ ــ محه‌ممه‌د سه‌لیمی
٣ ــ فه‌ریدوون شه‌نگه‌
٤ ــ عه‌لی بازیان
٥ ــ خزر ره‌نگین
٦ ــ ئینشائه‌ڵڵا نادری
٧ ــ هه‌ژار که‌ریمی
٨ ــ یووسف حه‌بیب‌په‌نا
٩ ــ محه‌ممه‌د فارووق بازیار
١٠ ــ ئیبراهیم ئه‌مینی
١١ ــ ساڵح مام ئیبراهیمی
١٢ ــ شوکری نادری
١٣ ــ مسته‌فا فه‌قری
١٤ ــ عه‌لی غه‌واره‌
١٥ ــ عه‌لی سه‌لاحی
١٦ ــ مه‌لا حه‌سه‌ن لاجوه‌ردی
١٧ ــ غوڵام‌ڕه‌زا بارزی
١٨ ــ حه‌سه‌ن جه‌هانیان
١٩ ــ عه‌لی بانه‌یان
٢٠ ــ محه‌ممه‌د عه‌لیالی
٢١ ــ محه‌ممه‌د ئه‌مین سه‌فا
٢٢ ــ هومایوون نیلووفه‌ری
٢٣ ــ مه‌حموود ریزیی
٢٤ ــ محه‌ممه‌د حوسێنی
٢٥ ــ عه‌باس حوسێن‌پوور
٢٦ ــ کازم خاتوونی
٢٧ ــ خالید ره‌حیم ئازه‌ر
٢٨ ــ خالید سه‌فایی 
٢٩ ــ سه‌ید ئیبراهیم ئه‌حمه‌دی
٣٠ ــ محه‌ممه‌د مه‌سعوودی
٣١ ــ محه‌ممه‌د ئه‌بووبه‌کری
٣٢ ــ وه‌فا ئه‌لیاسی
٣٣ ــ مه‌نسوور جناح
٣٤ ــ سولێمان حه‌سه‌ن‌زاده‌
٣٥ ــ یووسف حه‌سه‌ن‌زاده‌
٣٦ ــ که‌ریم کاوه‌
٣٧ ــ سه‌ید مه‌حموود سه‌ید مه‌حموودی
٣٨ ــ حامید مه‌حموود که‌ندوو
٣٩ ــ حوسێن که‌ڵهۆڕی
٤٠ ــ عه‌باس یووسفی
٤١ ــ سیامه‌ک سه‌قزی
٤٢ ــ عه‌لی ئاباده‌
٤٣ ــ کامران زاهیر حه‌جازی
٤٤ ــ ساڵح فه‌رهوودی
٤٥ ــ مه‌قسوود مه‌حموودی
٤٦ ــ ئه‌حمه‌د که‌هڕۆبی
٤٧ ــ ره‌حمان خزرپوور
٤٨ ــ عه‌لی مه‌زنه‌
٤٩ ــ عه‌بدوڵڵا ته‌حریان
٥٠ ــ ره‌حمان ره‌حیمی
٥١ ــ عه‌لی گوڵپه‌ره‌ست
٥٢ ــ مسسته‌فا عیسمه‌تی
٥٣ ــ خالق بارزانی
٥٤ ــ یووسف ئه‌یازی
٥٥ ــ که‌ماڵ چاوشینی
٥٦ ــ ئه‌بووبه‌کر شوکری
٥٧ ــ که‌ماڵ که‌ریمی
٥٨ ــ که‌ریم ره‌حیمیان
٥٩ ــ حه‌سه‌ن

وتووێژ: کوردستان میدیا

{jcomments off}

نویتـرین هەواڵ و بابەت


فارسی